لە مانگی ٨ ی ئەمساڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریکی ڕاپۆرتێکی ١٣٨ لاپەرەیی لە بارەی ڕووبەڕووبوونەوەکانی داعش و یارمەتی هاوپەیمان لە ناوچەکە و خەرجی و تێچوون و پلانە پێویستییەکان بۆ ساڵی داهاتوو ناردووە بۆ کۆنگرێس تاوەکو تاوتویێ بکەن. ئەو بەشەی کە پەیوەندیی بە کوردەوە هەیە بە کورتی و لەگەڵ بەڵگەی وێنەی ڕاپۆرتەکەشی دەکەینەوە لە چەند خالێکدا:-
بەوردیی باس لە جموجوڵەکانی داعش کراوە لە ماوەی ١٥ مانگدا، واتە لە ١/٢٠٢٠ وە تاوەکو ٧/٢٠٢١ . بەوشێوە بووە:
- ٪٣٨.٩ هێرشی گروپی بچوک بە چەکی بچوک بووە.
- ٪٣٠.٧ هێرشی رۆکێتی و ئارپیجی.
- ٪٦ ی هێرشەکانیان بە قەناس بووە.
- ٪٣.٥ هێرشی خۆکوژی و فڕاندن.
- ٪٨ ی ئاگر تێبەردان بووە.
- ٪٣ تەقاندنەوەی پرد و ڕێگا.
وەچەند جۆرێکی تریش.
ـ هێرشی مانگانەی داعش لە عێراق بەگشتی لە ساڵی ٢٠٢٠ هەموو مانگێک لە دەوری ١٠٠ هێرش بووە، تەنها مانگی ٤ و ٥ کە نزیکی ٢٥٠ هێرش بووە، مانگی ٤ و ٥ی ٢٠٢١ هەمان شێوە نزیکی سەرو ١٥٠ هێرش بووە.
ـ بەڕوونی ئاماژەکراوە، کە لەوە بەدوا لە پارێزگاکانی دیالە و دەوروبەری وادی الشەی لە کەرکوک و نەینەوا و باکوری بەغدا، داعش تاکتیکی هێرش کردنی پارتیزانی (هێرش، تێکشکاندن، کشانەوە و خۆبزرکردن) پەیڕەو دەکات. وە لایەنی پەیوەندیداریش ئاگادار کراوەتەوە کە ئامادەبن.
ـ باسکراوە کە ستراتیجیەتی ئەمریکا سەبارەت بە داعش لە عێراق بە کوردستانیشەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە بۆ (ڕاهێنانی جۆری و تایبەتی هێزەکانی سوپای عێراقی وە لە ناویاندا پێشمەرگەش) وە (بنیادنانی هەرێمێکی کوردستانی بەهێز کە بتوانێ ڕیفۆرمی ئابوریی بکات بەرەو ئارامبوون و بوژانەوە هەنگاو بنێ).( تا چەند ئەو ستراتیجیەتەی هاتۆتە دی جێگای پرسیارە)!
زۆر رێگا گیراونەبەر بۆ بەهێزکردنی ئەو ستراتیجیەتە، وە برەوی زیاتر بە هێزەکانی ئەمنی عێراقی و دژە تیرۆر و پێشمەرگە دراوە. بۆ ئەمەش دوو سەنتەری هاوبەش دامەزێندراون یەکیان لە بەغدا وە ئەوی تر لە هەولێر بە ناوی سەنتەر (کۆردیناتی هاوبەش).
ـ هێرشە هەواییەکان لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش بەردەوام بووە لە ساڵی ٢٠٢٠ نزیکی ٨٦ هێرش بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش کراوە وە لە ساڵێ ٢٠٢١ لە مانگی ٤ دوو هێرش و لە مانگی ٥ ی ئەمساڵ ٩ هێرشی هەوایی کراونەتە سەر داعش لە چیای حەمرین لە دوای شەهیدکردنی ٣ پێشمەرگە لەلایەن داعشەوە، سەرباری چەندین هێرشی هێزی هەوایی عێراقی. (داتای مانگ بە مانگ لە خوارەوەیە).
ـ لە مانگی ٦/٢٠٢١ یەکەم ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراقی دژی داعش ئەنجامدراوە تا دوای دامەزراندنی سەنتەری هاوبەش لە مانگی ١٠/٢٠٢٠ بەردەوامی هەبووە.
ئەمەش بۆ نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی و ڕێگەگرتن لە جموجوڵی داعش بووە لە ناوچەکە وە بە سەرکەوتوو لە قەڵەم دراوە!
ـ سەرکردەکانی کورد بە ئەمریکیەکانیان ڕاگەیاندوە کە یەکەی ٧٠، یەکەی ٨٠ ، هێزەکانی فریاگوزاری خێرا، ئاسایش، هەردوو دژە تیرۆر هی (پارتی و یەکێتی) توانای تەواو و پێویستیان لەبەردەستە بۆ روبەروبونەوەی داعش هەر بۆیە:-
- ٣٢ هەزار پێشمەرگەی وەزارەت دابەشکراون بەسەر ١٦ لیوا یان تیپ بە ناوچەکەدا دابەشکراون.
- یەکەی ٧٠ لە ٤٥ بۆ ٥٠ هەزار ئەندامن ئەرکیان پێسپێردراوە لەگەڵ دژەتیرۆری یەکێتی.
- یەکەی ٨٠ لە ٦٥ بۆ ٧٠ هەزار پێشمەرگە لەگەڵ دژەتیرۆری پارتی ئەرکیان پێسپێردراوە.
ئەم هێزانە بەردەوام لە زیادبووندان بۆیە پارەی زیاتریان پێویستە.
ـ هێرشەکانی پێشمەرگە و و دژەتیرۆر و زێرەڤانی و یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ بە وردی باسکراون کە بۆ سەر داعش ئەنجامیان داوە لە ماوەی ١٥ مانگدا وردەکاری هێرشەکان لە مانگی ٤ و ٥ بەم شێوەیە بووە:-
- ٦ ی٤ یەکەی ٨٠
- ٧ی٤ دژەتیرۆری پارتی
- ١٣ی٤ یەکەی ٨٠
- ١٥ی٤ یەکەی ٧٠
- ٢١ی٤ یەکەی ٧٠
- ٢٣ی٤ دژەتیری یەکێتی
- ٢٩ی٤ یەکەی ٧٠
- ٦ی٥ یەکەی ٨٠
- ٨ی٥ زێرەڤانی
- ١٠ی٥ یەکەی ٨٠
- ١١ی٥ یەکەی ٨٠
- ١٥ی٥ دژەتیرۆری پارتی
- ٢٩ی٥ یەکەی ٧٠ و سوپای عێراق
- ٤ی٦ دژە تیرۆری پارتی
- ٥ی٦ یەکەی ٧٠ و هێزی عێراقی
- ٦ی٦ یەکەی ٧٠ و هێزی عێراقی
(خشتەی وردەکاری لە خوارەوەیە).
ـ بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکانی پاراستن و زانیاریی ئەم ئۆپەراسیۆنانە ئەنجام دراون:-
- هاوپەیمانان و یەکەی ٨٠ ی پارتی بە هاوبەشی ٥ ئۆپەراسیۆنی نهێنیان ئەنجام داوە دژی داعش.
- هاوپەیمانان و یەکەی ٧٠ ی یەکێتی بە هاوبەشی ٢ ئۆپەراسیۆنی نهێنیان ئەنجامداوە دژی داعش.
- هاوپەهمانان و هێزەکانی روبەروبونەوە تیرۆری پارتی ٣ ئۆپەرەیشنی نهێنی.
- یەک ئۆپەرەشنی هاوبەشی دژەتیرۆری یەکێتی و هاوپەیمانان.
بڕی ئەو پارانەی لەلایەن ئەمریکیەکانەوە بۆ پێشمەرگە سەرفکراوە بەو شێوەیە:-
- ٣١/٣/٢٠٢١ بڕی ٥٠،٨٦٢،٤٧٧ ملیۆن دۆلاری بۆ مانگەکانی ٩/١٠/١١ ی ٢٠٢٠.
- لە ٢٧/٥/٢٠٢١ بڕی ٥١،١٣٧،٩٣٠ ملیۆن دۆلار بۆ مانگەکانی ١٢ی ٢٠٢٠ و ١/٢ ی ٢٠٢١
- لە ٢٤/٦/٢٠٢١ بڕی ٥٢،٧٩١،٥٤٥ ملیۆن دۆلار بۆ مانگەکانی ٣/٤/٥ ی ٢٠٢١.
- دوای ئەوە هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا بۆ هەر مانگێک لە دەوری (١٨ بۆ ٢٠) ملیۆن دۆلار پارەیان بۆ نێردراوە تا مانگە و مانگ دابەش بکرێت.
- ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو پارانە دەبێ بدرێ بە هێزە ڕەسمەیەکانی وەزارەتی پێشمەرگە نەک هێزە حیزبیەکان کە مەرجەکانی بێ لایەنبوونیان تێدا نییە!
ـ پێشنیارکراوە کۆنگرێس بڕی ٢٤٠ ملیۆن دۆلار تەرخان بکات بۆ روبەروبونەی داعش و یارمەتی پێشمەرگە بۆ ساڵی ٢٠٢٢.
ڕاپۆرتەکە و چەند سەرنجێك:
1/ بەهۆی ئەوەی بەپێی جموجوڵ و چالاکیەکانیان پێشمەرگە و هێزەکانی تر پارەیان لەلایەن هاوپەیمانان بۆ سەرفکراوە بۆیە پێدەچێ زیادەرۆیی لە لایەن بەرپرسان کرابێ لە ئەنجامدانی و ئۆپەراسیۆنەکان دژی داعش بەشێوەیەک هەر دەرچوونێکیان بە دەرچونی سەربازیی و روبەروبونەوە حساب کراوە، وایان دەرخستوە کە پشت بە زانیاریی هەواڵگری دەبەستن، جموجوڵ و گرتنەکانی دژەتیرۆر لەم دواییانە لە هەڵەبجە دەچێتە ئەو چوارچێوەیە.
2/ ئەم ڕاپۆرتە دەریدەخات کە شەڕ دژی داعش بەردەوام بووە لە ماوەی ٣ ساڵی رابردوو بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە، ئەی کەوایە کێ بەرپرسە لەو کەموکورتیانەی ئەم دواییانە کە بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە ٢٠ پێشمەرگە و هاوڵاتی و سوتانی گوندێک؟
3/ لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونە کە زۆری و بۆری لە ژمارە و جۆری پێشمەرگە و هێزی تایبەت و ٧٠ و ٨٠ و دوو دژەتیرۆر و ئاسایش هێزی کاردانەوەی خێرا و هێزی زانیاریی و هێزی پاراستن…هتد، وایکردووە کە بێ سەرەوبەرەیی تێکەڵیەکی دروستکردوە، کە غەیری مشەخۆری نادادی لە دابەشکردنی یارمەتییەکان هیچ کارێکی جدیان پێ نەکراوە.
4/ یارمەتیەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەردەوام بووە، مانگە و مانگ موچە و یارمەتیان بۆ ڕەوانە کراوە. هەر مانگێک لە دەوری ١٨ بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلار بووە، دەی کەوایە وەکو بینیمان بۆچی پێشمەرگە لە بەردەم مزگەوتەکان و بە جلی پێشمەرگایەتیەوە سواڵ دەکەن و چەند پێشمەرگەش لە فەقیریا خۆیان کوشتووە. ئەم یارمەتیانەیان بۆ بەدەست نەگەشتووە کێ بەرپرسە؟
لە کۆتایدا پێویستە ئاماژە بکەم من کە خوێندکارێکم و لە ئۆفیسی شوێنی کارەکەم دانیشتووم دەتوانم ئەو وردەکاریان بەدەست بهێنم و شیان بکەمەوە و لێیان تێ بگەم. ئەی چۆن حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە کە داتا و ڕاپۆرتەکانیان لە کاتی خۆیدا و بەرەسمی و وردی بەدەست دەگات توانایان نییە ئەوە بکەن تا لە بریارەکانیاندا پشتی پێ ببەستن بۆ ئەوەی نەکەونە هەڵەوە، ئەم بێ باکیە ترسناکە تاکەی بەردەوام دەبێت؟