ئابوری شین

ئیمارات.. وڵاتێكی بچوك و هێزێكی گه‌وره‌

ره‌نج نه‌وزاد 2021.02.28 11:59 AM
1110 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

تێگەیشتن لە سیاسەتی ئیماڕات گرنگیەکی گەورەی هەیە، چونکە یەکێکە لە یاریکەرە نوێ و گرنگەکانی ناوچەکە وجیهان لەم سەردەمەدا، هەروەها تێگەیشتن لە سیاسەتی ئیمارات، دەروازەیەکی باشە بۆ تێگەیشتن لە فکر وپلان وڕەفتاری دەوڵەت بە گشتی، بە تایبەت دەوڵەتێکی نوێ وبچوک کە  دەیەوێت گەورە وبەهێز بێت. بە تایبەتتر بۆ ئێمەی کورد، کە تا ئێستا تێگەیشتنێکی تەنک وهەڵەمان هەیە بەرامبەر بە سیاسەت وڕەفتاری دەوڵەتەکان هاوکێشە نێودەوڵەتیەکان، ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە بە گشتی باڵی بەسەر نوخبەی سیاسی وئەکادمی میدیا وڕۆشنبیران... کێشاوە. لەوانەیە هۆکارێکی ئەوە بێت، کە مرۆڤی کورد، مرۆڤێکی بێ دەوڵەتە، ئەزموونی لاوازە لە یاری دەوڵەتان. بۆیە تێگەیشتن لە سیاسەتی دەوڵەتێکی وەک ئیماڕات، کە لە ڕووی کولتوری وجوگرافی وفکری وئابووریەوە لە ئێمە نزیکترن بە به‌راورد بە دەوڵەتانی ئەوروپا وڕۆژئاوا، سوودێکی گەورەی دەبێت، چونکە دەتوانین لە ئەزموونی ئەوانەوە فێر بین، کە لە خۆمانەوە نزیکن.
بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی هەر دەوڵەتێک، یەکێ لە دەروازە ومیتۆدە گونجاوەکان ئەوەیە کە بزانرێت ئەو دەوڵەتە ئامانج ویستە سەرەکیەکانی چین هەروەها ترسە سەرەکیەکانی چین؟ یاخود دۆستە نزیکەکانی کام دەوڵەتانەن و دووژمن و نەیارە سەرەکیەکانی کامانەن. گەیشتن بە خواست وبەرژەوەندییە سەرەکیەکان و دوور کەوتنەوە لە مەترسی وزیانەکان، دوو پاڵنەڕی سەرەکی دەوڵەتن. لێردەدا تا ڕادەیەک بەم میتۆدە سیاسەتی ئیمارات شیدەکەینەوە.
 سیاسەتی ئیمارات سێ پایە یا سێ پاڵنەری سەرەکی هەیە، دانەیەکی دەتوانین ناوی بنێین سیاسەتی بەندەر کە بەشێکە لە ئابووری شین، دووەمی سیاسەتی دژایەتی وسەرکوتکردن وڕێگرتن لە تەشەنەکردنی ئیسلامی سیاسی لە هەر شوێنێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت لە جیهانیش. سێهەم، ترس لە ئێران وهەژموونی بەسەر ناوچەکەدا.

هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی ئیمارات له‌ نیمچه‌ دورگه‌ی عه‌ره‌بی

سەبارەت بە سیاسەتی بەندەر، یەکێ لە پاڵنەرە هەرە  سەرەکیەکانی هەڵسوکەوت وسیاسەتی ئیماڕات بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی زۆرترین بەندەرە دەریایی وئاوییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنانەت هەوڵدەدات ئامادەیی هەبێت لە زۆربەی بەندەرە گرنگەکانی جیهان. لەم ڕووەوە سەرکەوتنی گەورەشی بەدەست هێناوە. 
ئیمارات لە ئێستادا لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی خۆیەوە (موانئ دبی العالمیه‌- DP World) ئامادەیی هەیە لە بەڕێوبردنی زیاد لە ٧٠ بەندەر لە جیهاندا، لە شەش کیشوەر، بۆ نموونە ئامادەیی هەیە لە ئیدارەکردنی هەندێ بەندەر  لە چین وکۆریا، مۆزەمبیق وسینیگال، ئەڵمانیا وفەرەنسا، کەنەدا وئوسترالیا ودۆمینیکان، پاکستان وهیند وڤێتنام...
 ئیمارات چەن ساڵێکە لە یەمەن دەجەنگێت لە ڕێگەی هێزی سەربازی خۆی و بەکرێگڕاوەکانی، پارەیەکی زۆر لەو پێناوە خەرج دەکات، چونکە یەمەن لەو وڵاتانەیە کە گرنگیەکی گەورەی هەیە لەو ڕووەوە، شەش بەندەری نێودەوڵەتی هەیە بۆ گواستنەوەی شمەک وسێ بەندەری تر بۆ گاز ونەوت، هەشت بەندەری ناوخۆش.
 یەمەن لەو دەوڵەتانەیە کە هاوسنوورە بە گەرووی باب المندب، بەندەرەکانی یەمەن دەڕواننە سەر دەریایی سوور و دەریایی عەرەب کە بەشێکە لە ئۆقیانووسی هیندی. ئۆقیانووسی هیندی ڕێگای سەرەکی کەشتیە بازرگانی وسەربازییەکانە لە جیهاندا.
 یەمەن لە ڕووی جیوپۆلەتیکەوە، بە یەکێک لە گرنگترین وڵاتەکانی ناوچەکە وجیهانیش دادەنرێت.  لە ئێستادا ژمارەیەک لە گرنگترین بەندەرەکانی یەمەن، لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئیماراتە (دوای هاتنی بایدن وا بڕیارە جەنگی یەمەن کۆتایی پێبێت وئیماراتیش بکشێتەوە لە یەمەن، بەڵام ئیمارات لە ڕێگەی بەکرێگیراو وهاوپەیمانیە یەمەنیەکانیەوە هەژموونی دەمێنێتەوە لە یەمەن). پێش ڕووخاندنی عەلی عەبدوڵا ساڵحی سەرۆکی یەمەن، بەندەری عەدەن کە لە گرنگترین بەندەرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وجیهانیشە، بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ بەرێوەبردنی درا بوو بە کۆمپانیاکەی ئیمارات، بەڵام دوای ڕووخاندنی ساڵح، ئەو ڕێکەوتنامەیە هەڵوەشایەوە. ئێمارات دەیەوێت ئەو ڕێکەوتننامەیە زیندو بکاتەوە، یاخود ڕێ نەدات بەندەرەکانی یەمەن کار بکەن. واتە ئیمارات دەیەوێت یا پشکی هەبێت لە بەندەرەکانی یەمەن، یاخود بەندەرەکان لە کار بخات.
 بە هەمان شێوە یەکێ لە مەبەستە سەرەکیەکانی ئیماڕات لەو دەستێوەردانە زۆرەی لە لیبیا، بۆ مەبەستی سەپاندنی هەژموونی خۆیەتی بەسەر بەندەرەکانی لیبیا، کە نزیکەی ١٠ بەندەر دەبن، بەندەرەکانی لیبیا ئەفریقیا وئاسیا و ئەوروپا بە یەکەوە دەبەستنەوە. پێشریش ئیمارات بۆندێکی لەگەڵ جەزائیر مۆرکردوە کە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بەندەری (جن جن)ی جەزائیر بەڕێوە دەبات، ئەو بەندەرەش هەمان گرنگی وخاسیەتی بەندەرەکانی لیبیای هەیە. 
دوای نەمانی دەسەڵاتی بەشیر لە سوودان، ئیمارات لە ڕێگەی جەنەراڵە سەربازییەکانی سوودانەوە، ئامادەیی وهەژموونێکی گەورەی هەیە لە سوودان، ڕۆژهەڵاتی سوودان دەڕوانێتە سەر دەریایی سوور، ئیمارات مەبەستیەتی بەندەرەکانی سوودان لەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکات، بە تایبەت کە تورکیا وسەرۆکی لابراوی سوودان ڕێکەوتننامەیان هەبوو کە بنکەیەکی سەربازی تورکی لە رۆژهەڵاتی سوودان لەسەر دەریایی سوور بکرێتەوە، ئیمارات لە ڕێگەی حکومەتی نوێی سوودانەوە، ڕێگری لەو پڕۆژەیەیی تورکیا کرد.
ئامادەبوونی بەهێزی ئیمارات لە سۆماڵیالاند، کە هەرێمێکی سۆماڵە لە ١٩٩١ەوە سەربەخۆیی ڕاگەیاندوە وهیچ دەوڵەتێک دانی پیانەناوە. ئەم نیمچە دەوڵەتە دەڕوانێتە سەر کەنداوی عەدەن (بەشێکە لە دەریایی عەرەب وئۆقیانووسی هیندی) ونزیکە لە دەروازەی گەرووی باب المدنب، بەندەری (بربره‌)ی هەیە کە بە گرنگترین بەندەری ئەو ناوچەیە دادەنرێت، لە لایەن ئیماراتەوە بەڕێوە دەچێت. ئیمارات سەرەتا ویستی لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندی سۆماڵەوە بەندەرەکانی سۆماڵ کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام تورکیا وقەتەر توانیان حکومەتی ناوەندی سۆماڵ دووربخەنەوە لە ئیمارات، هەر بۆیە ئیمارات لە ڕێگەی سۆماڵیالاندەوە هەژموونی خۆی گەیاندە ئەو ناوچەیە، بە نزیکەی نیو ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات لەوێ، ئەمەش بۆ نیمچە دەوڵەتێکی وەک سۆماڵیالاند گرنگیەکی گەورەی هەیە، چونکە وەک جۆرێک لە دانپێدانانە وبە بێ ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی سۆماڵ ئەنجامدراوە، کە سۆماڵیالاند زۆر مەبەستیەتی دەوڵەتان بە بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ناوەند، مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
 ئیمارات لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی بە سۆماڵیالاندەوە، دەیەوێت فشار لەسەر حکومەتی ناوەندی سۆماڵ درووست بکات ولە تورکیا وقەتەری دووبخاتەوە جگە لەوەی سۆماڵیالاند لە ڕووی جوگرافی وبەندەرەوە، گرنگیەکی سیاسی وئابووری وسەربازی گرنگی هەیە بۆ ئیمارات، بە تایبەت نزیکە لە یەمەنەوە.

به‌نده‌ری جه‌به‌ل عه‌لى ـ ئیمارات

ئاشتبوونەوەی ئەسیوبیا وئەریتریا لە ساڵی ٢٠١٨ کە بە گرنگترین ڕووداوی ناوچەی قەرنی ئەفریقی دادەنرێت، ئیماڕات رۆڵێکی گەورەی تێدا بینی. ئەلیتیریا بەشێک بوو لە ئەسیوبیا، ساڵی ١٩٩٣ سەربەخۆیی بەدەستهێنا. بەوەش ئەسیوبیا کە ژمارەی دانیشتووانی 100 ملیۆن دەبێت، لە دەوڵەتێکەوە کە دەیڕوانییە سەر دەریایی سوور وگەرووی باب المندب، بووە دەوڵەتێکی حەبیس کە هیچ سنوورێکی دەریایی نەبێت. بەوەش ئەسیوبیا زیاتر پشتی بە بەندەرەکانی وڵاتی جیبۆتی دەبەست بۆ گەیشتن بە دەریا، چونکە لەگەڵ ئەلیتیریا لە شەڕ وململانێ بوو نەیدەتوانی پشت بە بەندەرەکانی ببەستێت. جیبۆتی دەڕوانێتە سەر دەریایی سوور وباب المندب، پێش ساڵی ٢٠١٨ ئیمارات بۆندێکی هەبوو لەگەڵ جیبۆتی بۆ بەڕێوەبردنی بەندەری سەرەکی جیبۆتی، بەڵام دوای ماوەیەک حکومەتی جیبۆتی بۆندەکەی هەڵوەشاندەوە. یەکێ لە هۆکارەکان کە وای کرد ئیمارات هەوڵبدات ئاشتی لە نێوان ئەلیتیریا وئەسیوبیا درووست بکات، ئەوە بوو کە ئەسیوبیا ئیتر بەندەرەکانی ئەلیتیریا بەکاربهێنێت ودووبکەوێتەوە لە جیبۆتی، ئەمەش زیانێکی گەورەیە بۆ جیبۆتی کە ئەسیوبیایەکی خاوەن سەد ملیۆن دانیشتوان ئیتر بەندەرەکانی بەکارنەهێنێت، ئیمارات داوا دەکات کە ئەسیوبیا بەندەرەکانی ئەلیتیریا وسۆماڵیالاند بەکاربێنێت لە بری ئەوەی جیبۆتی. ئەمەش جۆرە فشارێکە لە جیبۆتی، تا بە پەیوەندییەکانی خۆی وئیماراتدا بچێتەوە ودەستی ئیمارات بێنێتەوە بۆ بەندەرەکانی خۆی.
ئیماڕات مەبەستیەتی ڕۆڵی هەبێت لە زۆربەی بەندەرەکانی سەر کەنداوی عەدەن وباب المندب ودەریایی سوور وکەناڵی سوێس.
 لە ئێستادا هەژموونی گەورەی هەیە لە بەندەرەکانی یەمەن، ئەلیتیریا و سۆماڵیالاند. هەر وەها هەژموونی هەیە لە سوودانی دوای بەشیر، کە چاوەڕوان دەکرێت ئیمارات بەڕێوەبردنی بەندەرەکانی سوودان لە دەریایی سوور بگرێتە دەست، هەژموونی گەورەی هەیە لە میسری سەردەمی سیسی، میسر دەڕوانێتە سەر دەریایی سوور ودەریایی ناوەڕاست هەروەها خاوەنی نۆکەندی سوێسە. لە ٢٠٠٨ەوە بەندەری (العین السخنه‌) کە  لە گرنگترین بەندەرەکانی میسرە لە دەریایی سوور و نۆکەندی سوێس، لە لایەن ئیماراتەوە بەڕێوەدەبرێت، هەروەها ئیمارات پلانی هەیە چەند بەندەرێکی تر لە میسر درووست بکات لەسەر دەریایی ناوەڕاست ودەریایی سوور.
هەژموونی کۆمپانیای (موانئ دبی العالمیه‌)ی ئیماراتی لە میسر لە سەردەمی سیسی، گەیشتووەتە ئاستێک کە دەنگۆ وترسی ئەوە هەیە میسر نۆکەندی سوێس بفرۆشێت بە ئیمارات (ئەمە زیاتر پڕوپاگەندەیە، بەڵام گوزارشت لەو هەژموونە گەورەیەیی ئیمارات دەکات لە میسر). بە هەمان شێوە ئیمارات دەیەوێت لە ڕێگەی پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل ڕۆڵی هەبێت لە بەندەرەکانی ئیسرائیل کە دەڕواننە دەریایی سوور ودەریایی ناوەڕاست، لە ئێستادا کۆمپانیاکەی ئیمارات خەریکی کڕینی پشکێکی گەورەی بەندەری (حیفا)ی ئیسرائیلە کە دەڕوانێتە دەریایی سوور، ئەمەش یەکێکە لە ئامانج و ئەنجامەکانی ڕێکەوتنەکەی ئیمارات وئیسرائیل. هەروەها ساڵی ٢٠٢٠ ئیمارات ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بۆ وەبەرهێنانن لە بەندەری (جده‌ الإسلامی) سعودی کە دەڕوانێتە دەریایی سوور.
 ئیماڕات بۆچی بەو ڕادەیە بایەخ بە بەندەرەکان دەدات، هۆکار زۆرە بۆ ئەوە، هەندێک لەوانە:
١- ئیماڕات بەشێکی دیاری ئابووریەکەی پشت بە ئابووری بەندەرەکان دەبەستێت، لە گەورەترین بەندەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هی خۆیەتی کە بەندەری (جبل علی)ە لە دوبەی. بەشی زۆری بازرگانی جیهان بە کەشتی و بەڕێگای ئاوی ئەنجامدەدرێت ودەگوازرێتەوە، بەندەرەکان بۆ کەشتیەکان، تا ڕادەیەک وەک فرۆکەخانەن بۆ فرۆکەکان. هەر بۆیە بوونی زۆرترین هەژموون بەسەر بەندەرەکانی جیهاندا، واتە بەشدارییەکی کارا لە بازرگانی وئابووری جیهانیدا، ئەمەش دەوڵەت بەهێز دەکات لە ڕووی سیاسیەوە. جگە لەوەی دەریا وئۆقیانووسەکان لە ڕووی سەربازی وجیوپۆلەتیکیەوە گرنگی زۆر گەورەیان هەیە.
٢- ئیمارات دەیەوێت بەندەرەکەی خۆی (جبل علی) رکابەری نەبێت لە ناوچەکەدا، هەر بۆیە زۆر بایەخ بە یەمەن دەدات، یەمەن دەکرێت ببێتە مونافسی لە ئایندەدا، چونکە بەندەری زۆرە وشوێنەکانیشی زۆر گرنگن ونزیکیشە لە ئیماراتەوە. ئێران لە یەمەن دەسەڵاتی هەیە، بۆیە ئیمارات دەیەوێت هەژموونی هەبێت لە یەمەن یا خۆی سوود لە بەندەرەکان ببینێت یا ڕێ  نەدات ببنە رکابەری بەندەرەکەی دوبەی.
٣- لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە کەنداو، رکابەری سەرەکی ئیماڕات لەڕووی بەندەرەوە، قەتەرە کە بەندەری (حمد)ی هەیە ورکابەری ئەوەی دوبەیە، قەتەر وئیماراتیش پەیوەندیان باش نییە لەگەڵ یەکتر، بۆیە ئیمارات دەیەوێت زۆرترین بەندەرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆنترۆڵ بکات یا بەڕێوەی ببات لە ڕێگەی کۆمپانیا گەورەکەی خۆیەوە، تا هەژموونی دەریایی وئاوی قەتەر سنوردار بکات وگەمارۆی زیاتر بخاتە سەر قەتەر هەر کات ویستی.
٤- دوای هەڕەشەکانی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز وهەژموونی ئێران لە یەمەن کە لە ڕێگەی حووسیەکانەوە هەژموونی بەسەر هەندێ بەندەری یەمەنەوە هەیە. ئیمارات دەیەوێت ڕێڕەوی ئاوی وبەندەری تر بدۆزێتەوە دوور لە دەسەڵاتی ئێران، چونکە ئێران دەسەڵاتی هەیە بەسەر گەرووی هورمز کە لەسنوری خۆیەتی ولە ڕێی حووسیەکانەوە دەتوانێت کێشە بۆ گەرووی باب المندبیش دروست بکات لە یەمەن، کێشە دروستکردن بۆ باب المندب واتە دەریایی سوور ونۆکەندی سوێسی میسریش کێشەی بۆ دروست دەبێت. بۆیە ئیماڕات هەموو هەوڵێک دەدات هەژمونی گەورەی هەبێت بەسەر ڕێڕەوی: کەنداوی عەدەن-باب المندب- دەریایی سوور-نۆکەندی سۆێس وهێزی ئێران لەو ناوچەیەدا نەهێڵێت لە ڕێگەی لاوازکردنی حووسیەکان لە یەمەن.
 هەروەها ئیمارات پڕۆژە وپلانی هەیە کە بەندەری (الفجیره‌) ئامادە بکات بۆ ئەوەی ببێتە بەندەرێکی سەرەکی هاوشێوەی (جبل علی) و بتوانێت زۆبەی هەناردە وهاوردەکانی، بە تایبەت هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی ئەو بەندەرەوە ئەنجامبدات. 

ئیمارات ده‌یه‌وێ به‌دیلی گه‌روی هورمز بدۆزێته‌وه‌

(الفجیره‌) بەندەرێکی ئیماراتییە دەکەوێتە سەر کەنداوی عومان، واتە دەکەوێتە دەرەوەی گەرووی هورمز و کەنداوی عەرەبی، تاکە بەندەری ئیماراتە کە لە دەرەوەی گەرووی هورمزە، بەڵام ئەم بەندەرە ئەستەمە بتوانێت ببێتە تاکە بەندەری ئیماڕات ئەگەر ئێران کێشەی بۆ گەرووی هورمز درووست کرد، بە تایبەت بەندەری (جبل علی) لە سەرەکیترین بەندەری ئیماڕاتە، دەکەوێتە سەر کەنداوی عەرەبی وپێویستە هاتوچۆی کەشتیەکانی بە هورمزدا تێپەڕن.
هه‌روەها ئیمارات پلانی هەیە لە ڕێگەی وڵاتی عومانەوە بگاتە کەنداوی عومان بە بێ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمز، هاوکات لە هەوڵدایە لە ڕێگەی سعودییەوە بگاتە دەریایی سوور بە بێ تێپەڕبوون لە هورمز وتەنانەت لە باب المندبیش کە حووسیەکان دەتوانن کێشەی بۆ درووست بکەن، بۆ ئەوەش چەندین پڕۆژەی دروستکردنی بۆری نەوتی ئامادەکردوە. تا ساڵی ٢٠١٢ لە ٩٩٪ی هەناردەکردنی نەوتی ئیمارات بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕی، لە ٢٠١٣ەوە ئیمارات کار لەسەر ئەوە دەکات کە بەندەری (الفجیره‌) بکاتە بەندەری سەرەکی، هەر بۆیە ئێستا ئیماڕات سەرەڕای ئەوەی زۆربەی نەوتەکەی هەر لە هورمزەوە تێدەپەڕێت، بەڵام بە به‌راورد بە ساڵانی پێش ٢٠١٢ بە ڕێژەیەکی کەمتر پشت بە هورمز دەبەستێت.
٥- بەپێی جیوپۆلەتیلک، زۆربەی کات هێزی دەریایی ودەسەڵات بەسەر دەریا و ڕێڕەوە ئاوییەکان، دەوڵەت بە هێز دەکات، نەبوونی هەژموون لە دەریادا، دەوڵەت لاواز وکەم رۆڵ دەکات، بە تایبەت بۆ وڵاتێکی وەک ئیماڕات کە وڵاتێکی بچووکە وناشتوانێت لە ڕووی ووشکانیەوە فراوان بێت، وڵاتێکی پیشەسازی بەهێزیش نییە، بۆیە ئەگەر بیەوێت هەژموونی فراوان بکات، دەریا وئۆقیانووسەکان دەرەفەتێکی باشتر وئاسانترە، کە زۆر لێزانانەش کار دەکات لەو بوارەدا. بیرمەندی ئەمریکی بواری جیوپۆلەتیک (ئەلفرید ماهان) پێیوایە باشترین هەنگاو بۆ ئەوەی دەوڵەتێک ببێتە زلهێز، ئەوەیە دەریا وئۆقیانووسەکان کۆنتڕۆڵ بکات، چونکە بەوە بازرگانی کۆنتڕۆڵ دەکات، ئەوەش واتە بوون بە زلهێز.
٦- ئیمارات وەک دەوڵەتانی تری خەلیج بەهۆی ئەمریکاوە پارێزراوە، بە تایبەت لە دەست ئێران، بەڵام چەن ساڵێکە لە سەردەمی ئۆباما وترمپ، گوتاری کشانەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ودوورکەوتنەوەی ئەمریکا لە تێوەگلان بە قەیران وجەنگە ناکۆتاکانی ئەم ناوچەیە، ئیماراتی ترساندوە لەوەی ئەمریکا ئیتر بکشێتەوە لە ناوچەکە یا هەژموونی کەمتر بێت. یا خودی سەردەمی ئەمریکا لە ناوچەکە بەرەو کۆتایی بچێت وسەردەمی چین دەست پێبکات. بۆیە لە ئێستاوە خۆی ئامادە دەکات ودەیەوێت ببێتە دەوڵەتێک کە بێ ئەمریکاش خۆی بپارێزێت. بۆیە ئەو هەژموونەی ئیمارات بەسەر بەندەر وڕێڕەوە ئاوییەکان ڕەنگە وای لێ بکات هەژموونێکی جیهانی هەبێت وئێران ودەوڵەتانی تریش نەتوانن دەستی لێ بوەشێنن، هەروەها ئیماڕات لە ڕێگەی ئەم سیاسەتی بەندەرەوە، دەتوانێت باش خۆی ئامادە بۆ ئەگەری هاتنی سەردەمی چین وتەواو بوونی پلانە گەورەکەی چین کە ڕێگای بازرگانیەکانە (ڕێگاکانی ئاوریشم) بۆ ئەم ناوچەیە، کە ئیمارات لەوانەیە گەورەترین سوودمەند بێت ئەوکات بەهۆی هەژموونی بەسەر زۆربەی بەندەر وڕێڕەوە ئاواییە گرنگ وبازرگانیەکاندا، ڕێڕەوە ئاوی وبەندەر وگەرووەکان شادەماری بازرگانی جیهانن وڕیگەی سەرەکین بۆ گواستنەوەی شمەک ووزە لەجیهاندا.
تێگەیشتن لە بایەخی ئیماڕات بۆ بەندەرەکان ، دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ تێگەیشتن لە کۆی سیاسەت وهەڵسوکەوتی ئیمارات لە ناوچەکە ولە جیهانیشدا. 
لە بەشەکانی داهاتوودا باس لە دوو پاڵنەری سەرەکی تر دەکەم لە سیاسەتی ئیماڕات کە ئەوانیش: سیاسەتی دژایەتی ئیسلامی سیاسی یا ترسی ئیماڕات لە ئیسلامی سیاسی لەگەڵ پەیوەندی ئیماڕات وئێران.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ