كاریزما Charisma وشه‌یه‌كی كۆنی گریكییه‌و دواتر هاتووه‌ته ناو زمانی ئینگلیزییه‌وه كه به مانای به‌خشش یان چاكێتی خودای دێت. هه‌روه‌ك ئه‌م زاراوه‌یه به‌وه وه‌سف ده‌كرێت كه بریتیه له جۆره راكێشانێكی كاریگه‌رو ئاماده‌بوونێكی خاوه‌ن هه‌ژموون كه هه‌ندێ كه‌س له كۆمه‌ڵگه‌دا به‌ده‌ستی ده‌هێنن. له ئاستێكی تردا كاریزما به مانای توانای كارلێكردنێكی له ئه‌ندازه به‌ده‌ر دێت له‌سه‌ر كه‌سانی تر. كه‌سی كاریزمی ئه‌و كه‌سه‌یه كه ده‌وروبه‌ر له رووی جه‌سته‌یی‌و رۆحی‌و عاتیفی‌و رۆشنبیرییه‌وه ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری‌و هه‌ژموونی ئه‌و هێزه سیحرییه‌ى كه ئه‌و هه‌یه‌تی.
كه‌سی كاریزمی خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌روو ئاساییه‌و ئه‌فسوون‌و هێزێكی شاراوه‌ى ئه‌وتۆی هه‌یه كه وابه‌سته‌بوون‌و ئیلتیزام‌و هه‌ڵچوون‌و ته‌نانه‌ت نه‌ستی كۆیی رووبه‌رێكی فراوان له خه‌ڵكی به خۆیه‌وه ده‌به‌ستێت به‌جۆرێك كه په‌رتكردنی ئه‌و رووبه‌ره په‌یوه‌ستبووه پێیه‌وه كارێكی ئاسته‌م بێت. هه‌روه‌ك كه‌سی كاریزمی كه‌سێكه كه توانا‌و لێهاتوویی‌و كارامییه‌كی ناسرووشتی هه‌یه له سه‌ركردایه‌تی كردنی خه‌ڵك‌و به ئاسایی قایلكردنی خه‌ڵك بۆ شوێنكه‌وتنی. به‌جۆرێك كه‌سی كاریزمی ده‌بێته ئه‌و هێما به‌رزو بڵنده‌ی كه به چه‌مكی هیگڵی رۆحی گشتی كۆمه‌ڵگه له خۆیدا كۆده‌كاته‌وه‌و هێزێكی سیحری هێنده به‌ربڵاوی هه‌یه كه بێ خۆماندوكردن ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر رووبه‌ری فراوانی كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه به جۆرێك كه كۆمه‌ڵگه به پیرۆز سه‌یری ده‌كات‌و ده‌كه‌وێته سه‌ره‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ى هه‌موو ره‌خنه‌و كه‌موكورتییه‌ك. كه‌سی كاریزمی ده‌بێته كه‌سێكی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها به جۆرێك وته‌و پێشنیار‌و بڕیاره‌كانی وه‌كو فه‌رمایشی لێدێت‌و نه‌ك ناتوانرێت ره‌ت بكرێنه‌وه به‌ڵكو جێگای گفتوگۆ له‌سه‌ر كردنیش نین.
وشه‌ى كاریزما به‌و مانا گشتییه‌ی كه هه‌یه‌تی له مێژوویه‌كی زووه‌وه به‌كارهێنراوه‌و هه‌ندێ له بۆچوونه‌كان پێیان وایه ده‌ركه‌وتنی چه‌مكی كاریزما ده‌گه‌ڕێـته‌وه بۆ سه‌روه‌ختی ده‌ركه‌وتنی ئایینی مه‌سیحی، به‌ڵام له راستیدا له ئایینی جوله‌كه‌شدا هه‌مان زاراوه ناڕاسته‌خۆ ئاماده‌بوونی هه‌بووه به تایبه‌تی كه‌سێتی مو‌سا پێغه‌مبه‌ر هه‌ڵگری بنه‌ماكانی كاریزما بووه. به‌ڵام هه‌تا قۆناغێكی دره‌نگ زاراوه‌ى كاریزما وه‌كو زاراوه‌یه‌كی سیاسی به‌كار نه‌هێنراوه. ماكس فیبه‌ر (1864- 1920) یه‌كه‌مین كه‌س بوو كه ده‌لاله‌تی سیاسی به‌خشی به وشه‌ى كاریزما، ئه‌ویش ئه‌و كاته ده‌ركه‌وت كه ماكس فیبه‌ر ئه‌م زاراوه‌یه‌ی به‌كارهێنا به‌مه‌به‌ستی ئاماژه كردن بۆ ئه‌و توانایه‌ى كه كه‌سێكی دیاریكراو هه‌یه‌تی بۆ كاركردن له‌وانی تر به جۆرێك كه ئه‌و كارلێكردنه سه‌رئه‌نجام ببێته ناوه‌ندی هێز به گوێره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌كه‌ونه ژێركاریگه‌ری ئه‌وه‌وه.
هه‌ر له‌و رووه‌وه ماكس فیبه‌ر سێ جۆر ده‌سه‌ڵات له كۆمه‌ڵگه‌دا دیاری ده‌كات كه یه‌كێكیان ده‌سه‌ڵاتی كاریزمییه. جۆری یه‌كه‌می ده‌سه‌ڵات به‌لای ئه‌وه‌وه ده‌سه‌ڵاتی نه‌ریتییه كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته شه‌رعییه‌تی خۆی‌و ئیلتیزامكردنی شوێنكه‌وتووانی به فه‌رمانه‌كانییه‌وه له عورف‌و داب‌و نه‌ریته‌وه ده‌رده‌گرێت. جۆری دووه‌میان كه ده‌سه‌ڵاتی یاساییه، ره‌وایه‌تی خۆی له بڕوابوونی شوێنكه‌وتووانییه‌وه به یاسا‌و كۆمه‌ڵێك بنه‌ماو رێ‌وشوێنه‌وه وه‌رده‌گرێت. ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته‌ش ماف ده‌دات به‌وانه‌ى كه ده‌گه‌نه ده‌سه‌ڵات پیاده‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بكه‌ن‌و ئه‌و بڕیار‌و فه‌رمانانه‌ش ده‌ربكه‌ن كه ده‌بێ هه‌موو كۆمه‌ڵگه ئیلتیزامی پێوه بكه‌ن. سێیه‌میان كه مه‌به‌ستی باسه‌كه‌ى ئێمه‌یه بریتیه له ده‌سه‌ڵاتی كاریزمی، ئه‌میش ره‌وایه‌تی خۆی له بڕوا بوونی خه‌ڵكیه‌وه به توانای به‌رزو نائاسایی ئه‌م خۆیه‌وه وه‌رده‌گرێت. بێگومان كه‌سی كاریزمی كه‌سێكی نائاساییه‌و كۆی ئه‌و خاسێتانه‌ى كه تیایدا كۆده‌بنه‌وه هێزێكی نموونه‌یی ئه‌وتۆی پێده‌به‌خشن كه وه‌كو جۆرێكی تایبه‌ت له مرۆڤ ده‌ربكه‌وێت كه ئه‌ویش ئه‌وجۆره‌یه بۆ رابه‌رایه‌تی كردن‌و پێشه‌وایی درووستبووه. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ى له‌سه‌ر كه‌سێتی كاریزمی كراون كۆمه‌ڵێك خاسێتیان بۆ كه‌سی كاریزمی دیاری كردووه‌و به‌بێ بوونی ئه‌و خاسێتانه كه‌سێتی كاریزمی درووست نابێت، له‌وانه‌ش ده‌بێ كه‌سی كاریزمی هه‌رگیز لاسایی كه‌ره‌وه نه‌بێت به‌ڵكو خاسێتی تایبه‌تی داهێنه‌ری هه‌بێت، ده‌بێ بڕوا‌و متمانه‌ى ته‌واوه‌تی به خۆی هه‌بێت، ده‌بێ هه‌میشه كه‌سێكی نه‌رم‌و نیان‌و هێورو هێمن‌و پته‌وو بین درێژ‌و دانبه‌خۆدا گرتوو بێت، ده‌بێ سۆز‌و خۆشه‌ویستی ئه‌وانی تر له سیمای‌دا دیار‌و ئاشكرابن‌و له كرده‌وه‌یدا ره‌نگ بده‌نه‌وه. ده‌بێ هه‌میشه بیر بكاته‌وه ئه‌وسا بدوێت‌و له دواندندا بڕوا به‌خۆبوون‌و قه‌ناعه‌ت بوون به‌و قسانه دیار بێت كه ده‌یانكات‌و ده‌بێ توانای قه‌ناعه‌ت هێنانی به‌وانیتر به‌هێزبێت‌و ده‌بێ سازان له نێوان پێگه‌و ده‌ربڕین‌و هه‌ڵسوكه‌وت‌و ره‌فتاركردنیدا هه‌بێت، ده‌بێ زاهیدو خۆنه‌ویست‌و بێ‌باك بێت له ماده‌و حه‌زو ئاره‌زوو كه ئه‌مانه‌ش وای لێده‌كه‌ن له‌به‌رچاوی هه‌مووان جوانترین نموونه بێت، له پاڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هێزێكی سیحری ده‌وێت كه هه‌موو ئه‌م خاسێتانه‌ى بۆ كۆبكاته‌وه‌و به‌ره‌وجوڵه‌و كارپێكردنیان ئاراسته‌ی بكات‌و بیگه‌یه‌نێته ئه‌و پێگه‌یه‌ی كه پێگه‌ى كه‌سی كاریزمییه كه ئه‌ویش كۆكردنه‌وه‌و خواست‌و ویست‌و داواكاری‌و ئاره‌زووه‌كانی خه‌ڵكه له كه‌سێتی خۆیداو كاركردنه له پێناوی به‌دیهێنانی ئه‌وه‌ى خه‌ڵك ده‌یخوازێت‌و خه‌ونی پێوه ده‌بینێت‌و درووستكردنی ئه‌و متمانه‌یه‌ش كه به‌ڕاستی هی خه‌ڵكه‌و له پێناوی خه‌ڵكدا ده‌ژی.
بێگومان مێژووى مرۆڤایه‌تی گه‌لێك نموونه‌ى به‌رزی كاریزمای پێشكه‌ش كردووه به تایبه‌تی له رابردوودا كه زۆرینه‌ى كه‌سێتـه كاریزمییه‌كان وه‌كو كه‌سێتی ئه‌فسانه‌یی له مێژوودا ده‌ركه‌وتوون. زۆرینه‌ى پێغه‌مبه‌ران كه‌سانی كاریزمی بوون كه ئایین بووه‌ته بنه‌مای سه‌ره‌كی گه‌یاندنی پێغه‌مبه‌ران به‌و پایه به‌رزه نموونه‌ییه‌ی كه كردوونی به رابه‌رو جه‌ماوه‌ری به‌رفراوان شوێنیان كه‌وتوون‌و له پێناویان‌دا خۆیان به‌خت كردووه. له كۆمه‌ڵگه نه‌ریتی‌و كۆنه‌كاندا كه ئه‌فسانه‌و بڕوابوون به هێزی له‌بن نه‌هاتووی تاكه كه‌س رووبه‌رێكی فراوانی له سه‌رخانیان داگیركردووه، زه‌مینه‌ى درووستبوونی كه‌سێتی كاریزمی زیاتر بووه. له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و شكاندنی ئه‌و بنه‌ما نه‌ریتی‌و ته‌قلیدیانه‌ی رابردوودا زه‌مینه‌ى درووستبوونی كه‌سێتی كاریزمی زیاتر ته‌سك ده‌بێته‌وه، چونكه كاتێك كۆمه‌ڵگه گه‌شه ده‌كات مانای وایه تاكه‌كه‌سی خاوه‌ن شووناس له ئاستی گشتیدا درووست ده‌بێت كه ئه‌وه‌ش درووستبوونی هێزی خه‌ڵك‌و ده‌نگی خه‌ڵك‌و بڕیاری خه‌ڵك به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه ئه‌وه‌ش له راستیدا ته‌سك كردنه‌وه‌ى رووبه‌ری ده‌نگ‌و بڕیار‌و ئاماده‌بوونی تاكه‌كه‌سی كاریزمی‌و ته‌نانه‌ت سه‌ركرده‌یشه. كه‌واته ده‌توانرێت بگوترێت ئێستا له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ته‌كنۆلۆجیاو له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و تێڕوانینانه‌دا كه كار‌و ئاماده‌بوون ، بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاری ده‌كات، رووبه‌ری ئاماده‌بوونی خه‌ڵك وه‌كو جه‌ماوه‌ر فراوانتر ده‌بێت كه ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌یه جه‌ماوه‌ر یان نه‌ته‌وه یان گه‌ل یان كۆمه‌ڵ پێده‌گات‌و وه‌كو هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی نمایش ده‌كات كه هێزی كۆمه‌ڵیش له هێزی تاكه‌كه‌س به‌هێزتره، با ئه‌و تاكه‌كه‌سه كاریزمیش بێت. كه‌واته لێره‌دا دووانه‌یه‌ك پێكدێت كه ئاراسته‌یان پێچه‌وانه‌یه ئه‌ویش دوانه‌ى كاریزما‌و كۆمه‌ڵ یان سه‌ركرده‌و خه‌ڵكه كه به‌پێی ره‌وتی مێژوو یه‌كه‌میان له پاشه‌كشه‌و دووه‌میان له به‌هێزبووندایه. هه‌ر ئه‌وه‌شه كه ئێستا له جیهانی نوێ‌و ئه‌و رووبه‌ره فراوانه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤایه‌تیدا كارده‌كرێت له پێناوی دیموكراسیدا، مانای وایه قورسایی كۆمه‌ڵ زیاتر ده‌بێت‌و ئاراسته‌ى ئیشكردن بۆ ئه‌وه‌یه كه ده‌نگ‌و بڕیار هه‌ڵقوڵاوی ده‌نگی جه‌ماوه‌ر بێت، واته ده‌نگی زۆرینه كه ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌نگ‌و بڕیار‌و ئاماده‌بوونی كه‌سێتی كاریزمیدا پێچه‌وانه ده‌گۆڕێت. بۆیه له‌م روانگه‌یه‌وه ده‌توانرێت بگوترێت ئێستا قۆناغی ئاماده‌بوونی خه‌ڵك یان كۆمه‌ڵ كه له په‌ره‌سه‌ندندایه بوار بۆ درووستبوون‌و ده‌ركه‌وتنی كه‌سێتی كاریزمی یان سه‌ركرده‌ی كاریزمی زۆر ته‌سك بووه‌ته‌وه.
رابردووی كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی نموونه‌ى كه‌سێتی كاریزمی به‌خۆیه‌وه بینیووه ئه‌گه‌رچی ره‌نگه به‌پێی كۆمه‌ڵگه‌كه‌و ئاستی ئاماده‌بوونی كۆمه‌ڵگه‌كه كه‌سێتی كاریزمی كوردیش جیاواز بووبێت له كه‌سێتی كاریزمی نه‌ته‌وه‌كانی تر. كه‌سێتی مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی گه‌یشتووه‌ته ئاستێك له كه‌سێتی كاریزمی كه سنووره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی تێپه‌ڕاندووه‌و وه‌كو رابه‌رو پێشه‌واو نوێكه‌ره‌وه‌یه‌كی ئه‌فسانه‌یی له جیهانی ئیسلامی‌دا ده‌ركه‌وتووه‌و ته‌نانه‌ت پرته‌وی كه‌سایه‌تی كاریزمی ئه‌و رووبه‌رێكی فراوانی جیهانی گرتووه‌ته‌وه. كه‌سێتی كاریزمی مه‌لا مسته‌فای بارزانی به‌بێ بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی مادی ئه‌وتۆ هه‌ژموونی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا كردووه‌و وه‌كو رابه‌رێكی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی نمایش كردووه‌و ته‌نانه‌ت زۆرینه‌ى كوردناسانی رۆژئاوا‌و رۆژهه‌ڵاتیش نه‌یانتوانیووه له ئه‌فسوونی ده‌سه‌ڵاتی كه‌سێتی ئه‌و رزگاریان ببێت‌و خۆیان له باسكردنی كه‌سێتی كاریزمی ئه‌و دوور بگرن. به‌ڵام له دوای ئه‌و قۆناغه وه‌ك ده‌بینین قۆناغی پێكهاتن‌و پێگه‌یشتنی خه‌ڵك ده‌ست پێده‌كات‌و به ئاشكرا ده‌نگی نوخبه‌ی سیاسی‌و نوخبه‌ى رۆشنبیر له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا ده‌بیسترێت‌و به دوای ئه‌وانیشدا ئێستا به‌ره‌و پێكهاتنی ده‌نگی گه‌ل یان جه‌ماوه‌ر هه‌نگاو ده‌نرێت كه ئه‌وه‌ش رێگای به‌ره‌و په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی‌و گواستنه‌وه‌یه‌تی بۆ قۆناغێك كه تیایدا هێزی یه‌كه‌م جه‌ماوه‌ر بێت نه‌ك كه‌سێتی كاریزمی‌و تاكه سه‌ركرده‌و ته‌نانه‌ت تاكه حیزب‌و تاكه روانین‌و تاكه به‌رنامه. به‌بڕوای من له ئێستا بۆ دواوه كه قۆناغی درووستبوون‌و ئاماده‌بوونی خه‌ڵكه، قۆناغی درووستبوونی كه‌سێتی كاریزمی به‌و شێوه ته‌قلیدییه‌ى پێشوو به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت. ئێستا قۆناغی ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌رو قۆناغی ده‌نگی خه‌ڵكه واته قۆناغی گۆڕینی ئاراسته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له ئاراسته‌ی هه‌ره‌مییه‌وه بۆ ئاراسته‌ى ئاسۆیی، له كۆمه‌ڵگه‌ی په‌یوه‌ندی ئاراسته ئاسۆییدا هاوشانی‌و یه‌كسانی تاكه‌كان درووست ده‌بێت كه ئه‌وه‌ش زه‌مینه‌ى ده‌ركه‌وتنی تاكه‌كه‌سی كاریزمی‌و تاكه رابه‌رو تاكه سه‌ركرده ته‌سك ده‌كاته‌وه.