جه‌نگ ئه‌وروپای كرده‌وه‌ به‌ پاشكۆی ئه‌مریكا

دواى 100 ڕۆژ.. سیناریۆی داهاتووی جه‌نگه‌كه‌ چییه‌ ؟

ره‌نج نه‌وزاد 2022.06.04 05:03 PM
711 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

دوای تێپەڕبوونی سەد رۆژ بەسەر جەنگەکەدا، ئەوەی ڕوونە کە هەر یەک لە ڕووسیا و ئۆکڕانیا لە دۆخێکی خوێن بەربوونی بەردەوامن. تائێستا نە ڕووسیا توانیویەتی بگات بەوەی خۆی دەیەوێت، نە ئۆکڕانیا توانیویەتی بگات بە ئامانجەکانی.
 ڕووسیا دەیویست ئۆکڕانیا بکاتەوە بە دەوڵەتێکی ملکەچی خۆی هاوشێوەی بیلارووسیا و ئۆکڕانیای پێش ٢٠١٤، هەر وەها دەیویست ناتۆ دووربخاتەوە لە سنوورەکانی و، ئۆکرانیا دان بە نیمچە دوورگەی کرێمیا بنێت وەک بەشێک لە ڕووسیا و بە سەربەخۆیی هەردوو کۆمارەکە، ئۆکڕانیا بێ لایەن و بێ چەک بکات... ئەمانە تا ئێستا هیچی ڕووینەدا و بەڵکو پێچەوانەکەی ڕوویدا، بۆ ئەوەی ئەمانە ڕووبدەن، جگە لە داگیرکردن یا گەمارۆدانی تەواوی کێیەڤ، بژاردەی تر نییە. دووبارە پەلاماردانی کێیەڤ، واتە جەنگێکی چەن ساڵە. ئەمەش کارەساتە بۆ ڕووسیا لە ئایندەدا. 
ئەوەی ئۆکڕانیا دەیەوێت، بریتییە لە کشانەوەی سوپای ڕووسیا لە نیمچە دوورگەی کرێمیا و خێرسۆن و ناوچەکانی دۆنباس، ئەمەش کارێکی ئەستەمە، ئەگەر ئۆکرانیا بیەوێت ئەو ئامانجە بێنێتە دی، ئەوا دەبێت چەکی زۆر جیاوازتر و کاریگەرتری پێ بگات لە لایەن ئەمریکاوە، ئەمریکا تا ئێستا ڕازی نییە ئەو جۆرە چەکانە بداتە ئۆکڕانیا. لەوانەیە ئەمریکا نەیەوێت جەنگەکە بگاتە ئەو ئاستە لە ئاڵۆزی و ترسناکیە. چونکە لە کاتێکی وادا، ڕووسیا کاردانەوەی ترسناکی دەبێت. 
بەپێی پێدراوەکانی ئێستا، دەکرێت یەکێ لە سیناریۆکان بریتی بێت لەوەی کە دوای چەن مانگێکی تر، لەوانەیە دوای هاوین، هەر یەک لە ئۆکڕانیا و ڕووسیا بگەن بە ڕێکەوتنێک بۆ وەستاندنی جەنگەکە. 
ئەو کات ئەو شوێنانەی کە ڕووسیا داگیری کردوون، لەژێر دەسەڵاتی ڕووسیا دەمێنێتەوە، بەڵام ئۆکڕانیا ئیعترافی پێ ناکات. ئۆکرانیاش دەبێتە بەشێک لە بەرەی رۆژئاوا و بە تەواوی دوور دەکەوێتەوە لە هەژموونی ڕووسی. لە دۆخێکی وادا، سزاکان لەسەر ڕووسیا دەمێننەوە، لەوانەیە بۆ سالێک یا زیاتر. 

نه‌خشه‌ی جه‌نگه‌كه‌ دوای 100 رۆژ ـ سه‌رچاوه‌: سوپای ئۆكرانیا


هەروەها پوتین دەتوانێت پاساوێکی هەبێت بۆ ناوخۆ بەوەی کە دەستکەوتێکی هەبووە لەو جەنگەدا. لەم سیناریۆیەدا دەبێت خارکێف و هەندێ ناوچەی تر کە هاوسنوورە بە ڕووسیاوە، بە دەست ئۆکڕانیاوە بمێنێتەوە و ڕووسیا داگیریان نەکات، بۆ ئەوەی ڕووسیا ناوچەیەکی ئارام وەک دیوار لە نێوان خۆی و ئۆکڕانیا درووست نەکات. ئەمەش هۆکارێکە کە بەرخودانی ئۆکڕانیا لە خارکێڤ زۆر بەهێزە.

پێویستە هیچ لایەنێک (ڕووسیا و ئۆکڕانیا) بە تەواوی دۆڕاو و براوە نەبن

ڕەنگە ئەم سیناریۆیە ویستی ئەمریکا بێت، چونکە جەنگەکە ئەگەر بەو سیناریۆیە کۆتای بێت، لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگونجێت. ئەمریکا توانی سنوورەکانی ناتۆ لەگەڵ ڕووسیا زیاد بکات، بەوەی فینلاند و سویدی هێنایە بەرەی خۆی و کردیانی بە کاندید بۆ ئەندامێتی ناتۆ،کێیەڤ نەکەوت و ئۆکڕانیا بە تەواوی دەبێتە بەشێک لە هەژموونی ئەمریکا، لە هەمووی گرنگتر توانی ئەوروپا و ڕووسیا لە یەکتر دوور بخاتەوە و، دوای ساڵانێکی زۆر ئەوروپا ناچار بوو پلانی وازهێنان لە وزەی ڕووسی دابنێت. هەر وەها زیانێکی گەورەی سەربازی و ستراتیژی لە ڕووسیا درا و، هەیبەتی سوپای ڕووسیا شکا لەم جەنگەدا، ژمارەیەکی زۆر لە سزای سەپاند بەسەر ڕووسیا و، لەوانەیە تا چەن ساڵێک بەردەوام بن، ئەمەش ڕووسیا ماندوو دەکات.

ئەم جەنگە ئەمریکای کردەوە بە بڕیاردەری سەرەکی ئەوروپا و ئەوروپای کردەوە بە پاشکۆی ئەمریکا، لاوازبوونی ڕووسیا و ئەوروپا بەرامبەر بە ئەمریکا یەکێکە لە دەستکەوتە گەورەکانی ئەمریکا.

ئۆكرانییه‌كان به‌ چه‌كی ئه‌مریكا و ناتۆ شه‌ڕه‌كه‌ درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌

خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە، ئەمریکا دەیەوێت ئەو ئامانجانە بەدەست بهێنێت بە بێ ئەوەی ڕووسیا ناچار بێت پەنا بۆ چەکی ترسناک و قەدەغەکراو ببات، ئەوەش بەوە دێتە دی کە ڕووسیا دەستکەوتێکی هەبێت. هاوکات، ئۆکڕانیا دان بەو ناوچانە نانێت کە ڕووسیا داگیری کردوون، ئەمەش واتە ئەگەری پێکدادان هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە. لەم سیناریۆیەدا، ئۆکڕانیا دەبێتە بۆمبێک، هەر کات ئەمریکا ویستی سنورێک بۆ ڕووسیا دانێت، دەیتەقێنێتەوە. 
ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە مەبەستی بوو ڕووسیا تێوەبگلینێت بە جەنگێکی وا ماوە درێژ و ماندووکەر، بەڵام هاوکات لە بەرژەوەندی ئەمریکا نییە ماوەی ئەم جەنگە بۆ ساڵانێکی زۆر درێژ بێتەوە، چونکە جگە لە زیانەکانی بۆ ڕووسیا و ئۆکڕانیا، زیانەکانی جیهانین و زیانی بۆ خودی ئەمریکاش هەیە. لێرەوەیە کارێکی عاقلانیە ئەگەر ئەم سیناریۆیە ڕووبدات. چونکە هەر یەک لە ئۆکڕانیا و ڕووسیا رۆژانە دەیان ملیۆن و ڕەنکە ملیار دۆلار زیانیان بەربکەوێت، دەیان و سەدان سەربازیان لێ دەکووژێت، درێژ کردنەوەی ئەم دۆخە بۆ ساڵێکی تر یا زیاتر، هەردوو وڵات بەرەو کارەسات دەبات، ئۆکڕانیا لە ڕووی مرۆی و ژێرخان و سەربازی و ئابووریەوە وێران دەبێت، ڕووسیا لە ڕووی سەربازی و ئابووریەوە. 
بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخە، پێویستە هیچ لایەنێک (ڕووسیا و ئۆکڕانیا) بە تەواوی دۆڕاو و براوە نەبن. 
هەر چەن لە جەنگدا لۆژیک و عەقلانیەت مەرج نییە بایەخی هەبێت، دەکرێت سیناریۆیەک ڕووبدات، کە تەنانەت پوتین و ئەمریکا و ئۆکرانیاش چاوەڕێی نەبن. لە جەنگدا چەندین ویست و پلان و  فاکتەری دژ بەیەکتر هەیە و کارلێک دەکەن، دەکرێت لە ئەنجامی کارلێکردنی ئەو فاکتەرانە، ئەنجامێک ڕووبدات، هیچ کام لە بەرەکانی جەنگ چاوەڕێی نەبووبن پێشتر.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ