سازدانی چاوپێكهوتن میران تاریق
شیعر و ئەدەب لای تاڵەبانی چییە ؟
ئیسماعیل تاڵەبانی: شیعر جوانیە... خۆشەویستیە،
گەمەیەکی هەمیشەی نێوو ڕوحی شاعیرە، دەروازەیەکە بۆ ووشە قەتیس ماوەکانی نێو ڕوحی
شاعیر وە ئەمەوێت بڵێم شیعر زمانێکی تری مرۆڤە.
تا چەند گرنگە شیعر و شاعیر لەگەڵ
ئازاری خەڵکدا بن؟
ئیسماعیل تاڵەبانی: بە بڕوای من پیویستە
هەردەم شاعیران و ئەدیبان لە هەموو سەردەمێکدا پێگە و بەهاو بوون و هەڵوێستی خۆیان
هەبێت، وە هەمیشە لەگەڵ ئازار و موعاناتەکانی خەڵکدا بن و هاوخەمی خەڵکی بن بە هۆنراوەکانیان
، نموونەش بۆ ئەمە لە سەردەمی ستالیندا، ستالین بەو هەموو عەبقەری و سەرکێشیەیەوە،
شاعیرێک هەبوو زۆر بە ناوبانگ بوو وە ناوبانگی شاعیرەکە گەیشتەوە بە ستالین، ستالین
بانگی کرد و نیوەڕۆخوانێکی بۆ دروست کرد، خزمەتێکی باشی کرد و وتی زۆر ناوبانگی تۆم
بیستووە پێمخۆشە گوێم لە شیعرەکانت بێت، شاعیرەکە چەند شعیرێکی بۆ خوێندەوە، کە بریتی
بوون لە ئەوین و ئەوینداریی، ستالین لە دڵی خۆی دا وتی ئەمە چییە، لە کۆتایدا ستالین
بە شاعیرەکەی وت چیت بۆ بکەم، وتی ئەمەوێت چەند کتێبێکم بۆ چاپ بکەیت لە وەڵامدا
ستالین وتی من دوو کتێب بۆ تۆ چاپ دەکەم، کتێبێكیان بۆ خودی خۆت یەکێکیان بۆ ئەو کەسهی
بۆت نوسیووە، لەبەرئەوە ئێمە لەم هەموو شەڕ و کوشتاره داین نەم بیست تۆ لە شیعرەکاندا
ئازار و موعاناتی گەلەکەمان بخەیتە ڕستەوە لەبەرئەوە ئەرکی شاعیر ئەوەیە بەردەوام
لەگەڵ ئازار و موعاناتی خەڵکدا بێت، پارێزگاری نیشتیمان بێت...
شیعر چی بە تۆ بەخشیووە ؟
ئیسماعیل تاڵەبانی: شیعر زۆر شتی بە من
بەخشیووە توانیویەتی من لە خەڵکی ئاسایی جیا بکاتەوە، توانیویەتی من ئاشنا بکات بە
کۆمەڵگەی کوردیی، وە ئاشنام بکات بە خوێنەر، وە توانیویەتی خوشەویستی و ویژدانێکی
زیندوم پێ ببەخشیت، وە بە دیدێکی تر لە خەڵکانی ئاسایی بڕوانمە ژیان و نیشتیمان،
وایکردووە کە ببمە سیمبولێک کە شانازیم پێوە بکەن و شیعر توانیویەتی ئیسماعیل بکاتە
مرۆڤێکی تر وە زۆر شتی جوانی لە ژیاندا پی بەخشیوم.
شیعر خزمەتی کۆمەڵگەی کردووە یان خزمەتی
تاکە کەسەکانی کردووە ؟
ئیسماعیل تاڵەبانی: بە بڕوای من ئەوە کەوتۆتەوە
سەر ئەدا و فۆڕم و نوسینی ئەو کەسایەتیانە کە لە بواری ئەدەبدا خۆیان دەبینەوە، من
پێموایە ئەوانەی کە دەنووسن با دونیای نووسیمان بۆ بەرژەوەندی و خزمەتی کۆمەڵگا بێت،
نەوەک بە کاریبهێنن بۆ خزمەتکردنی پێگە و جیگەی خۆیان و خزمەتی خۆیانی پێبکەن، هیچ
کات ئەدەب بۆ ئەوە نەکراوە خۆتی پێ گەورە بکەیت و کۆمەڵگە و خەڵکی پێ بچووک بکەیتەوە،
هیچ کاتێک ئەدەب بۆ ئەوە نەکراوە کە تۆ خۆت بژیت و خەڵکی پێ بکوژیت لەبەرئەوە ئەبیت
کۆی گشتی ئەدەب خزمەت بە کۆمەڵگای کوردیی خاک نیشتیمانەکەت بێت، نووسین بۆ ئەوەیە
کە ئاستی کۆمەڵگەی کوردیی وشیار بکەیتەوە، بە زمانێکی تر و فۆڕمێکی تر، دید و تێڕوانینی
تۆ لەگەڵ کەسانی ئاسایی جیا بکرێتەوە، ئەو کەسانەی کە قسەیان هەیە لەسەر کۆی ژیان
ئەوا ئێمەش قسەمان هەیە لەسەری بەڵام بە شێوازێکی جیاوازتر و زمانێکی جیاواز کە
زمانێکە لە زمانی زبر و سادە جیامان دەکاتەوە، دونیایی نووسین چێژ و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بە داخەوە زۆرن ئەو ئەدیبە
دەربارانەی کە هەمیشە لە پێناو مانەوەی خۆیاندا خەڵکیان کوشتووە، لە پێناو گەورەکردنی
خۆیاندا خەڵکیان بچووک کردۆتەوە، قەڵەمەکانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە کارهێناوە وە
هیوادارم هەر کەسێک لە هەر بوارێکدا کار دەکات با بۆ جوانکردنی ژیان کاربکات نەک بۆ
ناشرین کردنی، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ زەمەن و تەمەکاندا بکات...
تائێستا ڕووبەڕووی کێشە و ئازاردان بوویتەوە؟
ئیسماعیل تاڵەبانی: لە دوای بڵاوبوونەوەی
گۆرانی و شیعری لە مەیدانی کوردایەتی، چەندین جار ڕووبەڕووی پەلاماردان بوومەتەوە،
بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە کارەکەی خۆم گواستومیانەتەوە بۆ شوێنی دیکە بەڵام خۆشحاڵ و
ئاسوودەم بەوەی کە لە پێناو خەڵکی بەش مەینەتدا ئازاری دەروونی و جەستەیی دراوم و
خۆشحاڵم بەوەی کە خاوەنی ویژدانێکی زیندووم.
بۆچی هەمیشە لە هۆنراوەکانی تۆدا جۆرێک
لە یاخی بوون بە دی دەکرێت؟
ئیسماعیل تاڵەبانی: ئەوە ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی خۆمە،
شاعیر دەبێت ڕەش و سپی لەیەکتر جیا بکاتەوە لە هەموو سەردەمێکدا خاوەنی ئەداو هەڵوێستی
خۆی بێت وێنەی بەسەرهات و ڕووداوەکان وەک خوێی بگێڕێتەوە و وێنایان بکێشێت، دەبێت
هەمیشە لەگەڵ خۆی و خۆێنەرانیدا ڕاسگۆ بێت تا پێگە و شوناسی خۆی لەدەست نەدات.
بۆچی تائێستا هیچ کتێبێکی چاپکراوت نییە
؟
ئیسماعیل تاڵەبانی: هیچ کاتێک زەمەن و
تەمەنی کتێب لای من بەسەرناچیت، کتێب پیرۆزی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، لە ئێستادا ئەو
شیعرانەی لەبەردەستی خۆمدان موڵکی خۆمن کە چوونە پێش چاوی خوێنەر ئەبن بە موڵکی خەڵک،
بۆیە پێموایە کاتی ماوە بۆ ئەوەی خزمەتێکی باشتر و تێرتر بە خۆێنەر بەم، دەمەوێت لە
داهاتوویەکی گونجاودا تینوویەتی خوێنەر بشکێنم...
تائێستا تاڵەبانی عاشق بووە ؟
ئیسماعیل تاڵەبانی: مرۆڤ ئەگەر عاشق نەبێت
ناتوانێت بنووسێت، ئیتر چی عاشقی باوک و دایک، نیشتیمان، ڕەگەزی بەرامبەر، هەڵبەت
بوونی عەشقێکیش، ئیسماعیل تاڵەبانی کەمەن کێش کردووە بۆ نێو دوونیایی شیعر، بە بڕوای
من عەشق و خۆشەویستی دوو شتی جیاوازن من هەموو کەسێکم خۆش ئەوێت بەڵام عاشقی هەموو
کەسێک نابم چونکە لەعەشقدا دۆڕان و بردنەوە نییە لای من، چونکە من هەمیشە عاشقم
واتا نە براوەم نە دۆڕاوم.
ئێستا شیعر زۆر و بۆریەکی پێوە دیارە
پێتوایە هەموو نووسینێک ئەچیتە قاڵبی ئەدەب و شیعرەوە ؟
ئیسماعیل تاڵەبانی: من ڕەخنەگر نیم تا
بتوانم ئەوە دیاریی بکەم، چونکە ئەوە کاری ڕەخنەگرە کە قسە لەسەر کۆی ئەدەبیاتی ئەم
سەردەمە بکات، بەڵام بە دید و تێڕوانینی من دەتوانم بڵیم زۆر و بۆریەکی زۆر کەوتۆتە
نێو ئەدەبی کوردییەوە بەتایبەتی دونیای شیعر، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی فلتەر کە
لە ئێستادا فلتەرێک نییە ئەم هەموو سوکایەتییە کە بە وشە و ڕستەی ئەدەبەی کوردیی دەکرێت پێدا تێپەڕ بێت.
دەتوانم بڵێم لە هەمان کاتیشدا خەڵکانێکی
زۆر باش و جوانمان هەیە کە تا ئێستا کەس نایانناسیت و کەس نایانبینێت، یاخود خۆیان
پێیانخۆش نەبووە بناسرێن یاخود ببینرێن وەک پیشتر ئاماژەم پێدا ئەوانەی خۆیان لە ئەدەبی
کوردیا بینیوەتەوە بەتایبەتی دونیای شیعر، بە شێوەیکی بەرپرسیارانە مامەڵە ناکەن لەگەڵ
دونیایی نووسیندا بەتایبەتی شیعر، چونکە
من پێم وایە هەموو نووسینێک ناچێتە قاڵبی شیعرەوە، شیعر زۆر لەوە گەورەترە کە چەند
دێڕیکت نووسی ناوی لێ بنێی شیعر، ئەوە مێژووە
لە کۆتایدا بڕیار لەسەر هەموومان دەدات، لای من شیعر وەک ئەوە وایە کە ۱٠٠٠ کەس بەن لە دەریایەک لە کۆتاییدا ۱٠٠ کەس بمێننەوە و ڕزگاریان ببێت، دوو جۆر مرۆڤ
هەن هەندێک مرۆڤ مێژوو دروستیان ئەکات ئەوانە زوو لەناو ئەچن، وە ئەو مرۆڤانەی مێژوو
دروست ئەکەن بۆ هەمیشە ئەمێننەوە...
چەند گرنگە ئەدیب و نووسەرەکان خوینەربن
بۆ ئەوەی دەقێکی جوان بەرهەم بهێنن؟
ئیسماعیل تاڵەبانی: خوێندنەوە دەورێکی
کاریگەری خۆی هەیە بۆ نووسینی دەقێکی جوان، چونکە خوێندنەوە مرۆڤ ئەکات بە بانکی
ووشە وە بە ئەرشیفی ووشە وە زمانی نووسینی پاراوتر دەکات، من وەک ئیسماعیل هەمیشە
کتێب لە لای من بەها و قورسایی و گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و هەبووە، من بە پێی
توانا و دەرفەتی خۆم کتێبەکانم بەسەر کردۆتەوە و لە چەندین چاوپێکەوتنی تردا ئاماژەم
پێداوە و وتومە مەرج نییە خوێنەر نووسەر بێت، چەندین خەڵکمان هەیە چەندین ساڵە ئەخویننەوە
و هیچ دێڕێکان نییە، بەڵام لە هەمان کات دا گرنگە نوسەر خوێنەر بێت، دێڕێکی مامۆستا
شێرکۆ هەیە دەڵێت هەتا دارستانێک نەخوێنیتەوە ناتوانیت گەڵایەک بنووسیتەوە بۆیە هەمیشە
خوێندنەوە دەوری کاریگەر دەبینێت و هەمیشە خوێندنەوە خۆراکی نوسەرە و بەردەوام پێویستە
لە داهێنان و پێشکەوتندا بێت و خەیاڵت فراوان بێت بۆ ئەوەی دەقێکی جوانتر لە هزر و
خەیاڵدانتدا لە دایک ببێت.
تاڵەبانی لەسەر چ فۆڕم و شیوازێک دەنووسێت؟
ئیسماعیل تاڵەبانی: دونیایی نووسینی من
لەسەر فۆڕمی کلاسێک و ڕۆمانتیک و لیریکە، هۆنراوەکانی من زیاتر خۆیان لە ئاوازی گۆرانیەکاندا
ئەبیننەوە، ئەمەش دونیایی تایبەتی منە، پێمباشە زیاتر هۆنراوەکانم ببن بە گۆرانی و
بیسەران لە نێو ئاوازەکاندا خۆیانی تیا ببیننەوە و بیبیستن...
یەکێک لە شاکارە دیارەکانی تۆ هۆنراوەی
لە مەیدانی کوردایەتییە، ئیلهامی ئەو هۆنراوەیە چۆن بۆت هات و چ کاریگەرییەکی
دروستکرد ؟
ئیسماعیل تاڵەبانیی: لە سەرەتای ۱۷ شوباتی ۲٠۱۱ دا هونەرمەندی ئازیز کاک بورهان مەجید کە لێرەوە
ڕێز و خۆشەویستیم بۆی هەیە داوای لێکردم تێکستێکی بۆ بنووسم، کە کۆی ئازار و
موعانات و داخوازیی و خەونەکانی ئەو کۆمەڵگە و خەڵکەی کە لەو سەردەمەدا پێداگربوون
لەسەر مافە ڕەواکانی خۆیان بەرەنگاری دەسەڵاتی کوردیی ببوونەوە لە شیعرێکدا کۆبکەمەوە،
خۆشبەختانە توانیم لە ماوەی شەوێکدا تێکستەکەی بۆ بنووسم و کاک بورهانیش ئاوازێکی
جوانی لە چەندین ڕۆژدا بۆ دابنێت، من هەمیشە وتومە من جەستەیەکم دروست کردووە بەڵام
کاک بورهان مجید ڕۆحی کردووە بە بەردا کۆی وشەکانی هۆنراوەکە داخوازیی و هاوار و سەدای
ئەو خەڵکە بوو، کە بۆ مافە سەرەتاییەکانی خۆیان ڕووبەڕووی دەسەڵاتی بێ ویژدان و نا
عەدالەت و نا دادپەروەر بووبوونەوە توانیمان پێیان بڵێن...
( لەمەیدانی کوردایەتی کە پایتەختی بیروڕاییە.
هەموو یەک دەنگ هاوار ئەکەین خەونەکانمان
لە گۆڕدایە.
ئیستاش ئیمەین دەمانەوێت بە زمانێک
گفتوگۆ کەین.
فرمێسکی سەدەیەک ستەم لە چاوی ئێوەدا ڕۆکەین.
ئیمەین پیرە پیاوی پێشوو ئیوەن گەنجی
ئازای دواڕۆژ.
مافی خۆمانە داکۆکی بکەین بۆ ژیانێکی خۆش.
وشەکانمان ڕستەی خواستەکانمان ئاشکرایە.
چی یاسایەک چەوسانەوەی میلەتێکی لا ڕەوایە.
دەبا ساتێک بە فەرهەنگی دڵی گەل دا بچینەوە .
لە مەیدانی کوردایەتی بیروڕاکان شیبکەینەوە )
تێکستی مەیدانی کوردایەتی یەکێکە لەو تێکستانەی کە من هەمیشە شانازی
پێوە ئەکەم وە هەرگیز لە نووسینی پەشیمان نیم، من چوار جگەر گۆشەم هەیە، تێکستی لە
مەیدانی کوردایەتی پینجەمین جگەر سۆزی منە.
خەونی تۆ چییە لە داهاتوودا ؟
ئیسماعیل تاڵەبانی: خەونی من سەربەخۆیی
وڵاتەکەمە لە دەستی حوکمڕانیەکی ناعەدەلات، یەكگرتنەوەی هەر چوارپارچەی کوردستان و
دروست بوونی دەوڵەتێک کە مافی مرۆڤ و کەرامەتی تاکی کورد و کوردایەتی تیا بپارێزرێت،
خەڵکی هەست بە ژیان و ئاسوودەیی بکات، دواتر ئەوەی ماوە بڵێم ئهویه ببم بە خاوەنی
خانویەکی خۆم لە کرێچێتی ڕزگارم بێت تا دانی پێدا بنێم کە حەقی تەواوی باوکایەتیم
داوە بە نەوەکانم.. بژی کورد و کورستان.
تاڵەبانی نازناوە یان خۆت لە بنەچەدا
خەڵکی ئەوێیت ؟
ئیسماعیل تاڵەبانی: من خەڵکی گوندی تاڵەبانم
لە گەرمیان، تاڵەبان جێگایی باوباپیرانی منە بۆیە گوندی تاڵەبانم کردووە بە نازناو
و شووناسی خۆم، هیوادارم خەڵکی پێش ئەوەی خوێندنەوە بۆ نازناو و شوناسەکەم بکات خوێندنەوە
بۆ ناخ و ناوەرۆکی ئیسماعیل تاڵەبانی بکات.