ئەو پیاوەی پێی دەوترێ سەید عومەر، پیاوێكی پاك و پیاوێكی سادە و خاكیە ، ئەم سیفاتانەش لای لایەنگرانی بۆتە دەستكەوت بۆی و شانازی پێوە دەكەن ، كە ھەقیشیانە كەم سیاسی ھەیە وەك عومەری سەید عەلی مابنەوە.
بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین ، كە پاكی و سادەی ئەو پیاوە، دادی نادات بۆ ئەوەی ھەڵەو كەموكورتیەكانی داپۆشێ ، وە دەبێت ئەوە ڕوون بێت بۆ ھەموو لایەك كە ڕەخنە دەگیرێ لەم پیاوە لە ئەداو لە ھەڵوێستەكانیەتی لە ڕوە سیاسیەكەی سەیدە .
عومەری سەید عەلی گۆڕانی بەرەو كوێ برد؟
گۆڕان لە ھەناوی توڕەی خەڵكدا دروست بوو ، وەك ھێزێكی بەرگریكاری خەڵك و شەقام گەشەی كرد ، گۆڕان ھێزێك بوو بەو مانەی كە دڕ بوو بەرامبەر ستەم و نادادی دوو حیزبی دەسەڵات ، ئومێدێك بوو لەسەردەمێكدا كە سەردەمی نا ئومێدی بوو ،
ئەمە سادەترین پێناسەی گۆڕانە .
بەڵام مردنی نەوشیروان مستەفا و بوونی كاك عومەر بەرێكخەر گۆڕانی بەرەو لێواری مەرگ برد، سهید عومەر لە یەكەم ڕۆژی بوون بە ڕێكخەری گۆڕان، كێشە ناوخۆیەكانی گۆڕان تەقینەوە و چیتر كەسێك نەبوو دایمركێنێتەوە ، بووە ھۆی لێكترازان لە ناو گۆڕاندا ، كە سەید عومەر سەركردایەتی بەرەیەكی دەكرد .
گۆڕان لەسەردەمی كاك عومەردا ، ئاقڵ بوو وەك نەیارانی گۆڕان دەڵێن ، بوو بە ھێزێكی بێدەنگ ھێزێك كە سەركردایەتیەكی مرد و جەماوەر و ھەڵسوراو ئەندام پەرلەمانی زیندوو.
عومهری سهید عهلى پیاوێكە بە ھێمن و لەسەرخۆ و دوور لە ناكۆكی دروست كردن لەگەڵ بەرامبەریدا ناسراوە ، پیاوێكە كە نەیاری سیاسی كەمە ، وە لای ھێزەكانی وەك پارتی و یەكێتی خۆشەویستە بەوەی سەر ئێشەی نیە بۆیان.
سەید گۆڕانی بەرەو دەسەڵاتێكی دیكتاتۆر برد ، گۆڕانی كرد بە دۆستی ھێزێك كە فەرمانی گرتنی بۆ سەركردە نەوشیروان مستەفا دەركردبوو .
سەید توڕەی خەڵكی لە یەكێتی و پارتیەوە، گۆڕی بۆ تورەی لە گۆڕان ، لە نەوشیروان مستەفا ، بزوتنەوەی گۆڕانی لە ئومێدەوە كرد ، بە نا ئومێدیەك كە ڕەنگە ئەو ئومێدە چەند ساڵێكی كەی بوێت دروست كرێتەوە .
ھێزێك كە بەردەوام لەسەنگەردا بوو بەرامبەر دەسەڵات و دوو ھێزی ستەم كار ، بزوتنەوەی گۆڕانی لەو سەنگەرەدا نەھێشت و چۆڵی كرد بۆ كەسانێك كە توانای سەرنگەر گرتنیان نیە.
سەید عومەر ڕۆحی تەكەتول، كە ئەو پیاوەی لە سەرۆك حیزبێكەوە كرد بە بەڕێوبەری بەرەیەك و دووركەوتنەوە لە بەرنامەكان و پرێنسیپەكانی حیزب ، زۆرترین ھەوڵ و كاری بۆ سەرخستنی گروپ و بەرەكەی خۆی بوە ، كە ئەمەش یەكێكە لەو ھۆكارانەی گۆڕان لاواز بێت ، بەرەی سەید بەھێز .
نەبوونی خیتابی سیاسی ، كە سەید عومەر تا ئێستا كەمترین لێدوان و قسەی كردوە ، دوور لە میدیا بووە و توانای گەیاندی پەیامی گۆڕانی نیە بۆ جەماوەر ، ئەمەش وای كردوە لەبەرچاوی خەڵكدا بە سەركردەیەكی لاواز دەركەوێت .
گۆڕان بەرەو كوێی تر دەبات ؟
ھیچ كات مانەوەی كەسێك ئەوەندە لە جێگایەكدا خەتەر نەبووە بەسەر بەرنامەیەكی سیاسیەوە ، مانەوەی كاك عومەر بۆ ساڵێكیترش بێت ڕەنگە گۆڕان ببێت بە ڕابردوو و خەونی چەندین ساڵەی یەكێتی و پارتی لەسەر دەستی سەید بە دی بێت .
یەكێتی و پارتی كە چەندین ساڵە بە ھێز و پارە و میدیا و چەندین شێوازای كەوە ھەوڵیانداوە گۆڕان نەھێڵێن و بیسڕنەوە ، سەركەوتوو نەبون ، بەڵام لەگەڵ بوونی سهید عومەر بە ڕێكخەر چەندین خەونیان بە دیھات و گۆڕان بووە ھێزێك خۆیان دەڵێن ئاقڵ بووە .
مانەوەی عومهری سهید عهلى ھەڕەشەیە بۆسەر میراتی نەوشیروان مستەفاش ، خەتەریەتە بۆسەر بەرنامە و فكر و ئەفكار و مێژووی نەوشیروان مستەفاش ، بینیمان لەسەر دەمی ئەودا دووجار ھێرشكرایە سەر گردی زەرگەتە ، لەسەردەمی ئەودا جورئەتی پەلاماردانی مێژووی نەوشیروان مستەفا كرا ، وە لەسەردەمی ئەودا بزوتنەوەی گۆڕان لە نیو ملیۆن دەنگەوە كەم بووە بۆ نزیكی دوو سەد ھەزار دەنگ.
سهید عومەر دۆستیەتی مەڵبەند لەبیرناكات ، وە دوای مردنی نەوشیروان مستەفا گروپی مەڵبەندی كۆنی یەكێتی كە لە نەو گۆڕاندا بوون ، بەھێز بوون و بوون بە سەركردایەتی گۆڕان و پۆست و پلەی جیاجیایان لە حكومەت و حیزبدا پێدرا ، وە بەھەمان ئەقڵیەتی كۆنی یەكێتی و مەڵبەند سیاست كرا لە نەو گۆڕاندا و دەربەڕاندن دەستی پێكرد . وە بەردەوامی ئەم ئەقڵیەتیە گۆڕان لە ناو دەبات و ئومێدی چەندین ساڵەی گەلێك ئەمرێت
سەید بۆ نابێت بە نەوشیروان مستەفا؟
نەبوونی بە كاریزما و بە سەركردە لە ڕۆحی سەید عومەردا نیە ، ئەو پیاوە ھێندە حەزدەكات قیادەی چەند كەسێكی گوێڕایەڵ بكات ، حەز ناكات ببێت بە سەركردەی ھەزارەھا كەس، ئەو پیاوەی كێشەی بۆ چارەسەر ناكرێت و بەڵام كێشە وەك خۆی دەھێڵێتەوە ، كە ئەمەش ھۆكار بوو بۆ پەرتەوازای گۆڕان.
بوون بە نەوشیروان مستەفا، ڕۆحیەتی كاركردنی بە دەستەجەمعی دەوێت ، بوون بە نەوشیروان مستەفا ھەر بە دانیشتن لە جێگای ئەودا ناكرێت بەڵكو دەبێت موگتانیس بیت بۆ سەرجەم جەمسەرە جیاوازەكان ، دەبێت كۆكەرەوەی دەنگ و ڕەنگ و ئەفكار و فكر و بیری جیاواز بیت ، لە پێناو سەرخستنی بەرنامەیەك و گەیشتن بەو ئامانجەی ھەوڵی بۆ دەدەیت.
بوون بە نەوشیروان مستەفا، لەوەدا دەردەكەوێت ، كە یاخی بیت ، ئازاری گەلەكەت لە ھەڵوێستی سیاسیدا ببینرێت ، حەدەسی سیاسی دروست كەیت و ھەوڵ بدەی ڕێڕەوی سیاست كردن بەو ئەو شوێنە بەریت كە مافی گەلەكەتی تێدا دەستەبەرە .
دۆستایەتی كردنی قەڵەم و دەنگی ئازاد ، خاسێتێكی جوانی نەوشیروان مستەفا بوو ، بەڵام لە سەیدا ئەوە نابینرێت و لە دوای مردنی نەوشیروان مستەفا ، قەڵەم بەدەست و نوسەری ئازا و دەنگی ئازاد لەم بزوتنەوەیە دوركەوتنەوە .
وە ئەوەی ماوە بیڵێین ئەم بزوتنەوە سیاسیە یاخیە سەید دەستەمۆی كردوە ، ئەرك و ئەخڵاقێكی سیاسی و وەفایەكە بۆ نەوشیروان مستەفاش كە ھەوڵ بدرێت چیتر بە ناوی جیایاو بیانوی لاواز ئەم بزوتنەوەیە لاواز نەكرێت ، گۆڕان بەرەو شەقام و بەرەی خەڵك بگەڕێتەوە ، گۆڕان ببێتەوە بەو مۆمەی شەوە زەنگی نیشتیمانی ڕووناك كردەوە.
پاڤێڵ جهلال