به‌ ستنه‌وه‌ی كه‌نداوی فارسی به‌ ئه‌وروپا و جیهانه‌وه‌

پرۆژه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ی شیعه‌.. گۆڕینى جوگرافیاى ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.04.20 01:45 PM
1693 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

 لە سەروبەندی کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی (عێراق ـ میسر ـ ئوردن) لە قاهیرەی پایتەتی میسر و عەمانی پایتەختی ئوردن لە ماوەی ڕابردوودا کۆمەڵێک ڕاسپاردە و بڕیاری گرنگ هەبوون بۆ کارکردنی پێکەوەیی و هاوپەیمانێتی سێ قۆڵی نێوان ئەم سێ دەوڵەتە.
هەرچی بەغدای پایتەخت بوو خۆی ئامادە دەکرد کۆبوونەوەی سێهەم بهێنێتە کن خۆی، بەڵام دوو ڕووداوی نەخوازراوی کوتوپڕ یەکەمیان وەرگەڕانی شەمەندۆفەرێکی میسری و گیانلەدەستدانی دەیان کەس لەو ڕووداوەدا، هەروەها کودەتا شکستخواردووە چاوەڕواننەکراوەکەی شازادە حەمزە برای شا عه‌بدوڵا کوڕی شا حوسێن پادشای ئوردن هەموو ڕێسەکانی کۆبوونەوەی سێیەمی بەغدای کردەوە بە خوری.
عێراق لە بەرنامەیدایە کە بەهاوکاری ئەو دوو وڵاتە بتوانێ ڕێگە خۆش بکات بۆ درووستکردنی نۆکەندێکی درێژ بە مەبەستی ئاسانکاریی کەشتییە بارهەڵگرەکانی بازرگانی نێوان وڵاتانی کیشوەری ئەوروپا و کیشوەری ئاسیا، هەڵبەتە ئەم بیرۆکەیە پێویستی بە پشتیوانی و هەماهەنگی ئوردن و میسر دەبێت، چونکە ئاسان نییە لێدانی نۆکەندێکی درێژ لە نێوان ئاوی دەریای سپی و کەنداوی فارسی عەرەبی بێ بڕیاری ئەو دوو وڵاتە ئەو دوو ئاوە ببەستیت بەیەکەوە، لەبەرئەوەی ئوردن و میسر دوو پێگە و شوێنی ستراتیژیی گرنگی ئابوری ناوچەکە و جیهانن بۆ تێپەڕبوونی هەر کاڵا و شمەکێکی جیهانی لەڕێی بەندەر و نۆکەندی سوێس تێدەپەڕێ لە نێوان ئەوروپا و ئاسیاوە وە بە پێچەوانەشەوە.

هاوپه‌یمانی شامی نوێ ده‌توانێ داهاتووی ناوچه‌كه‌ بگۆڕێ

بیرۆکەی دروستکردنی نۆکەندی (فاو- دەریای سپی)، ڕێگەیەکە بۆ دواڕۆژ کە بتوانن کەنداو ڕاستەوخۆ ببەستنەوە بە دەریای سپی ناوه‌راسته‌وه‌، بەوشێوە دەتوانن هێڵێکی ئاویی نێوان ئەو دوو دەریا ئاوییە ببەستنەوە بە یەکەوە ڕێگایەکی دوورودرێژ کورت دەکاتەوە بۆ بابەتە بازرگانیه‌كان، ئەوە جگە لەوەی کە بە هەزاران کیلۆمەتر ئاودێری و کشتوکاڵ و خزمەتکردن بە پەلەوەڕ و ئاژەڵ و بوارەکانی گەشتوگوزار و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییەکانی دی هەموو ئەوانە دەکەونە نێوان ئەو هێڵە و ئاستی بازرگانی گەشە پێدەدات بۆ هەموو ناوچەکە، بە تایبەت بۆ لوبنان و سوریا و عێراق.
من زۆرێک لەو بابەتانەم خوێندەوە کە ئەم بیرۆکەیەی هێناوەتە گۆڕێ، سەرئەنجام بۆم دەرکەوت کە ئەوە خواستی دەوڵەتی ئێران و دەوڵەتی عێڕاقی شیعە و دەوڵەتی سوریای شیعە و دەوڵەتی لوبنانی شیعەیە، کە سوورن بەهەر نرخێک بێت ئەو پرۆژە گەورە و مەزنە جێبەجێ بکرێت، لەبەرئەوەی ئێران و کەنداوی فارس دەبەستێتەوە بە ئەوروپا و دەریای سپی ناوەڕاست، ئەم هەنگاوەش پێویستی بە ڕەزامەندی دوو دەوڵەتی گەورە هەیە ئەوانیش بە شێوەی ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەخۆ پشکیان دەبێت لە پرۆژەکە و هەنگاوەکانی، میسر و ئوردن ئەو دوو دەوڵەتەن عێراق بەبێ ڕەزامەندی و بڕیاری ئەوان ناتوانێ هیچ هەنگاوێک بنێ بۆ دروستکردنی نۆکەندی (فاو- دەریای سپی)، بۆیە دوو دیداری تایبەت و گفتوگۆی نهێنی و ئاشکرا بۆ ئەو بابەتە پێویستی بە کاتی زیاتر هەیە، شانسی عێراق وابوو کۆبوونەوەی سێهەم سازنەدرا و دواخرا بۆ کاتێکی نادیار!، بەڵام ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەکە ئاسان نییە جێبەجێکردنی چونکە بڕیاری نێودەوڵەتی دەوێ بۆ سێ دەوڵەتی (لوبنان و سوریا و عێراق)  کە ئاوی دەریای سپی ڕابکێشن بۆ کەنداوی عەرەبی بە درێژایی ١٤٠٠ کیلۆمەتر و پانی ٢٨٠ بۆ ٣٠٠ مەتر بە قووڵی ٢٣ مەتر، هەروەها پێویستی بە ١٠ بۆ ١٥ ساڵ کارکردنی بەردەوامە هەتا تەواوکردنی پرۆژەکە، ئەوە بێ لەوەی مەزەندە دەکرێت کە تێچووی پرۆژەی (نۆکەندی فاو-دەریای سپی) بگاتە ٣٣٠ بۆ ٤٠٠ملیار دۆلار، ساڵانە چاوەڕوان دەکرێت داهاتی ئەم پرۆژەیە بگاتە پێنج ملیار دۆلار.

دیزاینی پرۆژه‌ی نۆكه‌ندی فاو ـ ده‌ریاى سپى

ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی و جەنگ و شەڕی دژ بە تیرۆر هەلومەرجەکان ساڵ بە ساڵ دەگۆڕێ، جۆری پەیوەندی و هاوپەیمانێتیش لە چوارجێوەیەکدا نامێنێتەوە، بەرژەوەندیی هاوبەش و ناچاری بەردەم ڕووداوەکان هەموو دووژمنێک هەتا سەر نییە و هەموو دۆستێکیشت تا سەر نییە، ئەوەی دەمێنێتەوە بیرکردنەوەیە بۆ ئایندە و تێکنەشکانت و بەردەوامیت لەگەڵ ڕووداوەکان و نەکەوتنت، عێراقی ئێستا بە چەند قۆناغێک بووە بە ناوەندێک بۆ گرێدانی نێوان هەموو ناکۆکەکانی ناوچەکە و جیهان، هەلومەرج بهێڵێ ئەو پرۆژەیە دەبێتە دەستپێک بۆ ئاڵوگۆڕی زۆر لەم ناوچە ئاگرینەدا، هەروەها دەبێتە دەسکەوتیش بۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق ئەگەر لەم سەروبەندەدا ئەو پرۆژە خەیاڵیە بڕیاری کۆنکرێتی لێبدرێ بە دروستکردنی!، بەڵام خۆم باوەڕم وایە ئاسان نییە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە!!، ئەگەرچی هەموو شت چاوەڕوانکراوە لە خەیاڵەوە بۆ واقیع ببێتە موعجیزەیەک، ئەی بۆ نا..!!.

ئه‌سعه‌د جه‌باری


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ