سلێمانی لە پلەی یەكەم و هەولێر لە پلەی دووەمدایە

هەرێمی كوردستان.. زۆنی مەرگ بۆ بەرهەڵستكارانی ئێران

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.08.08 03:03 PM
886 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

هەرێمی کوردستان چیتر بۆ بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران شوێنێکی پارێزراو نییە، چونکە لە 70٪ ی نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی کە  تیرۆرکراون یان رفێنراون، لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بووە.
لەدوای راپەڕینی بەهاری 1991 خەڵکی هەرێمی کوردستان توانیان تاڕادەیەک لەژێر هەڕەشە و مەترسی رژێمەکەی سەدام حسەین دووربکەونەوە و نیمچە سەربەخۆییەک بەدەستبهێنن، بەڵام بۆ بەرهەڵستاکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەتایبەت پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەرێمی کوردستان بوو بە شوێنێکی پڕ مەترسی، ئەوەش دوای ئەوەى لە هەموو شوێنێک کرانە ئامانج.
حاڵی حازر هەرێمی کوردستان لە ریزبەندی یەکەمی ئەو شوێنانەیە کە پڕمەترسیترین ناوچەیە بۆ بەرهەڵستکارانی ئێران، بەوپێیەی 329 بەرهەڵستکار بەپلانی بەرپرسانی ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمدا تیرۆرکراون یان رفێنراون کە سەرجەمیشیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
دامەزراوەی عەبدولرەحمان برومەند کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە، لە تازەترین راپۆرتیدا، دەڵێ" لانی کەم لە 40 ساڵی رابردوودا 540 بەرهەڵستکاری کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی ئێران تیرۆرکراون، یان رفێنراون."
عەبدولڕەحمان برومەند سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری موقاومت ملی ئێران بوو، لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردوو لە فەرەنسا بەچەقۆ کوژرا و لە دۆسیەکەش پەنجەی تۆمەت بۆ بەرپرسانی ئێران درێژکرا.

وێنەی بەشێك لە بەرهەڵستكارە تیرۆركراوەكان

بەگوێرەی راپۆرتەکە، 380 بەرهەڵستکاری ئێران لە هەرێمی کوردستان کوژراون یان رفێنراون و 30 کەسیش لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا 329 بەرهەڵستکاری حکومەتی تاران لە باشوری کوردستان کراونەتە ئامانج.
زۆربەی جار دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، تۆمەتبار دەکرێن بە هاوکاریکردنی بەرپرسانی ئێران، لە دەستگیرکردن و رفاندن یان شوێنپێ هەڵگرتنی نەیارانی کۆماری ئیسلامی، بۆ ئەوەش چەند دۆسییەک هەن.
لە دوای عێراق و هەرێمی کوردستان هەر یەک لە پاکستان، تورکیا، فەرەنسا، ئەفغانستان و ئەڵمانیاش لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەدان کە زۆرترین بەرهەڵستکاری ئێرانیان تێدا کراوەتە ئامانج و ژمارەیەک بەرهەڵستکاریش لە نەمسا، سویسرا، بەریتانیا، سوید، ئەمریکا، ئیمارات، ئازەربایجان، هیندستان، پۆڵۆنیا، ئیسپانیا و فلیپین و چەند وڵاتێکی دیکە بوونە ئامانجی دەزگا ئەمنی و هەواڵگریەکانی ئێران.

بە گوێرەی بەدواداچوونەکان زۆرینەی ئەو بەرهەڵستکارانەی رۆژهەڵات لە پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری تیرۆرکراون هەولێریش لە پلەی دووەمدایە

ئەو دامەزراوەیە جەختی لەوەش کردوەتەوە، کە قوتاربوونی بەشێکی زۆری ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی دەسەڵاتی دادوەريی سەربەخۆ نییە، وایکردووە کردنە ئامانجی بەرهەڵستکارانی ئێرانی تیایاندا بەردەوام بێت و داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە رێوشوێنی توند دژی ئێران بگرنەبەر.
بەشێکی زۆری بەرهەڵستکارە تیرۆرکراوەکان، لە بەرپرسانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی وەک، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەن، کە لەناویاندا، هەردوو سکرتێری حزبی دیموکرات، دکتۆر قاسملۆ و دکتۆر سادق شەرەف کەندی هەن.

موسا باباخانی ئەندامی سەرکردایەتی حدک دوێنێ لە هەولێر تیرۆرکرا


هەروەها بە دەیان نوسەر و رۆژنامەوان و چالاکی سیاسی و مەدەنی، رۆژهەڵاتی کوردستان، لە باشوری کوردستان و دەرەوە، لە لایەن دەزگای هەواڵگری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.
زۆرجار هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، تۆمەتبار دەکرێن بە هاوکاریکردنی دەزگا هەواڵگريی و ئەمنییەکانی ئێران، بە هەڵگرتنی شوێنپێی بەرهەڵستکارانی ئەو وڵاتە، یان دەستگیرکردن و رادەستکردنەوەیان بە ئێران.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکان زۆرینەی ئەو بەرهەڵستکارانەی رۆژهەڵات لە پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری تیرۆرکراون، هەولێریش لە پلەی دووەمدایە، کە ژمارەیەکی بەرچاو کە چالاکوانانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان تێدا بوونەتە قوربانی.
لەگەڵ گرتنەدەستی دەسەڵات، لە لایەن کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 1979دا، زۆرینە ئەو گروپ و حزب و لایەنانەی بەشداربوون لە سەرخستنی شۆڕش کەوتنە بەر پەلامار و پاکتاوکردن.
لەوکاتەوە بەشێکی زۆری چالاکوانان ئاوارەی دەرەوە بوون، بەڵام ژیانی پەنابەری و دوورە وڵاتیش دادی زۆۆریانی نەدا و لەلایەن دەزگای هەواڵگری و گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرانە ئامانج.
تیرۆر و کردنەئامانجی بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتادا ئەو کاربەدەست و بەرپرسانەی حکومەتی پاشایەتی گرتەوە، کە بەرەو دەرەوە هەڵاتبوون، بەڵام دواتر پەلیکێشا بۆ بەرهەڵستکاران و تەنانەت ئەوانەشی کە لە وێستگەیەکدا لە کۆماری ئیسلامی جیاببوونەوە.
سەرچاوە: مایك نیوز ـ micnews 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ