شەڕی خاوەندارێتی سلێمانی یان یەکێتی ؟

گەڕانەوەی سلێمانى بۆ سێبەری بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.07.14 12:16 AM
1565 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ئاری غازی
ئەگەرچی ئەم پێشهاتەی لە نێوان هەردو هاوسەرۆکی یەکێتی چاوەڕوانکراوبو، ڕۆژێک بێت بگاتە لێواری تەقینەوە، بەڵام بۆ ئەم ساتە هەستیارو پڕ لەقەیران و نالەبارییەی ئێستا دۆخێکی لەناکاوبو تاڕاددەی شۆک، چونکە چاوەڕوان نەدەکرا لەگەڵ دەسپێکی هەڵمەتی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە یەکێتی نیشتیمانی دەمێکە ئامادەکاری بۆ دەکات و حساب و کتابی وردی بۆ کردوە تا ڕاددەی ئەنجامدانی هاوپەیمانی و ڕێککەوتنی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ڕکابەرە سەرەکییە سیاسییەکانی لە زۆنەکەی خۆی، بکەوێتە بەردەم قەیرانێکی قوڵ و بومەلەرزەیەکی سیاسی کە لە بناغەوە تا ترۆپکی دەسەڵاتی پەیکەری حزبەکەی شڵەژاندوە.

شەڕی خاوەندارێتی سلێمانی یان یەکێتی ؟
ئەو ململانێ سیاسییەی لە نێوان هەردو هاوسەرۆکی یەکێتیدا هەیە تا گەیشتە ئەو گۆڕانکارییانەی لە دەزگای زانیاری و دژە تیرۆردا کران و لە سۆشیال میدیادا گەیشتە لێواری تەقینەوە، من پێناسەی دەکەم بە ڕوداوەکانی سلێمانی نەک خودی ناوی یەکێتی، چونکە ئەوەی ئێستا ڕودەدات درێژکراوەی ئەو ململانێ و هەوڵانەیە بە بردنەوەی گرەوی خاوەنداریەتی سلێمانی و زۆنی سەوز بە گشتی.
زۆربەی ئەو شیکارییانەی تائێستا بۆ ڕوداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی کران پەلە پڕوزەیەکی لەخوێندنەوەی واقعی دۆخەکەی تێدابو لەگەڵ بڕیاردانی پێشوەختە لەسەر ئاڕاستەکردنی دۆخەکە بە مەبەست بۆ ئامانجێکی دیاریکراو، هەروەها بە هەلزانینی کۆمەڵێک تاقم و لایەنیش بو کە دەمێک بو چاوەڕوانی ئەم دۆخەیان دەکرد تاوەکو ببنە سوار چاکی شەپۆڵی تۆڵەکردنەوەو شکاندنی سیستەم و سەرکردایەتی نوێی یەکێتی کە لە ڕاستیدا لەدوای ڕیفراندۆمەوە لەدایک بوەو لە کۆنگرەدا ناسنامەی بۆ دەرکرا.
ئەوەی ئێستا بە بنەماڵەی تاڵەبانی ناسراون خۆیان بە میراتگری مام جەلال دەناسێنن، لە ڕاستیدا ئەوان خۆیان بە میراتگری ئیبراهیم ئەحمەد دەزانن، بەڵام سود لە ناوبانگ و ڕێبازو کاریزمای مام جەلال وەردەگرن و ئەمە لە کەسایەتی ئیبراهیم ئەحمەدی باوکیان بەدی ناکەن یاخو وەک مام جەلال قبوڵکراو نییە لەلایەن زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵک، لەپاڵ ئەوەشدا خۆیان بە خاوەنی سلێمانی و یەکێتی و بڕیاری سیاسی و حاکمی شارو موڵک و داهاتی زەوی و ئاسمانی زۆنی سەوز دادەنێن بەڵام سود لە ناونیشانی تاڵەبانی باوک وەردەگرن بۆ شەرعییەتدان بەگەیشتن بەخەون و ئامانجەکانیان. بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد چەندین ساڵە کار بۆ ئەوە دەکەن جگە لەخۆیان کەس لە لوتکەی دەسەڵات و بڕیاری سیاسی نەبێت لە دەرەوەی بنەماڵەکەی خۆیان، تەنانەت ئەگەر کوڕی شارە حەیاتەکەش بێت.

هەر بۆیە دەبینین لەو پێناوەشدا ئامادەن هەمو قوربانییەک بدەن، بۆ نمونە دوای شکستی سەخت لەهەڵبژاردن دادە هێرۆ دەست لە بەرپرسیاریەتی مەڵبەندی لەسلێمانی هەڵدەگرێت، یاخود لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نۆ دەنگێکی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی یەکێتی پێشبینی بێ ڕۆڵی قوباد تاڵەبانیان لە کابینەکەی مەسرور بارزانیدا دەکرد، بەڵام هەر سوربون جارێکیتر مامی بچوک ببێتە جێگری ئامۆزاکەی سەرۆکی پێشوی. ئەگەر سەرنج بدەین هەر لە درێژەی ململانێکانی پێشوتری بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد بۆمان دەردەکەوێت دژایەتیکردنی سەرکردەکانی وەک کاک نەوشیروان و کاک کۆسرەت و دکتۆر بەرهەم و مەلا بەختیار و مەکتەب سیاسییە دیارەکانی یەکێتی و ئێستاش کوڕەکانی شێخ جەنگی هەر دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە جگە لەبنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد کەس ناتوانێ خۆی بە خاوەنداری سلێمانی بزانێت.
هەرچەندە لە زیهنییەتی لاهور تاڵەبانیش خاوەنداریەتی سلێمانی لە پێشەوەی یەکێتی بون و حکومڕانی یەکێتی بوە وەک لایەنێکی سەرەکی دەسەڵات لەهەرێم، ئەمەش لەهەوڵە سیاسی و ئەمنی و ئیعلامی و چالاکییە کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکانیشی ڕەنگیداوەتەوە تا دواجار وەک سەرۆکی یانەی نەورۆز لەمیانی سەرکەوتنی تیپەکەی بۆ خولی نایابی عێراقی ڕایگەیاند سلێمانی دەکاتەوە چەقی ململانێ وەرزشییەکان و لە مەراسیمی کردنەوەی چایخانەی شەعب دوای نۆژەنکردەوەی و پڕۆژەو چالاکییەکانی دەزگای مرۆیی مامیش لەگەڵ هاوسەرەکەی، بەڕونی پێمان دەڵێت ئەویش هەوڵی خاوەنداریەتی سلێمانی دەدات.

کودەتا یان بومەلەزرەی سیاسی ؟
باڵی بافڵ تاڵەبانی و ئەوانەی لە پشتییەوە وەک ڕاوێژکار و هاندەری ئەم جوڵە سیاسییەی ئەم دواییەی بون. باش دەزانن ئەوەی ئەنجامیاندا بۆ شڵەژان و بەخۆهێنانەوەی لاهوری شێخ جەنگی بو تا ناچاری بکەن لەچوارچێوەیەکی دیاریکراودا نەک هەرتەنها جوڵەی سیاسی بکات، بەڵکو خەونی سیاسیش ببینێت. لەدونیادا ناولێنانی مۆدێلی کودەتا بە دەگمەن لەململانێ و ڕوبەروبونەوەی دو جەمسەری دامەزراوەیەکی دیارکراو بەکاردێت، بەڵکو کودەتا دژ بە سیستەم و دەسەڵاتێکی گشتی ئەنجام دەدرێت، ئەوە تەنها لە کوردستان ئەم مۆدێلە بەدی دەکرێت لەبەرئەوەی حزب جیاوازییەکی نەهێشتۆتەوە لە نێوان خودی خۆی لەگەڵ سیستەم و دەسەڵات و شکۆ و وجودی حکومەت.
سیستەمی هاوسەرۆکی و پەیڕەوی حزب و دەسەڵاتەکانی سەرکردایەتی لە کۆنگرەدا لەژێر چاودێری دەسەڵاتی دادوەری و کۆمیسیۆندا شەرعیەتی فەرمی وەرگرتوە، پێشێڵکردنیشی دەبێتە بنەمایەکی بەهێزی یاسایی کە باڵی لاهور شێخ جەنگیش بەرپەرچی بدەنەوە، بۆیە لە ئەنجامدا هەردولا دەبێت بگەنە ڕێککەوتن لە ڕێگەی دانوستاندن بۆ دەرچون لەم ئاڵۆزییە بە کەمترین زیان، لێکەوتەکانیشی وەک بومەلەرزەیەکی سیاسی دەمێنێتەوە بۆ داهاتو تا ئەوکاتەی لەڕێگەی کۆنگرەیەکی شەرعییەوە لەکاتێکی گونجاودا جارێکیتر پەیکەرو پەیڕەوی ناوخۆی حزب و سیستەمی بەڕێوەبردنی هەمواردەکرێتەوە یان تەوافقی لەسەر دەکەن.
ئەم بومەلەرزە سیاسییەی سلێمانی دو پەیامی ڕونیش بو، یەکەمیان بۆ هەمو جەمسەرە لاوازبوەکانیتری حزبەکەیان کە لە داهاتودا شوێن پێی لاهوری شێخ جەنگی هەڵنەگرن و هەر لەژێر سێبەری بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەددا خاوەن نفوزو دەسەڵات و پارەی ئێستایان دەبن. پەیامی دوەمیش بۆ هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی بو کە تائێستا باڵی مەلایی و مەکتەبی سیاسی دو لایەنی سەرەکی ململانێی سیاسیین لە گۆڕەپانی هەرێمدا و لەبەرامبەر پارتیدا لە ململانێی سیاسی و شەڕی ناوخۆوە تاوەکو ڕێککەوتنی ستراتیژی و هاوبەشیکردن لە پێکهێنانی حکومەت هەر بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد قسەی کۆتایی دەکەن و لە ئێستاشدا قوباد تاڵەبانی نوێنەرایەتییان دەکات و هەمو جۆرە دژایەتییکردنێکیشی هێڵی سورە.

جارێکیتر وانەیەک و شکستی گرەوێک بۆ پارتی
لە ڕیفراندۆمەوە پارتی دەستی بۆ هەر گرەوێک بردبێت ئەوا بۆی بە شکست یان زیان کۆتایی هاتوە، هەر لە پرسی ریفراندۆم و کشانەوەی لە کەرکوک و ناوچەدابڕێندراوەکانیتر لە دوای ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرو پرسی سەرۆک کۆماری عێراق تاوەکو هێنانە پێشەوەی کارەکتەرێکی جیاواز بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم کە شکستی زیاتری ئابوری و بۆشایی ئەمنی و دواکەوتنی پرسی ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەنوسی کە کاریگەری خراپی لەسەر ناوبانگی هەرێم بەجێهێشتوە. تەنانەت پارتی کە گەورەترین کوتلەی کوردی پەرلەمانییە لە پەرلەمانی عێڕاقدا نەک هەر سەرکەوتونەبو لە دروستکردنی کۆدەنگی کوردی بەڵکو نەیتوانی نوێنەرایەتییەکی کاریگەری هەرێمیش بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە پاڵ سەرۆک کۆماردا، هێندەی دەنگی قوباد تاڵەبانی و هاوسەرۆکانی یەکێتی و پەرلەمانتارانی هیوا دەهات لە بەغدا، نیو هێندە کاریگەری پارتیمان لەماوەی ئەم خولەی هەڵبژاردن بەدی نەکرد.

بۆیە پارتی دوای ئەم هەمو پاشەکشەیە دەبوایە بە بڕیاری سیاسی و چۆنیەتی لە مامەڵەکردن لە بارودۆخی سیاسی لە عێراق و هەرێمدا بچێتەوە نەک جارێکیتر لە ڕێگەی میدیا سێبەر و بەرخۆرەکانی لە سۆشیاڵ میدیا گرەو لەسەر شکستی لاهوری شێخ جەنگی بکات و وەک تۆڵەکردنەوە لە ژەنەڕاڵی ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لێی بڕوانێت لە کاتێکدا بافڵ تاڵەبانی لێپرسراوی سەرەکی ئەو مامەڵە سیاسییە بو کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا کرا بۆ پاراستنی کەرکوک و هێزەکانی پێشمەرگە لە بەردەم جەنگێکی حەتمی خوێناوی لە بەرامبەر هێزێکی گەورەی ئیقلیمی.
جێی خۆیەتی ئەوەش بڵێین پارتی بە بەخترین پارتی سیاسییە کە ئەگەر هیچ توێژینەوەی ستراتیژی و خوێندنەوەی ووردی بۆ داهاتووی خۆشی نەبێت ئەوا تەنها بە سەیرکردنی دۆخی یەکێتی دەتوانێت داهاتوی خۆی بزانێت کە ئەگەری چیتر هەیە ڕوبدات لە نێوان دو ئامۆزاکەی بنەماڵەی بارزانی کە ئێستا لە لوتکەی دەسەڵاتی سیاسی و ئەمنی و ئابوری لە ناوخۆی پارتی و حکومەتدا.

ململانێی بافڵ و لاهور بەرەو کوێ ؟
ئەگەرچی دەسەڵات و پارە لە مێژوی فەرمانڕەوایەتییە بنەماڵەییەکاندا باوک و کوڕ و برا و برا و جوت ئامۆزاکان و مام و برازاشی بەگژیەکدا بردوە تا ئاستی یەکترکوشتن و پەنابردن بۆ لایەنی دەرەکیش بۆ ڕوخاندن و شکاندنی دەسەڵاتی یەکتر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی نزیکی و تێکەڵی زۆری ئەم دو فیگەرە گەنجە سیاسییەی نەوەی نوێی یەکێتی لە ڕابردوودا بەرەو ئەو پەندە کوردییەمان دەبات کە دەڵێ “خزم گۆشتیش بخوات، ئێسکت ناشکێنێت”، ئەمەش هەر بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە لە کۆتاییدا یەکێک لە هاوسەرۆکان تەنازول دەکات بۆ ئەوەیتریان بەڵکو هەستیاری دۆخەکە و پێگەی گرنگی سلێمانی و ڕۆڵی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە ناوچەکە کاریگەری ئەوتۆی هەیە کە تەوافق و ڕێککەوتن حەتمییە.
کارەکتەری کەسایەتی بافڵ تاڵەبانیش هاوکارە لەهەر کاتێکدا دەست بخاتەوە دەستی ئامۆزاکەی هەروەک چۆن خۆی چویەوە لای مەسعود بارزانی لە سەری ڕەش و جارێکیتر بە مامی خۆی بانگی کردەوە. لەبەرامبەریشدا لاهور شێخ جەنگیش دەبێت ئەوەی بۆ ڕون ببێتەوە کە هاوشێوەی سەرکردە گەورەکانی پێشوی حزبەکەی شکست دەهێنێت کە تەنها پشت بە جەماوەر ببەستێت بۆ ڕوبەروبونەوەی هەردو بنەماڵەی بارزانی و ئیبراهیم ئەحمەد تا ئەوکاتەی بە فیعلی دەسەڵاتێکی فراوانی سەربازی و دارایی تەواوی نەبێت و لە هاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکاندا ژمارەیەکی قوڕسی حساب بۆکراو بێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ