کتێبی ئاین و مەزهەب یەکێکە لە بەرهەمەکانی نوسەرو وەرگێری بەتوانا مامۆستا ( بەرزانی مەلا تەها) کە یەکێکە لە بەرهەمە جوانەکانی کە پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە.
کتێبەکە کۆکراوەتەوە لە ٦٤٤ لاپەڕە، ئەو خوێنەرانەی کە دەیانەوێ لە ئاین و مەزهەب تێبگەن ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی باشە بۆ ئەوەی خوێنەر بگەڕێت بە دوای ئەو ڕاستیانەدا کە لێی بزر بووە.
ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا توێژینەوەی بابەتی ئەکادیمییە و لە زۆر ڕوانگەی جیاوازهوە لە کاریگەرییەکانی ئاین و مەزهەب لە کێشمەکێشمی سیاسەت و ئایدۆلۆژیادا دەکۆڵێتەوە و ڕووماڵی بگرە و بەردە و هەڵناز و هەتوانی تەوژمە ئیسلامیی و عەرەبییهكان دەکات.
لە دوو توێی ئەم کتێبەدا هێما بۆ گەلێک ناونیشان و بابەتی هەمەڕەنگی پێکڕا گرێدارو کراوە لەوانە: مێژووی دەرکەوتن و گەشەسەندنی ڕەوتە ئیسلامییەکان، پارت و ڕێخراوە ڕادیکاڵەکان، کاریگەریی و ڕەنگدانەوەی مەزهەبگەرایی لە نێوان سوننە و شیعە، سەنگی دامەزراوە ئاینییەکان، ئەمانە و چەندین بابەتی گرنگی تر لەم کتێبەدا گهنگهشه كراوه.
لەو کتێبە پێم خۆشە تیشک و سەرنج بخەمە سهر بابەتێکی زۆر گرنگ، یەکێک لەو ڕەوتانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا، ئەویش مەکتەبی قورئان بوو، کە بە سەربەرشتی مامۆستا ئەحمەدی موفتیزادە دروستکرا، دەمەوێت لە کۆی ئەو بابەتانەی کە نوسەر تیشکی خستۆتەسەر و باسی دەکات، ئەم بابەتە زۆر گرنگە و پێویستە تیشکی بخرێتهسهر.
ڕەوتناسی مەکتەبی قورئان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
هەڵبەت سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، زەمینەی بۆ جڵەوگرتنی دەسەڵات لە لایەن ڕۆحانییەکانەوە بە ڕێبەرایەتی کردنی ئایەتوڵا خومەینی خۆشکرد،
بەو هۆیەشەوە ئێران پێی نایە قۆناغێکی تری مێژوویەوە، ئەم گۆڕانکاریەش زەمینە ى یسازدا بۆ کۆمەڵێک گوتار و چەمکی هێنایە گۆڕێ، هەر لەم نێوەندەشدا لە دەستپێکی ناڕەزایی و جموجۆڵە جەماوەرییەکانەوە، سونەکانی ئێران لە چوارچێوەی ڕێكخراوەی سونەکاندا هاریکار بوو بۆ سەرخستەنەکەی شۆرشی ساڵی ١٩٧٩، چونکە لەو قۆناغە هەستیارەی ژانگرتنی گەلانی ئێران کەسایەتی و ڕۆحانیەکان لە هەردوو مەزهەبی شیعە و سونە کەوتنە ڕۆڵگێران لە کایە هەمەلایەنەکاندا، یەکێک لەو کەسایەتیانە ئەحمەدی موفتیزادە بوو، کە هەر لە سەرەتادا پشتیوانی خۆی بۆ شۆڕش دووپات کردەوە، بەڵام زۆری نەبرد ئەم هاوبەشیە لێک جودابوونەوە، چونکە ئەحمەدی موفتیزادە زۆرتر گرنگی بە شورای ناوەندی سوننەکان بوو کە ناسرابوو بە (شەمس) دژی پرەنسیپی (ویلایەتی فیقهـ)وەستایەوە.
ئەم هۆکارە وایکرد کە ناکۆکی نێوان خومەینی و ئەحمدی موفتیزادە ببێ و لە دوایدا ئەحمدی موفتی زادە بە جەستەی خۆی ئەم قوربانیهیدا، پاش بێ هیوابوونی ئەحمدی موفتیزادە لە تێڕوانینی دەسەڵاتی نوێی ئێران سەبارەت بە مافەکانی سونە.
لە ساڵی ١٩٨١ بڕیاریدا کۆنفرانسێک ببەستێ بۆ زانایانی سونە لە کوردستان، تورکەمانستان، بالوجستان، مەشهەد، پاشتر مەرکەزی شەمسی پێکهێنا، دووم کەسی ناو شوراکە کەسایەتی ناسراو ناسری سوبحانی بوو.
ئەم کۆنفرانسە گرنگی خۆی هەبوو بۆ سونەکانی ئێران و تەنانەت دەسەڵاتدارەکانی شیعەش، چونکە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پەهلەوی زۆر ئەفکار و فکرەی توندڕەوی هاتەکایەوە، بۆیە مەکتەبی قورئان زۆر بە گرنگی سەیر دەکرا، لە دوای ئەوەی ڕۆژ بەڕۆژ لەگەشەکردن و گەورە دەبوون، دەبووە مەترسیی لەسەر دەسەڵات بۆیە ئەحمەدی موفتیزادە دەستگیر دەکرێ و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەزیدان دەبێت، پاش ئەو پێنج ساڵە پێنجی تری بۆ تازە دەکرێتەوە و لە دوای بەربوونی بە ماوەیەکی کەم لە شاری تاران کۆچی دوایی دەکات.
لە کاتی گرتنی ئەحمەدی موفتیزادە، نوێنەری ئیخوان موسلیمین دەکەوێتە نێوانیانەوە و لە زیندان ئەحمدی موفتیزادە دەبینێ، بەڵام ئەحمەدی موفتیزادە دەڵیت:" دەبێت کورد بە زمانی خۆی بخوێنێ و ئۆتۆنۆمی بۆ کورد دەستەبەر بکرێت". سهرئهنجام هەوڵەکانی ئیخوانیش سەرکەوتوو نابێت.