بۆچى ئه‌مریكا كاردانه‌وه‌ی نییه‌ ؟

حەوشەی پشتەوەی هێرشە موشەکییەکان ؟

ئاسۆ عه‌بدولله‌تیف 2021.04.22 09:12 PM
791 جار خوێندراوەتەوە

ئاسۆ عه‌بدولله‌تیف

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

ئەمریکا باش دەزانێت حەوشەی پشتەوەی موشەکەکان کوێیە، باش دەزانێ وەکرو هێلانەکەی کامەیەو چ دەوڵەتێکی ناسیۆنال دینیی و مەزهەبی لەپشتیەتی، دەشزانێت موشەکەکان زادەی چین و بۆ لەم کاتەداو بە ئامانج گرتنی هەرێمی کوردستان و نزیک بنکەی سەربازانی ئەمریکا، وەلێ لە ئێستا ناخوازێت بەری پێ بگرێت لەبەر چەندین فاکتەری بابەتیی.
بە دروستی هەر کردەو جوڵەیەکی سەربازیی لە عێراق و کوردستان، بە هێرشەکانی ئەم دواییەی پایتەختی هەرێمی کوردستان و موشەک و ڕۆکێتی درۆنەکانەوە، Drone / الگائره‌ دون گیار ، بێ دودڵی و قوڵایی ستراتیژیی، پەیوەندی بە ئایندەی هەڵبژاردنەکانی عێراق و دیاریکردنی هێڵ و ستراتیژو سیاسەتی گشتی شیعەوە هەیە لە عێراق. بەکورتی عێراقی سەردەمی جۆ بایدن دەبێت تەواو جیاواز بێت لە عێراقی ترامپ و سیاسەتی پۆپۆلیزمی مالی و دارایی.
چونکە ئەمریکا دژی شیعه‌ نییه و جوڵەی خۆی دەکات لە نێوان تورکیاو ئێران و لوبنان و سوریاو پێویستی بە کردنەوەی بەرەی شەڕ نییەو ئەم شەڕە بچوکانەی میلیشیاکان هێزی ئەوەیان نییە رای گشتی دروست بکەن‌ و ستراتیژی ئەمریکا بگۆڕێت بەرامبەر بە پێڕاکێشی و سەرکێشی هەرندێک ئەقتابگەلی میلیشیایی شیعیی دەبێت کوردیش پەرچەکرداری نەبێت لەبری ئەوە گفتوگۆی نەرم چارەسەرە تاوەکو زۆرترین کورسی ئایندە مسۆگەر بکات. ئەو موشەکانە دەزانین ڕوخێنەر نین وەلێ دەبێ ستاتۆی هەرێم بەهێزتر بکات، وەک ئەو فیشەکەی گەر نەتکوژێت دەبێ بەهێزترت بکات.

بۆردومانكردنی فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر

 

ئەمریکا ئێستا لە گفتوگۆو دیالۆگی ستراتیژیی و جدیدایە لەگەڵ ئێران و عێراق دژی ره‌فتارو سلوكی هەندێک سەرکێشی و گروپگەلی ده‌سترۆشتوی سته‌مكاری شیعە له‌ ناوچه‌كه‌. ئەوەش دەزانن کە ئەو شیعانەی ئێستای عێراق درێژکراوەو ئیمتیدادی وڵاتانی دیکەن و گەراکانی هی جێگای ترن بە نمونەی رەبعەڵلا (دۆستان و کۆمەڵەی خودا) عەسائیب و حیزبوڵاو نوجەباو چەندین گروپگەلی تر، بۆیە ئەمریکا موشەک بە موشەک وەڵام ناداتەوە بەڵکو شوێن پێی موشەک هەڵدەگرێت. لە ئەساسەوە گەرەکیەتی مۆدێلەکە دەستکاری بکات بەو موشەکانە‌. ئەمریکا باشتری له‌م شیعه‌یەی ئێستا‌ ده‌وێت، شیعەی کۆپی ناوێت وەک سەرئێشە شیعەی دیسپلینخوازو خاوەن بریاریی دەوێت‌.‌
راستە ئه‌مریكا خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ مه‌زهه‌بیانه‌ لاوازتربكات بۆ مه‌به‌ستی به‌كارهێنانیان له‌ شه‌ڕی گه‌وره‌تری ناوچه‌كه‌ به‌ سعودیه‌و توركیاشەوه‌، ئه‌گینا ئه‌مریكا بۆ ئێران یان توركیا ھەم ھاوپەیمانەو ھەم نەیار، ده‌توانێ به‌ ئاسانی داشه‌كان بگۆڕێت. ئەمریکا ئەزانێت حەوشەی پشت رۆکێت و درۆنەکان کوێیە، گفتوگۆی لەتەک دەکات، یاری دەکات لە جێگایەک، بۆ ئەوەی جوڵەو گوشار بکات لە جێگایەکی تر، شکۆی لە جێگایەکەو ئابوریی لە جێگایەکی تر، پێکەنین و گریانی وەک یەکە، دەوڵەتی کەسایەتی نییە، ئەمریکا مۆدێلت بۆ ناگۆڕێت بۆت پێشنیار دەکات چۆن مامەڵە لەگەڵ قەیران بکەیت وەک ئەوەی لە ئەڤگانستان و سوریاو رۆژاڤا کردی، زاكیره‌ی كۆن و نوێی ئێمه‌ هێشتا به‌رگرییه‌ له‌ سه‌روه‌ری و ئاڵاو خاك و نیشتیمان، ئه‌م دۆخه‌‌ وایكردووه‌ هیچ جۆره‌ جوڵه ‌و ئاكشنێك وه‌رنه‌گرین به‌ ئاراسته‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی كرده‌یه‌كی دیكه‌، هەموو نەیارەکانی کوردیش هیواخوازن كورد له‌م دۆخی به‌رگریه‌دا بمێنێته‌وه‌، هه‌ر به‌رگری بكات له‌ ئاڵاو خاك و سه‌روه‌ریه‌كه‌ی دەی چ زیانێکی هەیە؟ كه‌واته‌ پێویسته‌ دۆخی به‌رگریی و مانه‌وه‌ به‌م فۆرم و میتۆدە‌ بگۆڕین به‌ شتێكی دیكه‌ كه‌ ئه‌ویش گوشارو مانۆڕی سیاسی و لۆبیكردن و فێڵی سیاسی و خۆبەدەزگاییکردن و تێگەیشتنە لە رێککەوتن و کۆنتراکتەکان و هەڕەشەی موشەکەکان، کوردیش دەبێت تێبگات لە پشت کەوالیسەکانەوە چی ڕوو ئەدات‌.

میلیشیا شیعه‌كان هێشتا قاسم سوله‌یمانی به‌ فه‌رمانده‌ی خۆیان ده‌زانن


دەرکەوت مستەفا کازمیش چیتر ناتوانێ چاکسازیی بکات و کۆنترۆڵی میلیشیاکان بکات، قورسترین کارێک بۆ کازمی کە هەرگیز ناتوانێ دەستی بۆ بەرێت نەهێشتنی بلۆکە عەسکەرییە مەزهەبی و میلیشیاکانی سەربە حەشدی عێراقی و غەیرە عێراقییە کە دەیان ملیار دۆلاریشیان بە فەرمی بۆ تەرخانکراوە لە بودجەو میزانیەی عێراق و ئەوەتا ناوبەناو پەلاماری کوردستانیش ئەدەن، دەیانەوێت بڵێن عێراق یەک پاکێجەو هەرێمێک بوونی نییە ئەوەش بۆ جوڵاندنی شەقام و کەسبی دەنگە بۆ هەڵبژاردنی ئایندە، شیعەکان هەر ئەو عێراقەیان دەوێت کە ئێستا هەیە، فەوزاو ئانارشیزم و تێکەڵاوکردنی کارتەکان و سەرۆک وەزیرانێکی لاوازو بێ هەژموون و کۆتاییهێنان بە چەمکی شەراکەت لەگەڵ کورد و پێکەوەژیانی ئاشتیانە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ