چۆن خۆمان بپارێزین لە ئاوتێزانی ئەژنۆ ؟

ئەو ھۆکارانە چین کە ئەگەری دروستبوونی ئاوتێزانی جومگەی ئەژنۆ زیاد دەکەن ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2019.09.23 01:18 PM
1558 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د. ھەڤین کەمال شاهـ محەمەد

ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی ئاوتێزانی ئەژنۆکان ئەمانەن:

 ١- تەمەن: ھەتا تەمەن زیاد کات بە تایبەتی دوای ٥٠ ساڵی ئەگەری ئاوتێزان زیاد دەکات بە ھۆی داخورانی جومگەی ئەژنۆوە.

٢- ئەو کەسانەی ئەو جۆرە وەرزشانە دەکەن کە لەوانەیە ئەژنۆ تیایدا بسوڕێت وەکو بالە (باسکت بۆڵ) ئەگەری ئاو تێزان زیاد دەکات بە ھۆی پێکانەوە و پچڕانی بەستەر و تەقینی کرکڕاگەوە.

٣- کێشی زیادە: کێشی زیادە کاریگەریەکی خراپی ھەیە لەسەر جومگەکە و ئاوتێزان زیاد دەکات و ئەو کێشە زیادە دەبێتە ھۆی دروستبوونی داخورانی جومگەکە.

کێشی زیادە کاریگەریەکی خراپی ھەیە لەسەر جومگەکە و ئاوتێزان زیاد دەکات

دەست نیشانکردن..
لەدوای زانینی نیشانەکانی و پشکنینی سەریری لەلایەن پزیشکی پسپۆرەوە، ھەندێ پشکنینی تر ھەیە کە پێویستە بکرێت:
١- ئێکس ڕەی (x ray): واتە ئەشعەی ڕەش و سپی کەتیایدا دەرئەکەوێت ئەگەر داخوران یاخود شکان ھەبێت لە یەکێک لە ئێسکەکانی ناو جومگەکە.

٢- سۆنەر ی جومگە: بۆ سەیرکردنی بەستەرو ماسولکەکانی دەوری جومگەکە.

٣- ئەشعەی تەنوری (MRI ): کە پچڕانی بەستەر یان تەقینی کرکڕاگەکان دەردەخات کە لەوانەیە بە ئەشعەی ڕەش و سپی دەرناکەوێت.

ئەشعەی ڕەش و سپی تیایدا دەرئەکەوێت ئەگەر داخوران یاخود شکان ھەبێت لە جومگەکەدا


٤- دەرھێنانی ئاوی جومگەکە و ناردنی بۆ پشکنینی تاقیگە بۆ زانینی ھۆکاری ئاوسانەکە، وە لە پشکنینەکەدا دەگەڕێن بۆ:
- بوونی خرۆکەی سووری خوێن کە لەوانەیە لە ئەنجامی پێکانەوە ھەبێت.
- بەکتریا بەھۆی بوونی ئیلتھاب و ھەوکردن لە جومگەکەدا.
- بوونی کریستاڵ: لەئەنجامی نەخۆشی دەردەشاھانە، یاخود دەردەشاھانەی درۆزن.

چارەسەر: دەکەوێتە سەر ھۆکاری ئاوتێزانەکە و توندی ئاوسانەکە لەگەڵ مێژووی ھەر نەخۆشیەکی تری نەخۆشەکە.. بەپێی ئەوە چارەسەر دەکرێت بەم جۆرە:

١- دەرمان: بەزۆری ئازار شکێنەکان (NSAI)، ئەگەر بە تەنیا چارەسەری ئازارەکە نەکرا بەم جۆرە دەرمانانە، ئەوا ئەبێت کورتیکۆ ستیرۆیدەکان زیادبکرێت وەکو (پریدنیسۆڵۆن) بۆ کەمکردنەوەی ھەوکردنەکە لە ڕێگەی حەبەوە یاخود بەشێوەی دەرزی بۆ ناو جومگەکە.

پشوودان ڕێگەیەکی باشە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ئەژنۆ


٢- پشوودان بە جومگەکە: نابێت ئەو چالاکییانە بکرێت کە فشار ئەخاتە سەر جومگەکەو قورسایی زۆر ھەڵبگیرێت.

٣- بەکارھێنانی سەھۆڵ یاخود پاکی سارد بۆ کەم کردنەوەی ئاوساوییەکە. بۆ ماوەی ١٥ -٢٠ دەقە و ھەموو ٢-٤ سەعاتێک و بەرزکردنەوەی جومگە ئاوساوەکە بەشێوەیەک بەرزتر بێت لە ئاستی دڵ.

٤ - چارەسەری سروشتی و چارەسەری فیزیایی بۆ باشترکردنی جوڵەی جومگەکەو بەھێز کردنی ماسولکەکان.

٥- دەرھێنانی ئاوی زیادە لە جومگەکە لەژێر ئامێری سونەردا و لێدانی ستیرۆیدەکان بۆ ناو جومگەکە بۆ کەم کردنەوەی ھەوکردنەکە.

پزیشکان ئاوتێزانی ئەژنۆی بەشێک لە نەخۆشەکان دەردەهێنن


٦- نازووڕی ئەژنۆ: لەڕێگای کونێکی بچکۆلەو لەژێر نیو بەنج دا ئامێری نازوورەکە ئەبرێتە ناو جومگەکەو جومگەکە پاک دەکرێتەوەو ئەگەر برینداری ھەبێت لە بەستەر یان کرکڕاگە دەدورێتەوە.

٧- گۆڕینی جومگە: ئەمیش لە حاڵەتە زۆر پێشکەووتووی نەخۆشیەکاندا کە چارەسەری تر نامێنێت پەنا دەبرێت بۆ گۆڕینی جومگەکە.

چۆنیەتی خۆپاراستن:
١- بەھێزکردنی ماسولکەکانی دەوری جومگەی ئەژنۆ، ئەگەر ماسولکەکان بەھێز بکرێن فشاری سەر جومگەکە کەمدەبێتەوە.

٢ - ھەمیشە جۆرە وەرزشێک ھەڵبژێرە کە فشاری زۆر نەخاتە سەر جومگەکە بۆ نموونە : وەرزشە ئەیرۆبیکەکانی ناو ئاو وەک مەلەکردن.

٣- ڕێکردنەوەی کێشی لەش: ھەمیشە کێشی زیادە فشار ئەخاتە سەر جومگەکە و دەبێتە ھۆی دروست بوونی ئاوتێزان.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ