مه‌لا به‌ختیار له‌ به‌رده‌م دواهه‌مین چانسی سیاسیدا

ڕووداوه‌كانی 8ی ته‌موز.. مه‌لا به‌ختیار ده‌باته‌ كۆشكی سه‌لام ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.07.19 02:51 PM
3427 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا
ڕۆژنامه‌نووسی دۆسیه‌ی سیاسیی له‌ ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

ڕووداوەکانى ٨ى تەموزی یەکێتى، بەردێکى خستەوە گۆمى مەنگى حزبەکەوە، جارێکى تر گروپێک لە سەرکردە پشتگوێخراوەکان دەرکەوتنەوە، کاریگەربوون و قسەیان کرد، لە ناویاندا مەلا بەختیار، کە لە دواى گەڕانەوەى بەرهەم ساڵح و کۆنگرەى چوارەمەوە لە قوژبنە تاریکەکانى حزبەکەیدا جێهێڵدرابوو.
ئەو بەهۆى پێبەشکردنى لە سەرۆک کۆمارى بە تەواوەتى لە حزبەکەى نیگەران بوو، جارێکى دیکە ناوى کەوتە ناوانەوە و تەنانەت هەندێک بە عەقڵى مودەبرى ڕووداوەکانیشى دەزانن، بەتایبەتى چەند رۆژێک پێشتر لەگەڵ مەسعود بارزانییدا لەسەر ئەو بابەتانە قسەى کردووە، بەوەش مەلا بەختیار لە خەونە لە مێژینەکەى کە سەرۆکایەتى کۆمارە چەند فرسەخێک چووە پێشەوە.
هەرچەندە خۆى ٢ رۆژ دواى دەستپێکردنى ڕووداوەکان و لە ١٠ى تەمموزدا ڕەتیکردەوە بەشێک بێت لە مەسەلەکە، بەڵام رەتیشى نەکردەوە کە مەسعود بارزانى بینووە و باسى کێشەکانى پارتییان کردووە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگییدا، ئەوەش ماناى داننانە بە بەشدارییەکەى.

ئەوەى ئاشکرایە مەلا بەختیار ڕۆڵى هەبووە لە ڕووداوەکانى ٨ى تەمموز و رۆژانى دواتردا، ئەوەش ماناى وایە، نەخشى مەلا بەختیار لە ڕووداوەکاندا موهەندیسانە بووە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە مەلا بەختیار بەدواى چیدا عەوداڵە، چۆن دەیەوێت ڕابردووى دەسەڵاتدارى خۆى وەربگرێتەوە؟

له‌ پشت ده‌رگا داخراوه‌كانه‌وه‌ نه‌خشه‌ی پلان و جوڵه‌ سیاسییه‌كانی داده‌ڕێژێت

مەلا بەختیار یەکێک لە کادیرە سەرەتاییەکانى یەکێتى و خۆى بە مەکۆى کۆکەرەوەى کۆمیتەى هەرێمەکانى کۆمەڵە دەزانێت، خاوەنى زۆرترین مانۆڕى سیاسی بووە لە یەکێتییدا، ئەزمون و رابردوویەکى زۆرى هەیە یارمەتی دەدات ئارامتر و بە دیقەتر داشى شەترەنجەکان لە بەرژەوەندى خۆى بجوڵێنێت، بەتایبەتى چەندینجار کەوتووە و هەستاوەتەوە و لە ڕکابەریدا هاوشانى جەلال تاڵەبانى و نەشیروان مستەفا بووە، بۆیە دەکرێت جارێکى دیکە مانۆڕێکى ڕێکخراو بکات و لە بەرژەوەندى خۆى تەواوى بکات.
خاوەنى پەیوەندییەکى توندوتۆڵ و مێژووییە لەگەڵ پارتى و شەخسى مەسعود بارزانییدا، ڕەنگە هەر ئەوەش وایکردبێت جارێکى دیکە ببێتەوە بە یاریزانێکى ئەساسى ڕووداوەکان و واى لە ماڵى مام جەلالیش کرد مەلا بەختیار بەهەند وەربگرن، بەتایبەتى بۆ ڕازیکردنى هاتنەناوەى مەسعود بارزانى لە ڕووداوە تازەکاندا، بەڵام هێشتا مەعلوم نییە ئاراستەى با بە حەزى کەشتى مەلا بەختیار هەڵدەکات، یان بەرهەم ساڵح و گروپەکەى جارێکى دیکە ریسەکەى لێدەکەنەوە بە خورى، چونکە مونافیسەکەشى بەرهەم ساڵحە بە پاڵپشتى جافەکانى ناو یەکێتى و ئەو پەیوەندییە بەهێزەى لەسەر ئاستى ناوچەکە هەیەتى، پێناچێت یاریکە بۆ مەلا بەختیار هەروا ئاسان بێت.

مه‌لا به‌ختیار خاوەنى پەیوەندییەکى توندوتۆڵ و مێژووییە لەگەڵ پارتى و شەخسى مەسعود بارزانی ڕەنگە هەر ئەوەش جارێکى دیکە بیكاته‌وه‌ بە یاریزانێکى ئەساسى ڕووداوەکان

پەیوەست بە ڕووداوەکانى ناو یەکێتیش، مەلا بەختیار لە سەرەتاوە لەگەڵ سیستمى هاوسەرۆکى نەبووە و پێیوابوو، لە جیاتى دوو هاوسەرۆک، دەستەیەکی پێنج كه‌سی یەکێتى بەرێوەبەرێت و ئێستایش دەڵێن هەمان بۆچونى هەیە بە جۆرێکى دیکە، ئەو پێیوایە سکرتێرى گشتى دابنرێت و دوو جێگرى هەبێت، ئەوەش ئەگەر سەربگرێت ماناى گەڕانەوەى رۆڵە بۆ مەلا بەختیار، لە ئەنجومەنى باڵاى سیاسی بێت، یان ئەگەر شانسەکەى وەک ئەیلولى 2018 نەبێت، بازەکە لەسەر شانى بنیشێتەوە و بچێتە کۆشکى سەلام، بەڵام هێشتا نازانرێت هاوکێشەى رووداوەکان بەکام ئاراستەن، چونکە سەرۆکایەتى کۆمار، بێجگە لە بڕیار بەدەستەکانى یەکێتى، ئەمریکا، ئێران و پارتیش قسەى تێدا دەکەن.

له‌ گێمی دووه‌می یارییه‌كه‌دا به‌رهه‌م ساڵح پێویستی به‌ حسابوكتابی ورد هه‌یه‌

پارتى و هاوکێشەى گۆڕاوى یەکێتى بە قازانجى مەلا بەختیارە بۆ شوێنگرتنەوەى بەرهەم ساڵح، بەتایبەتى به‌هۆی ئەو کاریگەرییەى مەلا بەختیار لە ڕووداوەکانى ٨ى تەموز و رۆژانى دواتردا بینى، هەموو زوومەکان ڕوەو ئەوەن مەلا بەختیار عەرشى سەرۆکایەتى کۆمار بە بەرهە م ساڵح چۆڵ بکات، ئەوکاتە ڕەنگە بەرهەم ساڵحیش قورسترین لێدانى بەربکەوێت و ببێته‌ یه‌كێك له‌ قوربانییه‌كانی 8ی ته‌موز، بە تایبەتى بەرهەم ساڵح پلەوپۆست و مەکانەتێکى ئەوتۆى لە نێو حزبەکەیدا نییە بتوانێت خۆى بۆ گێمى دووەمی یاریه‌كه‌ ئامادە بکاتەوە، ئەوەش بە پلەى یەکەم پەیوەست دەبێت بەو سەودا و مامەڵە نوێیەى بڕیاربەدەستە نوێیەکانى یەکێتى لەگەڵ پارتى دەیکەن.
بەوەش مەلا بەختیار بە جوڵاندنى یەک داش چەند هەنگاوێک یاریکە دەباتە پێشەوە، لە لایەک گەورەترین بەربەستى پشتگوێخستنى کە لاهورى شێخ جەنگى بوو دەبڕێت و دەستیشى لە سەرۆکایەتى کۆمار گیردەبێت، جارێکى دیکەش هەمان ئەو ڕۆڵەى وەردەگرێتەوە کە دواى جیابوونەوەى گۆڕان لە یەکێتى گێڕاى و کاریگەرترین بڕیارەکانى یەکێتى بە فلتەرى ئەودا گوزەرى دەکرد.
مەلا بەختیار ئێستا لە دووڕێیانى بەلاداکەوتنى دواهەمین چانسیەتى، کە یان خەونە بەدینەهاتووەکەى دێنێتەدى یان وەک چەند جارانى پێشوو بەخت یاوەرى نابێت و دەچێتەوە قۆزاخەکەى خۆى و هەر بە ناوى ڕۆشنگەرەوە پێشوازى لە میوانەکانى دەکاتەوە له‌ ئۆفیسه‌كه‌ی خۆی له‌ سلێمانی نه‌ك كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ