به‌ دۆڕاندنى ئه‌ردۆغان چی ڕووده‌دات ؟

ئه‌ردۆغان یان كلیچدار.. چەند گریمانەیەک بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا

ره‌نج نه‌وزاد 2023.05.09 03:24 PM
674 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

ئەوەی دەردەکەوێت زۆرینەی کورد لە باکور و تەنانەت لە باشوور، وای دەبینن دۆڕاندنی ئەردۆگان لە هەڵبژاردنەکان باشترە بۆ کورد وەک لە مانەوەی لە سەرۆکایەتی تورکیا. واتە کلیچدار ئۆغلۆ کەمتر خەراپترە. لێرەدا باس لەو کوردانە ناکەم کە لەبەر پاڵنەری دینی پشتگیری ئەردۆگان دەکەن، ئەوە زیاتر پرسی پەیوەندی نێوان کەنیزەیک و سوڵتانەکەیەتی، نەک پرسێکی سیاسی و نەتەوەیی و لۆژیکی. 
سەرەتا پرسیاری ئەوەی کامیان باشترە یا کامیان کەمتر خەراپە بۆ کورد، وەڵامێکی ڕوون نییە بۆ ئەو پرسیارە. ئەوەی باش بێت بۆ کورد ئەوەیە کە لە ١٤ی مانگ لە تورکیا شەڕێکی ناوخۆ درووست بێت و ماوەیەکی زۆر بخایەنێت. ئەگەری ڕوودانی ئەو شەڕە زۆرە، بەڵام بەردەوامبوونی بۆ ماوەیەکی درێژ، ئەگەرێکی کەمە. تورکیا ئەندامێکی گرنگ و دانەبڕاوی ناتۆیە و قوورسە ڕێ بدرێت بکەوێتە دۆخێکی لەو شێوەیە بۆ ماوەیەکی درێژ. کەواتە پێویستە باسی دوو گریمانە بکەین، گریمانەی بردنەوە یا دۆڕاندنی ئەرۆدگان.
لە ئەگەری دۆڕاندنی ئەردۆگان و هاتنی ئۆپۆزسیۆن، چەند ئەگەر و گریمانەیەک هەن: 
١. گەڕانەوەی تورکیا بۆ سیاسەتی بەرەو ڕۆژئاوا. واتە ئەو گلەیی و بێ زارییەیی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە تورکیا لە سەردەمی ئەرۆدگان، بەرەو كاڵبوونەوە دەچن. ئەمەش واتە پشتگیری زیاتری ڕۆژئاوا بۆ تورکیا. ئیتر ویستەکانی تورکیا زیاتر جێبەجێ دەکرێت لە لایەن ئەمریکاوە. لە دۆخێکی وادا دەکرێت تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا سنوردار بکات و تەنانەت هەمان سیاسەتی ناتۆ پەیرەو بکات بەرامبەر بە ڕووسیا. تورکیا ئەمانە بە خۆڕایی ناکات، لەوانەیە گرنگترین و سەرەکیترین داواکاری تورکیا لە ئەمریکا بریتی بێت لە کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمەش دەبێتە هۆکاری نەمانی ڕۆژئاڤا. یەکێک لە هۆکارەکانی درووست بوون و مانەوەی ڕۆژئاڤا بریتی بوو لە ئەو گلەیی و بێ زارییەیی ئەمریکا لە تورکیایی سەردەمی ئەردۆگان. کاتێک تورکیا نزیکە لە ڕۆژئاوا ئەوا پەکەکە کرایە تیرۆریست لە باکور، هەمان پەکەکە لە ڕۆژئاوا کرایە هاوپەیمانی ئەمریکا، ئەمە هۆکاری زۆرە، یەکێکی بریتییە لەو دوو شێوازە لە پەیوەندی لە نێوان تورکیا و ئەمریکا.

ئەردۆگان سەرۆکێکی بەهێز و بە توانا و زیرەکە کلیچدار ئۆغلو هەرگیز لەو ئاستەدا نییە


٢. لە دۆخێکی وادا تورکیا بە ئاسانتر چەک و کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتووی ڕۆژئاوایی دەکرێت. 
٣. دیسانەوە هەر جوڵە و چالاکیەکی کوردی بەرامبەر بە تورکیا، لە لایەن ڕۆژئاواوە بە چالاکییەکی تیرۆریستی دادەنرێت دژ بە ئەندامێکی گرنگی ناتۆ. 
٤. پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەب لە کەنداو باشتر دەبێت، ئیتر کەنداویش هاوکاری کورد ناکات وەک کارتێکی فشار دژ بە تورکیا. هاوکارییەکانی کەنداو بۆ ڕۆژئاڤا لە ساڵانی پێشوو، یەکێک لە هۆکارەکانی بۆ دژایەتی تورکیا بوو.
ئەم خاڵانە هەمووی لە زیانی کوردە بۆ دوور مەودا. 
ئایا سوودەکانی دۆڕاندنی ئەردۆگان بۆ کورد چییە؟ 
١. گرنگترین سوود ئەوەیە بە دۆڕاندنی ئەردۆگان، بەشێکی زۆری کورد، چ لە باکور چ لە باشوور، پاساوی جاشایەتی و بوون بە کەنیزەک و دژایەتی کوردیان کەمتر دەبێت. ئەردۆگان ئیسلامی باش بەکارهێنا بۆ چەواشەکردنی بەشێکی زۆر لە کورد. لای بەشێک لە کورد، پشتگیری ئەردۆگانی سوڵتانی باڕ و لەشفڕۆشخانە و قومارخانەکانی تورکیا بە پشتگیری ئیسلام دەزانن. لە هەر باورودۆخێکدا، بە هەر پاساوێک بێت، پشتگیری کردنی هەر کوردێک لە سەرۆکێکی تورکیا، واتە دژایەتی کردنی کورد و کوردستان. لە هەمووی ترسناکتر ئەوەیە کە ئەم دژایەتی و پشتگیرییە بە بەشێک لە خوا پەرستی و دین دابنرێت. بە کەوتنی ئەردۆگان ئەم کەنیزەکانە هەتیوو و بێ خاوەن دەبن.
٢. دۆڕاندنی ئەردۆگان دەکرێت بۆ نزیک مەودا هەندێک سوودی ڕووکەشی و سادەی بۆ کورد هەبێت. لەوانەیە ئۆپۆزسیۆن دیمرتاش ئازاد بکەن و پاش دوو ساڵی تر بیگرنەوە، لەوانەیە ئەو زیندانیکراوە کوردانە هەندێکیان ئازاد بکرێن و پاش چەند ساڵێکی تر لەوە زیاتر بگرنەوە.
 ٣. ئەردۆگان سەرۆکێکی بەهێز و بە توانا و زیرەکە (بە تایبەت پێش بەهاری عەرەبی)، کلیچدار ئۆغلو هەرگیز لەو ئاستەدا نییە. بۆیە دەکرێت سەرۆکێکی لاواز لە تورکیا، لە هەندێک ڕووەوە باشتر بێت بۆ کورد. 

بۆ ئایندەیەکی نزیک و مامناوەند، بە دڵنیایەوە تەنیا ویست و سیاسەتی ئەمریکا گرنگە لە جیهان ولە ناوچەکەدا بە تایبەت بۆ کورد.


گریمانەی بردنەوە ئەردۆگان:
١. ئەو خاڵانەی لە گریمانەی دۆڕاندنی ئەردۆگان باسکرا ئەگەری زۆرە پێچەوانە ببنەوە. لەوانەیە بێ زاری ئەمریکا لە تورکیا زیاتر بێت، ئەمەش دەکرێت هەندێک سزای بەدوادا بێت وەک سەردەمی ترەمپ. زیادبوونی پشتگیری کورد وەک کارتێک بۆ دژایەتی تورکیا...
٢. چەند ساڵێکە دۆخی ئابووری و گوزەرانی تورکیا بە تەواوی خەراپ بووە. بە قسەی خودی تورکەکان، گوزەرانی بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی تورکیا گەیشتووەتە دۆخی هەژاری. ژمارەیەکی زۆر لە گەنج وڵات بەجێدەهێڵن و ڕوو دەکەنە ئەوروپا. ئەردۆگان تا ئێستا توانای نەبووە ئەو دۆخە باشتر بکات. لە ئەگەری بردنەوەی ئەردۆگان و بەردەوامی ئەم دۆخە ئابوورییە خەراپە، هاوکات هەبوونی ئەو ناڕەزایەتییە گەورەیەیی ئۆپۆزسۆن کە خاوەن بنکەیەکی جەماوەری گەورەیە، دەکرێت دۆخی تورکیا بکەوێتە بەردەم چەندین ئەگەری خەراپ، کە بۆ کورد باشە. وەک خەراپبوونی سەقامگیری و ئاسایش، زیاد بوونی ناکۆکی ناوخۆ، شەڕی ناوخۆ...
٣. لە ئەگەری یەکلابوونەوەی جەنگەکەی ڕووسیا و ئۆکڕانیا، ئەوا ئەمریکا کەمتر پێویستی بە ڕۆڵ  وپێگەی تورکیا دەبێت، لە ئەگەری مانەوەی ئەردۆگان لە دۆخێکی وادا، ئەگەر زۆرە ئەمریکا فشارەکانی توند بکات لەسەر تورکیا. ترەمپ بە یەک تویت دراوی تورکیای هێنایە سەر چۆک. تورکیا زۆر لاوازە بەرامبەر بە ئەمریکا، ئەگەر ئەمریکا پێویستی بە تورکیا نەبێت، دەتوانێت تورکیا بەرەو ئاقارێکی خەراپ ببات، کە بۆ کورد باشە.

دەکرێت سەرۆکێکی لاواز لە تورکیا لە هەندێک ڕووەوە باشتر بێت بۆ کورد


بە پێی ئەم گریمانانە، بردنەوە و دۆڕاندنی ئەردۆگان، هەردووکی سوود و زیانی خۆی هەیە بۆ کورد. بەڵام لە گریمانەی مانەوەی ئەردۆگان، بۆ دوور مەودا و لەسەر ئاستی نەتەوەییی، سوودەکانی بۆ کورد زیاترە. 
بۆ کورد لە هەر چوار پارچەکە تەنیا یەک دۆخ سوودی هەیە، ئەویش لاوازبوونی ئەو چوار دەوڵەتە. ئیتر بە شەڕی ناوخۆ بێت لەو وڵاتانە، کێشەی ئەمنی، تێکچوونی پەیوەندی ئەو چوار دەوڵەتە لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکا... کوردي باشوور و ڕۆژئاڤا هەرگیز نەدەگەیشتن بەو دەستکەوتانە، ئەگەر سەدام و ئەسەد هاوپەیمانی ئەمریکا بان یا نەیاری ئەمریکا نەبان. 
لە ٧٥ بزوتنەوەی کوردی لە باشوور بەهێزتر بوو، بەڵام ئەو کات عیراق لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندییەکانی ئاسایی بوو، بۆیە ئەو بزوتنەوەیە نەگەیشتە هیچ. 
لە ٩١ عیراق بووە نەیاری ئەمریکا، بۆیە کورد بەو لاوازییەوە توانی بگات بە هەندێک دەستکەوتی مێژوویی و گرنگ.
لە ڕۆژئاڤا پەیوەندی ئەسەد لەگەڵ ئەمریکا هۆکاری سەرەکی بوو بۆ درووستبوون و مانەوەی رۆژئاڤا.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا هیوا ئەوەیە کە لەم چەند ساڵەدا ئەمریکا بڕیار بدات کە ئاخوندەکان بروخێن، ئەوەش ئەگەرێکی کراوەیە. 
لەم چوار دەوڵەتە داگیرکەرە تەنیا تورکیا هاوپەیمانێکی سیاسی و سەربازیی ئەمریکایە، بۆیە هەر جوڵەیەکی کورد لە باکور دەکرێتە تیرۆریست. کورد دەبێت ئاواتخواز بێت تورکیا بەرەو بەرەی دژە ئەمریکا بڕوات. 
بۆ ئایندەیەکی نزیک و مامناوەند، بە دڵنیایەوە تەنیا ویست و سیاسەتی ئەمریکا گرنگە لە جیهان ولە ناوچەکەدا، بە تایبەت بۆ کورد.
رووسیا و ئەسەد و تورکیا و ئێران هەر هەمووی دەیانەوێت ڕۆژئاوای کوردستان بسڕنەوە، بەڵام هەر هەموویان لەبەردەم هەبوونی ئەو ٩٠٠ سەربازە ئەمریکییە لە ڕۆژئاڤا دەستەوەستانن. 
بۆ کورد زۆر گرنگە ئەو دەوڵەتانەی کە دژی کوردن، نەیاری ئەمریکا بن. مانەوەی ئەردۆگان ئەگەری ئەوە دەکاتەوە، ئەگەرێکی بچووکیش بێت، کە تورکیا ببێتە نەیاری ئەمریکا.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ