پانۆراماى شه‌ڕه‌كه‌

شه‌ڕی 11 ڕۆژه‌.. بۆچى حه‌ماس براوه‌ بوو ؟

بروا كه‌مال 2021.05.21 11:50 PM
1171 جار خوێندراوەتەوە

بروا كه‌مال

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

لە دوای یانزە ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادان  لە نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەلەستین، دواجار بە نێوەندگیری میسر و قەتەر ئاگربەست لە لایەن ئیسرائیلەوە ڕاگەیەندرا، کە چاودێرانی سیاسی بە گرنگ تەماشای ئەم بڕیارە دەکەن، دەرچوونی بڕیارەکە لە لایەن ئیسرائیل هەرزوو ئیسرائیل کەوتە بەر توانج و ڕەخنەگرتن لە لایەن یار و نەیارەکانی و ئیسرائیلیان بە دۆڕاو وەسفکرد لەشەڕەکە، ئێهود ئۆڵمه‌رت ـ سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی ئیسرائیل لە تیوتێکی دا دەڵێت: ناتانیاهۆ توشی شكستی كردین و به‌ دۆڕاوی له‌ شه‌ڕی غه‌ززه‌ دێته‌ ده‌ره‌وە، وە ڕۆژنامه‌ی به‌ناوبانگی ( هاراتس  )ى ئیسرائیلی بەمانشێکێتی گەورە نوسیویەتی: نه‌ته‌نیاهۆ شه‌ڕه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر حه‌ماس دۆڕاند. 
هەرچی لایەنی بەرامبەرە کە حەماسە خۆی بە سەرکەوتوو دائەنێت و خالید مەشعەل کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی بزوتنەوەی حەماس ڕایگه‌یاند: بۆ ئیسرائیل و جیهانمان سه‌لماند قودس و ئه‌قسا هێڵی سورن و له‌مڕۆ به‌دواوه‌ هیچ سازشێكی له‌سه‌ر ناكه‌ین.

پانۆراماى شه‌ڕه‌كه‌
سەرەتای ڕووداوەکە لەوێوە دەستی پێکرد کە کۆمەڵێک ماڵ لە گەڕەکی شێخ جەراح لە قودس بە ناحەق دەرکرابوون كە گەڕەكێكی نزیك لە " باب العامود"ـە، ئەو ماڵانە دراون بە جولەكە هاوردەكان.

شه‌ڕی 11 رۆژه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی شێخ جه‌راحه‌وه‌ پزیسكه‌یدا

بە كرداری جولەكە هێنراون بۆ شەقامی " المقصود" كە دیواریان بە دیواری ماڵە فەلەستینەكانەوەیە، ئەو فەلەستینیانەی كە لە ماڵەكانیان دەردەكرێن، فەڵەستینی و ئیسرائیلیەكان دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی كرد، هاوکات لە ساڵیادی داگیرکردنی قودسی ڕۆژهەڵات لە لایەن ئیسرائیلەوە لە ساڵی ١٩٧٦ لەو شەوەدا کە ١٠ /٥ دەکرد جولەکە توندڕەوەکان سەردانی شوێنە پیرۆزەکان دەکەن و گرژیی و ئاڵۆزی لە نێوان مسوڵمانەکان و جولەکەکان ڕووئەدات، ئیتر لێرەوە شەڕەکە دەست پێدەکات، دواین ئاماری شەڕەکە بەمشێوەیه‌:
تێچووی شەڕەكە و زیانەكانی بۆ ئیسرائیل نزیكەی ٢ ملیار دۆلاڕ بوو، لە بەرامبەردا زیانەكانی بۆ غەزە نزیكەی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار بووە.
لە ڕووی زیانی گیانیشەوە لە شەڕەكەدا ٤ سەربازی ئیسرائیلی و ١٧١چەكداری  حەماس و ٣٣ سەركردەی مەیدانی حەماس و جیهاد شەهید بوون.
لەسەر ئاستی مەدەنیش لە شەڕەكەدا ٨ هاوڵاتی ئیسرائیل و٩٦ هاوڵاتی فەڵەستینی بوونە قوربانی، جگە لەوەی زیاتر لە ٢٠٠٠ هاوڵاتی فەڵەستینی و ٧٦ هاوڵاتی ئیسرائیلی بریندار بوون.

شەڕ بە قازانجی حەماس و بە دۆڕانی ئیسرائیل کۆتاییهات ئەویش لەبەر چەند خاڵێک:
یەکەم/ لەم شەڕەدا دەرکەوت کە ئیسرائیل وەک وڵاتێکی خاوەن پێگە و هەژموون و هەمیشە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە سیستەمی بەرگریی بەهێزە، بەڵام دەرکەوت کە موشەکەکانی حەماس توانیان سیستەمی بەرگری ئیسرائیل ببەزێنێ کە ئەمەش لاوازیی ئیسرائیل دەرئەخات .

دووم/  هەموو جارەکان کاتێک شەڕ و پێکدادان ڕووی ئەدا، تەنها ناوچەکانی فەڵەستین و خەڵکی فەلەستین دەبوونە قوربانی و مەترسی تەنها لەسەر ناوچەکانی فەڵەستین بوو، دانیشتوانی ئیسرائیل تەنها سەیری شەڕەکەیان دەکرد، بەڵام ئەمجارە جیاواز بوو حەماس توانی لە ڕێگەی موشەکەکانییەوە ئارامی و ئۆقرەی لە ئیسرائیلیش ببڕێت.

قبوڵكردنی ئاگربه‌ست وه‌ك خواردنه‌وه‌ی پەرداخە ژەهر بوو له‌ لایه‌ن نه‌ته‌نیاهۆوه‌

سێیەم/ حەماس توانی ئەمجارە سۆزی جیهان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و وڵاتێکی وەک بەرییانیا بە ڕاستەوخۆ ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد و داوای کرد بەپەلە ئاگر بەست ڕابگیەنێن. لای خۆشیەوە موسا ئەبو مەرزوق جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی المیادین وتی: هاوسۆزییەکی بێ پێشینەمان بۆ قەزیەی فەڵەستین دروست کرد و ئیسرائیلمان بەچۆکدادا.
سێیەم/ یەکێکی تر لە سەرکەوتنەکانی بزوتنەوەی حەماس ئەوە بوو، کە توانی ئاڵۆزیی و پێکدادان لە ناو خۆی ئیسرائیل دروست بکات، گرژی دروست بکات کە هاوڵاتیانی عەرەب کە لە ناو ئیسرائیل دەژین دەستیانکرد بە خۆپیشاندان و لە هەندێک ناوچە گرژیشی تێکەوت، کە ئیسرائیل مەترسی ئەوەی لادروست بوو کە لە ناوخۆی وڵات شەڕی ناوخۆی دروست بێت، بۆیە ناتانیاهۆ لە کۆتایدا پەرداخە ژەهرەکەی خوارد بە ناچاریی.
چوارەم/ سەرکردەکانی ئیسرائیل خۆیان دەڵێن ئێمە شکستمان هێنا لەو ئۆپراسیۆنانەدا و نەمانتوانی پێگە و مۆڵگەکانی سەرکردەکانی حەماس بکەینە ئامانج، لە کاتێکدا هەموو توانای خۆمان بەکارهێنا بۆ ئەوەی شوێنەکانیان دەستنیشان بکەین بەڵام سەرکەوتوو نەبووین .
پێنجەم/ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە پێچەوانەی پێشووتر، ئەمجارە بە گرنگی سەیری داواکانی ئیسرائیلی نەکرد و هاوکات گۆڕینی گوتاری ئەمریکا لە بارەی گرژییەکان و گوشارەکانی بۆسەر ئیسرائیل، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ڕاوەستاندنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەست، کە ئەمە بەلای چاودێرانی سیاسی خاڵێکی خراپە بۆ ئیسرائیل و ئەگەری هەیە لە داهاتوو ئەم گۆڕانەی ئەمریکا زەرەی زۆر لە پێگەی ئیسرائیل بدات.
هەموو ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێن، کە دۆڕاوی سەرەکی ئیسرائیلە و لە داهاتوودا ئەم خاڵە زەربەیەکی زۆر لە ئیسرائیل ئەدات بەتایبەت ناتانیاهۆ، کە لەپێش ئەم ڕووداوە لە ناوخۆی ئیسرائیل کۆمەڵێک مەلەفی زۆری لەسەر کراوەتەوە، لەسەر گەندەڵی ئەم دۆڕانەشی هاتەسەر، بۆیە ئەگەری زۆرە کە کورسی سەرۆکایەتی حكومه‌ت لەدەست بدات و جولەکە توندڕەوەکان کەنارگیر بکرێن، هەموو ئەمانە لە ڕۆژانی داهاتوو بۆمان ڕوون دەبێتەوە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ