نهێنییه‌ سه‌یره‌كانی ژیانی سه‌دام حسێن

پیاوە كوردەكەی هەڵەبجە و سلێمانی.. چۆن بووه‌ وەرگێڕی تایبەتی سەدام حسێن؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2021.09.19 02:59 PM
2318 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

• ئەوەی باس دەکرێت، کە گوایە سەدام حسێن و عودەی کوڕی هاوشێوەیان هەبووە و دواتریش ئەم هاوشێوانە کتێبیان نوسیووە کە هاوشێوەی ئەوانن، ئەوانە هەمووی درۆ ''پڕوپاگەندەن" بۆ بازاڕی خۆیانە، ئەوان هیچ هاوشێوەیەکیان نەبووە و کەسیان لە جێگەی خۆیان بەکارنەهێناوە، بەڵام لە هەندێک شوێنی قەرەباڵغدا چەند ئوتۆمبێلێکی مارسیدس لە پێش خۆیان دەچوونە شوێنەکە و پاشان خۆیان بە سەیارەیەکی ئاسایی دەچوون، ئەوەی باس دەکرێت لەو کتێبانەدا بۆ بازاڕی خۆیانە.
• محەمەد سەعید سەحاف پیاوێکی بێ ئەقڵ نەبوو وەک ئەوەی باسی دەکەن، پیاوێكی ئاگاداربوو چەند زمانێكی جیاوازی دەزانی، کەسێکی خوێنەربوو ڕۆژانە چەندین کاتژمێر دەیخوێندەوە تەنانەت هەندێکجار تا کتێبەکەی بەردەستی تەواو نەکردایە نەدەچووە کۆبوونەوە.
• لە کاتی شەڕی ٢٠٠٣، تەنها قوسەی کوڕی و عەبدولحەمود شوێنی سەدام حسێنـیان دەزانی، هەندێک کاتیش تەنها عەبدولحەمود. 
• ئەو شەوەی بەغداد کەوت وەزیری بەرگریی سوڵتان هاشم، کە کەسێکی خۆشەویست نەبوو لای سەدام و نیازی بوو لایببات لە پۆستەکەی، بە گریانەوە هاواری کردبوو قوسەی سوپای لە ناوبرد و عەبدولحەمودیش دەوڵەت.

سامان عه‌بدولمه‌جید


• بنەچەم خەڵکی سلێمانییە و بابوباپیرم لە سلێمانی گەورە بوون، بەڵام خۆم لە بەغدا  گەورە بووم و خوێندم تەواو کرد، لە دەرەوە بە عەرەبی قسەمان دەکرد بەڵام باوکم لە ماڵەوە لێی قەدەغە کردبووین و هەموومان بە کوردی قسەمان دەکرد.
• لە ساڵی ١٩٨٧، لە بەردەم مزگەوتی گەورە پیاسەم دەکرد، یەکێك لە خزمەكانم منی بینی وتی سامان ئەوە تۆ لە کوێیت؟ وتم بۆچی؟ وتی جەنابی پارێزگار سێ کاتژمێرە بە دواتا دەگەڕێت؟ چونکە بروسكە لە بەغدا هاتووە، دەڵێت سەرۆک کۆمار دەڵێت هەر ئێستا دەمەوێت. ئەوکات من بۆ پرسەی خزمێکم گەڕابوومەوە بە ناوی حاجی خزڕ، هەر کە بروسکەکەم بینی بە سەیارەکەی خۆم شۆڤرلێتێکی مالیبۆم پێبوو گەڕامەوە بەغدا.
• هەر کە گەڕامەوە بانگیان کردم ببم بە وەرگێڕی سەرۆک کۆمار دوای ئەوەی لە چەند تاقیکردنەوەیەک دەرچوبووم، ئەوکاتەش یەكێک لە وەفدە گەورەکان دەهات توشی قەلەقی و بێتاقەتییەکی زۆر بووم، سەباح میرزا کە پاسەوانی تایبەتی سەدام بوو وتی مەترسە ئێمە هەرسێکمان کوردین، وتم مەبەستت کێ و کێیە؟ وتی تۆ، من و مازن، مازن یەکێک بوو لە کەسە نزیکەکان لە سەدام و لە ئەنجومەنی سکرتارێتەکەی بوو.

سامان عه‌بدولمه‌جید و عوده‌ی كوڕی سه‌دام


• سەدام چاوپۆشی لە خزمەکانی دەکرد لە هەندێک کەیسی گەندەڵیدا، وەک ئەرشەد یاسین کە مێردی یەکێك لە خوشکەکانی بوو، بازرگانی بە شوێنەواری عێراقەوە دەکرد، وە چاوپۆشیشی لێکرد.
• تارق عەزیز و هودا عەمماش،  تاکە کەس بوون لە ئەنجومەنی شۆڕشدا رەخنەیان لە سەدام دەگرت، تاڕق عەزیز هەندێکجار وتارەکانی بە سەدام حسێن دەگۆڕی، هودا عەماش کە تاکە ژن بوو لە ئەنجومەنەکە و نوێش بوو بێ ترس ڕاستەوخۆ ڕەخنەی لە سەدام دەگرت و ئەو گوێی لێ دەگرتن و پێشی خۆشبوو، رێزی تایبەتیشی لە تارق عەزیز دەگرت.
• جارێك وێنەیەکی گشتیان گرت قوسەی بە پێوەبوو تارق عەزیز شوێنی نەما بوو، سەدام حسێن بە قوسەی وت تۆ دانیشە ئەبێت تارق عەزیز بەپێوە بێت.
• ئەو دروشمانەی بەردەوام کارم لەسەر دەکرد، ''دز مەبە لە سوڵتانیش مەترسە'' بۆیە هیچ کاتێک پۆستەکەم بەکارنەهێنا بۆ هەندێک بەرژەوەندی تایبەت، زۆر کەسیش تەکلیفیان دەکرد کە هەندێک ئیمزا هەیە بیکەم، وە زۆر ئاسان بوو ئەو ئیمزایانە لە لایەن عەبدولحەمودەوە بکرێت، بەڵام هەرگیز نەمکرد چونکە دەمزانی پۆستەکەم دەخاتە مەترسییەوە.

سامان عه‌بدولمه‌جید وه‌رگێران له‌ نێوان سه‌دام و كۆفی ئه‌نان سكرتێری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات


• یەکێک لە پورەکانم هات بۆ ماڵمان داوای واستەی کرد بۆ کوڕە گەورەکەی کە پێشمەرگە بوو حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەرچووبوو. لەبەرئەوەی من وەرگێڕ بووم و لە سەدامەوە نزیک بووم ئەو داوایەی کرد، بەڵام من وتم داوای لێبووردن دەکەم من ئەو کارە ناکەم، پورم وتی تۆ زۆر گۆڕاوی، وتم واشبڵێیت من نایکەم چونکە بە ئێمە وترابوو تەداخولی سیاسەت مەکەن و کاری ئێوە سنوردارە، بەرنامەی کاری هەموومان نوسرابوو، ئەو تەکلیفەشمان بکردایە ‌قبوڵنەکراو بوو ڕووبەڕووی سزا دەبووینەوە.
• لە کاتی شەڕی ٢٠٠٣دا سەدام رۆمانەکەی دەنوسی، کێشەی گەورە هەبوو، مەترسی گەورەی کەوتنی عێراق هەبوو، بەڵام سەدام دەستنووسی ڕۆمانەکەی بۆ دەناردم بۆی بکەم بە ئینگلیزیی و بۆم دەناردەوە، بۆی دەناردینەوە بۆی هەڵەچن بکەین، راوێژکاری کاروباری مێژوویش بە رۆمانەكەدا دەچووە.
• لە ساڵی ١٩٨٧کاتێک حسێن حەبری هات لەكاتی بەڕێكردنی بۆ شوێنی حەوانەی، دەستی خستە سەرشانی من وتی: سبەی كاكە سامان یەك ملیۆن دۆلارت دەداتێ، بۆ سبەینێ سكرتێرەكەی سەدام هات و جانتایەكی پڕ پارەی پێ بوو، پێموت وەرە پێكەوە تەسلیمی دەكەین. 

سامان عه‌بدولمه‌جید ئێستا وه‌رگێری فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی و عه‌ره‌بلییه‌ له‌ كه‌ناڵی جه‌زیره‌ی قه‌ته‌ر


• سه‌دام زۆر ڕقی لە فێنککەرەوە بوو، هەمیشە فێنککەرەوەی ناو کۆشکەکەی ئەکوژاندەوە چونکە ئازاری پشتی هەبوو، هەموو جارێک کە دەچووم وەرگێڕانم بۆ دەکرد چەند پارچە کلێنسێکم دەبرد لەگەڵ خۆم تا ئارەقەکەمی پێ بسڕم، بۆیە کە دەیبینیم پاسەوانەکانی بانگ دەکرد فێنککەرەوەکان ئیش پێبکەن لەبەر سامان.
• لە ساڵی ١٩٩٦ کاتێک عودەی دەربازی بوو لە کوشتن، بە هەموو شێوەیەک پارەی دەبەخشی، چونکە پێیوابوو بە شێوەیەکی سەیر دەربازی بووە، پارەی دەبەخشیوە بە سەر هونەرمەند و سەماکار و مۆدێل، هەرکەسێکی بوویستایە پارەی پێدەدا.
• بازرگانی عودەی لەسەر نەوت و جگەرە بوو.
• ساڵی ١٩٨٠ بۆ ١٩٩٠ به‌ به‌هاى نزیکەی ١٠٠ملیار فرانکی فەرەنسی چەکی جۆراوجۆرمان لە فەڕەنسا کڕی.

سامان عه‌بدولمه‌جید و سه‌دام حسێن


• فەیلەسوفی گەورە رۆجیە گارودی پێشنیارێکی بۆ سەدام نارد، من نامەکەم بۆ خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو "سەرۆک  کۆمار دنیا داوات لێدەکات لە کوێت بکشێیتەوە، تۆش دەڵێیت ئەم وڵاتە بەشێکە لە عێراق، من حەلێکی وەسەتم هەیە، داوات لێدەکەم ئیستفتایەک لە کوێتدا بکەیت بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بزانە ئەوان دەیانەوێت لەگەڵ عێراق بن؟ یان دەیانەوێت سەربەخۆبن".
سەدام بەم جۆرە وەڵامی دایەوە "ناوچەیەکی دەوڵەمەند لەگەڵ ناوچەیەکی هەژاردا، چۆن داوا لە ناوچە دەوڵەمەندەکە بكرێت بچێتە سەر ناوچە فەقیرەکە؟ کوێت وڵاتێکی دەوڵەمەندە بەهۆی خێروبێری عێراقەوە بۆیە قبوڵی ناکەن بێنە سەر عێراق ".
• هەموو جارێک کە وەرگێڕانمان دەکرد، سەدام پاداشتی دەداینێ کە ٧٥ دۆلار تا١٠٠ دۆلار بوو، کە لە چاو پارەی عێراق بڕێکی زۆر بوو، سەڵاحییەتی گۆڕینی ئوتۆمبێلەکانمان لە دەسەڵاتی عەبدولحەموددا بوو، زۆر چاوەڕێم کرد تا بۆی گۆڕیم، جارێکیش داوام کرد کە شوقەکەم باش نییە بۆی گۆڕیم جارێکیش دوادەکەوتم لە تاقیکردنەوەی دکتۆرا، بۆیە پێموتن وتیان سەرۆک کۆمار کاری پێتە خۆمان بە زانکۆ دەڵێین بۆی دوابخەن، دوایانخست و کە چووم لە زانکۆ پێشوازیشیان لێکردم و تاقیکردنەوەی خۆشم کرد.

محه‌مه‌د نوری ـ ڕۆژنامه‌نووس


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ