محەمەد حسێن
ھەردوو سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بە جدی ھاتونەتە سەر ھێڵی دانوستاندن و دەیانەوێت ھەرچی زووترە کێشە نەوتی و داراییەکانیان چارەسەر بکەن. بەپێچەوانەی لێدوانە سیاسی و میدیاییەکانیان، ھەڵپەی ئاشتیخوازانەی ئەم دوو سەرکردایەتیە بەرھەمی نیازپاکیە سیاسیەکەیان نیە ھێندەی کە زەبرو فشاری ئەو نەخۆشیە ئابورییەیە کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە “ نەفرەتی نەوت” ناسراوە. ئەم نەخۆشیە ئابوریە، کە ھەمیشە وەک سەرچاوەی تەنگژەو ململانێی سیاسی و سەربازی وێناکراوە، بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا دەبێتە فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری و سیاسیەکانی عێراق و کوردستان دەھێنێتە سەر مێزی دانوستاندن.
کێشەکە بۆ عێراق بەمجۆرەیە:
دەوڵەتی عێراق، کە زیاتر لە ٩٨%ی ھەناردەکەی نەوتی خاوە، لە ئێستادا کەوتۆتە بەردەم ھەڕەشەی قەیران و قات و قڕیەکی راستەقینە بەھۆی ئەو گرژییانەی ئەمریکاو ئێران لە گەرووی ھورمز دروستیان کردووە. چونکە ھەتا مانگی رابردووش زیاتر لە ٩٦%ی نەوتەکەی بەم رێڕەوە ئاویەدا تێدەپەڕی. بە وتەی سامر غەزبانی وەزیری نەوتی عێراق رۆژانە ١٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی وڵاتانی کەنداوو عێراق بە ھورمزدا رەوانە دەکرێت. ھێشتا ھیچ روینەداوە تێچووی سەلامەتی و گواستنەوەی نەوت لە ھورمزەوە ١٠ قات زیادیکردووە (١)، ھەر گرژی و پێکدادانێکی سەربازی ئەگەری ئەوەی ھەیە بەتەواوی رێڕەوەکە دابخات بەڕوی کەشتیە نەوتیەکاندا، ئەمەش بەمانای وەستانی ٩٦%ی ھەناردەی عێراق دێت جگە لە داخستنی سەرەکی ترین بەندەری بازرگانی وڵاتەکە کە لە بەسرەیە.
لەبەردەم مەترسیەکانی ئەم قەیرانەدا، عێراق ھەرێمی کوردستانی ھەیەو چەند بژاردەیەکی تری لاواز. بۆڕی نەوتی کوردستان لە روی تەکنیکیەوە توانای ھەیە رۆژانە تا ١ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردەبکات. لە مانگی ٧ی٢٠١٩دا، ھەرێم رۆژانە ٤٤١ ھەزار بەرمیل نەوتی خۆی ھەناردە کردووە، کەواتە دەتوانێت ٥٦٠ ھەزار بەرمیل نەوتی عێراقی فێدراڵیش ھەناردە بکات، ئەمە بە ڕادەی ١٦.٤%ی کۆی گشتی ھەناردەی عێراقە کە بە تێکڕا رۆژنە ٣.٥٦ ملیۆن بەرمیل رۆژانە نەوتی ھەناردەکردووە لەمساڵدا بە پێی داتاکانی ئیراق ئۆیڵ ریپۆرت (٢). ھەڵبەتە بۆئەوەی بتوانرێت سود لە بۆڕیەکەی کوردستان وەربگیرێت، عێراق پێویستە تۆڕی بۆڕیە ناوخۆییەکانی نۆژەنبکاتەوە لە گەڵ بۆڕی نەوتی (عێراق-تورکیا) تا دەگاتە بەندەری جەیھان؛ چونکە ئەم بۆڕیە لە فیشخابورەوە لکێنراوە بە بۆڕی کوردستانەوەو گوماندەکرێت بە بێ نۆژەنکردنەوە بتوانێت تەواوی توانای ھەناردەکردنی بخرێتەگەڕ.
ئەم نۆژەنکردنەوانە کات و تێچووی خۆی ھەیە بەڵام بۆ عێراق قابیلی جێبەجێکردنە لەماوەیەکی دیاریکراودا. جگە لە بۆڕیە نەوتیەکەی کوردستان، دەروازەی برایم خەلیل-ش چاوەڕوان دەکرێت بەڕادەی ٢٠% قەرەبووی ئاڵوگۆڕە بازرگانیە لەدەستچووەکانی بەندەری بەسرە بکاتەوە.
بۆ سود وەرگرتن لە بژاردەکانی تری، کە سعودیەو ئوردن و سوریان، عێراق لانی کەم ٢ ساڵی (تەواو سەقامگیری دارایی و ئەمنی) پێویستە تا بتوانرێت بۆڕیە نەوتە کۆنەکانی لەم وڵاتانەدا نۆژەن یان سەر لەنوێ دروست بکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی ھێشتا رون نیە سوریاو سعودیە تا چ ئاستێک تێوە دەگلێن لە ھەر شەڕێکی چاوەڕوانکراوی نێوان ئێران و ئەمریکا، لەوانەیە ئەوان خۆشیان پێویستیان بەوە ھەبێت کە وڵاتانی تر بە ھانایانەوە بچێت.
کەواتە ھەرێمی کوردستان وبۆڕیە نەوتیەکەی بەقەدەر ھەرچی وڵاتانی درواسێی عێراق ھەیە جێگای پشت پێبەستنە بۆ ھەر رۆژێکی رەش کە لەوانەیە بە ھۆی ململانێکانی ئێران و ئەمریکاوە توشی عێراق ببێت. ئەگەر چی ئەوەی ھەرێم دەتوانێت پێشکەشی بکات لە روی رێژەو ژمارەوە زۆر گەورە نیە، بەڵام چونکە خۆی بەشێکە لەعێراق و تەعریفەی باج و گومرکی زیادەی نیە و مامەڵەکردن لەگەڵیا خۆشترو ئاسانترە بەراورد بە وڵاتانی درواسێ، ھەمیشە یەکەم بژاردەی بەرپرسانی بەغدا دەبێت.
ئەگەر ھەرێمی کوردستان پێشتر تەنھا گرنگیەکی جیوپۆلەتیکی ھەبوو بۆ عێراق، لە ئێستادا گرنگیەکی ئابوریشی ھەیە کە زۆر زیاترە لەقەبارەی خۆی، ئەمەش لەبەر لاوازی و کۆڵەواری ئەو سیستەمە رێنتخۆریە ئابوریەیە کە زیاتر لە ٥٠ ساڵە عێراق دەباتەڕێوە. ئەمە باجی بەتەنھا پشتبەستنە بەنەوت. لەبەر ئەوەی شەڕ خەریکە دێتە ناو رێڕەوی ھەناردەکردنی نەوتەکەیەوە، تەواوی وڵاتەکە کەوتۆتە بەردەم ئەگەری شڵەژانێکی ئابوری قورس و قاتوقڕیەکی راستەقینە.
بۆ ھەرێمی کوردستان:
ھەرێمی کوردستانیش بەھەمان شێوەی عێراق ھیچی نیە بۆ ھەناردەکردن جگە لەنەوت، سکاڵایەکی دەوڵەتی عێراقیش نیشانەی پرسیاری دروستکردووە لەسەر تەواوی سامان و داھاتی نەوتەکەی. سکاڵاکە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ لە پاریس تۆمارکراوە لای ژوری بازرگانی نێودەولەتی (International Chamber of Commerce) کە رێکخراوێکی جیھانیە و کاری یەکلاکردنەوەی ناکۆکیە بازرگانیەکانە لە نێوان وڵاتان و کۆمپانیا گەورەکاندا. چەند شارەزایەیەکی بواری ناکۆکیە بازرگانییە نێودەوڵەتیەکان چاوەڕوانی ئەوەن تا مانگی ١١ی ئەمساڵ دادگاکە لە بەرژەوەندی عێراق حوکمی خۆی بدات، ئەمەش دەوڵەتی تورکیا ناچاردەکات بەپێی رێنماییەکانی بەغدا بۆڕی نەوتی (تورکیا-عێراق)و کۆگاو تێرمیناڵەکەی بەندەری جەھیان بەکاربھێنێت. لە دوای یەکەمین حوکمی یەکلاکەرەوە لە دژی تورکیا، عێراق مافی ئەوەشی دەبێت داوای قەرەبوو بکاتەوە.
ھەندێک لە بەرپرسانی بەغدا باسی ٢٦ ملیار دۆلار دەکەن وەک قەرەبووی ئەو زیانانەی عێراق بەریکەوتووە لەکاتی بەکارھێنانی تاکلایەنەی تورکیا بۆ بۆڕیەکە. ئەم حوکمە چاوەڕوانکراوەی ژوری بازرگانی نێودەولەتی دەسەڵاتی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەداتە عێراقیەکان و مافی داواکردنی قەرەبویەکی زۆریش لە تورکیا.
بۆڕی نەوتی (تورکیا-عێراق)، کە بە بۆڕی (کەرکوک-جەیھان)یش ناسراوە، مڵکی ھەردوو وڵاتە و بە پێی رێکەوتنی دولایەنەی نێوانیان بۆ ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لە بەندەری جیھانەوە لە ساڵی ١٩٧٠ەوە خراوەتەگەڕ.
بەرپرسانی تورکیا پێیان وایە وەک بەشێک لە عێراق ھەرێمی کوردستان مافی ئەوەی ھەیە ئەم بۆڕیە بەکاربھێنێت بەتایبەتی دوای ئەوەی تەقینەوەکانی داعش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤دا ھەناردەی نەوتی کەرکوکی لەم بۆڕیەوە پەکخست. حکومەتی عێراق (کە نەوتی ھەرێم وەک کاڵایەکی نایاسایی و قاچاخ دەناسێنێت) پێیوایە تورکیا رێکەوتنە دولایەنەکەی پێشێل کردووە. ئەم بۆڕیە لە ئێستادا بۆڕی نەوتی کوردستان دەگەیەنێتە بەندەری جەیھان.
بە کورتی، ئەگەر دادگاکە لەبەرژەوەندی عێراق بڕیارلەسەر کەیسەکە بدات (کە ئەگەرێی زۆر بەھێزە گەر سیاسیەکانی ھەولێر و بەغدا نەگەنە چارەسەرێکی ماناوەندی)، ئەوا دادگاکانی تورکیا حکومەتەکەی ئەردۆغان ناچاردەکەن بۆڕیەکە بەپێی خواست و بڕیارو ڕێنماییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق بەکاربھێنێت، یەکەم دەرەنجامی ئەمەش لەوانەیە راگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بێت. سەرکردەکانی ھەرێم ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی نەگەنە ئەم دۆخە، لەبەرامبەردا بەرپرسانی بەغداش بێ بەرامبەر سکاڵاکە ناکشێننەوە لە کاتێدا بڕوایان وایە کەیسەکە لەبەرژەوەندی عێراق حوکمی لەسەر دەدرێت.
ئێستا روون بویەوە سیاسەتی بەتەنھا پشتبەستن بە نەوت چەند ھەڵوێستی سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستانی لاوازکردووە لەبەرامبەر بەغدا، بەڵام ئاراستەی دیپلۆماسیەتەکەی گۆڕیوە بەرەو رێکەوتن لەگەڵ بەغداو چارەسەری کێشە ھەڵواسراوەکان، نەک سەربەخۆیی ئابوری و نەوت ھەناردەکردن، ئەوگوتارەی ساڵانێکی زۆر خەڵکیان پێئەھێنایە سەرجادەکان.
کەواتە یەکێک لە کێماسیەکانی نەفرەتی نەوت، کە بەتەنھا پشتبەستنە بە ھەناردەی نەوتی خاو وەک سەرچاوەی داھاتی دەوڵەت، ئەمڕۆ فاکتەری ئاشتیە لە نێوان عێراق و کوردستاندا. لە ١٣٠ ساڵی رابردوودا، بە دەگمەن رویداوە نەوت فاکتەری ئاشتی بێت لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. بەڵام ئەمڕۆ عێراق و کوردستانی عێراق لەبەر زەبری کێشە ئابوریەکانیان ناچاربوون گفتوگۆیەکی جدی دەستپێبکەن بۆ ھەموو ئەو کێشانەی کە لە ٦ ساڵی رابردوودا سیاسەتی سەربەخۆییانە نەوتفرۆشتنی ھەرێمی کوردستان دروستی کردووە.
لە مانگی ٧ی ٢٠١٩دا، بۆڕی نەوتی کوردستان رۆژانە ٥٤١ ھەزار بەرمیل نەوتی لێوە ھەناردەکراوە ( ٤٤٠،٠٠٠ی ھی ھەرێم خۆیەتی و ١٠١،٠٠٠یشی نەوتی کەرکوکە و عێراق فرۆشتویەتی) (٣). بۆ عێراق و کوردستانیش سەرەڕۆییکردن بەم داھاتەوە ئاسان نیە و ڕێی تێناچێت. ئەمریکیەکان کە کاریگەریان لەسەر ھەولێر و بەغداش ھەیە، ناتوانن تەحەمولی لەدەستدانی ئەم نەوتەبکەن لە کاتێکدا قەیرانی ئێران نزیکەی ٣ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە کورتھێنانی لە ئاستی خستنەڕوی نەوتی خاو دروست کردووە و ھێشتا نەتوانراوە بە زیادەی بەرھەمی نەوتی شێڵی ئەمریکاو سعودیە قەرەبوو بکرێتەوە.
ئەم قەیرانە نەوتیە، کە لە بنەڕەتدا قەیرانێکی ئابوریی-سیاسییەو خراپبەڕێوەبردنی وڵات دروستیکردووە، لە ئێستادا بەغداو ھەولێریشی خستۆتە بەردەم یەک بژاردەوە، کە ئەویش رێکەوتنێکی ھەردولا-براوە (win-win)ی ناچارانەیە. تەنھا ئەمەش یارمەتی دەربازبوونیان دەدات لە قەیرانە چاوەڕوانکراوەکانیان.
ناوەندی حەمرین بۆ توێژینەوەی ستراتیژیی ـ hamrincenter.com