هەڵبژاردنی ڕەیسی ساتەوەختێکی وەرچەرخێنەرە لە ڕێچکەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا. ئێستا هەموو جومگەکان بەبێ هیچ ڕوکەشێک لە لایەن پاسدارانەوە کۆنترۆڵکراوە. کۆمەڵێک پاڵنەر هەن بۆ ئەم دەرئەنجامە:
یەکەم، هەندێک وەهای دەبینن کە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە لە پرۆسەیەکی بەردەوامی دەرکردنی جیاواز و نەیارەکاندا بووە. لە هەمانکاتدا پانتایی سیاسی ئێرانی هەمیشە پڕ بووە لە باڵباڵێن و ململانێ. کەسێکی وەک ڕۆبن ڕایت دەڵێت، ئەو نوخبە پارێزەرە توندەی کە ئێستا کۆنترۆڵی دەوڵەت و حکومەت دەکەن گەرەنتی نییە کە باڵباڵێن لە نێوانیاندا دروست نەبێت.
دووەم، ئەم هەڵبژاردنە زەمینەسازییە بۆ گواستنەوە بۆ پاش خامنەئی. بۆ ئەوەی پرۆسەی گواستنەوەکە بەبێ کێشە بێت، ئەوا هەرکەسێک کەمێک جیاواز بێت کراوەتە دەرەوە.
سێیەم، ڕژێمی ئێرانی لە دۆخێکدایە کە ناتوانێت بوار بەهیچ گۆڕانکارییەک بدات، چونکە کردنەوەی هەر کونەواجەیەک ئەگەری هەیە نەتوانرێت بەری پێبگیرێت، لهبری مۆدێلی سۆڤیەت و گۆرباتچۆف. ڕەنگە مۆدێلی چینی لە پاکسازیی نەیارەکان مۆدێلی پراکتیزەکراوبێت.
چوارەم، ئەگەری هەیە لە داهاتوودا دەستکاری دەستور بکرێت و مۆدێلی پەرلەمانی و سەرۆک وەزیران بهێنرێتە ئاراوە. چونکە ئەو کاتە حکومەتێکی لاواز دروست دەبێت لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانێک کە بازنەیەکی هەڵبژاردنی سەد هەزار کەسی هەیە. سوپا بە ئاسانی دەتوانێت ئیدارەی بدات، نەک سەرۆک کۆمارێک کە چەندین ملیون دەنگی هەیە.