"لە دەستپێکی شیعر نوسیندا یاخی بوو"

نیشتمان لە ئەندێشەی شێرکۆ بێکەسدا

هۆشیار جەمال 2019.09.18 02:27 PM
3089 جار خوێندراوەتەوە

هۆشیار جەمال

نوسەر و ڕۆژنامەنووس

 مرۆڤ لەپاش لەدایکبوون و گەشەکردنی سەرجەم جەستەی و هزری سۆز و خۆشەویستی بۆ ئەوپارچە زەویە یان ئەوخانوە هەیە کە لەسەری دەژی، ئەم خۆشەویستە لەو کاتەوە دەستت پێدەکات کە دایک و باوک ڕۆڵ دەگێرن و بەردەوام دەبن لە پەیوست بوونیان بەو خانوە یان ئەو ناوچەیەی تێدا دەژین وئامادە نابن هەروابەئاسانی بەجێبهێڵن.

ئەگەر ئەم تێگەیشتنە بە شێوەیەکی گەورەتر ببینین ئەوا بۆمان دەردەکەوێت، کەمرۆڤ سۆز و خۆشەویستی بێ سنوری هەیە بۆ ئەو نیشتیمانەی کە دەژی تێدا و لێی پەروەردە بووە، و هەردەم هەوڵی پاراستنی داوە لە ‌هێرشی دوژمنان، ئەم خۆشەویستیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە ڕەنگە کەسێکی سەرمایەدار بە وەگەرخستنی سەرمایەکەی لە وڵاتەکەی خۆیدا خۆشەویستی خۆی بۆدەربڕێ، یان مێژوونوس و شوێنەوارناسان بە گەڕان و ئەنجامدانی توێژینەوەکانیان لە سەر ڕوداوەکان و شوێنەوارە  مێژوویەکان لە پێناو هەواڵدان بۆ پاراستنی کەلەپوری وڵاتەکەیان خۆشەویستیان دەربڕن.

شاعیران و نوسەران وئەدیبان نوسەرانی کورد هەرلە ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆیی ونالی و گۆران و شێخ نوری شێخ ساڵح و چەندانی تر هەریەکەیان لە ڕێگای توانا ئەدەبیەکەیانەوە خۆشەویستیان بۆ نیشیمانە کەیان دەربڕیوە، ئەگەر چی توشی گرتن و زیندانی کردنیش بوبێت، بەڵام بەردەوام بوون و پەیامی خۆیان گەیاندوە، شێرکۆ بێکەسی شاعیر یەکێکە لەو کەسانەی لە دەستپێکی شیعر نوسینەوە یاخی بوو لە کلتور و دەسەڵات و هەموو ئاینەکان لە پێناو نیشتیمانەکەی.

شێرکۆ بێکەس کوڕی فایەق بێکەسی شاعیرە

ئەو شاعیرە گەورەیە لە تەنیشتی چرایەکی گەشەوە گەورە بووە کە ئەویش شاعیری نیشتمان پەروەر فایەق بێکەسی باوکی بوو، کە یەکێک بوو لەڕۆشنبیرە هەرە دیارەکانی کورد لە نیوەی یەکەمەی سەدەی بیستەم ، کە لە تەمەنێکی کورتدا هەرلە پیشەی مامۆستایەکەیەوە تا شاعیرەیە کەی کە بە شیعرە نیشتمان پەروەریەکانی هەموو نیشتمان پەروەرانی هاندە دا کە ستەمکاری لە دەسەڵاتی سیاسی قبوڵنەکەن.

شێرکۆ بێکەس کە بە دیوانی تریفەی هەڵبەست لە ساڵی ١٩٦٨دەستی پێکرد، هەرلەسەرەتاوە نیشتمانی وەک مەعشوقێک بینیوە بە چەندین شێوە فۆڕمی جیاواز لەگەڵ بەرەو پێش چوونی شیعری کوردی  دۆزی نەتەوەی کورد و ئەوکارەساتانەی بەسەریدا هاتوون ، بەردەوام بووە لە خزمەت و نوسین بە درێژای چل ساڵ کە لوتکەی خۆشەویستی بۆ نیشتیمان و گەلەکەی لە گۆڕستانی چراکان و دەربەندی پەپولە و خاچ ومار وڕۆژمێری شاعیرێکدا ڕەنگی داوەتەوە.

بەڵام  لە دوای سەرکەوتنی شۆرش لە باشوری کوردستان وبەدی نەهاتنی بە شێک لە مافەکانی خەڵک هەنگاو بە هەنگاو شیرکۆ لە مەعشوقەکەی دورکەوتەوە کە نیشتمانە.
سەرەتای رەخنەی شێرکۆ بێکەس لە دەقی واڵای کورسیەوە دەستی پێکرد ودواتر لە کتێبە شیعری ملوانکە و هەروەها  هەست و نەست درێژەی پێدا تا لە ساڵی ٢٠١١ لە دەقی واڵای ئیستا کچێک نیشتنمانمە دا بە تەواوی ڕەنگی دایەوە و گەیشتە لوتکە.

یەکێک لە دیوانە شیعرییەکانی شێرکۆ بێکەس

ئێستا کچێک نیشتمانمە یاخی بوونێکی  ناوازە و جیاواز بوو لە ڕابردووی شاعیر خۆی گومان کردن بوو لە هەموو بەرهەمەکانی پێشوتری شێرکۆ لە بەرهەمە نیشتمانیەکانی تری!.

شێرکۆ لە نێوان بێدەنگ بوون  لەبەرامبەر ئەو نادادپەروەریەی هەیەو  و بەرگری کردن لە گەنجانی ماف خوراو دووهەمیانی هەڵبژارد.

لەبیرمە لە ساڵی ٢٠١١ کە شێرکۆ بێکەس داوای کرد پێش ئەم بەرهەمە پێش ئەوەی  بڵاوبکرێتەوە وەک کتێب بەشێوەی دەنگ و ڕەنگ لە کۆڕیکدا بۆ ئەدەب دۆستان و گوێگران بخوێنێتەوە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار ڕێگەیان نەدا بە هۆی باری ئەمنی ئەودەمە کۆڕەکەی بکات.

شێرکۆ بێکەس و دایکی

بۆیە شێرکۆ بێکەس بڕیاری دا لەیەکێک لە ژێر زەمینەکان بەرهەمەکەی بخوێنێتەوە وەک ناڕەزایی دەربڕینێک، دەقی واڵای ئیستا کچێک نیشتمانمە بەشێکی یەکەمی بەڕۆژمێری کورێکی گەنجی تەمەن نۆزدە ساڵە کە باس لە ئازارو گرفتەکانی خۆی دەکات لە ماوەی حوکمرانی کورد خۆیدا و دەڵێت:

من ناوم( کامەرانە)
یەکەم درۆی نوساوبەجەستەی خۆمەوە ناوەکەی خۆمە
هەروەک ئەوەی دڕدۆنک ناوی (دڵنیا) بێ و(قاقی)ناوی دارستان بێت.
شیرکۆ لە م بەرهەمەیدا دەبێتە زمانحاڵی زۆربەی باڵندە وگیانلەبەرەکان دەبێتە گەروی هاواریان ،دەڵیت:
من ناوم کیسەڵە
ئەوەچەند ساڵە لەم گوێ گۆمە حەماڵی ئەکەم
ئائەو کونەش ماڵەکەمە.
بەڵام دوێنێ چەند قاچێکی نیشتمانم لێ پەیدابوون
توڕە و تڕۆ
بەنوکە شەق هەتا ئەو خوارەیان بردم
لە م کتێبە دا چیتر نیشتمان ئەودایکە میهرەبانە نیە کە منداڵەکان لەدەوری کۆببنەوە وبەدادپەروری ژەمە خۆراکێک دابەش بکات بە سەریاندا چونکە نیشتمان بە دەست کۆمەڵێک کەسەوە تەواو هیلاک و ماندوە ڕۆژانە ئازار دەدرێت و دەشت ودۆڵ وڕووبارەکان هەمووی دابەش کراوە تەنانەت مەتریش دێتە گۆ ودەڵیت:

من ناوم( مەترە)
مەتری ئەرز پێوان بێزارم بێزار
ئەوە چەند ساڵە کۆمەڵە دەستێکی نیشتمان
لە بناری ئەوشاخەوە هەتا ناوشارئەمکەنەوە و ڕامەکێشن
جاری واهەیە من چەندین جار تەواو ئەبم
بەڵام ئەوان ئەرزەکانیان تەواو نابێ!
شاعیر بەم زمانە ڕەخنەیە بەردەوام دەبێت تا لە بەشی دوومەدا لە جیاتی کوردستان  کچێک دەکاتە نیشتمانی خۆی  بەناوی (ڕۆزانا) ئەم کچە لە چاوی شاعیردا پرچە ڕەشەکانی مەراقی دایکێتی ڕەنگی پێستی لە جۆگەلەی بەرهەتاو دەچێت و دەستەکانی لە دەستی بەفری قەسیدە.
دانیشتن لە کەناری ئەو وەک دانیشتە لای ڕووبار هەرچی ئازار و ناخۆشی وسەختی نیشتمانە ڕۆزانا بە جوانی ولێبوردەی وخۆشەویستی لە بیری دەباتەوە،ودەڵیت؛
من ئەوەتەی
ئەوکچەم ناسیوە
ئەوەتەی بارانی پرچی
ئەو لێم ئەدا
بووم بە شاعیری ئاو
وناوبەناو نم نم ئەنوسم و
هەندێک جاریش لێزمە بەخوڕ!
پێستی نازداری ڕۆزانا
لەگەواڵە هەورئەچێ
ڕەنگ برۆنزیی هەمووجارێ
کەسەرنجم
لەهەوری شان ومل ئەدا ئیتر بارانی پەخشان و
خەون و ئاواز بەسەر مندا دائەڕژێ


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ