مامۆستای زانكۆ
دكتۆرا له مێژووی هاوچه‌رخ
پسپۆری په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد ـ توركیا
كۆمه‌ڵی ئیسلامی پاش ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی چواره‌می خۆی له‌رۆژانی رابردوو، كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری له شێوه‌و ناوه‌ڕۆكی كاری سیاسیی ئه‌نجامدا، ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌كان بۆ كۆنگره و ده‌رئه‌نجامه‌كانی به‌ده‌ر له كاریگه‌ری ئایدۆلۆجی هاوكات حوكمدان و خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئه‌خلاقییه زیاتر له‌وه‌ی بابه‌تی بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی لابردنی پاشگری ئیسلامیی یان ناوی ئه‌میر بۆ سه‌رۆك باشه یا خراپه و...تاد. له كاتێكدا ده‌شێ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ش لێكدانه‌وه بكه‌یت بێئه‌وه‌ی حوكمی باش و خراپ بده‌یت، چونكه یه‌كه‌م ئیشی كه‌سی چاو‌دێر یا شرۆڤه‌كاری سیاسی نییه بڕیاری باش یا خراپ بدات، له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆنگره‌ی ئه‌و پارته ئه‌و بڕیارانه‌ی داوه و خۆیان لێی به‌رپرسن، دووه‌م چه‌ند رۆژێكه كۆنگره‌كه ته‌واو بووه و هێشتا نه په‌یكه‌ری نوێی سیاسیی نه په‌یڕه‌و پرۆگرام كاری پێنه‌كراوه ئیتر له كوێ ده‌زانرێت ئه‌و گۆڕانكارییانه باشه یا خراپه؟
به‌هه‌رحاڵ به‌لای ئێمه‌وه چه‌ند سه‌رنجێك هه‌یه له‌وانه:
یه‌كه‌م- سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵی ئیسلامی گۆڕینی ناوه‌كه بۆ كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی، هێنده‌ی شتێكی كتوپڕ ده‌رده‌كه‌وێت پێناچێت هێنده بابه‌تێكی ته‌ته‌ڵه‌كراوی پێشوه‌خته بێت، چونكه پێش به‌ستنی كۆنگره نه له میدیای ئه‌و پارته‌دا و نه له هیچ میدیایه‌كی دیكه‌دا له‌مه‌ڕ كۆنگره‌ی ئه‌م پارته به‌شێوه‌ی جدی و گه‌رم و گوڕ باس‌و خواس بۆ گۆڕینی ناوه‌كه‌ی له‌ئارادا نه‌بووه به‌جۆرێك، كه‌ئه‌گه‌ری گۆڕینی ناوه‌كه بكاته ئه‌مری واقیع‌و پێشبینیكراو بێت.
هه‌روه‌ك بۆ ئه‌وانه‌ی چاودێری كاری سیاسیی جوڵانه‌وه‌ی ئیسلامی له كوردستان ده‌كه‌ن ئه‌م ناو گۆڕینه پێشبینی نه‌كراو بوو، ئه‌گه‌رچی كۆنگره‌ی پێشووش هه‌وڵ هه‌بوو، به‌ڵام سه‌ری نه‌گرت، ئه‌وه له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تره‌وه به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ریشه‌ی بیروباوه‌ڕیی‌و هزری كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌چێته خانه‌ی بزوتنه‌وه جیهادییه‌كانه‌وه‌و له‌خانه‌ی ئیسلامی شۆڕشگێڕیدا بووه‌و په‌روه‌رده‌ی ئیمانی‌و سیاسیشی له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه‌متر یارمه‌تیده‌ری لێكردنه‌وه‌ی ناونیشان‌و شوناسی ئیسلامییه له‌رواڵه‌تدا، راسته چه‌مكی دادگه‌ری كرۆكی فه‌لسه‌فه‌ی نیگای خوایی‌و هزری ئیسلامییه‌و ئامانجی سه‌ره‌كی‌و گه‌وره‌ی جوڵانه‌وه ئیسلامییه‌كانه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ به‌سروشت پارتێكی پابه‌ند‌و گرێ‌دراو به‌به‌رز راگرتنی دروشم‌و نه‌گۆڕه‌كانی ئاینی ئیسلام بووه‌و ئه‌مه‌شی تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌كاری سیاسیی‌و بانگه‌واز‌و میدیاییشدا به‌رجه‌سته‌كردووه، به‌ڵام ته‌وزیفكردنی چه‌مكی دادگه‌ریی له‌كاری سیاسیی داهاتوویدا ده‌كه‌وێته سه‌ر ئاستی ئاوێته‌كردن‌و وردكردنه‌وه‌ی ره‌هه‌نده جۆراوجۆره‌كانی ئه‌و چه‌مكه له‌كاری سیاسیی‌و میدیایی‌و بانگه‌واز‌و رێكخراوه‌ییدا‌و كاتیشی ده‌وێت تاشوێنی خۆی بگرێت.
هاوكات ناوگۆڕینیش په‌یوه‌سته به‌ناوه‌ڕۆك‌و هزر‌و بیروباوه‌ڕی پارته‌كه‌وه، چونكه خۆ خه‌ڵكیتر نایه‌ت له‌بری سه‌ركردایه‌تی ئه‌و پارته سیاسه‌ت بكات، جگه له‌وه‌ی ده‌یان پارتی سیاسی ئیسلامی تر له‌جیهانی ئیسلامی‌دا هه‌ن ناوی ئیسلامیان پێوه نیه‌و ئیسلامییشن له‌وانه (پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان له توركیا، بزوتنه‌وه‌ی داد‌و یه‌كسانی له سۆدان، پارتی داد‌و چاكه له عێراق).
دووه‌م- ئه‌وه‌ی جێی تێبینییه ئه‌وه‌یه كۆنگره هێنده‌ی ته‌ركیز‌و جه‌ختكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر پرس‌و بابه‌ته سیاسییه‌كان بوو له‌رووی ئاڵوگۆڕ‌و گۆڕانكاری سیاسیی هێنده بایه‌خی به‌هه‌ندێ بواری گرنگی سیاسیی‌و په‌روه‌رده‌یی‌و میدیایی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و خزمه‌تگوزاری نه‌داوه، هه‌ر بۆیه گۆڕانكارییه‌كان زیاتر له‌پرسه سیاسییه‌كاندا زه‌قبوونه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا گۆڕانكاری له‌پرسه سیاسییه‌كان به‌ته‌نها به‌س نین بۆ نوێبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ‌و هه‌ر پارتێكی سیاسی دیكه‌ش.
ئێمه ده‌زانین له كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵ له كۆی (68) به‌ربژێر (22) یان توانیان له هه‌ڵبژاردندا ده‌رچن و ببنه ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و له‌وانه‌ش (4) یان ژن بوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه، كه‌ده‌بێ تا چوار ساڵی دیكه كۆنگره ده‌به‌سترێت چاوه‌ڕێ بێت تاده‌رفه‌تی رۆڵبینینی سیاسی بۆ بڕه‌خسێت، له‌كاتێكدا ده‌بوو كۆمه‌ڵ به‌حوكمی ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا كه له‌سه‌ر ئاستی كاری سیاسیی‌و به‌شداری سیاسیی‌و كاری په‌رله‌مانی له‌سه‌ر ئاستی عێراق و كوردستان و بواری میدیا گه‌شه‌ی كردووه‌و كادیری گه‌نج‌و ناوه‌ندی تاڕاده‌یه‌ك پێگه‌یشتووه ئه‌نجومه‌نێك یا ناوه‌ند‌و په‌رله‌مان‌و شورایه‌كی گه‌نجانه‌ی پێكبهێنایه به بڕیاری كۆنگره و یه‌كێك له‌هه‌مواركردنه‌وه‌و پێداچوونه‌وه‌كانی په‌یڕه‌و پرۆگرامی پارته‌كه‌ی، چونكه ئه‌و گه‌نجه‌ی پێگه‌یشتووه‌و تموحی سیاسی‌و رۆڵبینینی هه‌یه مانه‌وه‌و دانیشتنی به‌بێ ئه‌رك‌و وه‌زیفه‌ی جدی ده‌پوكێته‌وه‌و دواتریش پارته‌كه زیانمه‌ند ده‌بێت، هه‌روه‌ك ئه‌مه بۆ پارته سیاسییه‌كانی دیكه‌ش راسته.
سێیه‌م- سه‌باره‌ت به‌و ئه‌ندام‌و كادیر‌و سه‌ركرده سیاسیانه‌ی كۆمه‌ڵ، كه‌ساڵانێكی زۆره له‌نێو رابوونی ئیسلامی‌و جوڵانه‌وه‌ی ئیسلامی‌دا رۆڵیان هه‌بووه‌و شاره‌زاییه‌كی زۆریان كۆكردۆته‌وه له‌رابردوو له‌م كۆنگره‌شدا سه‌رباری ده‌رچوونی ژماره‌یه‌كیان، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌مانه‌ش بێ وه‌زیفه ده‌مێننه‌وه، له‌كاتێكدا كۆمه‌ڵ ده‌یتوانی ئه‌نجومه‌ن‌و شورا‌و په‌رله‌مانێك بۆ ئه‌مانه‌ش دروست بكات‌و سوود له‌شاره‌زایی‌و تواناكانیان وه‌ربگرێت، چونكه ئه‌مه‌ریكا به‌و گه‌وره‌یی‌و رۆڵ‌و پێشكه‌وتنانه‌یه‌وه له‌كۆنگرێسی وڵاته‌كه‌یدا ده‌ستبه‌رداری سیناتۆر‌و كه‌سه به‌ته‌مه‌ن‌و شاره‌زاكانیان نابێت‌و نیوه‌یان له‌هه‌ڵبژاردندا ده‌گۆڕێن، به‌ڵام چ كۆمه‌ڵ‌و چ پارته سیاسیه‌كانی تر ئه‌م كه‌سه شاره‌زا‌و به‌ته‌مه‌نانه وه‌ك بار به‌سه‌ر حزبه‌كانیانه‌وه ده‌بینن‌و سودیان لێنابینن‌و به‌بیانووی هێنانه پێشه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ‌و لاوانه‌وه پاش ماوه‌یه‌ك فه‌رامۆش ده‌كرێ.
چواره‌م- یه‌كێكی تر له‌و ره‌خنه‌و سه‌رنجانه بۆ كۆمه‌ڵ‌و زۆربه‌ی پارته سیاسییه‌كانی تر، نه‌مان‌و نه‌بوونی په‌یمانگه‌ی پێگه‌یاندنی كادیره، پارته سیاسییه‌كان هێنده بایه‌خ به‌پێگه‌یاندنی كادره‌كانیان بۆ كاندیدی په‌رله‌مان ده‌ده‌ن، هێنده بایه‌ح به‌وه ناده‌ن په‌یمانگه‌یه‌كی شایسته‌یان بۆ پێگه‌یاندنی كادر هه‌بێت، تا له‌غیابی كه‌سی یه‌كه‌می پارته‌كانیاندا تووشی قه‌یرانی سیاسیی نه‌بن، له‌كاتێكدا بناغه‌ی هه‌ر پارتێكی سیاسی‌و گره‌نتی ئاینده‌ی كاری سیاسی بوونی كادری به‌توانا‌و لێهاتووه.
پێنجه‌م- یه‌كێكی تر له‌و بابه‌تانه‌ی ده‌بوو كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵ به‌هه‌ندی وه‌ربگرتایه میدیای پارته‌كه‌ی بوو، به‌جۆرێك سه‌رباری گه‌شه‌كردنی كه‌ناڵ‌و میدیای په‌یام، به‌ڵام چه‌قبه‌ستنی ته‌نها وه‌ك كه‌ناڵێكی سیاسیی وایكردووه، رۆڵ‌و كاریگه‌ری دیاریكراو بێت، به‌تایبه‌ت به‌راورد به‌و هه‌موو كه‌ناڵانه‌ی تر رۆژانه له كوردستاندا ده‌كرێنه‌وه‌و وه‌زیفه‌و ئه‌جێندا‌و شێوازی كاركردنیان كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگییه، بۆیه گه‌ر كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌یه‌وێت نوێبێته‌وه پێویسته میدیاكه‌شی به‌فۆرم‌و ناوه‌ڕۆك‌و وه‌زیفه نوێبێته‌وه‌و بایه‌خ به‌لایه‌نی فه‌رهه‌نگی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و هونه‌ریش بدات.
شه‌شه‌م- سه‌رنجێكی تری كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵ فه‌رامۆشكردنی بواری جه‌ماوه‌ریی‌و خزمه‌تگوزاریی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، ئێمه ده‌زانین له‌هیچ فۆرمێكی كاركردنی نوێی سیاسی‌دا ئیشی پارتی سیاسیی ئه‌وه نییه هه‌موو كۆمه‌ڵگه بكاته ئه‌ندام‌و لایه‌نگری خۆی، به‌ڵام گرنگه خزمه‌تگوزاریی‌و پرۆژه‌كانی هه‌موو كۆمه‌ڵگه سوودی لێببینێت بێجیاوازی ئایین‌و هزر‌و ئینتیمای سیاسیی.
یه‌كێك له‌و بوارانه‌ی كۆمه‌ڵ سودی لێبینی‌و بردیه ئاستێكی جه‌ماوه‌ریی باشتره‌وه، پرۆژه خێرخوازی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ته‌ندروستییه‌كانی بوو، له‌به‌رنامه‌ی (به‌خشین)ه‌وه تا كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی به‌خشین له سه‌نته‌ری شاری سلێمانی‌و چه‌ند شارێكی تر، ئه‌م فۆرمه هه‌ندێجار وه‌ك ئاینداریی كۆمه‌ڵایه‌تی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت رۆڵێكی گه‌وره ده‌بینێت له سه‌لماندنی ته‌رجه‌مه‌كردنی دروشم‌و به‌رنامه‌ی سیاسی‌و ئاینی‌و خزمه‌تگوزاری پارته سیاسییه‌كان، ده‌بوو كۆمه‌ڵ له‌م كۆنگره‌دا‌و له‌په‌یڕه‌و‌و پرۆگرامدا شوێن‌و به‌ند‌و ماده‌ی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان بكردایه‌و پلان‌و پرۆژه‌ی نوێ‌و زیاتری بۆ په‌ره‌پێدان‌و گه‌شه‌پێدانی هه‌بووایه، به‌تایبه‌ت تێبینی ده‌كه‌ین بژێوی‌و ته‌ندروستی خه‌ڵك تادێت خراپ ده‌بێت‌و كه‌رتی ته‌ندروستی له‌بازرگانی پێوه‌كردنێكی مه‌ترسیداردایه‌و خه‌ڵك ئاتاجی به‌و جۆره كاره خێرخوازی‌و نه‌خۆشخانه ته‌ندروستییه میللییانه هه‌یه.
حه‌وته‌م- ره‌خنه‌یه‌كی تر فه‌رامۆشكردنی بواری په‌روه‌رده‌ییه به‌تایبه‌ت په‌روه‌رده‌ی نوێ‌و سه‌رده‌میانه، ئێمه ده‌زانین رۆژانه كێشه‌و گیروگرفتی گه‌وره به‌رۆكی كۆمه‌ڵگه‌و نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌گرێت، رۆژانه هه‌واڵی جه‌رگبڕ به‌هۆی پاشه‌كشه‌ی په‌روه‌رده‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی رۆڵی خێزان ده‌بیستین، بۆیه ده‌بوو كۆمه‌ڵ له‌كۆنگره‌دا یه‌كێك له‌بڕیاره‌كانی پێكهێنانی كۆمه‌ڵێك ناوه‌ند‌و سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی په‌روه‌رده‌یی‌و تواناكانی مناڵان‌و گه‌نجان بووایه، بۆئه‌وه‌ی هه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی باشتر‌و ته‌ندروستمان هه‌بێت، هه‌م سوود له‌تواناكانی مناڵانی به‌هره‌مه‌ند‌و گه‌نجانیش وه‌ربگیرێت، چونكه هه‌ر فه‌رامۆشكردنێكی ئه‌و بواره مایه‌ی زیانی گه‌وره‌یه له‌ئاینده‌ی كۆمه‌ڵگه‌و بواری په‌روه‌رده‌و خێزان.
دواجار ئه‌وه‌ی له‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی باسكران گرنگتره ئه‌وه‌یه، كه‌پێویسته كۆمه‌ڵ به‌شدار بێت له‌جێگیركردنی چه‌مكه ئایینی‌و مرۆییه‌كانی تایبه‌ت به‌مافی هاوڵاتیبوو‌ون‌و قوڵكردنه‌وه‌ی ئازادی‌و ئازادی راده‌ربڕین‌و نه‌هێشتنی جیاوازییه‌كان، به‌جۆرێك ماف‌و ئازادی ژنێكی حیجاب‌و ژنێكی بێ له‌چك‌و حیجاب به‌ئه‌ركی خۆی بزانێت‌و وه‌ك یه‌ك ته‌ماشایان بكات‌و چه‌مكی دادگه‌ری به‌شێوازه نوێیه‌كه‌ی راڤه‌و ورد بكاته‌وه‌و له‌كاری سیاسی‌و په‌رله‌مانی‌و میدیاییدا ره‌نگبداته‌وه.