کورد دیسان دەستیان بە شیکاریی سەیروسەمەرە کردوە لە بارەی ئەفغانستان کە تەسلیم به تاڵیبان کرا و خیانەتیان لێکرا و ئەو جۆرە قسانە! بەڵام ئەوەی باس ناکرێ سەرەتا بۆچ ئامانجێک ئەمەریکا چووە ئەفغانستان؟
دوای ١١ سێپتامبەر ئەمریکا مەرجی تەسلیمکردن یان دەرکردنی بن لادن و ئەلقاعیدە بوو، دوای ئەوەی تاڵیبان ئەوەیان ڕەتکردەوە بەرهێرشێک کەوتن کە چاوەڕوانیان نەدەکرد.
ئێستا و دوای ٢٠ ساڵ ئەمریکا لەگەڵ تاڵیبان لە قەتەر رێکەوتن کە جارێکی تر تاڵیبان رێگە نادات خاکی ئەفغانستان وەکو لانکەی پێگەیاندنی تیرۆری نێودهوڵهتی بەکاربهێنرێ، هەرگیز هێرشێک نەکرێتەوە سەر ئەمریکا کە سەرچاوەکەی لە خاکی تاڵیبانەوە بێت، واتە ئەوەی سەرەتا ڕەفزیانکرد ئێستا قبوڵیانە. لە بەرامبەردا ئەمریکا تەداخولی ژیانی ناوخۆیی ئەفغانییەکان ناکات تەنانەت ئەگەر خەلافەتی ئیسلامی تاڵیبان دابمەزرێنن! کە ئاماژەکان بۆ دامەزراندنی وەها خەلافەتێکە.
دوای کوشتنی بن لادن نەوەیەک لە ئەمریکا پێگەشتووە کە سەرەتاکانی دەنگدانیەتی و نایەوێ ئەفغانستان کێشەی ئەو بێت، دواجار ئامانجەکە لەناوبردنی بن لادن بووە ئەویش هاتۆتە دی، دەنگدەری ئەمریکی پێیوایە ئیشی ئەمریکا نییە کە ئەفغانستان بکات بە دیموکراسی کاتێک خەڵکەکەی نەیانەوێت.
لە دواین هەڵبژاردنی ئەمریکادا، ئەفغانستان بەهیچ شێوەیەک بابەتی قسەلێکردن و گرنگی دەنگدەری ئەمریکی نەبوو، ئەوەش هەمان سەردەمی ڕۆنالد رێگن و جۆرج بۆشی بیر خستینەوە کە ئەوکات ئەفغانستان گرنگیەکی ئەوتۆی نەما بەتایبەت دوای دەرچوونی سۆڤیەت لەو وڵاتە، لە کاتێکدا ملیاران دۆلاریان بۆ موجاهیدەکان سەرف دەکرد.
ئەمریکا و سعودیە لەڕێی پاکستانەوە ئەوکاتە ساڵانە ١ ملیار دۆلار پارە و چەکیان بۆ موجاهیدانی ئەفغانستان سەرف دەکرد، یەکێک لە کاریگەرترین چەکیان دا بە موجاهیدەکان کە دژە تانکی ستینکەر بوو، ئەم چەکە بەجۆرێک کاریگەر بوو کە زەرەری ١٢ ملیار دۆلاریان لە سوپای سوری سۆڤیەت وەشاند، ١٧ هەزار سەربازیان کوشت و ٤٠٠ فرۆکەیان خستە خوارەوە، ٢٧٥٠ ناقیلەی سەربازی سۆڤیەتیان تێکشکاند.
دواتر ڕۆناڵد رێگن لەگەڵ موجاهیدەکان دانیشت کە سەرەتایەک بوو بۆ دروستبوونی تاڵیبان، دوای ئەوکات ئەفغانستان لە سیاسەتی دەرەوە باسی نەما تا ١١ سێپتەمبەر.
جۆن مەککەین لە ساڵانی بەر لە مردنی پێیوابوو ئەمریکا نابێت ڕاستەوخۆ بەشداری هیچ شەرێک بکات، ئەوان توانیان لە سۆڤیەت ببەنەوە بێ ئەوەی یەک سەرباز بە کوشت بدەن، داعش بە لەناوبردن بدەن بە هەمان شێوە، دەی کەوایە لە ئەفغانستان چی دەکەن؟
بیرمان نەچێت مەککەین برادەری ٣٠ ساڵەی جۆ بایدن بوو، لە سینات یەکیان بەرپرسی کۆمیتەی سەربازیی و ئەویتریان بەرپرسی کۆمیتەی پهیوهندییهكانی دهرهوه بوو، بەردەوام لە سەفەرکردندابوون بەیەکەوە، کاریگەریی لەسەر بایدنیش دروستکردبوو لە بارەی ئەفغانستان، واتە ئەوەی ئێستا رەئی زۆرێک لە سیاسیەکانی ئەمریکایە لە هەردوو حیزب کە دواجار هەر دەبێت هەمان ئەو ڕێگایە بگرنە بەر بۆیە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات چاوەروانکراو بوو.
ئەوەی ئەفغانستانی گەیاندەوە خالی سفر شێرپەنجەی گەندەڵیی و جیاوازیی چینایەتی لە نێوان سەرکردەکان و خەڵکی ئاسایدا بوو، لە کاتێکدا خەڵکی ئاو، کارەبا و خۆراکی دەستناکەوێ کەچی سەرکردە سیاسیی و سەربازییەکانی ئەفغان لە دزینی ئەو یارمەتیانەی بۆ ئەو وڵاتە دەهات کۆشک و تەلاری ملیۆنان دۆلاریان بنیاد دەنا، خەریکی گەشت و سەفا بوون.
لە نمونەیەکدا باسکراوە کە سەرکردەکانی ئەفغانستان برا و ئامۆزاکانی خۆیان دزی فێڵیان لەیەککردوە، جا هەمان بەڵای گەندەڵی بەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی گرتووە هەرچەندە دۆخەکە جیاوازە بەڵام دەردەکە یەکە.
دواجار ئەمریکا باشتر دەتوانێ تاڵیبان کۆنترۆڵ بکات، بەهێنانە دەرەوەیان لە ئەشکەوتەکان و تەسلیمکردنی شار و بیناکانی حکومەت.
چێنهر عهوڵا ـ Chenar Awla