لە ئەگەری ئەدەنەی دووەمدا !؟

2023.. ساڵى مان و نه‌مانی ڕۆژئاوای كوردستانه‌؟

هونەر تۆفیق 2023.01.02 10:44 PM
1052 جار خوێندراوەتەوە

نزیکەی دە ساڵە ئەردۆغان ئەو نەخشەیەی دەستی، بە ناو مەحفەلە نێودەوڵەتییەکانی ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپادا دەگێڕێت. پشتی بەستووە بەو ڕێکەوتنەی ئەدەنەی 1998 لەگەڵ دەوڵەتی سوریادا کراوە، کە تا قوڵایی 35 کم ڕێگە بە سوپای تورکیا بدرێت بۆ پاراستنی ئەمنیەتی وڵاتەکە لە کاتی هەر هێرشێکی چەکداری لە خاکی سوریاوە بۆ ناو تورکیا، سوپای تورکەکان بۆیان هەبێت بەو قوڵاییە بچنە نێو خاکی سوریاوە. 
بەڵام لە دیدی سوریاوە، ئەو بۆشاییە ئەمنیەی لە سوریادا دروست بووە هۆکار و هاندەری سەرەکی دەوڵەتی تورکیایە کە بە هەزاران چەکدار و دەیان گروپی تیرۆریستی خزاندۆتە ناو وڵاتەکەوە، بۆیە ڕێکەوتنی ئەدەنە لە لایەن تورکیاوە شکێنراوە نەوەک سوریا.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانی لە داواکاری جێبەجێکردنی پرۆژەی نەخشەکەی ئەردۆغان ناکات، کە بیانوی گەڕاندنەوەی سێ ملیۆن ئاوارەی سوری بۆ ئەو سنوورە لە خۆگرتووە. 

كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ـ نیویۆرك 2019

لە پاش دەیان کۆبوونەوەی نهێنی نێوان سوری و تورکەکان، لە دواجاردا بە نێوەندگیری ڕوسیا ڕێکەوتوون بۆ گەڕانەوە بۆ ئیتفاقیەی ئەدەنە، سوریەکان داوای کشانەوەی سوپای تورکیا و هێزە موالیەکانی ئەنقەرەیان کردووە لە بەرامبەردا بە درێژایی هێلی ئیم چوار سنووری تورکیا بپارێزێت. تورکەکانیش داوای داماڵینی کوردەکانیان کردووە لە چەکەکانیان، لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنەدا:
یەکەم/ هاوکێشەی خۆرهەڵاتی فورات کە بە دەستی کورد و ئەمریکییەکانەوەیە، گۆڕانکارییەکان یان شەڕی ڕاستەوخۆی سوری و ئەمریکی لێدەکەوێتەوە کە ڕوسەکان تیایدا بێلایەن نابن، یان کوردەکان خۆیان دەکەنە بەشێک لە هێزی بەرگری سوری کە به‌وه‌ش هاوپەیمانی ئەمریکییەکان لە دەست دەدەن. 

ئێستا ته‌نها ئه‌مریكییه‌كان پشتیوانی قه‌واره‌ی رۆژئاوا ده‌كه‌ن

دووەم/ یان هێزی چەکداری کوردی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و لە فۆرمی حیزبێکی سیاسی کوردی سوریدا بەشداری پرۆسەی سیاسی دەکاتەوە لەو وڵاتەدا.
سێهەم/ دەشێت ئەو هێزە کوردیە بەشە سەرەکی و عەقائیدیەکەی بە چەکەکانیانەوە وەک هێزی چاودێری و فریاگوزار لە چیای سنجار و قەندیلدا جێگیرببن، بەشە سیاسیەکەی بگەڕێنەوە ناو ژیانی مەدەنی و سیاسی لە وڵاتدا. 
لە هەرکام لەو ئەگەرانەدا بێت، گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکەدا بەڕێوەیە کە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە باش یان خراپ لێی بەدەر نابێت، ساڵێکی قورس و هەستیار  بۆ کۆی ناوچەکە بەڕێوەیە..


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ