له‌ نێوان خاشقچی و غالب محه‌مه‌د و بۆنی هێنری

سعودیه‌ و كوردستان و كه‌نه‌دا.. سێ ڕووداوی سه‌یر و هاوشێوه‌

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.02.27 10:46 AM
896 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

هاوكار حسێن

لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، سێ روداوی سەیر و هاوشێوە، لە سێ شوێنی جیاوازی ئەم دونیایە، توشی سەرسوڕمانی کردم، کە بە وردبونەوە لێیان، هەست دەکەیت هەم خەڵک و هەم حکومەتەکانی هەموو دونیا، پارچەی یەک قوماشن.
سعودییە:
پاش تێپەڕبونی 2 ساڵ و پێنج مانگ، ئەمڕۆ راپۆرتێکی هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکرایکرد کە بڕیاری کوشتنی رۆژنامەنوس جەمال خاشقچی، لەلایەن خودی محەمەد بن سەلمانی شازادەی سعودییەوە پەسەندکراوە، ئەمەش یەکەمجارە ئەمریکا بەئاشکرا ناوی شازادە بهێنێت لەو تاوانەدا. لەسەر ئەم کەیسە، دورنیە ئەمریکا گرێبەستی فرۆشتنی چەک بە سعودییە هەڵوەشێنێتەوە و شازادەش توشی گیروگاز ببێت، چونکە جەمالی تەمەن 59 ساڵ، رۆژنامەنوسێکی سعودی دانیشتوی ئەمریکا بو، ساڵی 2018، بۆ مارەکردنی دەزگیرانە تورکەکەی چوەناو کونسوڵخانەی سعودییە لە ئەستەنبوڵ، ئیدی جەمال چاوی بەدونیای رۆشن نەکەوتەوە، چونکە لەژورەوە بەپێدانی بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەر کوشتیان و لاشەکەشیان وەک خوری شیکردەوە.

 

دۆسیه‌ی تیرۆركردنی خاشقچی یه‌خه‌ی بن سه‌لمان به‌رنادات

 

کوردستان:
هەر لەو چەند کاتژمێرەدا، هەواڵی هێرشکردنەسەر پەرلەمانتار غالب محەمەد لەسلێمانی بڵاوبۆوە، خۆشبەختانە ناوبراو سەلامەت دەرچوە. هێشتا نازانرێت هێرشبەر کێیە و بۆچی وایکردوە. بەڵام هەفتەی رابردو، بەرپرسانی ئەو شارە کە رێگایەکی تولانیان بڕیبو تا بگەنە بادینان بۆئەوەی دو دڵۆپ فرمێسک بۆ خانەوادەی سزادراوەکانی ئەو دەڤەرە هەڵڕێژن، نابێت بهێڵن هێرشکار رۆژبکاتەوە و دەستگیریبکەن، لەبەر هیچ نا، تەنها لەبەر فشنەبونەوەی ئەو باڵۆنەی پێشتر بۆ رۆژنامەنوسان و چالاکوانەکانی بادینان هەوایان تێکردبو.

غالب محه‌مه‌د ـ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق

کەنەدا:
لەو رۆژەوەی هەواڵی گەیشتنی کۆرۆنا گەیشتە کەنەدا، لەهەرێمی بریتش کۆڵۆمبیا، ژنێکی تەمەن 55 ساڵ بەناوی بۆنی هێنری، سەرکردایەتی بەرگریکردن لەو ڤایرۆسەی گرتەئەستۆ. لەکۆی پێنج ملیۆن نەفەری ئاکنجی ئەو هەرێمە، کەس نیە ناوی ئەو ژنەی نەبیستبێت، کە ژمارەی قوربانییەکان هەرچەند هەڵکشایە، ئەو ئارامی و میهرەبانییەکەی لەدەستنەدەدا. هێنری کە ماوەی 155 رۆژ بەبێ وەرگرتنی یەک رۆژ پشوو کاریکرد، ئەمڕۆ وتی: "هەڕەشەی کوشتنم بۆ هاتوەو ناچاربوم ئاسایشی ماڵەکەم و خۆم توندبکەمەوە. هەندێک خەڵک لەقسە و بڕیار و کردارەکانم توڕەن".

دكتۆر بۆنی هێنری

خولاسەی کەلام: تێناگەم، ژنێکی کەنەدی کە جگە لەچاکەی گشتیی هیچ زیانێکی نەبوبێت، لە وڵاتێکی مەڕئاسا، ئیحتیاتی ژیانی خۆی بکات. ئەی کاک غاڵب کە پێشتر زانیویەتی هەڕەشەی لەسەرە و بەپێی یاساش پاسەوانی بۆ دانراوە، چۆن وا پشتێنی لێکردوەتەوە؟ ئەمە پرسیارێکی خەمخۆرانەی دۆستانەیە، دەنا هیچ باوەڕێکم بە سەرزەنشتکردنی قوربانی نیە.
پاشان ئەوانەی بەپشتیوانی ئەمریکا ملهوڕی دەنوێنن، دەبێت بزانن، رۆژێک دێت هەر ئەمریکا ملیان دەشکێنێت، تەبیعی دوای ئەوەی گرێبەستی بەرژەوەندی کۆتایی دێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ