چاره‌نووسی باشور و ڕۆژئاوای كوردستان به‌ره‌و كوێ ؟

هۆكار و ئه‌نجامه‌كانى.. ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی سعودیه‌ و ئێران به‌ نێوانگیری چین

ره‌نج نه‌وزاد 2023.03.11 03:30 PM
985 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

چەند سەرنجێک لەبارەی ڕێککەوتنی سعوودییە و ئێران بە ناوەندگیری چین
١.
یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم ڕێککەوتنە پەیوەندی بە قۆناغی دوای بەهاری عەرەبیەوە هەیە. لەگەڵ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی بەرەیەک درووست بوو بە سەرکردایەتی ئیماڕات و سعوودییە پاش هاتنی سیسی میسریش چووە ئەو بەرەیە. ئەم بەرەیە بۆ بەربەچدانەوەی ئەو شەپۆلە بوو کە ئیخوانییەکان بوونە ڕابەری. بەو هۆیەوە پەیوەندییەکانی ئەم بەرەیە لەگەڵ تورکیا و ئێران و قەتەر گەیشتە ئاستێکی بەرز لە ناکۆکی و ململانێ. ئێران بە پشتگیری لە ئەسەد و هەوڵدانی بۆ ڕووخاندنی حکومەتی بەحرێن، بووە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ ئەو بەرەیە. ئیماڕات و سعوودییە وزەیەکی ئابووری وسەربازی وسیاسی گەورەیان خەرج کرد لەو پڕۆسەیەدا. پاش سەرکەوتنیان و شکستهێنانی بەهاری عەرەبی لە هەموو وڵاتەکان، ئەم بەرەیە هەوڵیاندا دۆخەکە ئارام بکەنەوە و ناکۆکیەکانیان لەگەڵ تورکیا و قەتەر و ئێران کەم بکەنەوە. پەیوەندییەکانیان باش کردەوە لەگەڵ تورکیا و قەتەر، پاشان تا ڕادەیەک لەگەڵ ئێران هەمان کاریان کرد و تا ئیستاش بەردەوامە. 
٢. تەوقیتی ڕێککەوتنەکە پەیوەندی بە ڕووداوەکانی ناو ئێران و شۆڕشی ژیناوە هەیە. سعوودییە لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لە هاوکاریکردن و گەیاندنی دەنگی بەرەی دژە ئاخوند. سعوودییە پشتگیری  کوڕی شا دەکات لە ناو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی. چونکە سعوودییە خوازیار نییە ئێران وەک دەوڵەتێکی سەرەکی و گەورەترین دەوڵەت لە ڕووی دانیشتووانەوە لە کەنداو، ببێتە دەوڵەتێکی دیموکراسی یا نیمچە دیموکراسی، بۆیە پێی باشە لە دوای ڕووخانی ئاخووندەکان، دەسەڵاتی ئێران ببێتە دەسەڵاتێکی نا دینی نا دیموکراسی، ئەگەر نا ببێتە فەوزایەکی گەورە هاوشێوەی سووریا و لیبیا و یەمەن... جگە لەوەی سعوودییە دەتوانێت ڕۆڵ ببینێت لە ئاڕاستەکردنی عەرەبەکانی ئەحواز. بۆیە ئێران یەکێک لە مەبەستەکانی لەم ڕێککەوتنە ئەوەیە کە سعوودییە دەستبەرداری پشتگیریکردنی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بێت. بۆیە یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە ئەوەیە کە هەردوو دەوڵەت ڕێز لە سەروەری یەکتر بگرن و دەستتێوەردان نەکەن لە کاروباری ناوخۆی یەکتر.

تەوقیتی ڕێککەوتنەکە پەیوەندی بە ڕووداوەکانی ناو ئێران و شۆڕشی ژیناوە هەیە


٣. ڕۆڵی چین گرنگە. سعوودییە بۆ چین لە ئێستادا گەورەترین سەرچاوەیە بۆ نەوت. لە ڕووی جیوئابوورییەوە سعوودییە گرنگترین دەوڵەتی کەنداوە بۆ چین. هاوکات لە ڕووی جیوپۆلەتیکیەوە، ئێران گرنگترین دەوڵەتی ناوچەکەیە بۆ چین. ئێران تاکە دەوڵەتی سەرەکی ناوچەکەیە کە دژە ئەمریکایە و لە بەرەی چینە. هەندێک کات چین تووشی ئیحراجی و قوورسی دەبێت بۆ ڕاگرنتی هاوسەنگی لە نێوان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و لەگەڵ سعوودییە، بۆیە بۆ چین زۆر گرنگە ئەو دوو دەوڵەتە ناکۆکیەکانیان کەمتر بێتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەردووکیان بێ سەرئێشە ئەو پەیوەندییە درووست بکات کە بەژرەوەندییەکانی چین دەیخوازێت. چونکە چین نایەوێت لەبەر دڵی ئێران، پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودییە سنوردار بکات، کە هاوبەشی بازرگانی سەرەکییە بۆ چین، هاوکات ناشیەوێت لەبەر دڵی سعوودییە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران سنووردار بکات، چونکە ئێران گرنگترین هاوبەشی جیوپۆلەتیکی چینە لە ناوچەکەدا. چین پێویستی بە هەردووکیانە. جگە لەوەش، چین زۆر بەلایەوە گرنگە ئاخوندەکانی ئێران لەسەر حوکم بمێننەوە، چونکە بە لاچوونی ئاخوندەکان، ئێران یا دەکەوێتە ناو فەوزا، یاخود حکومەتێک دێت کە نزیکتر دەبێت لە ڕۆژئاوا نەک چین. بۆیە دەکرێت ڕێککەوتنی ئێران و سعوودییە تا ڕادەیەک هاوکاری بەهیزبوونەوەی ئاخوندەکان بکات، کە چین زۆری مەبەستە.
٤. پرسی یەمەن هۆکارێکی ترە. سعوودییە زۆر مەبەستیەتی دەستتێوەردانی ئێران لە یەمەن سنووردار بکات و واز لە هاوکاریکردنی حووسیەکان بێنێت. لە ئێستادا لە یەمەنیش سعوودییە سەرقاڵی ئارامکردنەوەی دۆخەکەیە و دەیەوێت حووسییەکان لاواز بکات. 
٥. لە دوای هاتنی بایدن، سعوودییە نیگەرانە لە ئەمریکا لەبەر زۆر هۆکار. زوو زوو سعوودییە ئەو پەیامە دەداتە ئەمریکا کە ئیتر ڕەزامەندی و مەرجەکانی ئەمریکا گرنگ نییە بۆ ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی سعودییە. سعوودییە دوو ساڵە نزیکایەتییەکی گەورەی لەگەڵ چین درووست کردوە، دەیەوێت لەگەڵ ئێرانیش بە پێی سیاسەت و تێگەیشتنی خۆی مامەڵە بکات نەک هی ئەمریکا. 
٦. تێڕوانینی محمد سەلمان هۆکارێکە بۆ ئەم ڕێککەوتن و ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان نەک تەنیا لەگەڵ ئێران، بەڵکو لەگەڵ تورکیا و قەتەریش. محمد کوڕی سەلمان پڕۆژەی بە دوبەی کردنی بەشێک لە سعوودییەی هەیە، ئەوەش پێویستی بە ئارامی و سەقامگیری هەیە لە ناوچەکە و لە نزیک سنوورەکانی سعوودییە. 

٧. سیاسەتی ئێران لە ناوچەکەدا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. لە ئێستادا کریستال و ماددەی هۆشبەر و بازرگانی چەک و پارە سپیکردنەوە، یەکێکە لە ئامرازە سەرەکیەکانی سیاسەت و ئابووری ئێران. سووریای کردوە بە کارگەیەکی گەورە بۆ درووست کردن و هەناردە کردنی ماددەی هۆشبەر، ئوردن هەراسان بووە بە دەست تلیاک و چەکی ئێرانی، هەفتانە لەسەر سنووری ئوردن و سووریا، پۆلیسی ئوردن دەست بەسەر تلیاکی ئێرانیدا دەگرێت. ئێران هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئوردن و عیراق و یەمەنەوە، وڵاتانی کەنداوی عەرەبی وەک سعوودییە و ئیماڕات نوقمی ماددەی هۆشبەر بکات. دەکرێت مەبەستێکی سعوودییە ئەوە بێت کە ئێران ڕازی بکات بەوەی کەمتر ئەو ئامرازنە بەکاربهێنێت دژ بە سعوودییە، لە بەرامبەردا سعوودییە هەندێک داواکاری ئێران جێبەجێ دەکات.
٨. ئەم جۆرە ڕێککەوتنانە زیانی هەیە بۆ کورد. زۆربەی کات سەقامگیری و ئاشتی نێوان دەوڵەتان، زیانی هەیە بۆ کورد. بۆ نموونە بەرەی ئیماڕات و سعوودییە، هاوکاری ڕۆژئاوای کوردستانیان دەکرد وەک کارتی فشار و دژایەتی کردنی تورکیا و ئەسەد و ئێران، لە کاتی ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان سعودییە و ئیماڕات هەڵوێستیان لە سوودی کورد بوو، چونکە دەیانزای ئەو ریفراندۆمە تورکیا و ئێران و سووریا و عیراق وەک بەرەی ئێران، نیگەران دەکات. سعوودییە پشتگیری شۆڕشی ژینای دەکرد و دەکات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دژی ئێران. کاتێک ئەم ناکۆکی و ململانێانە کاڵ دەبنەوە بۆ ماوەیەک، ئەوا ئیتر ئەو هاوکاری و پشتگیرییە بۆ کورد بەرەو لاوازی دەڕوات. ئێستا ئەم بەرەیە تا ڕادەیەک دەستیان بە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کردوە لەگەڵ ئەسەدی سووریا، ئەمە بۆ ڕۆژئاوا زیانبەخشە. لەگەڵ تورکیاش بە هەمان شێوە. پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عیراق باشتر بووە، بۆ دوورخستەنەوەی عیراق لە بەرەی ئێران و نزیکردنەوەی لە بەرەی عەرەب، لە ئێستادا لەگەڵ ئێرانیش پەیوەندییەکانیان تا ڕادەیەک باشترە بە براورد بە ساڵانی پێشوو. بۆ کورد ئەوە باشە کە هەمیشە دۆخێک هەبێت، دەوڵەتان پێویستیان بە کورد بێت وەک کارتێکی فشار، ئەمە زیانی بۆ کورد هەبووە، بەڵام سوودیشی زۆر بووە. ئەو دۆخە تەنیا کاتێک درووست دەبێت کە پەیوەندی نێوان دەوڵەتان پڕ بێت لە ناکۆکی و ململانێ و ناوچەکە لە فەوزایەکی گەورەدا بێت.

زۆربەی کات سەقامگیری و ئاشتی نێوان دەوڵەتان، زیانی هەیە بۆ کورد


٩. ئایا رێککەوتنی سعوودییە و ئێران چەند دەخایەنێت و پەیوەندییەکانیان تەواو ئاسایی دەبێتەوە؟ بە پێی سروشتی سیاسەتی ئەو دوو دەوڵەتە، کە زۆربەی هەرە زۆری مەرج و هۆکارەکانی ململانێی تێدایە؛ هۆکاری سیاسی و جیوپۆلەتیکی، مێژوویی و مەزهەبی... زۆر قوورسە ئەم ڕێککەوتنە بە باشی جێبەجێ بکرێت و بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت. لەوانەیە چەند مانگێک یا ساڵێک پەیوەندییەکانیان ئاسای بێت و پاشان بە هۆی ڕووداوێک یا جوڵەیەکی سیاسی و هەواڵگری و سەربازی... پەیوەندییەکانیان لە جارانیش خەراپتر ببێتەوە. ئەستەمە ئێران واز لە هاوکاریکردنی گروپە چەکدارەکانی وەک حووسی و حیزبوڵا... بێنیت، هاوکات یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ئابووری و سیاسەتی ئێران لە ئێستادا بریتییە لە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر و ناردنی چەک و پارە سپیکردنەوە، ئەگەر دەستبەرداری ئەو جۆرە سیاسەتە بێت ئەوا دەروخێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ