باڵە ئیخوانییەکەی قەتەر و باڵە سەلەفییەکەی سعودیە

خه‌لیج.. هه‌نارده‌كردنی پاره‌ و ده‌عوه‌

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2019.11.05 07:05 PM
915 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

په‌یكار عوسمان

ئەگەرچی کەنداوی عەرەب، تا ئاستی سفر بێبەرهەم و بەکاربەرە، کەچی هەمیشە بەسەخاوەتەوە دوو کاڵا هەناردەی دەرەوە ئەکات (پارەو دەعوە).
بەجۆرێك کە، ئەگەر ململانێ ی زلهێزەکان و ستەمی دیکتاتۆرەکان، نیوەی جەهل و کاولکاریی ئەم ناوچەیەبێت، بێ شك (پارەی خلیج و ئیسلامی سیاسی) نیوەکەی تریەتی!
١- لە هەر شوێنێکی ئەم ڕۆژهەڵاتە شەڕو ئاژاوەیەك هەبێ، نیوەی مەسرەفەکەی عایدی قەتەرو نیوەکەی تری عایدی سعودیەو ئیماراتە!
٢- تەواوی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵات، گیرۆدەی دینێکی بەدیلن کە بۆ دینی ئیسلام دروستکرا. ئەم دینە ناوی (ئیسلامی سیاسی)یەو تەمەنی سەت ساڵەو باڵە ئیخوانییەکەی قەتەرو باڵە سەلەفییەکەی سعودییە سپۆنسەری ئەکات.

- ئەم دینە تازەیە، بەتەواوی دینە کۆنەکەی لە جەوهەر خاڵیکردەوە لەبەرژەوەندی ڕوکەش.
- (ستەمکاریی) کە بابەتێکی مەرکەزییە لە ئیسلامدا، خرایە پەراوێزەوە لەبەرژەوەندی مەسەلەی "سوڵتە". لێرەشەوە ئیسلامییەکان پێیان کەوتە ناو ستەمکارییەوەو شانی خواو ئیسلامیشیان ئارداوی کرد!
- ئەم دینە تازەیە، ئەخلاقی لە بەها باڵاکانەوە گۆڕی، بۆ ڕیش و حیجاب و کردن و نەکردنی نوێژ!
- دنیای دابەشی کافرو ئیسلام و موسوڵمانەکانیشی دابەشی ئیسلامیی و نائیسلامیی کرد، ئەمە جگە لەوەی خۆشیان دنیایەك حیزب و باڵن و هەریەك ئەویتر ڕەش ئەکات.. ئەم جیاکارییانەش کۆمەڵگاکانی پڕکرد لە ڕق و نەگونجان.
- ئەگەرچی ئاڕاستەی دروستی "عەقڵ و ژیان" ڕووی لەپێشەوەیە، ئەم دینە هەڵتۆقیوە، ڕووی عەقڵ و ژیانی موسوڵمانەکانی کردە دواوەو ئەوانی خستە سەر خەیاڵی ڕابردوو!

ته‌میم بن حه‌مه‌د میری قه‌ته‌ر و محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینی شای سعودیه‌

لە دینە کۆنەکەدا عەدل ئەساسی دەسەڵاتە، لە دینە تازەکەدا دەسەڵات ئەساسی عەدلە!
فەرقی ئەم دووانەش هەر ئەوەیە، یەکەمیان پێتئەڵێ هەوێ ی سوڵتە گرنگ نیە، دەسەڵات هەر مۆدێلێك بێت، گرنگ ئەوەیە عادلبێ و ڕێژەیەکی باشتری عەدالەت بۆ ئینسانەکان دابین بکات.
بەڵام دووەمیان پێت ئەڵێ، گرنگ ناسنامەی سوڵتەیەو عەدالەت لە حوکمی شەریعەتدا سەروەرئەبێ، ئیتر ئێمە ئەبێ شەڕی خەلافەت بکەین نەك شەڕی عەدالەت! ئیتر ئێمە بۆ عەدالەت، ئەبێ دینێك بسەپێنین و سەرخەین بەسەر ئەوانیتردا، کە هەر ئەمە خۆی ناعەدالەتییە!

سەیرکە کەسێکی موسوڵمان، لەبەر ناعەدالەتی هاتووە بۆ ئەسکەندەنافیاو بەهرەمەندە لە ڕێژە باشەکەی عەدالەتی ئێرە. کەچی ئەگەڕێتەوە بۆ جیهاد بۆئەوەی حوکمی ئیسلام دامەزرێنێ!
چونکە لە فکری ئەودا، ناسنامە ئیسلامییەکەی حوکم، یەکسانکراوە بە عەدالەتی موتڵەق، ئیتر "عەدالەتی ڕێژەیی" هەرچەن بەرزیشبێ ئەو تێر ناکات!
ئیتر حاڵی عەدالەت خراپبێ، تۆ هەستی پێئەکەیت و لێ ی ڕائەکەیت، بەڵام حاڵی عەدالەت باشبێ، هەستی پێ ناکەیت، چونکە لای تۆ عەدالەت شتێکی ترەو "حوکمی شەریعتە" نەك عەدالەت خۆی!

جا دوای ئەوەی کە تەواوی ئیسلامی سیاسی دنیا، لە دەوری ستەمی ئەردۆگان خڕبوونەوە، (لەکاتێکا کە ستەم حەرامی هەموو حەرامەکان و گوناحی هەموو گوناحەکانە) بێگومان ئێستا تۆی ئیسلامیی لە مەوقیفێکی موحریجدایت!
بەتایبەت کە ستەمەکەش بەرامبەر ئێمە کراوە، ئیتر شتەکە دووجار ئیحراجییە. جارێك ئیحراجی دینی و جارێك ئیحراجی نەتەوەیی! هەڵبەتە ئیحراجی سێیەم باس ناکەم، کە ئیحراجی ئینسانییە، چونکە دەمێکە ئەو شتەمان نەماوەو کردومانە بە قوربانی ئایدۆلۆژیا.

لێرەدا من نایەم ئیرهابی فیکرییت بەرامبەر بکەم و ئیستغلالی لاوازیی مەوقفەکەت بکەم و بڵێم نابێ تۆ ئیسلامیی بیت.. نا تۆ ئازادیت و جیاوازیی تۆ تەواو ڕێزلێگیراوە.
بەڵام دوای ئەوەی هەموو باڵە جیهادییەکەی ئیسلامی سیاسی، کرا بە بۆمبی داعش و تەقێنرایەوە بەم ناوچەیەو بە باشوری ئێمەدا.
تۆ هەر ئیسلامیی بە، بەڵام ئەتوانی چیتر ئیسلامییەکی دابڕاوبیت لە وەهابییەت؟
بەڵام دوای ئەوەی هەموو باڵە ئیخوانییەکەی ئیسلامی سیاسی، کرا بە بۆمبێك و تەقێنرایەوە بەم ناوچەیەو بە ڕۆژئاوای ئێمەدا.
تۆ هەر ئیسلامیی بە، بەڵام ئەتوانی چیتر ئیسلامییەکی دابڕاوبیت، لە ئیخوان؟

محمد بن زاید جێگری سه‌رۆكی ئیمارات و محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینی شای سعودیه‌

ئاشکرایە بەکاری سەدان ساڵەی ژێردەستەیی، کەسایەتی ئێمە شکاوەو گرێ ی خۆبەکەمزانیمان لادروستبووە! یەکێ لە نیشانەکانی ئەم گڕێیە، ئیسلامی سیاسیی کوردییە، کە هەمیشە برابچوك و چەمەلەغی ئیسلامی سیاسیی ئەوانیترەو ناتوانێ خۆی بێت.
دوای ئەو فەزاحەتەی ئیسلامی سیاسی جیهانیی، ئایا ئەکرێ لەمەولا، تۆ وەکو خۆت ئیسلامیی بیت نەك وەکو ئەوان؟؟
پێموابێ لەمە زیاتر لە ئیسلامییەکان داوابکەین، ناڕەوایەو ئیرهابی فیکرییە. بەڵام لەوەش کەمتریان لێ داوابکەین، هەر ناڕەوایەو مانەوەی ئەوانە لەناو فکری ئیرهابیی ئەوانیتردا.

تۆ هەر ئیسلامییبەو کەس مافی ئەوەی نیە پێت بڵێ ئیسلامیی مەبە. بەڵام ئیتر وەکو خۆت ئیسلامییبە، نەك وەکو ئەوان، ئەزانی بۆ؟ بۆئەوەی کە ئەوان لەشوێنی تر گوویانکرد، تۆ لێرەوە قاچت تێینەچێ و خەڵك بە تۆ نەڵێن یەع!
کە ئەڵێم وەکو خۆت، مەبەستم ئەوەنیە لە ئیسلامییەوە ببیت بە ناسیۆنالیست، من کارم بە ئایدۆلۆژیا نیەو ئایدۆلۆژیاکان هەموویان لە شوێنێکدا هەمان حەشیشن.
تەنیا مەبەستم ئەوەیە دوای مەشروعی ئەوان نەکەویت، چونکە مەشروعەکەی ئەوان، ئەسڵەن ئیسلامیزم نیەو لە ناوەوە ناسیۆنالیزمە، بەڵام لەتۆ کراوە بە ئیسلامیزم!
یەعنی تۆ کاتێ دوای مەشروعی ئیسلامیزمی ئەوان ئەکەویت، لە ڕاستیدا دوای مەشروعی ناسیۆنالیزمی ئەوان کەوتوویت! چ جۆرە ناسیۆنالیزمێکیش؟ (ناسیۆنالیزمی ئیمپراتۆری نەژادی) بەزاخاوی دین، کە ڕێك دیوە شەیتانییە هیتلەرییەکەی ناسیۆنالیزمە.
وازلەوەبێنە ئەگەر هەشبێ هەڵگری دنیایەك کێشەیە، بەڵام لەڕاستیدا ئیسلامیزم بوونی نیە! ئەوەی هەیە تۆرانیزم و ئێرانیزم و عەرەبیزمە بەناوی ئیسلامیزمەوە.
ویلایەتی فەقیهـ، ئەونەی مەشروعێکی ئیمپراتۆریی ئێرانییە ئەونە مەشروعێکی دینی نیە.
عوسمانیزم مەسەلەی دەسەڵاتی تورکە نەك دەسەڵاتی ئیسلام.
ئیخوان و وەهابییەتیش مەسەلەی گێرانەوەی ئەو دەسەڵاتەیە لە فارس و تورکەوە بۆ عەرەب، نەك مەسەلەی دین.
پرسیارەکە ئەوەیە تۆی کورد لەو بەینەدا چ کارەیت؟

تەدەیونی کوردەواریی هاوکێشەی (عەقڵ و ئەخلاق و ئازادیی) تێدایە کە هاوکێشەی زێڕینی فەلسەفەیە

یەعنی ئیسلامیزم هەر لەوێدا درۆ نیە، کە شەڕی سوڵتەیە، لەکاتێکا خوا کاری بەو سوڵتەیە نیە! بەڵکو لەوێشدا درۆیە کە سوڵتەکە بۆ کێ؟
بێگومان هەرکەس ئەڵێ بۆ من! لەو نێوانەدا تەنیا کورد نایەوێ و ئەڵێ بۆ ئێوە! یەعنی بەکورتی ئیسلامیزم سوعبەتێکی ئەوانی ترە، تەنیا کورد بەجدیی وەریگرتووە!
جا ئیسلامییەکانی کورد دوو ڕێگایان هەیە، یان ئەوانیش مەشروعی سوعبەتی خۆیان دامەزرێنن، یان چیتر ئەوەی ئەوان بە جدی وەرنەگرن!
یانیش ڕێگای سێیەم ئەوەیە، چیتر لە دەرەوەی مەشروع و عەقڵی گروپ، تاکی ئیسلامیی خۆی بیربکاتەوەو بگەڕێتەوە بۆ مۆدێلە کوردییەکەی مەلای گەورەو مەولانا خالیدو مەدرەسەی کلاسیك.. کە ئەمە گەڕانەوە نیە بۆ دواوە، چونکە گەڕانەوە نیە بۆ دەق، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ بیرکردنەوە!

بەڵێ بگەڕێتەوە بۆ ئەو تەدەیونە خۆماڵییە، کە تەدەیونێکی پێشکەوتووخوازی لێوانلێوە لە ژیاندۆستی و ژندۆستی و عیلمدۆستی و جوانییدۆستی.. کە کۆمەڵگایەکی ئازاد ڕێکئەخات لەسەر بنەمای تاکی ئەخلاقیی!
پێچەوانەی تەدەیونی هاوردە، کە لێوانلێوە لە مەرگدۆستی و تەخەلوف و شەڕوشۆڕی دەسەڵاتخوازی و.. کۆمەڵگایەکی نائازاد دروستئەکا، لەسەر بنەمای تاکێکی ترسێنراوی چەپێنراوی بە مێگەلکراو.
تەدەیونی کوردەواریی هاوکێشەی (عەقڵ و ئەخلاق و ئازادیی) تێدایە کە هاوکێشەی زێڕینی فەلسەفەیە!
یەعنی تاك بیربکاتەوەو لەڕێگەی عەقڵەوە بگاتە بەها باڵاکان، ئیتر ئەو ئازادانەو بە ئیرادەی خۆی ئەبێتە تاکێکی ئەخلاقیی و کۆمەڵگایەکی ئەخلاقیی دروست ئەکات!
پێچەوانەی تەدەیونی هاوردەی بەدەوی، کە عەقڵکوژەو ئەیەوێ بە ترساندن و ناچارکردن بتکاتە تاکێکی ئەخلاقیی، کە ئەوە خۆی بنەمایەکی نائەخلاقییەو بنەمای نائەخلاقییش شتی ئەخلاقیی لەسەر دانامەزرێ!

ئیتر تۆ ئەبیتە تاکێکی نائەخلاقیی، چونکە کۆنترۆڵی تۆ بەدەست عەقڵی خۆت نیە، بە دەست فتوای ئەوانە! لێرەشەوە ئەتوانن زۆر شتی ناڕەوات پێبکەن، لەکاتێکا ئەگەر عەقڵی خۆت میوانبێت، ئەتوانی ئەو شتانە نەکەیت و جوانتر بژیت و باشتر بگەڕێتەوە بۆ لای خودا.
کێشەی ئیسلامی سیاسیی ئەوەیە، تەدەیونێکی ناشرینی هێناوە، بیخاتە جێگەی تەدەیونێکی جوان! تەدەیونێکی ڕووکەشیی هێناوە بیخاتە جێگای تەدەیونێکی جەوهەریی.
کێشەی ئیسلامی سیاسیی ئەوەیە، هاتووە بانگمان بکا بۆ دینە تازەکە، لەکاتێکا ئێمە خۆمان لەسەر دینە کۆنەکەبووین!


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ