ڕۆمان پـرۆتاسیڤیچ.. ڕۆژنامه‌نووسێك شه‌ڕی دوایه‌مین دیكتاتۆری ئه‌وروپا ده‌كات

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.05.26 03:39 PM
915 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ڕۆمان پـرۆتاسیڤیچ، ڕۆژنامەوان و چالاکوانێکی وڵاتی بیلاڕووسە کە ناسراوە بە دژایەتیکردنی حوکمڕانی ئەلێکزاندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاڕووس، ئەوەی بە دوایەمین دیکتاتۆری ئەوروپا دادەنرێت.
ڕۆمان پـرۆتاسیڤیچی تەمەن 26 ساڵ، لە تەمەنی لاوێتیـیەوە وەک چالاکوانێک لە دژی سەرۆک ئەلێکزاندەر لوکاشینکۆ کاری کردووە. لە کۆتایی ساڵی 2011 بوو بە ئەندامی ڕێکخراوی بەرەی لاوانی بیلاڕووس. یەکێک بوو لەوانەی سەرپەرشتی کارەکانی گروپێـکی چالاکوانی دەکرد لەسەر پەڕەیەکی تۆڕی کۆمەڵایەتی VKontakte هەتا ساڵی 2012 کە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی پەڕەکەیان هاککرد.
خوێندکاری کۆلێژی ڕۆژنامەوانی بوو لە زانکۆی بیلاڕووس، ساڵی 2018 کاتێک لە پـۆلی سێ بوو، لە زانکۆ دەرکرا بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپـیشاندانێکی مۆڵەت پـێنەدراو.
پاش دەرکردنی لە زانکۆ، دەستیکرد بە کارکردن لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاند. لە مانگی سێی 2019 وەک وێنەگرێک لە ڕادیۆی ئەوروپا بۆ بیلاڕووس کاری کرد. هەروەها لەگەڵ ڕادیۆی ئەوروپای ئازادیش کاری کردووە.


لە کۆتایی ساڵی 2019 لە ترسی دەستگیرکردن و ئازاردان، بەرەو وڵاتی پـۆڵەندا هەڵهات و لەوێ لە مانگی یەکی ساڵی 2020 داوای مافی پەنابەری سیاسی کرد. پاشان لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکوانی دیکەی وڵاتەکەی کەناڵێکیان بە ناوی NEXTA لەسەر تێلگرام کردەوە، ئەمەش بۆ گەیاندنی زانیاری و هەواڵ بە خەڵکی وڵاتەکەیان، بە تایبەتی لە پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 کە جارێکی دیکە ئەلێکزاندەر لوکاشینکۆ بە براوەی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیەندرا و بوو بەو سەرۆکەی شەش خولی سەرۆکایەتی بیلاڕووس بە دوای یەکتردا بباتەوە.

خۆپـیشاندانەکانی دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 ی بیلاڕووس

وەک دەڵێن ئەم کەناڵی NEXTA ی سەر تێلگرامە ڕۆڵی هەبووە لە ڕێکخستنی خۆپـیشاندانەگەورەکانی ساڵی ڕابردووی بیلاڕووس، بە تایبەتی ئەوانەی مینسکی پایتەخت، کە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچوون.
دەسەڵاتدارانی بیلاڕووس زۆر بەو خۆپـیشاندانانە توڕەبوون، بۆیە دەزگای ئاسایشی گشتی بیلاڕووس تۆمەتی تێرۆرزمیان ئاڕاستەی ڕۆمان پـرۆتاسیڤیچ کرد و ناویان خستە لیستی تێرۆرستانەوە. بەپـێی یاسای بیلاڕووس ئەم تاوانە سزاکەی لەسێدارەدانە.

 فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی Ryanair ی ئیرلەندی

چۆنیەتی دەستگیرکردنی
ڕۆمان پـرۆتاسیڤیچ کە بۆ کۆنگرەیەکی ئابوری لە یۆنان بوو، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 23 ی مانگی پـێنج بە فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی Ryanair ی ئیرلەندی ویستی لە ئەسینای پایتەختی یۆنانەوە بەرەو ڤیلنۆسی پایتەختی لیتوانیا بگەڕێتەوە، بەڵام کاتێک فڕۆکەکە گەیشتە ئاسمانی بیلاڕووس، دەڵێن لەلایەن دەزگای هاتوچۆی ئاسمانی بیلاڕووسەوە پەیامێک بۆ فڕۆکەکە ڕەوانەکراوە، ئەویش زانیاریان پـێگەیشتووە بۆمب لە فڕۆکەکەدا دانراوە، بۆیە دەبێت فڕۆکەکە ئاڕاستەکەی بەرەو فڕۆکەخانەی مینسک بگۆڕێت و لەوێ بنیشێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدا فڕۆکەکە نزیکتربوو لە فڕۆکەخانەی ڤیلنۆسی لیتوانیا. دەشڵێن فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری MiG-29 بیلاڕووس گەیشتووەتە پاڵ فڕۆکەکە و ناچاری کردووە بەرەو فڕۆکەخانەی مینسک بنیشێتەوە. کاتێکیش لەوێ نیشتووەتەوە بە ناوی پـشکنین هەموو سەرنشینەکانیان داگرتووە و دەستبەجێ ڕۆمان پـرۆتاسیڤیچ دەستگیردەکەن لەگەڵ سۆفیا سەپێگای خۆشەویستی کە ژنێکی ڕووسیایی‌یە.

سۆفیا سەپێگا


بەپـێی سەرنشینانی ناو فڕۆکەکە کە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز قسەیان کردووە، ڕۆمان پـرۆتاسیڤیچ هەر کە زانیویەتی فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی وڵاتەکەی دەنیشێتەوە یەکسەر هاواری کردووە کە دەستیگردەکەن و لەسێدارەی دەدەن. دەشڵێن هەر لە ئاسمانەوە مۆبایل و لاپـتۆپەکەی دابوو بە خۆشەویستەکەی.
ئەم کارەی دەسەڵاتدارانی بیلاڕووس کاردانەوەی زۆر توندی لێکەوتەوە، بە تایبەتی لەلایەن ئەوروپا و ئەمەریکاوە. دەڵێن ئەمە کارێکی قێزەوەنە و بە کاری تێرۆرزمی وڵاتێک دادەنرێت، بۆیە داوا دەکرێت سزای توند بەسەر کاربەدەستانی ئەو وڵاتە بسەپـێنرێت.

ڕۆمان پـرۆتاسیڤیچ

ئەم کاردانەوە توندانە وەهای لە کاربەدەستانی بیلاڕووس کرد ڤیدیۆیەکی ڕۆمان پـرۆتاسیڤیچ بڵاوبکەنەوە کە تیایدا دەڵێت مامەڵەی باشی لەگەڵدا دەکرێت کە هەرچەندە پەڵەیەک بە ناوچەوانیاوەیە. چالاکوانانی بیلاڕووس دەڵێن هیچ گومانی تیادا نیـیە، ئەو قسانەی ڕۆمان کردوونی لە ژێر زەبری هەڕەشە و ئەشگەنجەدا بوون.
جگە لەم ڤیدیۆیە، کاربەدەستانی بیلاڕووس ڕایانگەیاند ڕێکخراوی حەماسی فەلەستین لە پـشت ئەو هوشداریـیە درۆیەی بۆمبەوە بووە. دەڵێن پەیوەندیـیان پـێوە کردوون و گوتویانە ئێمە سەربازانی حەماسین و دەمانەوێت ئیسرائیل بۆردومانەکانی سەر غەززە ڕابگرێت و یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی ئیسرائیل نەکات، بەڵام فەوزی بەرهوم گوتەبێژی حەماس لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە و گوتی بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیـیان بەو بابەتەوە نیـیە.
بەپـێی ئەو زانیاریـیانەی بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن گەیشتوون، سەرۆک ئەلێکزاندەر لوکاشینکۆ کە لە ساڵی 1994 وە حوکمڕانی ئەو وڵاتەی ئەوروپا دەکات، خۆی فەرمانی کردووە ڕۆمان پـرۆتاسیڤیچ دەستگیربکەن.

VOA Kurdish

 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ