هه‌نگاوه‌كانی پاشه‌كشه‌كردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ئه‌و وڵاته له لایه‌ن گروپه چه‌كداره‌كانی تاڵیبانه‌وه له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا، بوونه دوو روداوی گرنگ و سه‌رجه‌م میدیا جیهانیه‌كانی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵا كردوه.
ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه له‌و دوو روداوه، هێزو توانای بزوتنه‌وه‌یه‌كی چه‌كداره توندڕه‌و بوو له‌م پرۆسه‌یه‌دا، كه توانی له وڵاتێكی هه‌ژاری وه‌كو ئه‌فغانستان سه‌ركه‌وتنێكی سیاسی و سه‌ربازی گه‌وره به‌دی بهێنێت.
كاتێك سه‌یری وێنه‌ی دانوستانی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی و بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان ده‌كه‌ین، چه‌ند پیاوێك به جل و به‌رگی سه‌رده‌میانه به‌رامبه‌ر چه‌ند پیاوێك به جل و به‌رگی ته‌قلیدی و ساده دانیشتون، مرۆڤ تووشی سه‌رسوڕمان ده‌بێت له سه‌ركه‌وتنی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه و زاڵبونیهتی به‌سه‌ر واقیعه‌كه و گۆڕینی ریتمی روداوه‌كان بوو له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی..
دیاره بڕیاری پاشه‌كشه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان بریارێكی چاوه‌ڕوانكراو بوو، چونكه هه‌مو كه‌س ده‌زانێت له رابردوو به‌شێوه‌یه‌كی ڕون و ئاشكرا ئه‌مه‌ریكا كۆتاجار له هه‌ر وڵاتێكدا پاشه‌كشه ده‌كات كاتێك به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كۆتایی پێدێت. هه‌رچه‌نده چوارچێوه و جیاوازیه‌كان له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی تر بونی هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌رئه‌نجامی چاوه‌ڕوانكراوی تریش هه‌ن له داهاتوودا، گه‌ر بێت و تاڵیبان له‌سه‌ر هه‌مان سیاسه‌تی ئێستای بروات. ئه‌ویش بریتیه له شكست هێنان له به‌رێوه‌بردنی وڵات و ئه‌گه‌ری به‌رپابونی جه‌نگی ناوخۆیی دورمه‌ودا و پڕ له زیان.
ئه‌زمونه‌كانی رابردوو پێمان ده‌ڵێن، هه‌ر جه‌نگێگ كه بزوتنه‌وه‌یه‌كی یاخی دژی هاتنی هێزێكی بیانی كردویه‌تی، سه‌ركه‌وتوو بوه، بێگومان ئه‌مه‌ریكاش مێژوویه‌كی دورودرێژی هه‌یه له شكستی سه‌ربازی له‌سه‌ر ده‌ستی هێزه نا رێكخراوه‌كان، بۆیه ئه‌وه‌ی له ئه‌فغانستان رووده‌دات، روداوێكی كتوپڕ نیه، له ڤێتنام و سۆماڵا و عێراقیش ئه‌مه‌ریكا نه‌یتوانی به زه‌بری هێزی سه‌ربازی كێشه‌كان یه‌كلا بكاته‌وه و له كۆتاییدا پاشه‌كشه‌ی كردوه. ئه‌وه‌ی ئێستاش له عێراق رووده‌دات وێنه‌یه‌كی زه‌قی ئه‌م ئه‌زمونه‌یه.
ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ئارادایه، كۆنترۆڵكردنی ویلایه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ئه‌فغانستانه له لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبانه‌وه، كه له‌هه‌ندێكیان به زه‌بری هێز بوه‌و هه‌ندێكیان به رێگه‌ی دانوستانی ناوخۆیی بوو، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه له‌هه‌ردوو حاڵه‌ته‌دا، كۆنترۆڵكردنی روبه‌رێكی فراوانی خاكه‌كه‌یه. زۆربه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ش بریتین له ژماره‌یه‌كی چڕی دانیشتوان، كه ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ی دروست كردوه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت خه‌ڵكێكی زۆر ئاواره بێت و روبكاته وڵاتانی دراوسێی ئه‌و وڵاته.
تاڵیبان ده‌گاته هه‌ر شارێك، هه‌ر زوو ده‌ست ده‌كات به گۆڕینی سیسته‌می به‌رێوه‌بردنی شاره‌كه و له‌كاتی ئێستادا له گه‌رمه‌ی سه‌ركه‌وتنی سیاسی و سه‌ربازین، به‌ڵام چاودێران پێیان وایه ئه‌مه سه‌ركه‌وتنێكی كاتیه، گه‌ر سه‌رجه‌می سه‌ره‌داوه‌كان كۆ بكه‌ینه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، دواتر تاڵیبان شكستێكی گه‌وره ده‌هێنێ.
ئه‌گه‌ر وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌كی بهرنگاربووی هێزه داگیركه‌ره‌كان سه‌یری تاڵیبان بكه‌ین، ده‌بێت ئه‌زمونی بزوتنه‌وه رزگاریخوازیهكانی په‌نجا و شه‌سته‌كان بهینینه به‌رچاو، كه چۆن له به‌رێوه‌بردن و ئیداره‌ی وڵات‌دا شكستیانهێناوه. چونكه كۆتایی هێنان به هێزی بیانی پێویسته له‌گه‌ڵیدا لایه‌نی ئابوری و سیاسی و فیكریشی له‌گه‌ڵا بێت. له‌م شتانه‌شدا هێزی سه‌ربازی رۆڵی نیه. جه‌نگاوه‌ر و شه‌ڕكه‌ر سودی نابێت بۆ قۆناغی داهاتوو. زۆرێك له وڵاتانی ئه‌فریقیایی و ئاسیایی دوای شه‌رێكی دوردرێژ كۆتاییان به هێزی بیانی هێناوه، به‌ڵام هه‌میشه ده‌بونه دیلی وڵاتی داگیركه‌ر له‌روی ئابوریهوهو له‌سه‌ر رێچكه‌ی ئه‌وان ده‌رۆیشتن بۆ ئیداره دان.
ئه‌گه‌ر وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌كی ئیسلامیش مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تاڵیبان بكه‌ین، كه هه‌وڵی چه‌سپاندنی شه‌ریعه‌تی ئیسلام و فراوانبونی ئیماره‌تی ئیسلامی تاڵیبانی ده‌دات، ئه‌وه ئه‌زمونی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام(داعش)مان له‌به‌رچاوه. ئه‌زمونی هه‌ڵكشانی داعش، كه پڕ بوو له‌سه‌ركه‌وتن و زاڵبونی به‌سه‌ر ئاسته‌نگه‌كان، به‌ڵام نه‌یتوانی خۆی بگرێت و هه‌ر زوو شكستی هێنا. بۆیه هه‌ر سه‌ركه‌وتنێكی خێرا، به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر شكستێكی خێرا. ره‌نگه پلانه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌وه بێت و له‌داهاتودا له‌ناوچونی یه‌كجاره‌كی بزوتنه‌وه‌كه بێت!!!
ئه‌گه‌ر وه‌كو كاره‌كته‌رێكی سیاسی ئه‌فغانستانیش مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌كه بكه‌ین، كه هه‌وڵی گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات ده‌دات، ئه‌وه ئه‌زمه‌نی حوكم و ئیدارهدانمان له‌به‌رچاوه. هه‌رچه‌نده هێز مه‌رجی سه‌ره‌كی گه‌یشتنه به ده‌سه‌ڵات و مه‌رجی به‌رده‌وام بونیه‌تی، به‌ڵام هێز به ته‌نیا به‌س نیه. سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامی هه‌ر سیسته‌مێك به‌نده به لایه‌نی سیاسی و توانای له‌به‌كارهێنانی فاكته‌ره ناتوندتیژهكان كه یارمه‌تی مانه‌وه‌ی ده‌دات له‌ده‌سه‌ڵات.
لێره‌دا ئه‌گه‌ر سیسته‌مه‌كه دیموكراسی بوو، ئه‌وه به‌نده به به‌شداری گه‌ل و لێپێچینه‌وه و به‌دیهێنانی خواستی هاوڵاتیان. ئه‌و میكانیزمانه‌ش یارمه‌تی به‌رده‌وامبونی ده‌دات، ته‌نانه‌ت گه‌ر توشی ئاسته‌نگ و ئالنگاریی سه‌ختیش ببێته‌وه. به‌ڵام له سیسته‌می نا دیموكراسی، پێویستیان به بونیادنانی تۆرێكی پشتیوانی هه‌یه بۆ ده‌ستبه‌ركردنی پشتیوانی چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه، یان گره‌نتی بێ ده‌نگ بونیان له‌ئاست هه‌ر سته‌مێك به‌زه‌بری ترس.
ره‌نگه ئه‌زمونی تاڵیبان ببێته ئه‌زمونێكی هه‌ژمونداری نوێ و پشت ببه‌ستێت به پشتیوانی كردنی بزوتنه‌وه‌و ئایدیۆلۆژیه‌كانی به‌ناوی ئاین هه‌ن بۆ خزمه‌تی خۆی. به‌ڵام تاڵیبان به‌و شێوه‌یه ده‌بێته سیسته‌مێكی هه‌ژموندار به‌ناوی ئایین و ده‌چێته خزمه‌تی پرسه‌كانی تریش، دواجاریش به شكستێكی گه‌وره كۆتایی دێت و ره‌نگه له‌گه‌ڵ خۆشی‌دا بزوتنه‌وه‌كه راپێچی له‌ناوچون و نه‌مانی یه‌كجاره‌كی بكات.