"ئەم تەنە نامۆ و سەرسوڕهێنەرەش لە گەردووندا هەیە"

پڕ بارستەترین ئەستێرەی نیۆترۆنی دۆزرایەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2019.09.17 10:51 AM
416 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

لوقمان حەوێز
کۆمەڵێک گەردوونناسی زانکۆی ڤیرجینیا لە چاودێریەکانیاندا توانیان گەورەترین ئەستێرەی نیۆترۆنی بدۆزنەوە، دەتوانین بڵێین ئەستێرە نیۆترۆنیەکان لاشە و تەرمی ئەستێرە تەقیوە گەورەکانن، بە وردی ئەوانەی بارستاییان پێش تەواوبوونی تەمەنیان و تەقینەوەیان لە نێوان 9 بۆ 29 ئەوەندەی بارستەی خۆرە، دوای ئەوەی ئەو جۆرە ئەستێرانە دەتەقنەوە بەشی دەرەوەی ئەستێرەکە لەڕێگەی تەقینەوەیەکی زۆر گەورە جیادەبێتەوە بە بۆشایی ئاسمان، ئەو تەقینەوەیە پێی دەوترێت سوپەرنۆڤا، کرۆکی ئەستێرەکە کە دەمێنێتەوە دوای تێکشکانی بەناویەکدا بەهۆی هێزی کێشکردن زۆر زۆر چڕ و بچوک دەبێتەوە و دەبێتە ئەستێرەیەکی نیۆترۆنی، ئەگەر ئەستێرەکە گەورەتر بوو لەم ڕادەیە ئەوا کرۆکەکەی دەبێتە کونێکی ڕەش.

ئەو کۆمەڵە گەردوونناسە لەڕێگەی کارکردنیان بۆ دەزگای چاودێری ڕادیۆیی گەردوونی نەتەوەیی ئەمەریکی لەڕوانگەی ڕادیۆیی شارلۆتزڤیڵ لە ڤیرجینیا ئەم ئەستێرەیە نیۆترۆنیەیان دۆزیەوە کە ناوی J0740+6620 لێنراوە و لە دووری نزیکەی 4600 ساڵی تیشکیە لە ئێمە واتە لەنێو گەلەئەستێرەکەی خۆمانە کە ڕێی کاکێشانە، تیرەکەی تەنیا 25 کیلۆمەترە بەڵام بارستەکەی 2.14 ئەوەندەی بارستایی خۆری ئێمەیە.

کۆمەڵێک گەردوونناسی زانکۆی ڤیرجینیا لە چاودێریەکانیاندا توانیان گەورەترین ئەستێرەی نیۆترۆنی بدۆزنەوە


ئەوەی ئەم دانەیەی جیاکردۆتەوە زۆری بارستەکەیەتی بەبەراورد بەهەموو ئەوانەی پێشووتر کە دۆزرابوونەوە، چونکە بارستەی زۆربەی ئەوانەی پێشووتر لە دەوروبەری 1.4 ئەوەندەی بارستەی خۆر بووە، بەپێی لێکدانەوەکان ئەمەیان لە لێواری ئەوەدابووە ببێتە کونێکی ڕەش ئەگەر هەندێک بارستەی ئەستێرەکەی کە تەقیوەتەوە زۆرتر بووایە.

ئەم جۆرە ئەستێرەیە بۆیە پێی دەووترێت نیۆترۆنی چونکە لەکاتی چڕبوونەوە و تێکشکانی و بچووک بوونەوەی بەم شێوەیە بەم بارستە گەورەیە ئەوا شیرازەی ماددە تیایدا تێکدەچێت و ئەلیکترۆنەکان و پڕۆتۆنەکانیش دەگۆڕێن بۆ نیۆترۆن.

ئەستێرە نیۆترۆنییەکە ناوی J0740+6620 ی لێنراوە و نزیکەی 4600 ساڵی تیشکی لە زەوییەوە دوورە و لەنێو گەلەئەستێرەکەی خۆمانە کە ڕێی کاکێشانە


ئەستێرە نیۆترۆنیەکان بەوە ناسراون سەر ڕووەکەیان زۆر زۆر گەرمە و گەرمیەکەی دەگاتە پتر لە نیو ملیۆن پلەی کێڵڤن، زۆر زۆر بە خێرایی بە دەوری خۆشیاندا دەسوڕێنەوە، خێرایی سوڕانەوەکەی دەگاتە 25% لە خێرایی تیشک، لەکاتی ئەو سوڕانەوانەش بڕێکی زۆر لە تیشکی گاما و ئێکس بەشێوەی ترپە بڵاو دەکەنەوە و ئێمە لەو ڕێگەیەوە بە ئاسانی دەیان دۆزینەوە.

لەبەر زۆر بچوک بوونەوەی قەبارەکەی لەگەڵ ئەوەی بارستایی ئەوەندە زۆرە ئەوا چڕی ئەستێرە نیۆترۆنیەکان ئەوەندە زۆرە کە بڕی یەک کەوچکی چێشت لە بارستاییەکەی پترە لە سەدەها ملیۆن تۆن..! واتە تەنیا ئەو کەوچکە لەبارستایی ئەم جۆرە ئەستێرەیە پترە لە بارستایی هەموو مرۆڤەکان کەئێستا لەژیانن لەسەر ڕووی زەوی!

https://phys.org/…/2019-09-astronomers-massive-neutron-star…


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ