دۆگین: بەبردنەوە یان دۆڕانی ڕوسیا ئۆکرانیا هەر نامێنێ

بڕیاری ده‌ستگیركردنی پۆتین.. ئه‌مریكا و چاره‌نووسی جه‌نگی ئۆكرانیا

ره‌نج نه‌وزاد 2023.03.23 12:55 AM
1033 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سنووری کارکردنی تايبەتە بە تاوانەکانی وەک جينۆسايد و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی کاتی جەنگ. ئەم دادگایە فەرمانی دەستگيرکردنی بۆ پوتين دەکردوە. بێ گومان گونجاو نييە کاريگەری ئەم بڕيارە لەو ڕەهەندەوە تەماشا بکرێت کە ئایا جێبەجێ دەکرێت یا نا، بە دڵنيایەوە پوتين دەستگير ناکرێت.
خودی دادگاکە لایەنی جێبەجێکاریی نييە و بەڵکو دەبێت پۆليس و هێزەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە کە تاوانبارەکەی لێيە، یاخود دەوڵەتانی ئەندام لە دادگاکە ئەگەر تاوانبار چووە ناو وڵاتەکەیان، دەبیت بڕيارەکەی جێبەجێ بکەن و تۆمەتبار ڕاپێچی دادگاکە بکەن. خودی ڕووسيا ئەندام نييە لەو دادگایە، تەنانەت ئۆکڕانيا و ئەمريکاش ئەندام نين. بەڵام ١٢٣ دەوڵەت ئەندامن لەو دادگایە، زۆربەی دەوڵەتانی ئەوروپا وئەمريکای باشوور و کەندا و ئوستراليا و ژاپۆن و نيوەی ئەفريقيا ئەندامی ئەو دادگایەن. 
واتە ئەگەر پوتين بچێت بۆ هەر یەک لەو وڵاتە ئەندامانە، ئەوا پۆليسی ئەو وڵاتانە دەتوانن دەستبەسەری بکەن ئەگەر بيانەوێت، دادگاکەش داوایان لێدەکات. 
کاريگەری ئەم بڕيارە بۆ سەر پوتين و ڕووسيا زیاتر سياسی و دبلۆماسی دەبێت، بۆ نموونە پوتين بۆ هەر یەک لەو ١٢٣ وڵاتە گەشت بکات، پێويستە سەرەتا ئاگادار بکرێنەوە و پرسيار بکرێت ئایا فەرمانی دادگاکە جێبەجێ دەکەن یاخود نا؟ ئەگەر فەرمانەکە جێبەجێ بکەن ئەوا پوتين بۆی نييە گەشتی بۆ بکات.

123 وڵات ئه‌ندامن له‌ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی


ئەمە زیاتر پوتين نزيک دەکاتەوە لە تاوانبارێک یا سەرۆک مافيایەک نەک سەرۆکی دەوڵەتێک کە دەيەوێت سيستەمی جيهانی بگۆرێت و ببێتە جەمسەرێکی سيستەمەکە! بۆ ئەوەی لە کاريگەرييە خەراپەکانی ئەو بڕياڕە لە ڕووی سياسيەوە تێبگەين، بۆ نموونە پوتين سێهەم سەرۆک دەوڵەتە لە جيهاندا کە ئەو دادگایە بڕياری دەستگيرکردنی بۆ دەرەکات. پێش پوتين تەنيا بۆ دوو سەرۆک دەوڵەت ئەو بڕيارە دەرچووە ئەوانيش قەزافی و عومەر بەشيری سوودان، هەردووکشيان دوو سەرۆکی گۆشەگير و بێزراو بوون لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەردووکشيان چارەنووسيان سەلمێنەری ئەو گۆشەگيرييە سياسيە بوو. پوتين یەکەم سەرۆکی دەوڵەتێکی زلهێز و ئەندامە لە ئەنجوومەنی ئاسايش ئەو بڕيارەی بۆ دەربچێت. 
ڕووینەداوە و ڕوونادات، سەرۆکی دەوڵەتی جەمسەر لە سيستەمی جيهانيدا پۆليسی ١٢٣ وڵات لە ڕووی یاساییەوە بۆیان هەبێت دەستبەسەری بکەن! هەر ئەم کاريگەرييە سياسی و دبلۆماسی  وڕەمزيە بوو کە وای کرد ڕووسيا لەسەر ئاستی فەرمی و باڵا چەندين جار و زۆر بە توندی وەڵامی ئەو بڕيارە بدەنەوە و دژی بوەستنەوە. 

پوتين لە ئێستادا لە سەرۆکە هەرە گۆشەگيرەکانە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئەمريکا و یەکێتی و ئەوروپا و ژاپۆن و هاوپەيمانەکانی تريان، لە ڕووی سياسی و سەربازی و ئابووری و تەکنەلۆژيا و کاريگەرييەوە سێ بەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێکدەهێنن ئەگەر زیاتر نەبیت. جگە لەوەی چين وەگ گەورەترين و کاريگەرترين دەوڵەت کە نزيکە لە ڕووسياوە، هەرگيز ئامادە نييە لەبەر ڕووسيا بچوکترين کێشەی جدی لەگەڵ بەرەی ئەمريکا و ڕۆژئاوا درووست بکات، چونکە خودی چين و هەژموونەکەی بەشێکی دانەبڕاوی ئەو سيستەمە ڕۆژئاوایەیە، بە بێ تەکنەلۆژيا و بازرگانی کردنی چين لەگەڵ رۆژئاوا، شتێک نييە و نابێت بە ناوی هەژموونی ئابووری چين. بۆ نموونە گەورەترين هاوبەشی بازرگانی چين، ئەمريکایە، گەورەترين هاوبەشی بازرگانی ئەمريکاش، چينە.

بڕياری ئەو دادگایە، گرنگيەکی سياسی و ڕەمزی گەورەی هەیە، نەک خودی جێبەجێکردنی بڕيارەکە


دواجار ئەگەر دۆخەکە بگاتە خاڵێک کە چين ناچار بێت لە نێوان ڕووسيا و ڕۆژئاوا، یەکێکيان هەڵبژێرێت، ئەوا چين ڕۆژئاوا هەڵدەبژێت، هەر وەک چۆن چەندين جار لە نێوان ئیران، کە نزيکترين هاوپەيمانی چينە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وئەمريکا، ئەوا چين ئەمريکای هەڵبژاردوە. هەر وەک چۆن لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ پرسی جەنگی ڕووسيا و ئۆکڕانيا، چين هەميشە بێ لایەن دەبێت نە دژی ڕووسيا دەنگ دەدات نە دژی ڕۆژئاوا.
لە سيستەمی جيهانيدا، هەندێک فاکت هەیە بە پڕوپاگەندە و جەنگ و ئينکارکردن ناگۆرێت، هيچ دەوڵەتێک ناتوانێت ببێتە جەمسەر لە سيستەمی جيهانيدا کە لە لایەن سێ بەشی جيهانەوە، لە ڕووی سياسی و ئابووری و کاريگەرييەوە بێزراو و گۆشەگير کرابێت. بەشێکی سەرەکی بوون بە جەمسەر لە سيستەمی جيهانيدا ئەوەیە کە زۆرترين هاوپەيمان و پەيوەندی هەبێت لەگەڵ دەوڵەتان، بە تايبەت دەوڵەتی گرنگ و گەورەکان.
چين لە هەوڵدانەکانی بۆ بوون بە جەمسەر، یەکێک لە هەنگاوە هەرە سەرەکييەکانی بريتييە لەوەی ئەمريکا وەک گەورەترين هاوبەشی بازرگانی خۆی بهێڵێتەوە، باشترين پەيوەندی ئابووری و دبلۆماسی و بازرگانی درووست بکات لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و بەڕيتانيا و هاوپەيمانەکانی ئەمريکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەک دژایەتی کردنيان و دوور کەوتنەوە لێيان. 
لە ئێستادا پوتين و ڕووسيا وەک ئەوەیە کە سەرۆکی چين نەوێرێت بچێتە یەکێتی ئەوروپا و ئەمريکا و کەنەدا و ئوستراليا! یاخود ماکرۆن نەتوانێت بە ئاسانی گەشت بکات بۆ ١٢٣ وڵات! ئەمە خەونی بوون بە جەمسەر لە سيستەمی جيهانيدا لەناو دەبات. هەر ئەمەشە ئامانجی ئەمريکا لەم شەڕەی ڕووسيا و ئۆکڕانيا. 
لێرەوەیە بڕياری ئەو دادگایە، گرنگيەکی سياسی و ڕەمزی گەورەی هەیە، نەک خودی جێبەجێکردنی بڕيارەکە. 

'ئەمریکا لە کۆتاییدا قبوڵ دەکات ئۆکڕانیا لەناوبچێت چونکە خۆی براوە بوو ئیتر ئۆکرانیای ئەوەندە بەلاوە گرنگ نییە'

لەوە دەچێت ئەمريکا بيەوێت کش مات بە ڕووسيا بکات تەنانەت بە بێ یەک لای بوونەوەی ئەنجامی جەنگەکەی ڕووسيا و ئۆکڕانيا. هەر لەم بارەیەوە ئەليکساندەر دۆگينی گەورە بيرمەندی ڕووسی و نزيک لە پوتين، پێش جەند هەفتەیەک لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی عەرەبی، وتی "تەواو لەم جەنگەدا ئەمريکا براوە بوو و یەک لابووەوە، توانيان گۆشەگيرمان بکەن، توانيان زيانی گەورەمان لێبدەن، ڕووسيا ئێستا شەڕ بۆ ئەوە ناکات کە هاوکێشەکە لە ئەمريکا بباتەوە، بەڵکو تەنيا شەڕ بۆ ئەوە دەکات کە لەسەر پێ بوەستێت و بمێنێتەوە و لە ناو نەچێت، ئەگەر نا ئەمريکا توانی لێمان بباتەوە، دوای تەواوی بوونی جەنگەکەش ئەوا ڕووسیا دەبێت بۆ چەندین ساڵ سەرقاڵی ناوخۆی بێت نەک رکابەرایەتی ئەمریکا" هەر وەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمريکا لە کۆتاييدا قبوڵ دەکات ئۆکڕانيا دابروخێت و لەناوبچێت، چونکە خۆی براوە بووە و، ئيتر ئۆکرانيای ئەوەندە بەلاوە گرنگ نييە.
وتيشی ڕووسيا ئەگەر جەنگەکە نەباتەوە ئەوا لە ناوخۆە هەڵدەوەشێتەوە، بۆیە ئەمە شەڕی مان و نەمانە بۆ ڕووسيا، نەک شەڕی بردنەوە لە ئەمريکا، ئاماژەی بەوەش کرد لە هەردوو حاڵەتەکەدا، بە بردنەوە و دڕۆڕانی ڕووسيا لەم جەنگەدا، ئەوا ئۆکڕانيا هەر نامێنێت، بۆیە ئەمريکا لە کۆتاييدا ئەوە قبوڵ دەکات، دۆگين ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوروپاش زەرەرمەندی گەورە بوون و بەتەواوی ملکەچی ئەمريکا بوون. لە بارەی چينەوە ئاماژەی بەوە کرد کە چين ئامادە نييە لەبەر ڕووسيا بکەوێتە دژایەتی کردن و پەيوەندی بچڕان لەگەڵ ڕۆژئاوا.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ