پیلانی چوار داگیركه‌ره‌كه‌ دژى هه‌رێم و ڕۆژئاوا چییه‌ ؟

ڕۆژئاوای كوردستان.. له‌ به‌رده‌م ئۆپراسیۆنی پێنجه‌می توركیا

ره‌نج نه‌وزاد 2022.06.23 12:10 AM
899 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

 لە ٢٠١٦ەوە تورکیا چوار ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجامداوە دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان. بەپێی پلانی تورکیا لایەنی کەم دوو ئۆپراسیۆنی تری ماوە کە ئەنجامی بدات. لەم چەن هەفتە و مانگەدا ئەنجامدانی پێنجەم ئۆپراسیۆن ئەگەرێکی نزیکە.
 چەن هۆکارێک هەیە بۆ ئەم ئۆپراسیۆنە، گرنگترینیان: 
١. تورکیا نەگەیشتووە بە هەموو ئامانجەکانی لە رۆژئاوا تائێستا، بۆیە تا گەیشتن بە ئامانجەکانی، ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە. ئەم ئۆپراسیۆنە درێژکراوەی ئۆپراسیۆنەکانی پێشترن، هەموویان سەر بە یەک پلان و ستراتیژن. 
٢. لە ئێستادا پێگەی دبلۆماسی تورکیا بەهۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکڕانیا- گرنگتر و کاریگەرترە، ناتۆ دەیەوێت پارێزگاری لە یەکگرتووی ئەندامانی بکات لەم کاتەدا. هەروەها کەیسی بە ئەندامبوونی فینلاند و سوید لە ناتۆ و ڕازیبوونی تورکیا بەوە، تا ڕادەیەکی کەم گرنگی داوە بە پێگەی تورکیا و گوێگرتن لە خواستەکانی.
٣. بەهۆی جەنگی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە، ڕووسیا هەندێ ناوچەی بەجێهێشتووە لە سووریا و تەرکیزی سەرەکی لەسەر ئۆکڕانیایە. لە ئێستادا ڕووسیا به‌راورد بە جاران، پێگەی بەهێز نییە لە سووریا. جگە لەوەی تورکیا تاکە ئەندامی ناتۆیە لە ئیستادا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕوسیا لە ئاستێکی باشدایە، لەوانەیە ئەوە بۆ ڕووسیا گرنگ بێت و نەیەوێت لەم کاتەدا تورکیا نیگەران بکات.
٤. ئەو بۆشاییانەی کە ڕووسیا بەجێی دەهێڵیت لە سووریا، ئێران پڕی دەکاتەوە، ئەمەش لای تورکیا مایەیی نیگەرانییە.
 بە کورتی تورکیا پێیوایە ئەمە گونجاوترین کاتە بۆ دووبارە دەستکردنەوە بە پلانەکەی، کە نەهێشتنی ڕۆژئاڤای کوردستانە یان تەواو لاوازکردنی و، درووستکردنی ناوچەیەکی ئارام بە قووڵایی ٣٠ کم. 
تێگەیشتنێک هەیە لە ناو کورد، زۆرباوە و تا ڕادەیەک زۆرینە باوەڕی پێدەکەن، ئەویش ئەوەیە کە تورکیا چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و ڕووسیایە بۆ هێرشکردن.
 ئەمە لە ڕوویەکەوە ڕاستە کە بێ گومان تورکیا دەیەوێت ڕەزامەندی ئەمریکا و ڕووسیا بەدەست بهێنێت بۆ هێرشەکانی، بەڵام ئەگەر تورکیا دڵنیا بێت کە هەڕەشەی جدی هەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، هەروەها کاتەکەی گونجاوە بۆ هێرشکردن، بەڵام ئەمریکا و ڕووسیا ڕازی نابن و گڵۆپی سەوز هەڵناکەن، ئەوا تورکیا بەبێ گوێدانە ئەمریکا و ڕووسیا هێرش دەکات.
 لە ڕۆژئاوای کوردستانیش ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە زۆر باوە، گوایە ئەگەر ئەمریکا و ڕووسیا ڕازی نەبن ئەوا تورکیا هێرش ناکات. 
پرسی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ هەر دەوڵەتێک گرنگترین پرسە. پاشان هەڵگیرساندنی جەنگ مەرج نییە بڕیارێکی عاقلانی و لۆژیکی بێت، دەکرێت تورکیا هێرش  بکاتە سەر رۆژئاوا و تووشی قەیڕان و زیانی گەورە بێت، هاوشێوەی ئەوەی ڕووسیا لە ئۆکڕانیا. لەوانەیە تورکیا وا بیر بکاتەوە کە نا ڕەزایەتی ئەمریکا و ڕووسیا کاریگەری گەورەی نابێت، چونکە هەردوو دەوڵەت ئامادە نین لەبەر کوردانی رۆژئاوا، تورکیا لەدەست خۆیان بدەن  و دژی تورکیا ڕەفتار بکەن، لەوانەیە تەنیا لە چوارچێوەی نا ڕەزایەتیەکی زارەکی و هەندێ سزای سوک بێت. تەنانەت ئەگەر تورکیا بزانێت ڕووسیا و ئەمریکا هاوکاری رۆژئاڤا دەکەن دژ بە تورکیا، ئەوا تورکیا هەر هێرش دەکات. 
 بە کورتی کوردانی رۆژئاوا پێویستە دڵنیا بن، تورکیا نەک یەک جاری تر، بەڵکو دوو جار یان چەن جارێکی تر ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدات، ئیتر لەم هەفتەیە بێت، یا مانگی داهاتوو یا ساڵی داهاتوو. خۆ ئامادەکردن و هەوڵدان بۆ گەیاندنی گەورەترین زیان بە  تورکیا، تاکە چارەسەرە. 

 ئەوەی تورکیا لەم ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەدا زۆر تەرکیزی لەسەرە، دوو ناوچەیە؛ ناوچەی (منبج) و ناوچەی (تل رفعت). هەردوو ئەم ناوچەیە سەر بە پارێزگای (حلب)ە. لە ٢٠١٦ەوە هەردوو ئەم ناوچەیە هەسەدە بەڕێوە دەبات دوای دەرکردنی داعش. 
 ئەوەی گرنگە دەبێت بیزانین، هەسەدە بە هاوکاری ئەمریکا چووە ناو منبج، کەواتە منبج تا ڕادەیەک سەر بە زۆنی ئەمریکایە، بەڵام بە هاوکاری ڕووسیا چووە ناو تل رفعت، واتە تل رفعت زۆنی ڕووسیا و ئەسەدە. ئەوەش وەک کارتێکی فشار و کاردانەوەیەکی ڕووسیا بوو بەرامبەر تورکیا لە دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکە ڕووسیەکە لە لایەن تورکیاوە. 
 گرنگی منبج لەوەدایە کە ناوەندێکی سەرەکی بازرگانی و ئابوورییە لە ناوچەی رۆژئاڤا و باکووری سووریا، ئەم شارە وەک پایەیەکی گرنگی ئابووری هەسەدەیە. بە براورد بە شارەکانی تری سووریا، ژێرخانی ئەم شارە کەمتر وێران کراوە. هەر بۆیە تورکیا دەیەوێت بەشێکی زۆری ئاوارە سووریەکان لەوێدا نیشتەجێ بکات، چونکە خانو و شوێنی ژیانی ئامادەکراوی هەیە.
 منبج دەکەوێت سەر ڕێگای سەرەکی سووریا (M4) کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سووریا بەیەکتر دەگەیەنیت، ئەم ڕێگایە بۆ هەموو لایەنەکانی ناو سووریا زۆر گرنگ و هەستیارە.
 منبج ناوچە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی فورات وەک حەسەکە و قامشلۆ دەگەیەنیت بە ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوای فورات وەک عفرین. هاوکات بەنداوی (تشرین) کە بەنداوێکی سەرەکییە لە رۆژئاڤا و باکوری سووریا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، دەکەوێتە ئەم شارەوە. ئەوەی تورکیا هەمیشە باسی دەکات کە درووستکردنی ناوچەیەکی ئارام بە قووڵایی ٣٠ کم، بە بێ گرتنی منبج نایەتە دی. 
 ناوچەی (تل رفعت) هاوسنووری عفرینە، ئەگەر تورکیا (تل رفعت) داگیربکات ئەوا جگە لەوەی عفرینی داگیرکردوە و، کوردی لێ دەرکردوە، ئەوا لە دەوروبەری عفرینیش ئیتر کورد نامێنێت. واتە بە تەواوی عفرین دوور دەخاتەوە لە هەژمووی کورد.  
 لە ئێستادا تل رفعت ناوچەیەکی گەمارۆدراوە، لە باکور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی شارەکەوە لە لایەن تورکیا و گروپە تیرۆرستیەکانی سەر بە تورکیا گەمارۆدراوە کە لە شاری الباب و وعفرینن، لە باشوورەوە لە لایەن سوپای ئەسەد و گروپە تیرۆریستیەکانی ئێرانەوە گەمارۆ دراوە.
 دوای ئەوەی تورکیا شاری (الباب)ی گرت، ئەوا منبج و (تل رفعت)ی لە یەکتر دابڕی، بەوەش تل رفعت لە ناوچەکانی هەسەدە دابڕا. بۆئەوەی هاوکاری هەسەدە بگات بە چەکدارەکانی لە تل رفعت، دەبێت ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەسەد بەکاربهێنن.
 لەبەرئەوە، هەسەدە لەو ناوچەیەدا پەنای بردوە بۆ سوپای سووریا و میلیشیاکانی ئێران، بەو هیوایەی لە ڕێگەی سوپای سووریاوە، رووسیا ئەو شارە بپارێزێت. بەردەوامی هەسەدە لە تل رفعت، کارێکی قوورسە، ئەگەر تورکیاش نەیگرێت، ئەوا سووریا و میلیشیا ئێرانیەکان کۆنتڕۆڵی دەکەن. وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا، تل رفعت سەر بە زۆنی ئەمریکا نییە. 

ئه‌ردۆغان جه‌نگی ئۆكرانیا و سه‌رقاڵی زلهێزه‌كان به‌ هه‌ل ده‌زانێ بۆ په‌لاماردانی رۆژئاوا

 ئەگەر تورکیا ئەو دوو ناوچەیە داگیر بکات، ئەوا کۆبانێ و هەندێ ناوچەی تری رۆژئاڤا بە ئاسانتر دەگرێت، چونکە داگیرکردنی منبج، ڕێگە خۆش دەکات بۆ داگیرکردنی کۆبانێ. جگە لەوەی داگیرکردنی منبج، لە ڕووی ئابووری و لۆجیستی وسیاسیەوە گورزێکی گەورە دەبێت بۆ دەسەڵاتی هەسەدە. داگیرکردنی تل رفعت، واتە نەهێشتنی کاریگەری کورد لە نزیک عفرین. ناوچەی عفرین بە براورد بە ناوچە کوردییەکانی تر، نزیکترین ناوچەی کوردییە لە دەریای سپی ناوەڕاست، تورکیا و سوریا و ئێران زۆر مەبەستیانە کورد لەو ناوچەیەدا هیچ دەسەڵات و پێگەیەکی نەبێت.
 خاڵێکی گرنگ هەیە پێویستە ئاماژەی پیبدرێت، دەکرێت تورکیا لە رێگەی ئەم ئۆپراسۆنەوە دوو  جۆر ئامانج بپێکیت، داگیرکردنی هەندێ ناوچەی نوێی رۆژئاوا لە لایەن سوپاکەی خۆی و گروپە تیرۆریستیەکانی سەربەخۆی، هەندێ ناوچەی تری رۆژئاڤا لە رێگەی فشارەوە، وایان لێ بکات پەنا ببەنە بەر سوپای سووریا و گروپە تیرۆریستەکانی ئێران. بەمەش بەشێکی رۆژئاوڤا دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی تورکیا، بەشێکی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی سووریا.
 ئەمەش تاڕادەیەک بە ڕوونی دەرکەوتووە، هەسەدە داوای لە بەشار و گروپە چه‌كداره‌کانی ئێران کردوە کە هاوکاری بکەن دژ بە تورکیا. بە تایبەت لە ناوچەی تل رفعت، بەبێ سوپای سووریا، ئەستەمە  هەسەدە بتوانێت شەڕی تورکیا بکات. بەرخودان لە شاری منبج بۆ هەسەدە ئاسانترە، چونکە جارێ بەستراوەتەوە بە ناوچە کوردییەکانی ترەوە، هەروەها تا ڕادەیەک سەر بە زۆنی ئەمریکایە. لەوانەیە ئەمریکا بۆ ڕێگرتن لە هەژموونی سووریا و ڕووسیا و ئێران لەو ناوچانەدا، هاوکاری هەسەدە بکات یاخود هەوڵی جدی بدات بۆ ڕێگرتن لە تورکیا. ئەمەش تەنیا ئەگەرێکە و دەکرێت وا نەبێت. 
 ئەگەر ئەم ئۆپراسیۆنە سەرکەوتوو بێت، ئەوا دەکرێت ساڵی داهاتوو ئۆپراسیۆنێکی تر ئەنجام بدرێت، هاوکات هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەم ئۆپراسیۆنانە. 
 یەکێ لە پلانەکانی تورکیا ئەوەیە باشوور و رۆژئاوای کوردستان لە یەکتر داببرێت. ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستانیش لە یەکتر داببرێت. بۆیە زۆر گرنگە لەم ئۆپراسیۆنەدا، ئەگەر ئەنجام بدرێت، زیانی گەورە و کاریگەر بەر تورکیا بکەوێت، بۆ ئەوەی هەموو ساڵێک ئەم جۆرە ئۆپراسیۆنانە ئەنجام نەدات و بزانێت کە زیان و باجەکانی زۆر قوورسن.


 پلانێک هەیە لە لایەن هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەوە، بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت، ئەویش هەوڵدانە بۆ نەهێشتنی پێگە و دەسەڵاتی کورد لە ناوچەکەدا. کورد دوو دەستکەوتی هەیە، هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا. فشارەکانی عێراق بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، مووشەکەکانی ئێران و ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە پاساوی نەوت و پەکەکە و ئیسرائل... تەنیا بۆ زیاتر لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە وەک سەرەتایەک بۆ لەناوبردنی.
 هاوکات ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا بۆ رۆژئاڤا و ناچارکردنی رۆژئاڤا بۆ پەنابردن بۆ سووریا و ئێران و رووسیا، تەنیا یەک مانای هەیە، ئەویش لەناوبردنی رۆژئاڤا. 
 ئەگەر تورکیا سەرکەووتوو نەبوو لە ئۆپراسیۆنەکانی یان هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاڤا ڕابگرێت، ئەوا بە دڵنیایەوە دەیبینین چۆن سوپای سووریا و هاوشانی ملیشیا ئێرانیەکان پەلاماری رۆژئاڤا دەدەن. تورکیا و ئێران و عیراق و سووریا، ئیتر بە ڕێککەوتنی هەر چواریان بێت بە یەکەوە یان نا، دەیانەوێت هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا لەناو ببەن. 
 بۆیە زۆر پێویستە هەسەدە بزانێت کە سووریا و ئێران، هاوشێوەی تورکیا داگیرکەر و دووژمنن، هەڵەیە ئەگەر لە پێناو ڕزگاربوون لە داگیرکاری تورک، پەنا ببرێتە بەر داگیرکاری فارس و عەرەبی سووری بەعسی.
 پرسیار ئەوەیە چی بکرێت..؟
ئەمەیان هەسەدە کە خۆی لە ناو جەرگەی ڕووداوەکانە دەبێت وەڵامی بداتەوە، چۆن توانیویەتی بە پێچەوانەی خواستەکانی تورکیا و سوریا، ئەو ناوچانە بە هاوکاری ئەمریکا کۆنتڕۆڵ  بکات، دەکرێت بژاردەی تر هەبێت بۆ درێژەدان بەو دەستکەوتانە و مانەوەیان. قەدەری نەتەوەیەک نابێت دوو بژاردە بێت، یا تورکیا داگیرمان بکات، یا زەلیل و کۆیلەی بەشار ئەسەد بین. 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ