لاهور شێخ جه‌نگی: به‌شداریكردنی یه‌كێتی خێر و سه‌ده‌قه‌ نییه‌

پێشنیازی یه‌كێتی بۆ دابه‌شكردنی 4 پۆسته‌ سیادییه‌كه‌ چی بووه‌ ؟

دانا ساڵح 2019.03.12 06:58 PM
2569 جار خوێندراوەتەوە

دانا ساڵح

سەرنوسەری پۆلەتیک

مامۆستای زانكۆی سلێمانى
ماستەر لە پەیوەندییە گشتییه‌ سیاسییەکان 

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مرۆی وه‌فدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر به‌بێ ئه‌نجام كۆتاییهاتووه‌، چونكه‌ پارتی ئاماده‌ نه‌بووه‌ ده‌ستبه‌رداری 4 پۆسته‌ سیادییه‌كه‌ بێت و له‌به‌رامبه‌ریشدا وه‌فدی یه‌كێتی پێیان وتوون ئه‌وان دابه‌شكردنی پۆسته‌كان به‌وشێوه‌یه‌ی ئێوه‌ پێداگری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌وشێوه‌یه‌ ناچنه‌ ناو كابینه‌ی نۆیه‌مه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌فدی یه‌كێتی پاكێچێكی هه‌بووه‌ بۆ دابه‌شكردنی وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، كه‌ چوار پۆستی سیادی حكومه‌تن و چه‌ندین ساڵه‌ به‌ده‌ست پارتییه‌وه‌ن.

كۆبوونه‌وه‌ی نێوان وه‌فدی باڵای پارتی و یه‌كێتی ـ هه‌ولێر ـ 2019.3.12

 

وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی به‌ وه‌فدی پارتیان وتووه‌، پێشنیازی یه‌كێتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و چوار  پۆسته‌ له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی به‌شێوه‌یه‌ك دابه‌ش بكرێن، كه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌رامبه‌ر ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانیش به‌رامبه‌ر فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ بێت، واته‌ پارتی سه‌رپشك ده‌كه‌ن له‌ نێوان هه‌ڵبژاردنی ئه‌و دوو به‌شه‌دا، جگه‌ له‌ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت كه‌ هه‌ردووكیان پشكی یه‌كێتین.

هه‌رچی وه‌فدی پارتیشه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كردن، پێشنیازه‌كه‌ی یه‌كێتیان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ و وتویانه‌ ناتوانن ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پۆستانه‌ ببن به‌تایبه‌ت سامانه‌ سروشتییه‌كان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌.

وه‌فدی پارتی وتویانه‌ یه‌كێتی ده‌بێت داوای ئه‌و 4 پۆسته‌ نه‌كات، هه‌روه‌ها داوای ئه‌و پۆستانه‌ش نه‌كات كه‌ پارتی بۆ گۆرانی داناوه‌، وتویانه‌ رێكه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆران بۆ به‌شدارییان له‌ حكومه‌ت وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

وه‌فدی یه‌كێتی له‌ كاتی كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ و جێهێشتنی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ـ هه‌ولێر ـ 2019.3.12

 

به‌پێی زانیارییه‌كانی (ماڵپه‌ری پۆله‌تیك) له‌كاتێكدا و له‌ میانی گفتوگۆكاندا كه‌ پارتی پێداگیرییان له‌سه‌ر 4 پۆسته‌كه‌ كردووه‌ته‌وه‌، لاهور شێخ جه‌نگی ئه‌ندامی وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی به‌ وه‌فدی پارتی وتووه‌، "پێویسته‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی له‌ 4ی ئازار له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی ئیمزا كراوه‌ وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت كه‌ جه‌وهه‌ری رێكه‌وتنه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ی یه‌كێتی له‌ حكومه‌تدا و راگرتنی باڵانسی پۆسته‌كان له‌ نێوانیاندا به‌ ره‌چاوكردنی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردنیش، بۆیه‌ لادان له‌و رێكه‌وتنه‌ بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان بۆ یه‌كێتی قبوڵ نه‌كراوه‌".

لاهور شێخ جه‌نگی ئه‌وه‌شی وتووه‌، "ئه‌وان وه‌ك خێر و سه‌ده‌قه‌ سه‌یری به‌شداریكردنیان ناكه‌ن له‌ حكومه‌تی نوێدا و به‌وشێوه‌یه‌ له‌ یه‌كێتی بێنه‌ پێشه‌وه‌ بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان، ئه‌وا ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ريش پێكهێنانی حكومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بێت كه‌ پارتی ده‌یه‌وێت هه‌موو پۆسته‌ سیادییه‌كان ببات ئه‌وا یه‌كێتی رازیی نابێت و به‌وشێوه‌یه‌ ناچێته‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌".

به‌مشێوه‌یه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مرۆی نێوان پارتی و یه‌كێتی كه‌ بریار بوو تێیدا له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆسته‌كان رێكبكه‌ون به‌بێ ئه‌نجام كۆتایهاتووه‌، هاوكاتیش هیچ واده‌یه‌كی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی نێوان پارتی و یه‌كێتی دیاری نه‌كراوه‌.

كۆبوونه‌وه‌ی وه‌فدی باڵای پارتی و یه‌كێتی ـ هه‌ولێر ـ 2019.3.12

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كی ئه‌مرۆدا وه‌فدی پارتی پێكهاتبوون له‌: نێچیرڤان بارزانی، مه‌سرور بارزانی، فازڵ میرانی، رۆژ نوری شاوێس، هۆشیار زێباریی، مه‌حمود محه‌مه‌د، جه‌عفه‌ر ئیمنیكی، دڵشاد شه‌هاب، وه‌فدی یه‌كێتیش پێكهاتبوون له‌: كۆسره‌ت ره‌سوڵ، لاهور شێخ جه‌نگی، قادر حه‌مه‌جان، عومه‌ر فه‌تاح، عیماد ئه‌حمه‌د، شۆرش ئیسماعیل، شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ، رزگار عه‌لی، سه‌عدی پیره‌.

رۆژی 4ی ئه‌م مانگه‌ پارتی و یه‌كێتی رێكه‌وتنی سیاسیی نێوان بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ ئیمزا كرد له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت و پرسی پارێزگاری كه‌ركوك و به‌غداد به‌بێ ئه‌وه‌ی بچنه‌ ناو وورده‌كاریی ئه‌و مه‌له‌فانه‌وه‌.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ