هێنانه‌ خواره‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ شاخه‌وه‌ بۆ ناو شاره‌كان

تورکیا چۆن ھەرێمی کوردستان ھەڵدەوەشێنێتەوە؟

گه‌رمیان محه‌مه‌د 2022.06.17 04:31 PM
3831 جار خوێندراوەتەوە

گه‌رمیان محه‌مه‌د

خوێندكاری ماسته‌ر ـ جوگرافیا

خاوه‌نی 75 كتێب ـ نوسین و وه‌رگێران

 

یەکەم: گرتنی قەندیل

وەک چۆن دوزخورماتوو دەرگای پێشەوەی ھەرێمی كوردستان بوو، کە گیرا نیوەی کودستانمان لەدەستدا ئاوھاش قەندیل دەرگای پشتەوە و ڕاستەقینەی کوردستانە و بە گرتنی تەواوی بوونی کورد دەکەوێتە مەترسییەوە.
بە کەوتنی قەندیل و گرتنی لە لایەن تورکیاوە شتێک نامێنێتەوە بە ناوی حزب و ھەرێمی کوردی و کوردستانی، بەکورتیش ئەتوانین ئامانجەکانی تورکیا لەم ھێرشە ترسناکەی بۆ سەر قەندیل ـ بۆخوێنەرە تەمەڵەکانمان-ئاوھا بژمێرین، مەبەسیشمان ستراتیژیی تورکیایە نەک ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی ئۆردوگان: 
١. وەک ڕوونە قەندیل دڵی تاکە دوژمنی حەقیقی و لەمێژینەی تورکیایە، بەھێزیی قەندیلییەکان لاوازیی تورکیای بەدواوە دێت و پێچەوانەش ڕاستە.. ئەمە حەقیقەتێکی ستراتیژییە لای تورکەکان. 
٢. ھەوڵدان بۆ سپیکردنەوە- بە کوشتدان- ی ئەو ھەموو چەکدارە توندڕەوەی لەڕێی سوریاوە ھاتونەتە پاڵ تورکیا و بەبێ شەڕ نایانکرێ، بەم کارەی تورکیا دەیەوێت زۆرینەی ئەو چەکدارە عەرەب و تورکمانە توندڕەوانە لەناوبەرێت کە داھاتووی تورکیای پێ ناشرین دەبێت.
٣. دەستگرتن بەسەر شاراوەترین ڕێڕەوی ئێران - سوریا کە دەستی ئەمریکیەکانیشی پێ ناگات، بەمەش ڕووبەر و ڕێڕەوێکی سترتیژیی مەزنی دەستگیرۆ دەبێت.
٤. ئامادەکردنی ھێزی تەواو بۆ پەلاماردانی تەواوی خاکی ھەرێمی كوردستان و گرتنی لەپڕا، بەجۆرێک ھیچ ھێزێکی کوردیی نەتوانێت بەرگریش بکات، بۆئەمەش چەن ھێڵێکی شەڕی دەبێت، نەک تەنھا لە قەندیلەوەبێ، ئەمەش پاش تەقینەوەی دۆخی بەغداد ڕاستەوخۆ ڕوودەدات.
بۆ ئەمەش تورکیا لەسەرەوە ھاتووە، ئه‌گەر پەکەکە لە قەندیل دەربکات بێگومان پەک دێتە گەرمیان، بەمەیش تورکیا بەبیانوی پەکەوە لە سیدەکانەوە بۆ ھەولێر و مەخمور، لە قەڵادزەوە بۆ سلێمانی گەرمیان، لە دھۆک و بامەڕنی بەعشیقەوە بەرەو شنگال ئەڕوا. 

نه‌خشه‌كه‌ پێشڕه‌وی سوپای توركیا به‌ره‌و قه‌ندیل ده‌رده‌خات

 

٥. ھەوڵدان بۆ ھێنانە خوارەوەی پەکەکە بۆ نێو شارەکان و چۆڵکردنی شاخ، و دواتر لێدان لە شارەکان بەھاوشیۆەی مەخموری ئێستا، بەمەش دەبنە معارەزەیەکی شارنشینی بێ دەستەڵات، ھاوشێوەی دیمۆکراتی ئێران، بەڵام ئەوکات ھەموو ڕۆژ سی چل موشەک دەنێتە شارەکانمەو خەڵکەکە ناچارەبن ھەڵبن و چۆڵیکەن، بەمەیش دەیان شار چۆڵ دەبێت..

بەرانبەر توركیا، ئێران و بەریتانی و ئەمریکی و عەرەبەکانیش ستراتیژ و خەونی خۆیان ھەیە بۆ ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان

٦. نزیکبونەوە لە ھێڵی نەوتی کەرکوک و پلاندانان بۆ دەستبەسەراگرتنی.
٧. ناچارکردنی یەپەگە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا بە مەرجگەلی خۆھەڵوەشێن، یانی کەوتنی ھەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ کەوتنی ڕۆژئاوایشە.
دووەم : بڕینی ئاو لە عێراق، تا ساڵانە ملیۆنان عەرەب بێنە ھەرێمەوە و دیمۆگرافیای ھەرێم بگۆڕدرێت.
سێیەم: ھاندانی کۆمپانیا ھەواڵگرییەکانی لە ھەرێمی كوردستان بۆ سەرمایەگوزاریی لە مەلھا و قه‌حپەخانە و خانووبەرە، بەم ڕێگەیە زۆرترین پارە لە خەڵکی ھەرێم دەکێشنەوە و زۆرترین فارس و تورک و عەرەب نیشتەجێ ئەکەن، بێ ئینتیمایی دروست دەکەن.
چوارەم: گوشار خستنەسەر حزبەکان بەھەر ڕێگەیەک بۆ ناخۆشگوزەرانکردنی خەڵکی ھەرێم، تاوەکو بەتەواو بێ ئینتیمایی ڕووبدات.

قوتابخانه‌ و زانكۆ توركییه‌كان نه‌وه‌یه‌كی كوردی پرۆتوركیا دروست ده‌كه‌ن

پێنجەم: دانانی قوتابخانەی بێشومار بەزمانی تورکی، خوێندنی کلتور و مێژووی تورکیا، بەمەبەستی ئاسانکاریی بۆ گرتنی کوڕدستان، خەڵکی ئاشنا ئاسانتر دەسگیر دەبێت .
شەشەم: کردنەوەی کەناڵی تورکی بە زمانی کوڕدیی و پەخشکردنی فلیمی سێکسی و ڕۆمانسی بێمانا، مێژووی تورک و بەرنامەی بێتام و بێسوود، بەمەبەستی توڕە و بێ ئینتیماکردنی تاکەکانی ھەرێم و سەرەنج ڕاکێشانی تاکی کورد بەرەو سێکسی کراوە و ھەڵوەشاندنەوەی شکۆی خێزان و پەروردە.
حەوتەم: بەھێزکردنی جەبھەی تورکمانی لە ھەرێم و کەرکوک، بۆ کارکردن لە بۆ ھاندان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سرودی ئەیڕەقیب و لادانی ئاڵای کوردان، ئەمە ڕێک ئەوەیە کە ئەیانەوێت.
ھەشتەم: ھاندانی بەرپرسە فایلدارەکان بۆ دروستکردنی دژایەتی بێ ھۆ و ناواقعی لەگەڵ بەغدا و ئێران و ھەنێجاریش ھاندانیان بۆ قسەوتن بە ئەمریکا ، بەمەیش ھەرێم بێ پشتیوان دەمێنێتەوە ؛ لەھەر ھێرشێک تورکیا بیکاتە سەرھەرێم. 
ئەمانە خەونی تورکیا و تورکمانەکانی کەرکوکە، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەرێم .. بەڵام لەبەرانبەر ئەمانیشدا ئێران و بەریتانی و ئەمریکی و عەرەبەکانیش ستراتیژ و خەونی خۆیان ھەیە، کە تا ڕادەیەکی زۆر دژە خەونی ئەمانە، بەڵام دیسان بەقازانجی ھەرێمیش نییە، ئەوھا شلگیربین نەوەکانمان بە تورکی یان عەرەبی قسە ئەکەن ... 
ھەستە لەخەو ئەی میللەتی خەوێندراو، ھەستە .


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ