لوقمان حەوێز
لە ئەمریکا ڕۆژانە هەر هاووڵاتیەک لایەنی کەم دوو کیلۆگرام خاشاک دروست دەکات و فڕێدەدات، دەبێت بزانین لەو ووڵاتانەی بەبەربڵاوی پەنا دەبەنە بەر دووبارە دروستکردنەوە یان دووبارە بەکارهێنانەوەی خاشاک Recycling جگە لەوەی ژینگەیان لێ پاک دەکرێتەوە زۆربەی جۆرەکانی ئەو خاشاکانە پارەش دروست دەکەن، لەسەر ئەو بنەمایەش لێرە سەدەها کۆمپانیا ئەو کارە دەکات و قازانجێکی باشیش دەکەن.
بە پلەی یەکەمیش جۆری ئەو خاشاکەی کە بەزۆری لە ئەمەریکا ڕیسایکڵ دەکرێتەوە و کۆمپانیاکان بەپەرۆشەوە دەیکەن بۆ قازانجی خۆیان بریتیە لە ئاسن و ئەلەمنیۆم، شوشە و کانزاکان بەگشتی هەروەها ڕۆژنامە و کتێب و کاغەز و مقەباکان.
هەروەها زۆربەی جۆرەکانی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانیش ڕیسایکڵ دەکرێنەوە وەکو بۆ نمونە کۆمپیوتەرەکان، ئەویش لەبەر ئەوەی بڕێک لەکانزای بەنرخیان تێدایە.
بڕی هەرە زۆری خاشاکە ئۆرگانیکەکانیش وەکو پاشماوەی خواردن، درەختە بڕاوەکان، پاشماوەی بڕینی چیمەن و پاوانەکان، هتد... ڕیسایکڵ دەکرێنەوە، لەڕاستیدا بڕی زۆری دەکرێتە پەینە ئۆرگانیکەکان بۆ بەپیتکردنی خاک، هەندێکیشی بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی ووزەی کارەبا.
بەداخەوە تەنیا بڕێکی کەم لە پلاستیک لەجۆری PET ڕیسایکڵ دەکرێتەوە کە دەکاتە ئەوجۆرەی پلاستیکێکی ڕوونە و بەزۆری بۆ هەڵگرتنی ئاو یان خواردنە گازیەکان بەکاردێت، بەداخەوە بڕی هەرە زۆری پلاستیک بەگشتی لێرەش وەکو زۆربەی شوێنەکانی تری جیهان ڕیسایکڵ ناکرێتەوە ئەویش لەبەر بەردەوام هەرزان بوونی ئەو پیترۆکیمیاویانەیە کە پلاستیکیان لێ دروست دەکرێت.
لە زۆربەی سوپارمارکێتە گەورەکان و مۆڵەکانیش لێرە کۆمەڵێک کەندوی تایبەت دادەنرێن بۆ بەجیا فڕێدانی جۆرەکانی خاشاک بۆ ئەوەی باشترین سوودیان لێوەربگیرێت و بەئاسانی ڕیسایکڵ بکرێنەوە، ئەمەش کارێکی جوانە، دڵنیام لە کوردستانیش ئەگەر ڕیسایکلینگ بەشێوەیەکی بەربڵاوتر بکرێت زۆر لە سوپەرمارکێتەکان لەوانەیە ئەو کارە بکەن.