شەڕە جنێوی مه‌لاكانى كورد.. مێژوویه‌كی كۆن

شەڕی مه‌لاكان، له‌ شێخ مارفی نۆدێ و مه‌ولانا خالیده‌وه‌ بۆ مه‌لا هه‌ڵۆ و فاتیح شارستێنی

شاسوار هه‌رشه‌می 2019.08.17 04:50 PM
2191 جار خوێندراوەتەوە

شاسوار هه‌رشه‌می

نوسه‌ر

مامۆستای ئاماده‌یى ـ ستۆكهۆڵم / سوید
خاوه‌نی چه‌ند كتێبێكی چاپكراو

ڕەنگە لای زۆر کەس، شەڕە جنێوی نێوان (مەلا) هەڵۆۆ و (مەلا) فاتح، دیاردەیەکی تازە و نامۆی ئەو بارە سەرلێشێوێنەرانەیەی هەرێمی کوردستان بێت. بە دڵنیایی، مەلاکانیش، بۆ ئەوەی داشیان سوار بێت و گیرفانیان پڕ، هەر هەندێکیان خۆیان داوەتە پاڵ لایەنێکی مافیای چەکداری دەستەڵات بەدەست. هەر ئەمەشە، کە وایکردووە منەتیان بە لایەنگر و هەوادار و هاموشۆکەرانی مزگەوت و ئیماندارانیش نەبێت، چونکە خۆیان و گیرفانیشیان پارێزراوە.

جگە لەمەی، کە بار و دۆخی بە میلیشیا کردنی کوردستان، هۆکارێکی سەرەکی زۆر لە کێشە کۆمەڵایەتیەکانە، بە کوشتنیشەوە، ئەوەی دی زۆر ئاساییە. شەڕە دەنوک و شەڕە خامە و شەڕە قسە پێگوتن و جنێو و بوختان بۆ یەک هەڵبەستن و یەکدی بە کافر دانان، لەناو مەلایان، مێژوەکەی هەندەی مێژوی دەرکەوتنی ئیسلام کۆنە.

ڕەنگە دیارترینی ئەو شەڕانە، شەڕی زۆر توندی نێوان شێخی ڕێبازی قادریان، شێخ مارفی نۆدێی باوکی کاکەحمەدی شێخ و مەولانا خالیدی، شێخ و بڵاوکەرەوەی ڕێبازی نەقشبەندی بووبێت. شێخی نۆدێ، کە شارەزاییەکی زۆری لە زانستەکانی ئایینی هەبوو، هاوکات میری بابان، مزگەوتی گەورەی سلێمانی بۆ ئەو دروست کردبوو، لەپڕ گەنجێکی دەمڕوتی وەک خالیدی جافە ڕەشکەی لێ قیت بۆوە و بووە مێمڵی.

 

ئیدی شێخ مارفیش کەوتە هاندانی (دەروێش)ەکانی لە دژی، بەڵام بە بەرچاویەوە زۆرێک لە دەروێشەکانی خۆی، دەبوونە (سۆفی) مەولانا خالید. شێخ مارف ئەوجارە کەوتە ناردنی پەیامی پڕ لە جنێو. کاتێک هەر سودی نەبوو، ترسا پایە و پلەی لای میرانی بابان دابەزێت، بۆیە نامیلکەیەکی کافر بوونی لە دژی مەولانا خالید نوسی و لەناو مەلایان بڵااوی کردەوە. ئەو نامیلکەیە، هانی زۆرێک لە مەلاکانی دی دا تا بێن و لە نزیکەوە، کافر بوونی مەولانا خالیدی ببیستن. 

فاتیح شارستێنی ـ مامۆستای ئاینی

 

زوربەی ئەوانە، دوای گفتوگۆی دوو بەدوو، دەهاتنە بەردەم خانەقای مەولانا و (سۆفی) بوونی خۆیان بۆ ڕێبازی مەولانا ڕادەگەیاند. شێخ مارف، لە مەلاکانی سلێمانی بێ هیوا بوو. ناردی بە شوێن دوو مەلای ناسراوی هەولێرێ. مەلا ئەبوبەکر هەرشەمی و مەلا شێخ مستەفای باوکی شێخی چۆلی، هاتنە سلێمانی تا دژایەتی مەولانا خالید بکەن. دوای چەند ڕۆژێک، هەردووکیان بوونە سۆفی و هەر یەکەیان، تەکیەیەکی نەقشبەندیان لە هەولێر کردەوە. 

ئەمجارە شێخی نۆدێ، بە دوای مەلا شێخ عەبدولڕەحمانی ئامێدی دا نارد، تا بێت و فتوای کافر بوونی مەولانا خالید دەربکات. شێخ عەبدولڕەحمانیش دوای دوو ڕۆژ موناقەشە، هاتە بەر دەرگا و دەستی مەولانای زۆر لەخۆی منداڵتری ماچ کرد و بووە سۆفی. ڕێبازەکەشی لە بادینان بڵاو کردەوە.

هه‌ڵۆ حه‌مه‌ ره‌شید ـ مامۆستای ئاینى

 

بێگومان ئێستا بە هۆی بەرفراوانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بە ئازادانە چوونە ناوی، وای کردووە تا هەر کەسێک بیەوێت، دەتوانێت چیلکەیەک بخاتە سەر ئاگرەکە و بابەتەکە زۆر گەورە دەکرێت، ئەگەر نا، لە مێژوی دوور و نزیکماندا، دەیان شەڕە مەلای زۆر گەورەتر ڕوویانداوە و زۆر جاران میر و بەگلەرەکانیش تێیەوە گڵاون.

هەڵاتنی باپیرە گەورەی حەیدەریەکان و پەنا هێنانی بۆ دەستەڵاتی عوسمانیی، هەڵاتنی حاجی قادر لە کۆیە، خۆ سوڕگوم کردنی نالی و جێهێشتنی سلێمانی، پەنا بردنی سالم بۆ تاران. جێهێشتنی بەناچاری مەستورە لە سنە و پەنا هێنانی بۆ سلێمانیی و زۆری دی، هیچیان لە هەڵاتنەکەی مەولانا خالید کەمتر نەبوون، بەڵام کەمتر تیشکیان خراوەتە سەر.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ