چۆن مامۆستا پارێزگاری لەلایەنی پەروەردەیی قوتابییەکانی دەکات ؟

مامۆستا چی بکات ئەگەر قوتابییەک بە قسەی نەشیاو وەڵامی دایەوە؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2019.09.16 12:21 PM
1108 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

هەورامان وریا قانع
بەشی هەرە زۆری ئەوانەی مامۆستان، لە ژیانی مامۆستایی خۆیاندا، دووچاری حاڵەتی لەم شێوەیە بوونەتەوە: قوتابییەک یان خوێندکارێک بەجۆرێک لە جۆرەکان و لەبەر هەر هۆکارێک بێت، وەڵامێکی نەشیاوی مامۆستا دەداتەوە و لە ڕوویدا ڕادەوەستێت. لە پۆلدا یا لە گۆڕەپانی مەکتەبدا ڕەفتارێک دەنوێنێت، مامۆستاکە بێزارو ناڕەحەت دەکات. جاری وا هەیە ئەو مامۆستایەی ڕووبەڕووی ئەم جۆرە حاڵەتانە دەبێتەوە، ئەو مامۆستایە نییە کە قوتابییەکانی بە (تووڕە، وشک، دڵڕەق، غەدار) ناوی دەبەن. بگرە هەندێکجار ئەو مامۆستایانەش کە لە مامەڵەکردنیاندا نەرم و نیانن و لای قوتابییەکان خۆشەویستن، دووچاری هەمان حاڵەت دەبنەوە.

ئێمەی مامۆستا یان بەشی هەرە زۆرمان، لەسەر ئەوە ڕاهاتووین ئەگەر قوتابییەک یان خوێندکارێک، وتەیەکی نەشیاو یان کارێکی خراپی ئەنجامدا، لێی توڕەدەبین و دەمانەوێت لە میانەی تووڕەبوون و دەنگبەرزکردنەوەو هەندێکجار لێدان و قسەی نەشیاوەوە، کۆنترۆڵی بارودۆخەکە بکەین و سزایەکی قورسی قوتابییەکە بدەین. یا ئەوەتا قوتابییەکە دەنێرینە لای بەڕێوەبەر، بۆ ئەوەی هەم سزای قورستری بدات و هەم بنێرێت بە دوای دایک و باوکیدا، تا بێن و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەفتاری نەشیاوی منداڵەکەیان بن.

ژمارەیەک قوتابی لە پۆلێکدا


بەڵام هەندێک لە شارەزایانی پەروەردە پێیانوایە بۆ ئەو جۆرە حاڵەتانە، چارەسەری سێیەم هەیە، چارەسەرێک دوور لە لێدان و تووڕەبوون و وتنی قسەی نەشیاو بە قوتابییەکە و ناردنی بۆ لای بەڕێوەبەرو بانگکردنی دایک و باوکی. بۆ تێگەیشتن لە چارەسەری سێیەم، با ئەم دیمەنە بێنینە پێشچاوی خۆمان:
مامۆستا بۆ قوتابییەکە: وەڵامی ئەم پرسیارە بدەرەوە.
قوتابییەکە: نازانم.
مامۆستا: بۆ نازانیت؟ دیارە لە ماڵەوە هیچ سەعیت نەکردووە، ئەوەی دوێنێ خوێندمان هیچیت لەبیرنەماوە؟
قوتابییەکە بە شێوازێکی ناشرین ڕاوەستاوە، سنگی دەرپەڕاندووە، خۆی بەلایەکدا خوارکردووەتەوە، یاری بە دەم و لێوی دەکات و چاوی دەسوڕێنێت، خۆی وا دەردەخات بێباکە لەوەی سەعی نەکردووە و دەڵێت: بەڵێ سەعیم نەکردووەو نامەوێت سەعیش بکەم و تۆ کێیت تا فەرمان بەسەر مندا بکەیت یان لێمتوڕەبیت.

سەروەختێک کێشەکە دەگات بەم ئاستە، مامۆستا هیچ دوور نییە کۆنترۆڵی خۆی پێنەکرێت، لە قوتابییەکە دەدات و بەسەریدا هاوار دەکات: هەستە بڕۆرە دەرەوە بێ ڕەوشت، بڕۆ بۆ لای بەڕێوەبەر با ئەو عاقڵت بکات، یان دەفتەری نمرەکانی دەکاتەوەو سفری بۆ دادەنێت و لەگەڵیشیدا تێر قسەی ناپەروەردەیی پێدەڵێت. واتە یەکەم شت کە بە مێشکی مامۆستاکەدا دێت، ئەوەیە لەبەرچاوی قوتابییەکانی دیکە، سزایەکی قورسی قوتابییەکە بدات. بەشێکی مەبەستی مامۆستاکە لەم سزایە، بۆ چاوترساندنی قوتابییەکانی دیکەیە کە چاو لەم هاوپۆلەیان نەکەن و وەک ئەو هەڵسوکەوت نەکەن. بەڵام چارەسەری سێیەم ئەو شێوازی مامەڵەکردنەی مامۆستای پێ ڕاست نییە و بە کارێکی پەروەردەیی نازانێت. ئەی چی بکرێت باشە؟ ئەمەی خوارەوە بکرێت:
مامۆستاکە بە ڕوویەکی خۆشەوە بە قوتابییەکە دەڵێت: دەزانی کاک (ناوی قوتابییەکە دەڵێت) تۆ زۆر داهێنەرو بلیمەتی!!
ئا لێرەدا هەم قوتابییەکە و هەم قوتابییەکانی دیکەی نا پۆلەکە، بە دڵنیاییەوە واقیان وڕدەمێنێت و دەحەپەسێن، پێیان سەیرە ئەوە کاردانەوەی مامۆستاکەیانە، چونکە ئەوان پێشتر لەم جۆرە حاڵەتانەدا، بە هیچ شێوەیەک هەڵوێستی وایان لە مامۆستاکانیان نەبینیوە. قوتابییەکە و هاوپۆلەکانی، خۆیان بۆ ئەوە ئامادە کردبوو کە مامۆستا لێشاوێک قسەی سوک و ناشرین بە قوتابییەکە بڵێت، بە زلە و بۆکس بکەوێتە گیانی، بە پاڵ و گوێڕاکێشان بیکاتە دەرەوە، چەند قوتابییەکی لەگەڵ بنێرێت بۆ ژوری بەڕێوەبەر. بەڵام ئەوان هیچ دیمەنێکی لەو شێوەیەیان نەبینی، بۆیە دووچاری سەرسوڕمان بوون. ئەمە جگە لەوەی وەڵامی مامۆستاکە، هیچ پەیوەندییەکی بە مەسەلەکەوە نییە.

مامۆستایەک بەشداری بە خوێندکارەکانی دەکات لە وتنەوەی وانەکانیدا


مامۆستاکە لەسەر هێمنی و ڕووخۆشییەکەی خۆی بەردەوام دەبێت و بە قوتابییەکە دەڵێت: ئەوەی لە تۆدا من سەرسام دەکات، ئەوەیە تۆ ئەگەر ویستت کارێک بکەیت، ئەوا زۆر بە جوانی دەیکەیت کە ئەوانی دیکە ناتوانن وەک تۆ بیکەن. راستە تۆ ئەمڕۆ زۆر بەداخەوە، ڕەفتارێکی نەشیاوت ئەنجامدا کە من چاوەڕوانی ڕەفتارێکی لەو شێوەیەم لە تۆ نەدەکرد، ڕەفتارەکەشت قبووڵ کراونییە. بەڵام دەی بە هەر حاڵ من دڵنیام تۆ چیتر کارێکی لەو جۆرە دووبارە ناکەیتەوە، بەیانی لە هەمو ئەم قوتابیانەی دیکە زیرەکتر دەبیت، ئەگەر بەیانیش نەبێت، ئەوا دوو بەیانی لە زیرەکی و سەعیکردندا، پێشی هەمویان دەدەیتەوە. تۆ ئەگەر بتەوێت قوتابییەکی زۆرباش و نایابیت.

مامۆستا بەو جۆرە وتانە یان بە هەندێک وتەی دیکە کە لەیەککاتدا هەم گلەیی و هەم ستایشە، هەم سەرزەنشتکردن و هەم مەدح و سەنایە، کۆتایی بە کێشەکە دێنێت. دواتر مامۆستاکە دەتوانێت لە پشوویەک لە پشووەکاندا، قوتابییەکە بانگ بکاتە و دوو بە دوو، وەک برایەک یان وەک هاوڕێیەک قسەی لەگەڵدا بکات. وەلێ لەو قسەکردنەدا باشترە سەرەتا کۆمەڵێ سیفەتی باش و پۆزەتیڤی قوتابییەکە باس بکات، پاشان بێتە سەر گلەیی و سەرزەنشتکردنەکان. بەڵام بە زمانێکی هێمن و لەسەرخۆ، زمانێک قوتابییەکە لە قووڵایی ناخییەوە هەست بکات ئەم مامۆستایە چەند دڵسۆزو پەرۆشی ئەوە.

ڕێوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵا لە قوتابخانەیەکدا


بەم جۆرە مامۆستاکە توانی پارێزگاریی لە لایەنە پەروەردەییەکە بکات، هەروەها توانی لە ناو پۆلدا پارێزگاری لە ئارامی و هێمنی پۆل بکات و ڕێگەی نەدا هیچ جۆرە دەنگە دەنگ و هەراوزەنایەک دروست ببێت کە قوتابییەکان چاوەڕوانی دروستبوونی پەشێوی و ئاڵۆزی بوون. مامۆستاکە وایکرد کەش و هەوای ناو پۆل تێکنەچێت و وانەکە ڕێڕوی ئاسایی خۆی وەربگرێت. جگە لەوە مامۆستا لەوەدا زۆر سەرکەوتوو بوو، توانی ئەو وێنە نەرێنییە لە هزری قوتابییەکاندا- بەرامبەر بە مامۆستاکان لەو جۆرە حاڵەتانەدا هەیانە- تا ڕادەیەکی باش کاڵکاتەوە. ڕەنگە هەندێک لە مامۆستاکان کە ئەم بابەتە دەخوێننەوە، بڵێن ئەم نەرمونیانی و سزانەدانە بۆ هەندێک قوتابی گونجاو نییە. بەڵام وەڵامی ئێمە ئەوەیە نا نەخێر گونجاوەو لەگەڵ دووبارەبوونەوەیدا، گۆڕانکاری بەسەر خودی قوتابییەکەدا دێت. سەرەڕای ئەوە، ئێمە وەک مامۆستا، پێویستە هەمیشە ئەوەمان لەبیربێت ڕفتاری نەرێنی قوتابی، هەر دەبێت بنەمایەکی سەرەکی و بنەڕەتی هەبێت. بۆیە لەسەرمانە چارەسەری ئەو بنەما سەرەکی و بنەڕەتییە بکەین، نەک ئەوەی ئەو بنەما نەرێنییە کە لای قوتابییەکە هەیە، زیاتر و بەرفراوانتری بکەین.

دواجار مامۆستا لەبەر ئەوەی پێش هەمو شتێک پەروەردەکارە، مامەڵە لەگەڵ منداڵ و هەرزەکاردا دەکات، بۆیە لەسەریەتی لە بارودۆخێکی نەخواستراوی لەو شێوەیەی سەرەوەدا کە قوتابییەک ڕەفتارێکی نەشیاو یان قسەی ناخۆش و نا پەروەدەیی دەکات، دەبێت پارێزگاری لە هێمنی و میهرەبانی خۆی بکات. ئەگەر قوتابییەکان هەستیان بە توڕەیی و شڵەژان و ڕووگرژی و هەڵچوونت کرد، ئەوە وایان لێدەکات لە ئایندەدا ڕەفتارە خراپەکانیان دووبارە بکەنەوە. چونکە ئەوان دەیانەوێت توڕەیی و هەڵچوونی مامۆستاکەیان بوروژێنن. لێرەوە کێشەکە چەند گەورەو ناخۆش بێت، پارێزگاری لە هێمنی و میهرەبانی خۆت بکە (بێگومان لەم حاڵەتانەدا پارێزگاریکردن لە هێمنی و هەڵنەچوون زەحمەتە). هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژەو بۆ تاوێک ڕوو بکەرە پەنجەرەکە و بێدەنگ بە، پاشان لەسەرخۆ چارەسەری کێشەکە بکە. با کاردانەوەت عەقڵانی بێت، ئەگەر توڕەببیت، هەست بە شڵەژان دەکەیت، ئەمەش وا دەکات کاردانەوەت زیاتر هەڵچوون و شپرزەیی پێوەدیاربێت، نەک عەقڵانی.

سەرچاوە
بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سودم لە گۆڤاری (المعلم) وەرگرتووە www.almualem.net


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ