ئاماژه سیاسیەکانی دوای 8ى تەموز

ئەرزڕومی نوێ بەڕێوەیە.. هەرێمی سلێمانی تاكه قەڵغانی خۆپاراستنه

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.07.26 10:06 PM
2454 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

عەبدولڕەزاق شەریف

پێشتر و لە دەیان وتار و قسە و باسی راگەیاندنەکاندا، خەڵکی ( هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی ) مان لە رێکەوتنی ئەنقەرەی نێوان عێراق و ئێران و تورکیا ئاگادار کردەوە و مەترسی جێبەجێکردن و لێکەوتەکانیمان باسکرد، ئەو رێکەوتنەی کە ئێرانیەکان پێش چونیان بۆ ئەنقەرە هاتنە لای سەرانی حیزبە کوردستانیەکان و بە ڕاشکاوی و ڕاستگۆیی پێیان وتن:
"گەر ریفراندۆم نەکەن، لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بمێننەوە و ئێمە پشتیوانتان ئەبین و خۆشمان ئاڵای کوردستان لە حەمرین هەڵئەکەین ! خۆ ئەگەر ئەنجامیشی بدەن ئێمە ناچار ئەبین برۆین لەگەڵ تورکیاو عێراق رێکبکەوین بۆ ئەوەی لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان دەرتان بکەین و بچینە ژێر داواکاریەکانی دەوڵەتی تورکیاشەوە"، من وەک شایەتحاڵێکی ناو روداوەکان وگفتوگۆی ئەو سەروەختەی ئێرانیەکان بۆ مێژو ئەڵێم کە بە تکاوە بە ئێمەیان وت ( هەرچۆنێ بێت ئەم ریفراندۆمە مەکەن! ئێمە ناچار مەکەن تەنازول بۆ تورکیا بکەین و شەڕی کوردی دۆستمان لە کەرکوک بکەین )، پێم سەیر بو باسی شەڕی سەرباز و تفەنگیان کرد و ئەمویست بڕوایان پێ بهێنم کە ئەوە مومارەسەی مافێکی سادەی میلەتەکەی ئێمەیە بەڵام ئەوان زۆر بە ڕاشکاوی وتیان ( ڕابەر قسەی تێدا کردوە و وتویەتی نابێت بکرێت ) ئەوەی شارەزای سیستەمی حوکمداری جمهوری ئیسلامی ئێران بێت لە فەرمانی رابەر تێدەگات، بەڵام سەرانی حیزبە کوردستانیەکان لێی تێنەگەیشتن ..!

ئێرانییەکان دلنیابوونەوە بارزانی لە ڕیفراندۆم پەشیمان نابێتەوە

راستە ئەوکات و ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان پێگەمان هی ئەوە نەبو بتوانین رێگری لە پرۆسەی ریفراندۆم بکەین، بەڵام ئەوانیش هەمو تەماحێکیان خستە بەرمان کە بتوانین ئەو رێگرییە بکەین ! تەرحی جیاکردنەوە و پشتیوانی هەرێمی سلێمانیشیان بۆ کردین بە کەرکوک و خانەقین و ناوچە دابڕاوەکانیشەوە، ( لەو کاتەیا دەستیان لە بارزانی شتبو دڵنیابون کە ئەو ریفراندۆم ئەنجام ئەیا ) مەترسیەکانی رەتکردنەوەشیان نیشانداین .
ئەو سەروەختە و لە کۆبونەوەکانی ناوخۆی بزوتنەوەکەدا من بە ئاشکرا پشتیوانی پێکهێنانی ( هەرێمی سلێمانی ) بوم، مەترسیەکانی سەر کورد و کوردستانم لەپێش چاو بو ... گەیشتە ئەو ڕادەیەی حەمە تۆفیق رەحیم لە کۆبونەوەیەکدا و لەبەرچاوی دەیان کەس پێی وتم ( ئەو فکرانەی تۆ ئەجندای وڵاتێکی ئەقلیمیە )، سەید عومەری رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەش لەجیاتی بیرکردنەوە و گفتوگۆ و پلاندانان بۆ چارەسەر، پێی وتم ( ئێرانیەکان چۆن ئەم شتانە لای تۆ باس ئەکەن !! )، بێئاگا لەوەی کە من بەرەسمی و بە فەرمانی کاک نەوشیروان ئەرکی مەلەفی پەیوەندیەکانی ئێرانم خرابوە ئەستۆ و دەیانجار بەجیا یان خۆم و خۆی لەسەر ئاستی باڵا کۆبونەوە و گفتوگۆمان لەگەڵیان کردبو ...
لە کاردانەوەی گەمژەیی ئەو سەرکردایەتیەدا، هەر ئەوکاتە نامەی دەستلەکارکێشانەوەم لەو ئەرکە پێشکەشی خانەی راپەراندن کرد و تەنیا کەسێکیان پابەندی پرەنسیپ و کاری رێکخراوەیی بو، ئیمزای لەسەرکرد، وەڵامی دامەوە، کاک عوسمانی حاجی مەحمود بو.

هەرێمی سلێمانی ناوچەکانی ژێردەستی یەکێتی دەگرێتەوە

ئاشکرایە تورکیا، لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیەوە ئاخ و داخ بۆ سەرزەمینی نفوزی دەسەڵاتداریە کۆنەکەی هەڵدەکێشێ، هەرکاتێکیش کۆبونەوە و رێکەوتن لەگەڵ عێراق و ئێران و سوریا کردبێت، نەخشە کۆنەکان و رێکەوتنە کۆنەکانی دەرهێناوە، لەسەر بنەمای پەیماننامەی ئەرزەرۆمی پێش دوسەد ساڵ داوای پێگە و پاوانی خۆی کردوە ! ئەو پەیمانەی بە چاودێری و موبارەکەی ئینگلیز و روسەکان کراوە و لەماوەی ئەم دوسەد ساڵەدا، چەندینجار لە ساڵانی جیاوازدا، لەگەڵ ئێرانیەکان و عێراقیەکان هەموار کراوەتەوە، دواجاریش هەر لەسەر بنەمای ئەو پەیمانە ئێرانیەکان شەڕیانکردین و خەتی مونزریە بۆ سامەرا و کەرکوک و تەلەعفەریان بۆ خۆیان و هاوپەیمانە شیعە عێراقیەکانیان وەرگرت و ئیمزاشیان بۆ تورکەکان کرد کە وەک جاران و زیاتریش ئەتوانن لە باکوری سوریا و باکوری عێراق لە ناوچە سونە نشین و کورد نشینەکاندا، بارگە و بنەی سەربازی خۆیان بخەن و چۆن و بەچ رێگەیەک ئەیانەوێ دژی نەیارەکانیان و پشتیوانی لە دۆستەکانیان رەفتار بکەن .
رێکەوتنی ئەنقەرە وەک نوێکردنەوەی پەیماننامەی ئەرزەرۆم بە چاودێر و ریعایەی هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا کرا، مەسعود بارزانی بە خشکەیی لێی دەرچو ... بەڵام هەر زوو پارتی و سەرکردایەتیەکەی کەوتنە گفتوگۆ و سازش و رێکەوتن، لە زمانی نێچیرڤان و مەسرور بارزانیەوە داوای عێراقێکی بەهێز و پابەندبونیان بە عێراقی بونەوە راگەیاند و دیفاکتۆی رێکەوتنەکەی ئەنقەرەیان قبوڵکرد، باسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان لای ئەوانەوە لە کولەکەی تەڕیشدا نەما.

روداوە سیاسیەکانی دوای 8ى تەموز هەمان ئەو ئاماژانەن جێبەجێکردنی رێکەوتنی ئەرزەرۆمی یەکەم و دووەمی لێکەوتەوە

ساڵی پار و جارێکیتر پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانیم نوسی و بە پشتیوانی هەندێ لە هاوڕێکانمان داوامان لە خەڵک و هێزە سیاسیەکان و کەسانی دڵسۆز کرد بۆ رێگریکردن لە مەترسی فەوتی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی حوکمڕانی هەرێم پشتیوانیمان بکەن، ئەهلی بازاڕ و عەوامی خەڵک لە بەرپرسیارێتی و مەترسی قۆناغەکە تێگەیشتبون و توانیمان سەدوپەنجا هەزار ئیمزا بە ناوی سیانی و ئەدرەس و ژمارەی تەلەفۆن کۆبکەینەوە بەڵام بەداخەوە سەرکردایەتی حیزبەکان لە پێناوی بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵە و خێزانە سیاسیەکانیان دژایەتیان کردین و لە بەغداوە و لە رێگەی پەیوەندیەکانیانەوە کارەکانی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانیان ڕاگرت ! ئێمە لە هەوڵەکانمان بۆ ڕێگری ئەوان بەردەوامین و کۆڵمان لێنەداوە و ئێستاش پێمانوایە تەنیا ڕێگەی رزگاربون لە مەترسیەکانی ئایندە لەم کاتەدا، پرۆژەی بەهەرێمکردنی ( پارێزگای سلێمانی )ە. خۆ ئەگەر نا ! ئاماژەی روداوە سیاسیەکانی دوای هەشتی تەموزیش لەم هەرێمە هەمان ئەو ئاماژانەن کە پەیمان و جێبەجێکردنی رێکەوتنی ئەرزەرۆمی یەکەم و دوەمی لێکەوتەوە. بە دڵنیاییەوە ئەنجامەکەشی هەمان ئەنجامی ئەو رێکەوتنەیە و چۆن دوو سەد ساڵ پێش ئێستا کورد بۆ هەتاهەتایە مەملەکەت و دەوڵەتی خۆی لەدەستدا، ئەمجارەش بۆ عەقدێکی زەمەنی نادیار هەرێمی کوردستان ئەچێتەوە ژێر هەژمونی تورکیا و جلخوارەکانی دۆست و هاوپەیمانە تازەکانیەوە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ