قه‌ڵه‌مڕه‌وی بارزانی لە زاخۆوە بۆ بەسرە

خێزانێک.. ده‌یانه‌وێ لە سەری ڕەشەوە حوکمی هەموو عێراق بکەن

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2022.01.13 09:14 PM
1183 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە لایەن هۆشیار زێبارییەوە، ئەوا حوکمی هەموو عێراق لە زاخۆ وە بۆ بەسرە دەکەوێتە دەست بنەماڵەی بارزانی كه‌ لە سەری ڕەش دانیشتوون.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دواین ساتەکانی خۆپاڵاوتندا، هۆشیار زێباریی خاڵی (برای حه‌مایل خانه‌)، کاندید کرد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، لە ئەگەری وەرگرتنی پۆستەکەش، ئەوا حوکمڕانی عێراق دەکەوێتە ژێر ڕکێفی بارزانییەوە.
حاڵی حازر، خێزانی بارزانی، تەواوی پۆستە سیادی و گرنگەکانی هەرێمی کوردستانیان کۆنترۆڵکردوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لایەن نێچیرڤان بارزانی برازای مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە لایەن مەسرور بارزانی کوڕییەوە بەڕێوە دەبرێن، ئەمە جگە لە دەیان پۆست وەزارەتی دیکەی سیادی.
بارزانی چاوی لەوەیە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیش بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە، بەوەش خێزانەکەی دەبنە گەورەترین خێزانی حوکمڕان لە عێراقدا.

بارزانی ده‌یه‌وێ له‌ ڕێگه‌ی خاڵیه‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر به‌غداش بگرێت

دوو خولە، بارزانی موکوڕە لە بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠١٧ بە بڕیاری بارزانی، ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە سەرتاسەری هەرێمدا ئەنجامدرا و نزیکەی سەدا ٩٥ی خەڵکی کوردستان، دەنگیان بە جیابوونەوە لە عێراق دا.
بەڵام لەوکاتەوە بارزانی زیاتر ڕووی لە بەغدایە و دوای وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی عێراقیش لە لایەن فوئاد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمەوە، ئێستا چاوی لە سەرۆک کۆمارە، بۆ ئەوەش هۆشیار زێباری خاڵی کاندید کردوە.

هۆشیار زێباری، کوڕی مەحمود ئاغای زێبارییە کە دەکاتە برای حەمایل خانی خێزانی دایکی مەسعود بارزانی

لە ساڵی ٢٠٠٥ وە، وەک عورفێکی سیاسی، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کورد بووە و لە ناو کوردیشدا بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە بەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ مسۆگەر کراوە.

تەموزی ٢٠٠٧، جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی، رێککەوتننامەی ستراتیژییان بە سیفەتی سکرتێری گشتی یەکێتی و سەرۆکی پارتی ئیمزا کرد، کە بە گوێرەی رێککەوتنەکە پۆستی سەرۆک کۆماری بۆ تاڵەبانی و پۆستی سەرۆکی هەرێمیش بۆ بارزانی بێت.

هۆشیار زێباریى ده‌یه‌وێت جارێكی تر بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا پاش ده‌ركردنی له‌ 2016

هۆشیار زێباری، کوڕی مەحمود ئاغای زێبارییە، کە دەکاتە برای حەمایلەخانی خێزانی مستەفا بارزانی و دایکی مەسعود بارزانی.
هۆشیار زێباری تەمەن ٦٦ ساڵ، لە ٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١٦ دا، لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە متمانەی وەزیری دارایی عێراقی لێسەندرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەڵگەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سەدان ملیۆن دۆلاری لەسەر خرایە ڕوو، بەڵام ئێستا کاندیدی بارزانییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
نزیکەی ساڵێک پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، بارزانی هەموو هێزی خۆی خستەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، کە فوئاد حسێن کاندیدی بوو بەڵام لە بەرامبەر د. بەرهەم ساڵح دۆڕا، دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح بە توندی لە لایەن بەرپرسانی حزبەکەیەوە پشتیوانی کرا.
لەوکاتەوە تا ئێستاش نێوان بارزانی و بەرهەم ساڵح خراپە و بارزانی هەموو هەوڵێک دەدات ڕێگری بکات کە بۆ خولێکی تر، بەرهەم ساڵح پۆستی سەرۆک کۆماری وەربگرێتەوە.
بەشێکی زۆری موکوڕی بارزانی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار، پشتی بەو رێککەوتننامە رانەگەیەندراوە بەستووە، کە لە نێوان رەوتی سەدر و سوننەکاندا ئیمزای کردووە، لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دابەشکردنی پۆستەکان له‌ به‌غدا.

ئامانج خه‌لیل ـ ڕۆژنامه‌نووس


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ