به‌گشتی نه‌مانی ئیدریس دێبی سه‌رۆكی چاد بۆشاییه‌كی گه‌وره دروست ده‌كات بۆ وڵاته‌كه‌ی و بۆ ناوچه‌ی ناوه‌راستی كیشوه‌ری ئه‌فریقاش، ئایا لێكه‌وته گریمانه‌كراوه‌كانی پاش كوژرانی ئیدریس دێبی چین؟
وته‌بێژی سوپای چاد له وه‌سفی كوژرانی سه‌رۆكه‌كه‌یان وتی: دواهه‌ناسه‌كانی بۆ به‌رگریكردن بوو له سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌ت له گۆڕه‌پانی جه‌نگدا".
جه‌نگه درێژخایه‌نه‌كه‌ی دێبی زنجیره‌یه‌كی پێكه‌وه‌به‌ستراو بوو، به‌شێوه‌یه‌كی ته‌قلیدی له ده‌ره‌وه و وڵاتانی هاوسێی چاده‌وه ده‌ستیپێكرد به دیاریكراوی سودان، دوای ئه‌وه‌ی بووه دوژمنى هاوڕی شۆرشگێره‌كه‌ی له ماوه‌ی حوكمی حسێن حیبری (1982 ـ 1990).
ئیدریس دێبی (1952 له دایكبووه) پێشتر هاوشانی حسێن حیبری جه‌نگێكی سه‌ختیان به‌رپاكرد دژی كۆكۆنی عوه‌یدی سه‌رۆكی چاد (1979 ـ 1982).
ئیدریس دێبی دوای كۆنترۆڵكردنی ده‌سه‌ڵات و گرتنی ئه‌نجامینای پایته‌خت له لایه‌ن هێزه‌كانیه‌وه له ساڵی 1990، هه‌رگیز پۆشاكی جه‌نگی فڕێنه‌دا، به‌رگریكاری توند بوو له ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی دژی یاخیبووان و نه‌یاره‌كانی كه چه‌ندین جار ویستیان له ده‌سه‌ڵاتی بخه‌ن له ماوه‌ی 30 ساڵی رابردوودا.
ئیدریس دێبی توانا به‌هێزه‌كانی خۆی باش ده‌رخست و به جه‌نگاوه‌رێكی ستراتیژیى وه‌سف ده‌كرا، به‌تایبه‌ت كاتێك چووه شه‌ڕ دژی گروپی بۆكۆ حه‌رام، سه‌لماندی كه سوپاكه‌ی له كیشوه‌ری ئه‌فریقا زۆر به‌هێزه.
دوای ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی بۆكۆحه‌رام له نه‌یجیریاوه په‌ڕییه‌وه بۆ وڵاته دراوسێكانی، سوپای چاد به سه‌رۆكایه‌تی ئیدریس دێبی رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بوو له به‌رگرتنى به كشانی بۆكۆحه‌رام، ساڵی رابردوو سوپاكه‌ی نارد بۆ نه‌یجیریا دوای ئه‌وه‌ی بۆكۆحه‌رام له كرده‌وه‌یه‌كدا 100 سه‌ربازی چادی كوشت.
له‌وكاته‌دا، ئیدریس دێبی سه‌رۆكی چاد ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازیی ده‌ستپێكرد بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له بۆكۆحه‌رام له ناوچه‌ی ده‌ریاچه‌ی چاد، له كۆتای مارسی 2020یش رایگه‌یاند توانیویه‌تی چه‌كداره‌كانی بۆكۆحه‌رام تێكبشكێنێ، وته‌بێژی حكومه‌تی چادیش رایگه‌یاند:" تاكه یه‌ك چه‌كداری بۆكۆحه‌رام له‌سه‌ر خاكی چاد نه‌ماوه".
له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، پێده‌چێت ئیدریس دێبی هه‌ستی به مه‌ترسییه‌كانی درێژه‌كێشانی شه‌ڕ كردبێت، بۆیه به‌زووی كۆتایی هێنا به ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی سوپاكه‌ی له له ناوچه‌ی پشتێنه‌ی ساحلی كیشوه‌ری ئه‌فریقا و ده‌ریاچه‌ی چاد، ئه‌وكاته‌ش له وتارێكی پێشبینینه‌كراودا وتی:"سه‌ربازه‌كانمان له پێناو ساحل و ده‌ریاچه‌ی چاد ده‌مرن، له ئه‌مڕۆوه هیچ سه‌ربازێكی چاد به‌شداری هیچ كرده‌وه‌یه‌كی سه‌ربازیی ناكات له ده‌ره‌وه‌ی سنوری وڵاته‌كه‌مان".
پێده‌چێت بارودۆخه‌كه گۆڕابێت، مه‌ترسی گروپه چه‌كداره‌كان گه‌وره‌تر بووبن، ئیتر له توانادا نه‌مابێت پشت ببه‌ستێ به فه‌ره‌نسای هاوپه‌یمانی بۆ تێكشكاندنیان، كه ساڵی 2009 ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئیدریس دێبی رزگاركرد كاتێك هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له لیبیاوه هاتن بۆ رووخاندنی، فرۆكه فه‌ره‌نسییه‌كان پێشڕه‌وی ئه‌و هێزه‌یان وه‌ستاند.
هێزه‌كانی "به‌ره‌ی ته‌غیر و ویفاقی چاد"، كه ده‌وترێت له ناوچه‌كانی باشوری لیبیا جێگیرن، به په‌لامارێكی گه‌وره‌وه و ره‌تڵێكی سه‌ربازیی زۆره‌وه به‌ره‌و ئه‌نجامینای پایته‌خت هاتن، ئیدریس دێبی ناچار بوو خۆی بێته ده‌ره‌وه و بچێته به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ بۆ وه‌ستانیان، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش هه‌رچه‌نده توانی رێ‌یان لێبگرێت به‌ڵام به گیانی خۆی باجه‌كه‌یدا و له‌و شه‌ڕه‌دا كه هه‌فته‌ی رابردوو روویدا به قورسی برینداربوو دواتریش بووه هۆی گیانله‌ده‌ستدانی.
غیابی ئیدریس دێبی وه‌ك سه‌رۆك و جه‌نگاوه‌رێك، كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌قامگیریی وڵاته‌كه‌ی، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر سه‌قامگیریی ساحلی ئه‌فریقی كه گروپی بۆكۆحه‌رام تێیدا چالاكن و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیان هه‌یه، لانیكه‌م ئێستا چاد هه‌ڵبژارده‌یه بۆ پشێویی و نا سه‌قامگیریی له قۆناغێكی نوێ‌دا دوای سێ ده‌یه له سه‌قامگیریی رێژه‌یی به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتی ئیدریس دێبییه‌وه.
دوای كوژرانی ئیدریس دێبی، ئێستا محه‌مه‌د دێبی كوڕی ده‌سه‌ڵاتی چادی گرتووه‌ته ده‌ست و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نێكی سه‌ربازیی ده‌كات بۆ به‌رێوه‌بردنی چاد.
محه‌مه‌د دێبی سه‌رۆكی نوێی چاد ساڵی 1984 له دایكبووه، پاش مردنی باوكی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی به سه‌رۆكایه‌تی خۆی ڕاگه‌یاند له‌و وڵاته‌ی كه ده‌كه‌وێته ناو جه‌رگه‌ی كیشوه‌ری ئه‌فریقا و كێشه و جه‌نگ و ناسه‌قامگیرییه‌وه.
بنه‌ماڵه‌ی دێبی سه‌ر به ئاینی ئیسلامن و له هۆزێكى گوندنشینی هه‌ژاربوون له‌سه‌ر سنوری نێوان سودان و چاد.