هه‌رێمى كوردستان و ڕۆئاوای كوردستان ده‌مێنن ؟

ئایندەی سیاسەتی نێودەوڵەتی.. هێزی ڕه‌ق و جەنگ و فەوزا

ره‌نج نه‌وزاد 2023.02.03 04:14 PM
765 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

بە پێی پێدراوەکانی ئێستا، سياسەتی نێودەوڵەتی بۆ ئايندەیەکی نزيک و مامناوەند فۆڕمێکی سەربازی، هێزی ڕەق و توندوتيژی بەسەردا زاڵ دەبێت. ئەمەش بۆ سروشتی سيستەمی جيهانی لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤيەت دەگەڕێتەوە. کە دەوڵەتێکی سوپەرپەوەر (ئەمريکا) هەیە دەيەوێت پێگەی خۆی و ئەو هاوسەنگی هێزەی لەم سيستەمی جيهانييەدا هەیە بەردەوام بێت بێ دەستکاری. لەبەرامبەردا دەوڵەتانی سوپەرپەوەری تر هەن (چين و ڕووسيا) ڕازی نين بە پێگەی خۆیان و بەو هاوسەنگی هێزەی لەو سيستەمەدا هەیە. هەر ويستێک لە لایەن ئەمريکاوە بۆ مانەوەی ئەم سيستەمی جيهانييە، وەک هەڕەشەیە لە بەرژەوەندييەکانی چين و ڕووسيا. هەر هەنگاوێک لە لایەن چين و ڕووسياوە بۆ گۆڕانکاری لەم سيستەمی جيهانييە، هەڕەشەیە بۆ پێگەی ئەمريکا. چين و ڕووسيا پێيانوایە ئێستا لە جاران بەهێزترن و دەبێت ئەو بەهێزبوونە کاردانەوەی هەبێت لەسەر پێگەی خۆیان لە سيستەمی جيهانی، ئەمريکاش باش دەرکی بەو بەهێزبوونەی ئەو دوو دەوڵەتە کردوە و دەزانێت چ ويستێکيان هەیە.
جەنگی ڕووسيا و ئۆکڕانيا جديترين و ترسناکترين هەنگاوی ڕووسيا بوو بۆ گۆڕانکاری لە سيستەمی جيهانی، لەبەرامبەردا هاوکارييەکانی ئەمريکا بۆ ئۆکڕانيا، جديدترين وترسناکترين هەنگاوی ئەمريکا بوو بۆ پارێزگاری کردن لە سيستەمی جيهانیی ئەمريکی. سەرنەکەوتنی ڕووسيا لە چوونە ژوورەوە بۆ ناو شاری کێيەڤ و داگيرکردنی، خاڵێکی وەچەرخان بوو لەو ململانێيە. ڕووسيا دە ساڵی تريش لەو جەنگەدا بەردەوام بێت و ئۆکڕانيا کاول بکات، بە بێ کەوتنی کێيەڤ، هاوکێشەکە هەر دژی بەرژەوەندييەکانی ڕووسيایە. مانەوەی کێيەڤ بەو حکومەتەوە، واتە کردنی ئۆکڕانيا بە بەرەی ئەمريکا، واتە هەر کات ئەمريکا بيەوێت، دەتوانێت ڕووسيا بخاتەوە ناو جەنگ، تەنانەت ئەگەر ئەم جەنگەش کۆتایی بێت. بۆیە ڕووسيا تا دوا هەناسەی هەوڵدەدات کێيەڤ بکەوێنێت و ئۆکڕانيا بکاتە بيلاروسيایەکی تر، جگە لەوە، ڕووسيا نابێتە خاوەن بردنەوەیەکی ستراتيژی کە کاردانەوەی هەبێت بەسەر سيستەمی جيهانی. ئەمريکاش دەزانێت کەوتنی کێيەڤ واتە گۆڕانکاری لە سيستەمی جيهانی، بۆیە ئەستەمە سازش بکات لە کەوتنی کێيەڤ، سازش دەکات لە رۆژهەڵات و باشووری ئۆکڕانيا، بەڵام ئەستەمە سازش لەسەر کێيەڤ بکات. ڕووسياش ئەو هەقيقەتە باش دەزانێت، بۆیە کەوتنی کێيەڤ تا ئەمرۆش، ئامانجی سەرەکی و یەکەمی ڕووسيایە. لە ئايندەدا کاميان سەرکەوتوو دەبن؟ ڕوون نييە، ئەمريکا تا ئێستا سەرکەوتوو بووە، بەڵام گەمەکە زۆری ماوە.

جەنگی ئۆکڕانیا ترسناکترین هەنگاوی ڕوسیا بوو بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی جیهانی

ئەوەی ئاگاداری تێڕوانينەکانی بيرمەندی واقعیی ئەمريکی (جۆن مێرشايمەر) بێت، کە یەکێکە لە پسپۆرەکانی بواری سياسەتی سوپەرپەوەر وزلهێزەکان، دەزانێت کە بەکارهێنانی هێزی ڕەق، پەيوەستە بە سروشتی زلهێزەکان و بە ئامرازێکی سەرەکی دەزانن. ئەمريکا بۆ پارێزگاری کردن لە سيستەمی جيهانی دوای جەنگی سارد، بێ سڵکردنەوە ئامادەیە هێزی ڕەق بەکاربێنێت، لە ئۆکڕانيا هێزی ڕەقی ئەمريکا لە ڕێگەی چەکەوە بە ڕوونی ديارە، لە ئێران و ناوچەکانی تر هێزی ڕەقی ئەمريکا لە ڕیگەی سزای ئابووری و بەکارهێنانی دۆلار زۆر ڕوونە. چەند ساڵێکە بە ڕوونی ديارە ئەمريکا هێزی ڕەقی کردوەتە ئامرازی سەرەکی، ئەم سياسەتە بە ئەگەری زۆرەوە بەردەوام دەبێت. هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر ئێران، بەڵگەیەکی تر بوو بۆ ئەو سياسەتە ڕەقەی ئەمريکا (سزای ئابووری، دۆلار، هێزی سەربازی). ساڵانێکە دەرک بەوە دەکرێت، ئەمريکا بە نيازە چين بەلکێش بکات بۆ ناو گەمەیەک کە هێزی ڕەق تيايدا یاسا و پێوەر بێت. چۆن ئەمريکا ڕۆڵی هەبوو لە هاندانی ڕووسيا، یاخود پێیخۆش بوو کە ڕووسيا ئەو جەنگە بەرپا بکات، لە ئێستادا هەمان ويست بەدی دەکرێت لە ئەمريکا بۆ پرسی تێوەگلانی چين بە جەنگ و پەلاماردانی تايوان. ئەمريکا بە درێژایی مێژووی خۆی، دەوڵەتێکی شەڕانييە و جەنگی زۆر بەرپا دەکات. بەڵام لە ئێستادا دەيەوێت، بە پێچەوانەی سياسەتی سەردەمی جۆرج بۆش، ڕاستەوخۆ بە سەربازی خۆی جەنگ بەرپا نەکات، بەڵکو لە ڕێگەی جەنگی بە وەکالەت، ئۆکڕانيا و لە ئايندەدا دەکرێت تايوان بێت. بەکارهێنانی زۆری هێزی ڕەق وەک ئامرازی سەرەکی لە لایەن ئەمريکاوە چەند هۆکاریکی هەیە:
١. وەک پێشتر ئاماژەم پیکرد، ئەمريکا مێژوویەکی پڕ جەنگ و شەڕی هەیە، هەرگيز ئامادە نييە دەستبەرداری هێزی ڕەق بێت.

٢. ئەم قۆناغەی سيستەمی جيهانی، بۆ ئەمريکا هەستيارە و دەزانێت رکابەری جدی درووست بووە و پێويستە بە ڕەقی وەڵاميان بداتەوە.

ڕكابه‌ره‌كانی ئه‌مریكا ده‌وڵه‌تی توند و دیكتاتۆرین

٣. رکابەرەکانی ئەمريکا دەوڵەتانێکن سروشتێکی سەربازی یا نا ديموکرات و توندوتيژن ئەستەمە بە هێزی نەرم مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. بۆ نموونە ڕووسيا کە زۆر پشت بە هێزی ڕەق دەبەستێت، دەبێت لە کاتی هەستیاردا تەنيا بە هێزی ڕەق وەڵامبدرێتەوە. چين کە هێزەکەی خۆی لە ئابووری و بازرگانيەوە هاتووە، ئەگەر تێوەبگلێت بە جەنگێکەوە، ئەوا بە درووستبوونی قەيران بۆ ئابووری چين، دەوڵەتەکە دادەروخێت، چونکە سەرچاوەی هێزی ڕووسيا جياوازە لە هی چين. هێزی ڕووسيا لە سەربازی و وزەوە دێت، هی چين لە ئابووری و بازرگانی، واتە سەقامگيری. هەر وەها چين دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێزی ناديموکراتە، ئەستەمە لە ناوخۆە حکومەتەکەی بگۆڕدرێت.

٤. تا ڕادەیەکی زۆر هێزی نەرمی ئەمريکا لەسەر ئاستی جيهان متمانەی لەدەستداوە. هەر چەن ئێستاش لەو ڕووەوە زۆر بەهیزترە لە چين و ڕووسيا، ئاسانترين پێوەر بۆ ئەوە، زۆرينەی خەڵک لە جيهان، خوازيارن لە ئەمريکا بژێن نەک لە ڕووسيا و چين. بەڵام هێزی نەرمی ئەمريکا متمانەیەکی زۆری لەدەستداوە، بۆیە پێويستە بە هێزی ڕەق هەندێک هاوکێشەی گرنگ یەک لابکاتەوە.

٥. وەک جارێکی ئۆباما لە شاری وارسۆ وتی ئەمريکا بەهێزترين سوپای هەیە لە مێژووی مرۆڤایەتی. هاوکات بەهێزترين و پێشکەوتووترين ئابووری لە پشت ئەو هێزە سەربازييەیە. ئەمەش وا دەکات ئەمريکا متمانەی بەو هێزە ڕەقەی زۆر بێت و دەتوانێت لە زۆر هاوکێشەدا بەکاری بێنێت.

٦. هيچ دەوڵەتێک ناتوانێت هێرشی ڕاستەوخۆ بکاتە سەر ئەمريکا. لە یەکێک لە بيرمەندە سياسيەکانی ئەمريکا دەپرسن ئەگەر دەوڵەتێک هێرش بکاتە سەر ئەمريکا، ئەوا ئەمريکا کاردانەوەی چۆن و چی دەبێت؟ لە وەڵامدا وتی نە خۆمان (ئەمريکا) نە بەرامبەرەکەشمان نازانن کاردانەوەکە چی دەبێت! ئەم نا ديارييە وا دەکات هەموو دەوڵەتێک سڵ بکاتەوە لەوەی ڕاستەوخۆ پەلاماری ئەمريکا بدات. لە هەردوو جەنگە جيهانييەکە و جەنگەکانی تری ئەمريکا، ئەمريکا هەميشە لە گۆڕەپانی دووژمنەکەی شەڕەکانی دەکات، خاکی ئەمريکا نابێتە گۆڕەپانی جەنگ، ئەمريکييەکان لە ناوخۆ ئارام و سەقامگير لە هەواڵەکانەوە ئەو جەنگانە دەبيستن. کاتێک خاکی دەوڵەت نابێتە گۆڕەپانی جەنگ، بەشێکی گەورەی ئەو زیان و مەترسيانەی لە جەنگدا هەیە، نامێنن و کاڵ دەبنەوە. هۆکارێکی ئەمەش بۆ ئەو بەختە دەگەڕێتەوە کە ئەمريکا هەیەتی لە هەڵکەوتەی جوگرافياکەی و دراوسێکانی. بۆیە ئەمريکا ترسی کەمترە لە خۆ خستنە ناو هاوکێشەی سەربازی و جەنگەکان.

له‌ چاوی ئه‌مریكاوه‌ چین وه‌ك مه‌ترسی یه‌كه‌می داهاتوو ده‌مێنێته‌وه‌

بە پێی تێڕوانينی دەزگا هەواڵگرييەکانی ئەمريکا، کە زۆر کات تێڕوانينی ئەمريکایە بۆ سياسەتی دەرەوە، تەنانەت لە دوای جەنگی ڕووسيا و ئۆکڕانيا، هەر چين مەترسی یەکەمە بۆ سەر پێگەی ئەمريکا لە سيستەمی جيهانی. تێڕوانينی دەزگا هەواڵگرييەکانی ئەمريکا بريتييە لە: ڕووسيا رکابەرێکی شەڕانی، بەڵام هێزەکەی سنووردارە بە هۆی لاوازی ئابوورييەکەی، مەترسييەکانی بۆ ئێستا ئايندەیەکی نزيکە، کارتەکانی ديارە و دەستەکەی کەشفە وچاودێريکردنی ئاسانترە. بەڵام چين رکابەرێکی فڕە ڕەهەندە، بە نەرمی و لە زۆر لاوە دەکشێت، چاودێريکردنی قوورسە، ڕکابەرێکی سەرەکييە بۆ ئايندەیەکی دوورتر، ئابوورييەکەی بەهێزە، مەترسييەکانی زیاتر و جديترە بۆ سەر ئەمريکا. ئەم تێڕوانينە وا دەکات، کە جارێ ململانێ یا جەنگە گەورەکە دەستی پێنەکردوە، کە تێوەگلانی چينە بە هاوکێشەیەکی سەربازی ئاڵۆز هاوشێوەی ئەوەی ڕووسيا لە ئۆکڕانيا. ئەم تێڕوانينەی ئەمريکا بۆ مەترسی چين، دەکرێت لە سياسەتی ئەمريکا لە ئێران و دەوڵەتانی ئاسيا نزيک لە چين ڕەنگبداتەوە، بۆ نموونە گۆڕينی عەقيدەی سەربازی ژاپۆن یەکێک بوو لەو لێکەوتانە.
ئەمريکا هەوڵدەدات نەيارەکانی بکاتە ناو هاوکێشەی ئاڵۆز و سەربازی، ڕووسيا دەيەوێت هەر بەو ئامرازە لە ئەمريکا بباتەوە، کە ئەمريکا خۆی خوازیارییەتی، بۆیە وا ساڵێکە لە زەلکاوی ئۆکڕانيا چەقييوە، هەر چۆنێک لێی دەرچێت، بە زیانێکی کەمەرشکێنەوە لێی دەردەچێت. لە دواهەمين کۆنگرەی حيزبی کۆمۆنيستیی چين، ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچوون کە چين بە نيازە لە ئايندەدا زیاتر تەرکيز بکاتە سەر لایەنی سەربازی و ئەمنی، ئایا چين خۆی تێوەدەگلێنیت بەو زەلکاوەی ئەمريکا بۆی ئامادەکردوە؟ چين زۆر لە ڕووسيای پوتين ورياتر و جياوازترە. ئەمريکاش ئەو ڕاستييە دەزانێت، بۆیە گەمەکردن لەگەڵ چين بە قوورسترين دادەنێت.

به‌هێزكردنی سه‌ربازیی باشور و رۆژئاوای كوردستان تاكه‌ گه‌ره‌نتی مانه‌وه‌یانه‌


بە پێی پێدراوەکانی ئێستا، سياسەتی نێودەوڵەتی بۆ ئايندەیەکی نزيک و مامناوەند زیاتر بە سەربازی دەکرێت و دەکرێت شەڕ و جەنگ و فەوزا لە ناوخۆی هەندێک وڵاتدا ببێتە سيمایەکی دياری سيستەمی جيهانی. ئەم فەوزایە ڕێگە خۆش دەکات بۆ هیزە ئيقليمييەکانی تريش، لەوانە تورکيا و ئيسرائيل ئەو فەوزایە بقۆزنەوە و هەندێک دستکەوتی سياسی بە ڕێگەی هێزی ڕەق بەدەست بهێنن.
لێرەوەیە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و بەهێزکردنی لایەنی سەربازی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا لە هەموو کاتێک گرنگتر و پێويستترە. فشارەکانی ئەمريکاش بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە، هۆکارێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات، نەک سەد لە سەد پشت بە ئەمريکا ببەستێت. چونکە کاتێک هێزی ڕەق دەبێتە یاسا و پێوەری گەمەکان، ئەوا دەستور و یاساکان هيچ بایەخێکی نامێنیت.

ڕۆژئاوای کوردستان تا ئێستا لە ڕووی هێزی سەربازييەوە باشترن، پێويستە باشتر و بەهێزتری بکەن. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە بە هيچ شێوەیەک ڕێ نەدەن هيچ هێزێکی سەربازی تر درووست بێت لە ڕۆژئاوا لە دەرەوەی هەسەدە، دەبێت هەموو هەولێک بدرێت کە تەنانەت یەک چەکدار نەبێت لە رۆژئاڤا لە دەرەوەی دەسەڵات و فەرمانی جەنەراڵ مەزلوم کۆبانێ. چونکە هەبوونی یەک چەکدار لە ڕۆژئاڤا لە دەرەوەی دەسەڵاتی جەنەراڵ مەزڵوم، مانای وایە ئەو چەکدارە یا بەکرێگيراوی تورکيایە یا ئێران یا ئەسەد... هەر بۆیە مامەڵەکردنی ئەمريکا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی رۆژئاڤا، ئاسانتر و ڕوونترە بۆ ئەمريکا بە براورد لەگەڵ پارتی و یەکێتی، چونکە لەوی یەک هێز هەیە فەرمان بکات و قسە بکات و بڕيار بدات.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ