شاره‌ كوردییه‌كان نامێنن و عه‌ره‌ب ده‌گاته‌ قه‌ندیل

100 ساڵی تر.. چۆن كورد ده‌كرێته‌ كه‌مینه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ؟

گه‌رمیان محه‌مه‌د 2021.05.18 06:42 PM
3362 جار خوێندراوەتەوە

گه‌رمیان محه‌مه‌د

خوێندكاری ماسته‌ر ـ جوگرافیا

خاوه‌نی 75 كتێب ـ نوسین و وه‌رگێران

لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمەوە، ھەر مانگە و بە بیانویەک ھەزاران خێزان عەرەب ڕوو لە ھەرێمی كوردستان دەکەن، شەپۆلی یەکەمیان عەرەبە شیعەکانی ناوچە دابڕاوەکان بوو کە بە بیانوی مەترسی تیرۆری قاعیدەوە لە پاش ٢٠٠٣ ەوە ڕوویان لە ھەرێم کرد، دواتر سوننەکانی بەغدا بوون لە شەڕی سوننە و شیعە ھەڵاتن، پاشان سوننەکانی ناوچە سونیەکانی کەناری ھەرێم لە شەڕی داعش- تا ساڵی ٢٠١٧ ژمارەی عەرەبەکان لە ھەرێمدا ١.٨ ملیۆن بووە کە بە ئاوارە ناونوس کراون، واتا نزیکەی ٢٨٪ ی دانیشتوانی ھەرێم.
ئێستاش بەبیانوی خۆشگوزەرانی و ڕزگاربوون لە دەست میلیشیاکان بە شیعە و سوننەوە ڕوو لە ھەرێم دەکەن، بۆ دە ساڵی ساڵی داھاتویش بە بیانوی بێ ئاوی بە ملیۆنانیان دێنە ھەرێمەوە، ھەڵبەتە ئەمەیان بە پلانی تورکیا و ئێرانە، ئاو دەگرنەوە، ناوچەکانیان نائارام دەکەن، کە ناتوانن ئێمە ببەنە ناوچەکانی  ئەوان ئیدی ئەوان دێنن بۆلای ئێمە...
بە ھەموو پێوەرەکانی ئاراستەی کۆچ، ژمارەی کۆچی گەنجی کورد بۆ دەرەوە ھەرچەندبێ ژمارەی کۆچی گەنجی عەرەب بۆ ھەرێم دە ھێندە و زیاتریشە و دەبێت...

دیمۆگرافیای كوردستان له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدیدایه‌

پێکھاتەی دیمۆگرافیای جێگیری دانیشتوانی ھەرێم لە کەمتر لە ٢٥ ساڵی داھاتوودا دەگۆڕێت بۆ ٦٠٪ کورد، ٣٠-٣٥٪ عەرەب، ٥-١٠٪ فه‌ڵستینی و کڵد و ئاشور و تورکمان و جوو...  ڕێک ھاوشێوەی کەرکوکی ئێستا، لە کاتێکدا کەرکوک لە ساڵی ١٩٣٢دا زیاتر لە ٧٠٪ ی کوردبوون، موسڵ تا ١٩١٩ زیاتر لە ٦٥٪ کورد بوون، بەڵام ئێستا لە پارێزگای نەینەوادا کوڕد ناگاتە ٢٠٪ ...
ئەم گریمانەیە گەر بۆ ٥٠ ساڵی داھاتووبێ ئەوا ڕێژەی عەرەب تا ٤٥٪ دەڕوات، بۆ ٧٥ ساڵی داھاتوو دەگەنە سەروو نیوە، بەو مەرجەی ئەم ژمارەیەی ئێستابن نەک ئەوەی کۆچی ملیۆنی بکەن، ئەمەیش بەھۆی زۆری منداڵ خستنەوە ...
کەواتە تا ١٠٠ ساڵی ئاییندە کوردستانی ئێستا ھەڵدەکشێ بۆ کەناری قەندیل و ھەرچی شاری خوارووی ئەو زنجیرەیە، دەبنە شاری تێکەڵاوی نیوە بەنیوە...
کەواتە پێویستە چی بکرێت بۆئەوەی ئەمە ڕوونەدات ؟ 
١- دروستکردنی بەنداو لەسەر لق بە لقی سەرچاوە ئاوییەکان، نەک بۆ گلدانەوەی ئاو لە دژیان بەڵکو بۆ بەردانەوەی ئاو، تا بێ ئاوی نەبێتە بیانووی ھەڵکشانیان.
٢- ناچارکردنیان بە خوێندنی زمانی کوردی یاخود دوو وانەی کوردی لە قوتابخانە عەرەبیەکانی ھەرێم.. دواتریش ھاندانی منداڵە عەرەبەکان بۆ ھاتنە خوێندنە کوردیەکان، چونکە لە ئێستادا بەداخراوی گەورەدەبن، وەک بۆمب وان. گەر منداڵەکانیان نەکەینە کورد بۆ ئاییندە منداڵەکانمان ئەبنە عەرەب.. 

ده‌بێت عه‌ره‌به‌ ئاواره‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان

٣- ھاندانی پەیمانگا و فێرگەکان بۆ کردنەوەی خولی کوردی بۆ عەرەبەکان بێ بەرانبەر، تافێری کوردی بن و بە ئاسانی تێکەڵاوبن و بتوێنەوە.
٤- دانانی مەرجی زمانی کوردی بۆ ھەموو ئیشێک.
٥-پێنەدانی تاپۆ بەھیچ عه‌ره‌بێک گەر کەمتر لە دە ساڵ لە ھەرێم نیشتەجێ بووبێ، بەڵکو کڕین و فرۆشتنی موڵک لەگەڵیاندا بکرێتە عەقدی نوسینگەی پاڵپشت بە مەحکەمە بۆئەوەی زیاتر لە دژمان نەبن و نەشتوانن لەڕێی موڵکەوە ببنەوە زۆرینە. 
٦- ھاندانی بەردەوامی عەرەبە ئاوارەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لەڕێی وەزارەتی کۆچ و دارایی عێراقەوە.
٧- گرنگیدان بە کەمپەکان بە زمانی کوردی و بە ڕەفتاری شیرین تا بتوانرێت ھان بدرێن تێکەڵاوبن و بە کوردی بدوێن و بتوێنەوە.
پێویستە حزبەکان لەبەر میللەت نا بەڵکو لەبەر داھاتووی گیرفانی خۆیان و وەچەکانیان بەئاگا بێنەوە، ئه‌گەرنا لە حوکمڕانی وەچەکانیاندا وەچەی ساعدی و مالکی و سەدڕ و ڕه‌بعوڵا ئەبنە شەریکیان لە حوکمڕانی ھەرێمی كوردستاندا.
 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ