ئایا بوونی هەڵمی ئاو بەڵگەیە بۆ بوونی ژیان لە هەسارەکەدا ؟

هەڵمی ئاو لەسەر هەسارەیەکی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر دۆزرایەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2019.09.12 03:20 PM
920 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

لوقمان حەوێز

لەڕێگەی کۆمەڵێک چاودێریدا بۆ یەکەمجار هەڵمی ئاو لە نێو بەرگە هەوای هەسارەی K2-18b دۆزرایەوە، ئەم هەسارەیە لەنێو سیستەمێکی خۆری جیاوازدایە دوور لە کۆمەڵەی خۆری ئێمە، هەسارەکە بەدەوری قەزەمە ئەستێرەیەکی سووردا دەسوڕێتەوە لە دووریەک لەئەستێرەکەی یان خۆرەکەی کە دەکەوێتە زۆنی گونجاو بۆ ژیان لەنێو ئەو کۆمەڵەی خۆرەدا، زۆنی گونجاو بۆ ژیان لەنێو هەر کۆمەڵەی خۆرێکدا ئەو دووریەیە لەئەستێرەکە کە پلەی گەرمی بەجۆرێکە بواری ئەوە دەدات ئاو بتوانێت هەبێت لەدۆخی شلدا، ئەستێرەکە کە لەجۆری قەزەمێکی سورە نزیکەی111 ساڵی تیشکی لە ئێمە دوورە، هەسارەکەش کە بەردینیە وەک گۆی زەوی بەڵام گەورەترە و بارستەکەی 8 ئەوندەی بارستەی گۆی زەویە لە ساڵی 2015 لەلایەن تەلەسکۆپی کێپلەر لەگەڵ هەسارەیەکی تردا لەنێو ئەو سیستەمی خۆرەدا دۆزرانەوە.

ئەم هەواڵە لەگەڵ وردەکاریەکانی چاودێریەکە و لێکۆڵینەوەکە دوێنێ لە گۆڤاری سروشت و گەردوونناسی بڵاوکرایەوە، هەروەها هەر دوێنێش دۆزینەوەکە لەلایەن ئاژانسی ناسا پشتڕاستکرایەوە.

نیگارێکی بەدەست کێشراوی ئەو هەسارە و خۆرەکەیەتی لەگەڵ هەساریەکەی تر


بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیاریەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە هەندێک زانیاری تر بەکارهێنراون کە لەڕێگەی چاودێریەکانی تەلەسکۆپی هابڵ کۆکراونەتەوە پێشتر لە ساڵانی 2016 و 2017 دا.

بوونی ئاو بەیەکێک لە پێداویستیەکانی دروستبوون و پەرەسەندنی ژیان دادەنرێت بەو شێوەی دەیزانین لەسەر هەسارەکەی خۆمان، بەڵام تەنیا بوونی ئاو یان هەڵمی ئاو مانای ئەوە نیە ژیان هەیە یان دروستبووە لەسەر ئەم هەسارەیە، بۆ دڵنیایی کردنەوە لە بوونی ژیان لەسەر هەسارەکانی تری کۆمەڵەی خۆر پێوستیمان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە، بەتایبەتیش دەبێت بەدوای نیشانە بایۆلۆژیەکان Biological.Marks بگەڕێین کە لەوانەیە لەسەر هەسارەکە هەبن وەکو گازی ئۆکسجین و میثان لەنێو بەرگە هەوای ئەو هەسارەیە، بوونی بڕێکی باش لەگازی ئۆکسجین ئاماژە دەبێت بەڕوودانی کرداری تیشکەپێکهاتن لەسەر ڕووی هەسارەکە و ئەمەش دەبێتە بەڵگەیەکی بوونی ژیان، چاوەڕوان دەکرێت تەلەسکۆپی جێمس وێب بتوانێت ئەم لێکۆڵینەوانە تەواو بکات.

هەسارەکە بەردینیە وەک گۆی زەوی بەڵام گەورەترە و بارستەکەی 8 ئەوندەی بارستەی گۆی زەویە لە ساڵی 2015 لەلایەن تەلەسکۆپی کێپلەر لەگەڵ هەسارەیەکی تردا لەنێو ئەو سیستەمی خۆرەدا دۆزرانەوە

کێشەیەکی ئەم هەسارەیه ئەوەیە زۆر نزیکترە لەئەستێرەکەی بەبەراورد بەدوری گۆی زەوی لە خۆر بۆ نمونە، لەبەر نزیکی تەنیا بە 33 ڕۆژ جارێک بەدەوری ئەستێرەکەیدا دەسوڕێتەوە، ئەم نزیکیەش وادەکات بڕێکی زۆر لەتیشکە زیان بەخشەکان لەئەستێرەکەوە بگەن بەسەرڕووی هەسارەکە، ئەمەش نیشانەیەکی باش نیە بۆ دروستبوون و بوونی ژیان بەگشتی.

https://www.nasa.gov/…/nasa-s-hubble-finds-water-vapor-on-h…


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ