جەنگەکەی لە زەمینەوە بۆ ئاسمان گۆڕیوه‌

قائانی چۆن تەکتیکی جەنگی ئێرانى لە هەرێمی کوردستان گۆڕی ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.07.29 10:11 PM
2656 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

واچاوەڕوان دەکرا بە کوژرانی قاسم سولەیمانی، هەژموون و دەسەڵاتی ئێران لە عێراقدا کەم دەبێتەوە، بەڵام پێدەچێت بۆچوونەکە پێچەوانە بێتەوە و ئێران لەبری دەستەکانی، قاچەکانیشی لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا بچەقێنێت.
حاڵی حازر، ئێرانییەکان دەتوانن لە بەسرە وە تا زاخۆ جموجوڵ و چالاکی سەربازیی و هەواڵگریی بکەن، تەنانەت بچنە ناو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکییەکان، لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا.
بەر لە کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس، ئێران زیاتر لە ناوەڕاست و باشور، هەوڵیدەدا لە ڕێگەی گروپەکانی نزیک لە خۆی، هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا، ئەویش تەنها لە ڕێگەی چەند موشەکێک یان کاتیۆشایەک.
بەڵام بە جێگەگرتنەوەی ئیسماعیل قائانی، جەنگەکە چووە قۆناغێکی نوێیوە، قائانی تەکتیکی جەنگەکەی لە زەمینەوە بۆ ئاسمان گۆڕی، ئەویش لە ڕێگەی بەکارهێنانی درۆنەکان بۆ پێکانی ئامانجەکانیان.

قائانی به‌ ته‌كتیكی نوێوه‌ پرۆژه‌كه‌ی قاسم سوله‌یمانی له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق ته‌واو ده‌كات

ئێستا درۆنی گروپە شیعیە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران، هەرکات و لەهەر شوێنێک بیانەوەێ، هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن، تەنانەت لە ناو قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستانیشدا.
جەنگی درۆنەکان، ئەوەی یەکلاکردەوە کە ئاسمانی هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەر هێرشی هیچ هێز و گروپێکدا پارێزراو نییە، پێچەوانەی ئەو بڕوایەی کە ده‌وترا "ئاسمانی هەولێر لە لایەن ئەمریکییەکانەوە دەپارێزدرێت".
تائێستا وادەرەکەوێت کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هیچ جێگرەوەیەکیان نییە، بۆ چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێگەگرتن لە هێرشی درۆنەکان، بە بەڵگەی ئەوەی درۆنەکان چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن، بێ ئەوەی بخرێنە خوارەوە. هەرچەندە چەند درۆنێکی نوێ و پێشکەوتوو هێنراونەتە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدەوە.
دواین هێرشی گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران، بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەی هەریر، کە بە 60 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوری رۆژئاوای شاری هەولێرەوە.
پێدەچێت هەوڵ و گفتوگۆکانی برێت ماککۆرگ نێردراوی تایبەتی جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەنجامێکی وەهای نەبووبێت لە بارەی وەستانی هێرشی گروپە چەکدارەکان.

هێرشێك به‌ فڕۆكه‌ی درون بۆ سه‌ر فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر


ناوەڕاستی ئەم مانگە، ماکگۆرگ بە سەردانێکی کتوپڕ گەیشتە بەغدا و چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، وابڵاوکرایەوە یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکە، گفتوگۆکردن بووە بۆ ڕاوەستانی هێرشی گروپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەرهێزەکانی ئەمریکا.
مانگی رابردووش، وەفدێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد، کە دەنگۆی ئەوە هەبوو بۆ داواکردنی ڕاوەستانی ئەو هێرشانەیە بۆ سەر هەولێر.
هەولێر، جگە لەوەی پایتەختی هەرێمی کوردستانە و دەیان کنسوڵ و نوێنەرایەتی وڵاتانی تێدایە، بە پێگەیەکی ئارامی هیزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانیش دادەنرێت.
بەڵام ڕەنگە چیتر ئەو ئارامییە بەردەوامی نەبێت، ئەگەر بێت و هێرشی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان رانەوەستێنرێن.
نا ئارامییەکە، تەنها بۆ هێزە بیانییەکانی ناو هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو زیادبوونی هێرشی دۆرنەکان، هاوڵاتیانی کوردستانی توشی ترس و دڵەڕاوکێی کردوە، وەک شیکەرەوەکان دەڵێن" بەردەوامی ئەم هێرشانە، پشێویی و ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئابوریش بە دوای خۆیدا دەهێنێت".

فرۆكه‌ی درون هاوكێشه‌ی جه‌نگی له‌ ناوچه‌كه‌دا گۆڕیووه‌

لە جیهاندا، 80 کۆمپانیا بۆ دروستکردنی درۆن بە فەرمی تۆمارکراون، کە 200 جۆری جیاوازی درۆن بەرهەم دەهێنن، کە هەندێکیان سەربازین و هەندێکیشیان بۆ کاری میدیایی بەکاردەهێنرێن.
بەڵام 980 دامەزراوە و کۆمپانیای دیکە هەن کە درۆن دروست دەکەن، بێ ئەوەی هیچ خۆ تۆمارکردنێکی فەرمیان هەبێت و زۆربەی هەرە زۆریشیان لە وڵاتی چینن.
ئەم کۆمپانیانە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و لەسەر خواستی لایەنی کڕیار، درۆنەکان بەرهەم دەهێنن.
ئەو درۆنانەی کە ئێستا لە لایەن گروپە چەکدارە شیعییەکانی سەر بە ئێرانەوە بەکاردەهێنرێن، دوو جۆرن، یەکەمیان، لە جۆری کۆداکۆپتەر و خێرایی کەمە و زیاتر بۆ چاودێریکردن بەکاری دەهێنن.
جۆری دووەم، ئینتەربرایزە کە دەتوانرێت بۆمبڕێژ بکرێت و دواتر لە ڕیگەی کۆنتڕۆڵێکەوە دەتەقێنرێتەوە.
سه‌رچاوه‌:
مایك نیوز ـ micnews


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ