لە چەپه‌وه‌ بۆ حیزبی بنەماڵە و پشتاوپشت

كوردستان لە فەراغێكی گەورەی بزوتنەوەی چەپدا

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر 2023.01.15 10:57 PM
833 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

لە مێژووی نوێی كوردستان، بیری چەپ هەوێنی دروستبوونی بزوتنەوەی سیاسی و قەومیی بووە، ئەم بزوتنەوەیە لەناوەڕاستی چلەكان، قۆناغێكی نوێی بڕی كە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو وەك چوارچێوەیەكی ئۆرگانیی بۆ خەباتی سیاسی و فكری. بزوتنەوەیەك بوو رابەرانی بریتی بوون لەدەستەبژێرو نوخبە هەرە خوێندەوارەكانی عیراق و كوردستان. بەبیروباوەڕ چەپ بوون و دژی دەرەبەگ و چەوساندنەوەی هەژاران بوون و هەروەك جگە لەخواستی قەومی، دژی حوكم و رژێمی پادشایەتیی و دەسەڵاتدارێتی پشتاوپشت بوون.
لەسەرەتای شەستەكانی رابردوو، لەدوای رووخانی رژێمی پادشایەتی، بارودۆخێكی نوێ‌ لەعیراق دروستبوو. كرانەوەیەك بۆ كوردو گەلانی عیراق دروستبوو. ئەوكاتە دەرەبەگ و موحافیزكار یان كۆنەپارێز تێكەڵ بەبزوتنەوەی سیاسی كورد بوون، دەتوانین بڵێین چەپەكان دەستی موحافیزكارانیان راكێشا بۆ ناو بزوتنەوەی سیاسی كورد لەعیراق، زۆر بەخێرایی گەشەیانكردو باڵی راستڕەو لەناو بزوتنەوەی سیاسی كورد بەتەواوی چەكەرەی كردو بوونە هێزێكی كاریگەر.
هەرزوو لەسەرەتای شەستەكان، هەردوو باڵەكە "راست و چەپ" لەناو بزوتنەوەی سیاسی كورد بەریەككەوتن، باڵی مەكتەبی سیاسی رەوانشاد مامجەلال رابەرایەتی دەكرد و راستڕەو و موحافیزكارەكانیش مەلا مستەفای رەحمەتی رابەرایەتی دەكرد. دانویان بەیەكەوە نەكوڵاو خێرا لەیەكتر دابڕان. لەوێوە باڵی جەلالیی و مەلایی دروستبوو.

تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان مسته‌فا، دوا نوێنه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ

لەلایەن بەشێك لەشایەتحاڵانی مێژوو دەگوترێت ئەو لێكترازانە، دابڕان بوو لەنێوان نوخبەی خوێندەواری بزوتنەوەی سیاسی كە داكۆكیان لە بنەمای كاری رێكخراوەیی دەكرد لەگەڵ موحافیزكارو كۆنەپارێزانی نێو ئەو بزوتنەوەیە كە پشتیوانیان لەهەرەمی خێڵەكی دەكرد لەناو حزب. رەخنەی ئەوكاتەی بەشێك لەسەركردایەتی جوڵانەوەی كورد لەمەلا مستەفای رەحمەتی ئەوەبوو گوایە بڕوای بەكاری رێكخراوەیی نییەو پارتی لە حزبێكی خاوەن فكرو رێكخستن و دیسپلین كردە بزوتنەوەیەكی میراتگریی پشتاوپشت و بەدەر لە بنەماكانی كاری رێكخراوەییش. بەفیعلی لەدوای وەفاتی مەلامستەفای رەحمەتی، سەرۆكایەتی پارتی لەباوكەوە گوێزرایەوە بۆ كوڕ كە ئەویش كاك مەسعود بارزانیی بوو.
لەوكاتەوە بزوتنەوەی سیاسی بووە دوو لەت، بەڵام بەهۆی هەندێ بارودۆخ باڵی مەكتەبی سیاسی لەكۆتایی شەستەكان دەستبەرداری بزوتن و جموجۆڵی سیاسی بوون. بەشێكیان بەبڕیاری جەماعی (باڵی مەكتەبی سیاسی) واتە باڵی چەپی جولانەوەكە بەڕێككەوتن هاتنەوە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان باڵی مەلا مستەفای بارزانیی. ئەوانی دیكەش تاوەكو ناوەڕاستی حەفتاكان مت بوون و جموجۆڵێكی ئەوتۆیان نەما. ئەو ماوەیە بزوتنەوەی چەپ لەكوردستان روبەرووی شكست بوویەوە، بەشێك لەسەركردەو رێبەرانی ئەو ئاراستەیە پەرتەوازەبوون، بەڵام زۆربەیان لەسەر هەمان بیروباوەڕی خۆیان بەردەوام بوون، تا نوشستی بزوتنەوەی چەكداری كورد لە 1975 بەسەرۆكایەتی رەحمەتی مەلا مستەفا.

مه‌لا مسته‌فای بارزانى 1906 ـ 1979

دوای چەند ساڵێك دابڕان، دووبارە لەناوەڕاستی حەفتاكان باڵی چەپ كەوتەوە جموجۆڵ و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانی لێ‌ هاتەدی، كە جگە سەركردە كۆنەكان، هاوكات گەنجانی خوێن گەرمی دیكەی چەپی دیكەش هاتنەپێش و تێكەڵ بەو بزوتنەوە نوێیە بوون بەناوی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەڵكو دەتوانین بڵێین یەكێتیی بووە چەتری كۆكردنەوەی چەپەكانی كوردستان.
یەكێك لەهۆكارەكانی دروستبوونی یەكێتیی، بوونی فەراغی بزوتنەوەی چەپ بوو لەناو بزوتنەوەی سیاسی كوردستان، هەندێك پێیان وایە كە وڵامی قۆناغەكە بوو هەم وەك بزوتنەوەیەكی پێشكەوتنخوازی قەومیی
ئەم بزوتنەوە وەك بزوتنەوەیەكی چەپ، هەندێجار نیمچە چەپ بەردەوام بوو تا دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە 2009 بەڕابەرایەتی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا.
ئەو وەك باڵی توندڕەوی ناو بزوتنەوەی چەپ بوو، بەهۆی گلەیی و گازندەو رەخنەی توندی لەبارودۆخی ناوخۆی یەكێتیی و شێوازی كاری حزبی و تێبینی تر جیابویەوەو بزوتنەوەیەكی بەناوی گۆڕان دامەزراند، بەڵام زۆری نەبرد و دوای چەند ساڵێك، هەم مامجەلال نەخۆشكەوت كە رابەرایەتی بەرەی چەپی ناو بزوتنەوەی سیاسی كوردی دەكرد بۆماوەی نزیكەی پەنجا ساڵ، هەمیش كاك نەوشیروان مستەفا نەخۆشكەوت و دواتر لەماوەیەكی زۆر كورتدا هەردوو سەركردە وەفاتیان كرد.

به‌ مردنی نه‌وشیروان مسته‌فا مۆمی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پیش كوژایه‌وه‌

 

دوای وەفاتیان هەردوو بزوتنەوەكە (یەكێتیی و گۆڕان) نەیانتوانی وەك بزوتنەوەی چەپ بەردەوام بن. رەوانشاد نەوشیروان بزوتنەوەكەی و موڵكەكانی حزبەكەی لەسەر كوڕەكانی و كچەكەی تاپۆكرد! رەوانشاد مامحەلالیش بەقسەی هەموو شایەتحاڵەكان بڕوای بەپشتاوپشتكردنی دەسەڵات نەبوو، بەڵام لەدوای كۆنگرەی چوارەم بەدیاریكراوی دوای رووداوی هەشتی تەمموز، ئەو حزبە بەتەواوی بووە حزبێكی پشتاوپشت.
لەدوای ئەو سەردە مێژوییە كورتەی سەرەوە، بۆمان دەردەكەوێت دوای زیاتر لە شەست ساڵ لەململانێی نێوان باڵی چەپ و راستی ناو بزوتنەوەی سیاسی كوردستان، باڵی چەپی بزتنەوەی سیاسی لەكوردستان دووبارە شكستێكی گەورەی هێناو ئێستا هەموو حزبە كاریگەرەكانی كوردستان (پارتی، یەكێتیی، گۆڕان) حزبی پشتاوپشتن و دەتوانین بڵێین پەیوەندیان بەچەپبوونەوە نەماوە! بۆیە ئێستا كوردستان لەفەراغێكی گەورەی بزوتنەوەی چەپدا تێدەپەڕێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ