"بایکۆت چەکێکی کاریگەری بەهێزە"

ئایا بایکۆت دەبێت بە شۆرش ؟

هونەر تۆفیق 2019.10.28 10:00 AM
226 جار خوێندراوەتەوە

لە کاتێکدا بەریتانیا ئیمپراتۆرێکی بەهێز و توانا بوو ، هیندەکان گەلێکی هەژاری لاواز و داگیرکراوبوون. لەڕووی هێزی سەربازی و ئابووریەوە شایەنی بەراوردکاری نەبوون.

گەلی هیندی لاوازی داگیرکراو ، بە ڕابەرایەتی غاندی ، لەو کاتەدا بڕیاری شۆڕشیان دا . شۆڕشی بایکۆت، شۆڕشی خۆڕزگارکردن لە ژێردەستەیی و ئازادبوون لە داگیرکاری بەریتانیەکان. شۆڕشی بێ چەک و بێ توندوتیژی. لە کاروانی خۆی، شۆڕشی خۆییان بەرپاکرد.

ئینگلیزەکان لە هیندستان ئیحتکاری هەموو شتێکیان کردبوو ، لەوانە ئیحتکاری خوێش . غاندی لە کاروانێکی ٤٠٠ کلم دا ، شاربەشار و گوند بەگوند ، بەرەو دەریا ، کاروانەکەی دەستپێکرد ، بەئامانجی گەیشتن بە خوێ ی کەنار دەریا . کاتێک گەیشتە لای لمەسوێرەکەی کەنار دەریا ، دەیان هەزار خەڵکی هیندی لە پشتەوەبوو . مشتێ خوێ ی لە ئاوە وشکەوەبووەکەی لێوار دەریاکە بەرزکردەوە و گوتی : لێرەوە شۆڕشەکەمان دەستپێدەکەین ، شۆڕشی بایکۆتی کاڵا و شتومەکی بەریتانی و خۆمان خۆمان دەژیەنین . لەو مشتەوە خوێێەوە کاروانی ئازادی گەلانی هیندستان دەستی پێکرد.

غادی لەکاتی بایکۆتدا لە ڕێگەی ئەم ئامێرەوە لۆکەی دەڕست و بەکاریدەهێنا بۆ دروستکردنی پۆشاک


مۆدێلەکانی شۆڕش لە مێژوودا جیاوازن . شۆڕشی کەمینە بەسەر زۆرینەدا . شۆرشی هەژاران بەسەر دەوڵەمەندەکاندا . شۆڕشی کۆیلەکان بەسەر کۆیلەدارەکاندا . مۆدێلەکەی غاندیش شۆڕشی بەکاربەرە داگیرکراوەکان بوو ، بەسەر موحتەکیرە بەریتانیەکاندا . کە شۆڕشی بایکۆت بوو.

بایکۆت چەکێکی کاریگەری بەهێزە لەدژی بەهێزێکی داگیرکار. موسڵمانەکان لەسەرەتای بانگەوازی محەمەدیدا بەرانبەر ناموسڵمانەکان بەکاریانهێنا کە کڕین و فرۆشتن ، ژن و ژنخوازیان لەگەڵ ناموسڵمانەکان ڕاگرت.

لەبەر ئەوەی سەرەتای هەر هێرشێکی سەربازی بە لێدان لە ئابووری لایەنی بەرانبەر دەستپێدەکات، یەکەم زەربەی سەرەتای جەنگ راگرتنی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان دوو لایەنی شەڕکەری جەنگەکانە.

دژی هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان هاوڵاتیان بایکۆتی کەلوپەلی تورکییان کردوە


کوردستان بەخواستی خۆی بێت یان بە ناچاری کەوتۆتە ژێر هەیمەنەی ئابووری ، سیاسی ، تورکیاوە . لەلایەک بە داگیرکردنی ڕاستەوخۆ ( لەباکوور) لەلایەکی ترەوە بە داگیرکردنی ناڕاستەوخۆ ( لەباشوور) تورکیا ئیحتکاری ژیان و کەرامەت و ئازادی و بەهای ئینسان بوونی کوردی کردووە . هەڵمەتی بایکۆت کە خۆشحاڵانە بە هەنگاوێکی جدیەوە لەناو خەڵک و کۆمەڵیک گەنجی بەمەسولیتەوە دەستی پێکردووە ، ئەگەر ئۆرگانیزە بکرێت و گوڕ و تینی هەمەلایەنەی پێبدرێت ، دەگات بە ئاستی شۆڕشێکی جەماوەری و نەتەوەیی باڵا.

ئەو هەڵمەتە پشتیوانی هەموومانی دەوێت، غاندی ئەگەر خەڵکی هیندی لە پشت نەبووایە بۆ بایکۆتکردنی کاڵای بەریتانی نەیدەتوانی گەلی هیند بگەیەنێت بە سەربەخۆیی .

بۆئەوەی هەڵمەتی بایکۆت ببێت بە شۆڕش ، شۆڕشی زیندووکردنەوەی بەرهەمی نێوخۆیی ، شۆڕشی ئازادبوونی ئینسانی کورد لە ئیحتکاری سیاسی و فەرهەنگی و ئابووری ، شۆرشی خۆڕێکخستنەوە و پیاداچوونەوەی کورد بە هەڵوێستە نیشتمانی و مێژوویەکانیدا ، پێوستمان بە هاوکاری هەڵمەتی بایکۆت هەیە . ئەنجامەکەشی زۆر لەوە گەورەتر چاوەڕوان دەکرێت کە تەنیا سزادانی ئابووری تورکیا ، یان هەڵوێست نواندبێت وەک پشتیوانی ڕۆژئاڤا ، بەڵکە سەرەتایەکە بۆ ئازادبوون و گەڕانەوەی کەرامەتی ئینسانی کورد.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ