له‌ جیلی سێیەمی ده‌سه‌ڵاتداره‌ سیاسییه‌كان چی ڕووده‌دات؟

ته‌مه‌نی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندی ماوه‌ ؟

گه‌رمیان محه‌مه‌د 2021.07.02 09:04 PM
2212 جار خوێندراوەتەوە

گه‌رمیان محه‌مه‌د

خوێندكاری ماسته‌ر ـ جوگرافیا

خاوه‌نی 75 كتێب ـ نوسین و وه‌رگێران

بنەماكانی ڕاگرتنی هەر قەوارەیەكی سیاسی دابینكردنی ئاسایشی جەستەیی و دەروونی، دەستەبەریی پارووی سەربەرزانە بۆ گەل، بوونی ئینتیما و ئومێدە لەناخی تاكەكاندا، ئامادەگی سەركردەیە بۆ خۆكردنە قوربانی خاك و گەلەکەی بەبێ هیچ بەرانبەرێك، دووركەتنەوەی سەرۆکە لە زەویبازی و چێژی زیادەڕۆ، هەوڵنەدانێتی بۆ گەمژاندن و دوورکەوتنەوەیەتی لە هەژارخستنی میلەت و زیادنەكردنی جۆرایەتی و بڕی باجی ناقۆڵا و برەونەدانە بە دزینی جۆرەھا داهاتی گەل و دووركەتنەوەیە لە ستەمكردن لە هاوڵاتیان و ملکەچ نەبوونە بۆ پیلانی حکومەتە دوژمنەکان، بەڵام لە هەرێمی كوردستان پاروو بەستراوەتە بە ملكەچییەوە، ئاساییش بەستراوتەوە به‌ بێدەنگی و لاڵبوونەوە، پێگەیش بەستراوە بە تەسلیمبوونەوە بۆ كۆمەڵێك ئەجێندا كە ئاڕاستەکارانی بە جل و زمانی كوردییەوە گەورەترین دەڵاڵی كوردفرۆشین و هەر ڕۆژە و كورد و خاكی كوردان لە مەلهای دەوڵەتێكدا هەڕاج دەكەن.
دەستەڵاتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەكردنی كێشەكان پشتی بە تیۆریەی "بەراز و ئازادیخواز" بەستووە، كە جەخت دەكاتەوه‌ سەر زیاتر قورسكردنی كێشەكان تا ئاستی خەونبینین بە ژیانكردن لە دۆخی پڕ چەرمەسەریی جارانیدا..
ئێستا دەسەڵاتی هەرێم، شانازیی بە باڵەخانەی بەرز و نزمی هۆشیاری ئەو ملیۆنان گەنجەوە دەكات كە بە ساقیتانە پەروەردەی كردوون و وەچەیەکی دژە خاک و دژە ئاڵا و كەمفامیان لێهاتووەته‌ بەرهەم...

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توركیا لە باكوری ڕۆژئاواوە بەرەو باكوری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان دەكشێت، واتا بەرەو پێنجوێن تا نەشگاتە ئەوێ بە ئاسانی ناوەستێت، سەرەتا ناوە ناوە موشەک دەگرێتە نزیک گوندەکان، خەڵکی  گوندەکان ھەڵدێن و چۆڵی دەکەن، سیخوڕی تێ دەئاخنێ، سەربازی تێ دەکات، دەیکاتە سەربازگە، دەیخاتە سەر خاکی تورکیا، ئەمەیش لەژێر سایەی ڕێككەوتن و گەمژەیەتی كۆمەڵێك كورددا جێبەجێ دەکات كە پێیان خۆشە هەموو شت تەسلیمی توركیا بێت بۆئەوەی بۆ ئەبەد وەك گەورەترین خزمەتكاری تورك ناویان بچێتە مێژووی كوردستان فرۆشییەوە.

میلیشیا پرۆئێرانییه‌كان خۆیان بۆ په‌لاماردانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ كردووه‌

ئێرانیش لە باشوری ڕۆژهەڵاتەوە تا باشوری ڕۆژئاوا هێزی تیرۆریستی لێ تیژكردوین، هەفتەی جارێك دووجار لە سەربازگەی ئەشرەف و بیابانی قائیم و  دەورپشتی كەركوك و نه‌ینەواوە مووشەك و درۆنی تێنتی ئاڕاستەی هەرێم دەكات، لەو لایشەوە هانی حزبوڵا و سەدڕ دەدات بایی ملیاران دۆلار زەوی هەرێم بكڕن و بیكەنە پرۆژەی نیشتەجێبوون، ئەمەش كەڤەرە و ئامانج لێی ئاسانكاریی هێنانی ملیۆنان عارەبە بۆ هەرێم و دروستكردنی پێكدادانی هێزە كوردییەكان و نەهێشتنی ئینتیمای تاكی كوردە بۆ هەرێمێك كە جگە لە پێڵاوەكانی هیچیتری بۆ نەماوتەوە كە پێوەی بیبەستێتەوە.
توركیا و ئێران پێکەوە ئاو لە باشوری عێراق دەگرنەوە و هانی توندوتیژیی  و بێ ئومێدی دەدەن تا دواجار بە ملیۆنانیان كۆچ بكەن بۆ هەرێم و پێکھاتەی دانیشتوانی ھەرێم بگۆڕن و ئاسایشی نەتەوەیی ھەرێمی كوردستان تەفروتونا بکەن.
لەڕێی تیڤی و میدیای توركییە بە كوردیبێژەكانەوە هەرچی خەڵكی گەمژەیە مەزنی دەكەن و هانی گەنجان دەدەن ببنە لاساییكاریان، لەبری زانست برەو بە ڕەوتی نێربازان و لیسبێنکردنی کۆمەڵگە دەدەن، ھانی ناپاکبوونی تاک و خێزانەکان دەدەن، واتە بە پلان تەواوی خێزانەکان هەڵدەوەشێننەوە، مێشكیان پڕ دەكەن لە خەیاڵی سێكسی ئازاد- سێکسی مەحرەمبازیی، تەماعکردنە خوشک و براژن و دایک-  پەروەردە تێكدەدەن، گەنجانی كورد بێ ئومێد دەكەن تا كۆچ بكەن،  لەبریدا گەنجی عارب بێنە هەرێم و ببنە جێگرەوەیان، لێرەوە كچانی كوردیش قەیرە دەبن، زۆرینەشیان لە داھاتووا ناچاردەبن مێرد بكەن بە عاره‌بەكان و وەچە بۆ عارەب بخەنەوە، بەمەیش ڕەگەزی كورد لە باشوور لاواز و لاوازتر دەبێت، جگە لە زیادبونی نائاسایی عەرەبەکانی ئێستای ھەرێم کە زیادبوونیان سێ ھێندەی زیادبوونی کورد و خێراتریشە، بەپێی ھەموو ئامارەکان تا 30 ساڵی دیکە ژمارەی عەرەب لە ھەرێمدا لە کورد زیاتر دەبێت..

شه‌پۆلی هاتنی عه‌ره‌ب بۆ هه‌رێمی كوردستان ناوه‌ستێ

بەپێی ڕەوتی کۆچ و نیشتەجێبوونەکان بۆ سێ هەڵبژاردنی داهاتوو حزبی عەرەبی دەچێتە پەرلەمانی كوردستانەوە، هیچ نەبێت دە بۆ دوانزە ئەندام پەرلەمانیان دەبێت، ئەندام پەرلەمانێک درۆنی میلیشیاکان و پارەو ئەبرامزی عێراقیان لە پشتە، داكۆكی لە گەڕەكە عەرەبییەكانی هەرێم دەكەن، داوای مافی خۆسەری دەكەن لەنێوهەرێمدا...
بۆ سێ ھەڵبژاردنی دیکە ھەرێمی كوردستان ناچار دەبێت دەیان ھەزار خوێندکاری عارەب وەربگرێت، ئەو خوێندکارانەی ئێستا لە قوتابخانەی ئاوارەکان بە مەنھەجی عڕوبە دەخوێنن، لەنێو خاکی کورداندا وانەی یەکێتی خاکی عێراق و عروبە دەخوێنن و دواجار زانكۆ حكومییەكانی هەرێم پڕ دەبێت لە خوێندكاری عاره‌بی عێراقچی، ململانێ دەكەن لە بۆ دەستگرتن بەسەر زانكۆكاندا، زۆرێكیان دەبنە مامۆستای نەوەی داهاتووی كوردان و هانی عێراق چێتییان دەدەن ..
ئەمریکا لە بیابانی قائیم لە میلیشیا شیعەکان دەدات کەچی لەترسیاندا لە ھەریر دەکەوێتە ئامادەباشیەوە، یەکێتی و پارتی کەی گەیشتنە ئەو قۆناغەی تورکیا و ئێران و ئێراق  لە بەرانبەر موشەک و درۆن و بۆمبارانەکانیاندا لە ئەنقەرە و تاران و بەغدا بکەونە ئامادەباشیەوە ئەوکات شایەنی ئەوەن حوکمڕانبن، بەڵام ھێزی پێشمەرگەی کوردان لە واقیعدا ھێزی دوو خێڵن و چەکیان بە دەستەوەیە بۆ شەڕی خێڵەکی خۆیان، عەشیرەتیش ستراتیژ و بەرژەوەندی نەتەوەیی چوزانێت.
  

نه‌خشه‌كه‌ هاتنی سوپای توركیا به‌ره‌و باشوری كوردستان ده‌رده‌خات

ئەوەی هەرێمی كوردستانی ڕاگرتووە گەمژەیەتی دەسەڵاتدارانە لە ھەمبەر پیلانی داگیرکاران و نەبوونی دڕکە دژ بە دوژمنانی کورد و  دابەشبوون و جاشایەتی حزبەكانە بۆ دەوڵەتانی دراوسێ، بەڵام لە ماوەیەكی نزیكدا هاوشێوەی شازدەی ئۆكتۆبەر پشت لە هەموویان دەكەنەوە، پاش ئەوەی توركەكان زنجیرەی قەندیل دەگرن و دەگەنە پێنجوێن و ئەو سنورە پڕ دەكەن لە تیرۆریستی سوننە، پاش ئەوەی بەشی باشوری هەرێم دەبێتە ناوچەیەكی پڕ لە تیرۆرستی شیعە، پاش ئەوەی كەركوك و ناوچە داگیركراوەكان لەڕێی هەڵبژاردنی مانگی دەی ئەمساڵەوە وەك خەڵات دەبەخشرێن بە عێراق، ئیتر عەمالەتی ده‌سه‌ڵاتی كوردیش قبوڵكراو نابێت و لای وڵاتان بەهایەكی نامێنێ، ئیدی لێرەوە فلیمەکانیان بڵاودەکەنەوە و دەستدەگرن بەسەر پارەی بانکەکانیان و لێرەوە سه‌رده‌مێكی تر ده‌ستپێده‌كات به‌بێ كورد.

له‌ جیلی سێیەمی حوکمڕانانیانەوە ئیدی ھەڵوەرینی هەرێمی كوردستان دەچێتە قۆناغی ڕاستەقینە و جێبەجێبوونەوە، پاش ئەوەی بە تەواوەتی بێ ئومێدی و بێ ئینتیمایی باڵدەكێشێ بەسەر تاك بە تاكی خەڵكی هەرێمی كوردستان و موئامەرەی وڵاتانیش سەركەوتنی گەیشتۆتە لوتكە و چەمكی كوردایەتیش گۆڕاوە بۆ كورد دایەتی، پاش ئەوەی داھاتی هه‌رێم بە نیوەیی دەدزن و بە قەرز لەسەر گەل ھەژماری دەکەن، پاش ئەوەی حوکمڕانانان بۆ خەڵکی ھەرێم درەختێکی ژەھرینی دڕکاوی دەبن و بۆ بێگانەیش لۆکە، پاش ئەوەی گەل دەگەیەننە قۆناغی لەشپەرەستی  و ئالودەی کاڵفامبوونی تەواوی بێ زاکیرەیی دەکەن و ھانی دەدەن بۆ بەنجبوونێکی ئەبەدەی بەرانبەر دوژمنەکان و مێشکی تاکەکانی پڕدەبێت لە بێ ئینتیماییی بەرانبەر بە خاک و نیشتیمان، ڕێخۆشدەکەن بۆ کۆچکردنی سەدان ھەزار لە گەنجی کورد بەرەو دەرەوە... 
قەحپە و پارە و چەک؛ وەک بنەمای یەکەمی بڕیاری سیاسی و ئیداری لە ھەرێمی كوردستان دەچەسپێنن، ئیدی بێگومان شتێک ناھێڵرێتەوە بۆ دڵخۆشبوونی تاک بە قەوارە سیاسییەکەی و ھانی دەدات بۆ متبوون بەرانبەر ھەر دەستدرێژیی و داگیرکارییەک بکرێتە سەر ھەرێم و خاک و شەرەفی ھاوڵاتیەکانیشی و ھیچ کاتیش بەرانبەر داگیرکاران فزەیان لێوە نایات و بگرە ئاشقی جەلادەکانیشیان دەبن... 
ئیدی  لێرەوە  بڕیاری لە ناوچوونی خۆڕسکانەی هەرێمی كوردستان دەدرێت و لە جیلی سێیەمی دەسەڵاتی سیاسیەکاندا ئەمە دەبینین...


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ