"مشک ئەو گیانەوەرەیە کە هەر لە کۆنەوە لامان ناسراوە"

بنەڕەتی ناوی مشک

شاسوار هه‌رشه‌می 2019.09.22 02:30 PM
1172 جار خوێندراوەتەوە

شاسوار هه‌رشه‌می

نوسه‌ر

مامۆستای ئاماده‌یى ـ ستۆكهۆڵم / سوید
خاوه‌نی چه‌ند كتێبێكی چاپكراو

"کە پشیلە لەماڵ نەبوو، مشکان تلیلیلیانە"، پەندێکی کوردیی.
لە بابەتێکی پیشوترمان لەسەر پشیلە، ڕوونمان کردەوە، کە گەلانی هیندۆروپیی، تا ئەو کاتەی کە پێکەوە دەژیان، پشیلەیان نەناسیبوو. هەر لەبەر ئەوەشە، کە لە هەموو زمانە کۆن و کلاسیکییەکانی هیندۆروپیی، وەک زمانەکانی هیتیی، گرێکیی کۆن، لاتینیی کۆن، سانسکریتیی، ئاڤێستایی، ناوێکی ڕەگ هاوبەش، یان هەر ناوێک بۆ پشیلە نەبووە.

هەروەرک دەرمخستووە، کە دەرکەوتنی دواتری ناوی کتک و کات، تا ڕادەیەک تازەیە و لە زمانی کۆنی نۆبەی نێوان میسر و سودان سەرچاوەی گرتووە. بەڵگەش بوونی بنەمای فەرهەنگیی بەهێزی کتکە لەو شوێنە. سەدان مۆمیای پشیلە دۆزراوەتەوە. چەندان دەقی هیرۆگلۆفیی لەبەر دەست دان، کە بایەخی پشیلە، یان کتک لەو فەرهەنگە کۆنە دەردەخەن.

سەرەرای ئەوانەش، پشیلە زۆر بە خێرایی لە ماڵە هیندۆروپییەکان، لەوانە ناو ماڵە کوردانیش، جێگای خۆی کردۆتەوە. ئەوە نیە داپیرە و باپیرەمان، پەندێکی پڕ لە واتایان بۆمان بەجێهێشتووە، کە بایەخی گەورەی پشیلە دەردەخات: "پشیلە لەماڵ نەبوو، مشکان تلیلیلیانە".

مشک لەگەڵ شوێن و ناوچە جیاوازەکاندا خۆی دەگونجێنێت


کەواتە دەبێت، پێش ناسینی پشیلە لەلایەن داپیرە و باپیرە کۆنەکانمان، مشک تەنگی بە هەموو ماڵە هیندۆروپییەک هەڵچنیبێت. واتا مشک ئەو گیانەوەرەیە، کە هەر لە کۆنی کۆنەوە، لامان زۆر ناسراو بووە. با بزانین کە دەتوانین ئەمە بسەلمێنین؟

وەک دەزانین، "مشک"، گیانەوەرێکی بچوکە. لە ھەموو شوێنێک دەبیندرێت و لە ھەموو ژینگەیەکیش خۆی گونجاندووە. مشک بە گوێره‌ی ئەو ژینگەیەی لێی دەژی، خۆی ڕاھێناوە، بۆیە جۆر و قەوارە و شێوەی جۆراوجۆریشی ھەیە. شێوە ھەرە باوەکەی مشک، بچوک و ڕه‌نگ خۆڵەمێشیە. مشک، زیانی زۆر لە خۆراکی ھەڵگیراو دەدات، بۆیە خەڵکی لە دەست مشکان، بە دادە دادن.

ناوەکە لە کوردیی، دەنگی (ک)ی ناسینەوەی ناوی چۆتە سەر و بۆتە (مشک)، دەنا خودی ناوەکە تەنیا (مش) بووە. لە زاری هەورامیی موش. هەروەک موشە کورە واتا شەمشەمەکوێرە. به‌ زاراوه‌یه‌کی ناوچه‌ی دارابی ئوستانی فارس، مۆشک واتا مشک. له زمانی‌ بەلوچیی مۆشک. لە زاری بەختیاریی، موشک.

تەڵە بەکاردەهێنرێت بۆ لەناوبردنی مشک


بنەڕەتی دیسان داڕێژراوەی ناوی مشک لە زمانی هاوبەشی پرۆتۆهیندۆروپیی، یان PIEدا، بریتیە لە -muHs، موھس-، یانیش بە سادەیی موس-، بەبێ دەرخستنی دەنگی لارینگال. بە سانسکریتیی بۆتە mus، موس. لە لاتینییشدا ھەر ھەمانە mus، مووس، بەڵام وشە لاتینییەکە بۆ ناوی جورج بەکار هاتووە. لە گرێکیی بۆتە mys، میس. لە زمانی سلاڤیی کۆن myşi، میشی. بە ڕووسیی، سێربیی و بۆسنیی، miş، میش. بولگاریی mishka، میشکە. لە فارسییدا موش. لە زمانی ئۆسیتیی miste، میستێ. لە ئەنگلۆساکسۆنیی، ئەلمانیی کۆن، دانمارکیی، سویدیی و ئیسلاندیی mus، موس. لە زمانە ھاوچەرخەکانی دیش، دەبینین، لە ئینگلیزیی mouse، ماوس. بە ئەلمانیی maus، ماوس. لە بەنگالیی Mā'usa، ماوسە. بە ئەرمەنیی muk، موک.

بۆ واتای ناوەکە، پتر لە دوو بۆچوون ھەن. یەکێکیان وشەکە دەباتەوە سەر ڕه‌گی وشەی PIEی -mu، مو- بە واتای قرتاندن. کرتاندن، کە مشک بەوە دەناسرێتەوە نان دەکرتێنێ. بۆچوونی دووەمیش ئەوەیە، کە وشەکە ھاوواتایە لەگەڵ وشەی سانسکریتیی muş، موش بە واتای (دزی کردن). ھەرچەند ئەوەی مشک دەیخوات زۆر لەوە کەمترە، تا بە دزی کردن زاندرابێت. لە کوردیی، وشەی (مڵ و مووش)، بریتیە لە گەڕان و سوڕانەوەی مشک و گیانه‌وه‌رانی دی، تا بە لموز لە زەوی خشاندن، بۆنی خۆراک بکەن و بیدۆزنەوە. وشەی مووش لە کوردیی وەک کردار نەماوە. وا دیارە بە واتای لێگەڕان ھاتبێت. دوور نیە ناوی مش، مشک بۆ ھەمان سیفەت و وشە بگەڕێتەوە.

هەندێک سەرچاوە، جۆرە پەیوەندیەک دەبینن لە نێوان ناوی مشک و ماسولکە، یان بە ئینگلیزیی و زۆر زمانی دی muscle، مەسکل، موسکل. ئەم بۆچوونەش ڕێی تێدەچێت. دەزانین کە ناوی ماسولکە لە زمانی فارسیی، لە ناوی ماسی، یان ماهی دروست کراوە و بۆتە ماهیچە، یان ماسیۆکە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ