میر نوێی ئێزدییه‌كان كێیه‌ ؟

میر حازم ته‌حسین بەگ.. ده‌سه‌ڵاتی ئاینیی و دونیایی ئێزدییه‌كانی كه‌وته‌ ده‌ست

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2019.07.27 03:28 PM
463 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

میر حازم بەگ بە جلوبەرگى میراتى ئێزدیان هاتە نێو ئاپۆڕاى جەماوەرى ئێزدى لە پەرستگەى لالش و بەڵێنیدا خزمەتى زیاتر پێشکەش بە ئێزدییەکان بکات.
دواى دەستنیشانکردنى وەکو میرى ئێزدیان میر حازم میر تەحسین بەگ کوڕە گەورەى میرى پێشووى ئێزدیان، ئەمڕۆ بە جلوبەرگى میراتى ئێزدیان لە پەرستگەى لالش وتارێکى پێشکەش کرد و لە وتارەکەیدا ئاماژەى بەوەدا کە ئەو فەرمانەى بەسەر گەلى ئێمە هاتووە و رەوشى ئێزدیان باش دەزانێ، ئێمە وەکو بنەماڵەى میرى ئێزدیان بەپێى تواناى خۆمان لەگەڵ چەندین بەرپرسى وڵاتانى ئەورووپی و ئەمریکیی کۆبووینەتەوە و لەگەڵ هەموویاندا باسمان لە رەوشى کوردانى ئێزدى کردووە.

میرى نوێى کوردانى ئیزدى لە وتارەکەى بڕیاریدا ئەنجوومەنێکى باڵاى ئیزدى دروست بکات لە سەدا ٦٠ شنگالییەکان تێیدا بەشدار بن و ئەنجوومەنى روحانى ئێزدی فراوانتر بکات کە خەڵکى شنگال و پیاوانى ئایینى تێیدا بەشدار دەبن.

میر حازم میر تەحسین بەگ رایگەیاند "کە بە هەموو توانایەکمان کاردەکەین لەگەڵ حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق بۆ چارەسەرکردنى رەوشى شنگال و گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ زێدى خۆیان، هەروەها پەیوەندییەکانمان باشتر دەکەین لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق وەکو برایانى موسلمان، مەسیحى، سابیئی، کاکەیی و فەیلییەکان و هەموو هۆزەکانى هەرێم و عێراق پەیوەندییەکانمان بەرەو پێشتر دەبەین".

كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانیی حازم ته‌حسن به‌گ  دوای هه‌ڵبژاردنی وه‌ك میری نوێی ئێزدییه‌كان ـ 2019.7.27


راوێژکارى ئەنجوومەنى روحانى کوردانى ئێزدى کەریم سلێمان وتى: "میر حازم بەگ وەکو میرى کوردانى ئێزدى لە هەرێمى کوردستان و هەموو جیهان بە رێککەوتن دەستنیشانکرا، نەک بە هەڵبژاردن، ئەمە هەنگاوێکى میژوویی دەبێت بۆ کوردانى ئێزدى و خزمەت بە هەموو کوردانى ئێزدى دەگەیەنین، رۆڵى سەرۆک مەسعود بارزانى (سەرۆکى پێشووى هەرێمى کوردستان) سەرۆکى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى و سەرۆکوەزیرانى هەرێم، مەسرور بارزانى لە دەستنیشانکردنى میر حازم میر تەحسین بەگ بەرز دەنرخێنین". 

لەبارەى هەنگاوەکانى دواى دەستبەکاربوونى میرى نوێى ئێزدیان هەماهەنگى میر لەگەڵ حکوومەت کەریم سلێمان وتی: "پەیوەندى میرى نوێى ئیزدیان لەگەڵ حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە شێوەیەکى راستەوخۆ دەبێت و لە هەموو کار و پڕۆژەیەک پاڵپشتى و هەماهەنگى پتەو دەبێت". 
بەرپرسى راگەیاندن و رۆشنبیرى پەرستگەى لالش، لوقمان سلێمان، لەبارەى رێوەڕەسمەکانى دەستبەکاربوونى میرى نوێى ئێزدیان وتى: "میر بە مەبەستى سوێند خواردن بە جلوبەرگى میراتى ئێزدیان دەچێتە بەردەم دەرگاى "قاپیی" یان دەرگاى میرى پێ دەڵێن دەرگا گەورەکەى نێو پەرستگەى لالش کە وێنەى مارێکى رەشى گەورەى لەسەر دروستکراوە، لە نێو خەڵک سوێند دەخوات کە دەستپاک و دڵسۆزانە کار بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانى ئێزدییەکان بکات".

میر حازم ته‌حسین به‌گ


وتیشى: "لە رێوەڕەسمى دەستبەکاربوونى میرى نوێى ئێزدیان چەندین موزیک و سروودى تایبەت بە میرى ئێزدیان پێشکەش دەکریت و دواتریش بەشێک لە ئامادەبووان لە پەرستگەى لالش نیوەڕۆ خوانێک دەخۆن و بەشێکى زیاتر لە کۆشکى میر ئامادەى نیوەڕۆ خوان دەبن".

بەرپرسى راگەیاندن و رۆشنبیرى پەرستگەى لالش، لوقمان سلێمان ژمارەى میرەکانى کوردانى ئێزدى تا ئێستا بە دروستى نازانرێت بەڵام دەزانرێت پێش میر حازم میر تەحسین بەگ پێنج میرى دیکە هەبوون ئەوانیش بریتى بوون لە میر تەحسین بەگ، میر عەلى بەگ، میر سەعید بەگ، میر فاروق بەگ، میر خەیری بەگ.

دەشڵێت "هەموو تاکێکى ئیزدى ئەو مافەیان نییە کورسى میراتى ئێزدیان وەربگرێت، بەڵکو تەنها ئەوانە بۆیان هەیە ببن بە میر کە لە بنەماڵەى میرەکانى کوردانى ئێزدین، لە دایک و باوکێکى میر لە دایک بووبێ".

میر حازم میر تەحسین بەگ لە ساڵى ١٩٦٣ لە باعەدرێى سەربە قەزاى شێخان لە دایکبووە و خێزاندارە و باوکى دوو کوڕ و کچێکە، دەرچووى کۆلێژى کشتوکاڵى زانکۆى بەغدایە، شەش ساڵ نوێنەرى میرى ئێزدیان بووە، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان بووە

بەپێى بنەماکانی بیروباوەڕی ئێزدی، وەک خۆیان دەڵێن، میرى ئێزدییەکان دەسەڵاتی دونیایی و ئایینی لەدەستە. لەڕووی ئایینیەوە، میری ئێزدییەکان سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزدییەکان دەکات، کە دووەم باڵاترین دەسەڵاتە دواى دەسەڵاتى میر.

دهۆک - AA


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ