کۆدێتا لە هەرشوێنێک بێ خراپە، تونس یا سلێمانی یا ئەنقەرە و ڕیاز، بەڵام بۆ ئەوەی کۆدێتا بەسەر کۆدێتاچییەکان قڵپ بکەیتەوە، پێویستە لە ڕوی جەماوەرییەوە وەک ئەردۆغان بەهێز بیت، یان وەک ئەردۆغان لە خۆت ڕاببینی بە یەک ڤیدیۆی فێیستایم شەقام بجوڵێنیت.
ئەمەش بەوە دەکرێت لە ڕابردودا ئەوەت نیشانی خەڵک دابێت، بە کردار، کە تۆ لە کۆدێتاچییەکان باشتری، بە تایبەتی لە ڕوی پێشکەوتنی ئابورییەوە.
کۆدێتا جۆراوجۆرەکانی ساڵانی رابردو لەو ناوچەیەی ئێمەدا؛ سیسی لە میسر، محەمەد بن سەلمان لە سعودیە، گولەنییەکان لە تورکیا و دواترینیشیان قەیس سەعید لە تونس، تەنانەت ئەوەی قوباد و بافێڵیش بەسەر لاهوردا لە ئاستی بچوکتردا لە حیزب، هەمویان سەرکەوتوو بوون جگە لەوەی بەسەر ئەردۆغاندا کرا.
جگە لە ئەردۆغان، کەسیان نەیانتوانی کۆدێتاکە بەسەر کۆدێتاچییەکان قڵپبکەنەوە و کۆدێتای پێچەوانە ئەنجام بدەن بە هۆی ناشارەزایییان لە دەستەڵاتدارێتی و میکانیزمەکانی چۆنییەتیی کارکردنی هێز، فەشەلیان لە کۆکردنەوەی جەماوەر و ئەزمونی خراپیان لە حوکمڕانیی.
ئیخوان گەورەترین رێکخراوی سیاسیی و دینیی ناوچەکە بوو، خۆیشی کردە خاوەنی گەورەترین شۆڕشی خەڵک و گەنجان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقادا، توانیشی رێبەرایەتیی بەهاری عەڕەبی بکات، بەڵام لە حوکمڕانییدا بێ ئەزمون و فاشیل بوو.
ئیخوان ناتوانێت رەخنە لە خۆی بگرێت کە بۆچی نەیتوانی ئەلتەرناتیڤێکی باشی حوکمڕانیی چاک پێشبخات، هەمیشە گلەیییەکە دەخاتە سەر شانی موئامەرەی نێودەوڵەتیی و ئەمریکا و ئەوروپا لە کاتێکدا خودی ئەمریکا پشتیوانیی بەهاری عەڕەبیی بوو و ئیخوان فەشەلی پێ هێنا.
ئەردۆغان توانی بەسەر کۆدێتاچییەکان سەرکەوتوو بێت چونکە لای کەم تا کاتی کۆدێتاکە، ئەردۆغان توانیبووی لەوانی پێش خۆی بۆ خەڵکی تورکیا باشتر بێت و حوکمڕانییەکەی لە ڕوی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییشەوە پێشکەوتنێکی باشتر لەوانی پێش خۆی بەدەستبێنێت، ئەوە لای تۆ و منیش وا نەبێت، لای کەم لای نیوەی خەڵکی تورکیا وا بووە.
ئەردۆغان هیچ کاتێک هێندەی ئێستا ڕوو لە لاوازیی نەبوە بەهۆی ئەوەی حوکمڕانییەکەی لە دوای کۆدێتاکەوە بۆتە حوکمڕانییەکی تاکڕەوانە و گەندەڵیی بە ناو حیزب و حکومەت و خێزانیدا بڵاوبۆتەوە و لە ڕوی ئابورییشەوە وڵات لە دۆخێکی قوڵی قەیران دایە.
هەر بۆیەشە، ئێستا لە ڕووی جەماوەرییەوە راپرسییەکان نیشانی دەدەن ئاستی جەماوەرییەکەی لە هەرکاتێک نزمترە.
ئەگەر ئەو کۆدێتایەی بەسەر ئەردۆغاندا کرا لە ٢٠١٦ لە ئێستادا بووایە، لەوانە بو وەک گەلی تونس و میسر و سعودیە تەنها خەڵکێکی کەم بە لایەوە گرنگ بوایە چی بەرانبەر سەرۆکێکی تاکڕەو دەکرێت کە هۆکاری فەشەلی سیاسیی و ئابوریی وڵاتەکەیەتی لە ئێستادا.