دۆڵی بازیان ۳۲٪ى پیشەسازیی عێراقى تێدایه‌

خۆبژێویی لە هەرێمی کوردستان

محه‌مه‌د سالار پاشا 2019.11.07 12:17 AM
851 جار خوێندراوەتەوە

محه‌مه‌د سالار پاشا

نوسه‌ر

پارێزه‌ر

بەشێک لەهاوڵاتیان بێ هیوان لەم هەرێمە رۆژگارێک پشت بە خاک و ئاوی خۆی ببەستێت، پێیان وایە خاوەنی دەسەڵاتێکین جیاوازی ناکات لەنێوان هاوردە کردن و هەناردە کردن!
کاتێک نمونە بەدەوڵەتانی پێشکەوتو و سەرکەوتو دەهێنیتەوە پاساوی "نەبونی دەوڵەت، نەبونی سنوری ئاسمانی و دەریایی، لێهاتووی و کەفائە، ... هتد) دەهێننەوە.
بەکورتی، دەیانەوێت پێمان بڵێن ئەم واقیعە چارەنوسی ئێمەیە.
ئەوەی هەمومان کۆکین لەسەری ئەوەیە بێ دەوڵەتی کاریگەری یەکەم و هەرە بەهێزی هەیە لەسەر گەشەسەندن، بەڵام هاوتا لەگەڵ ئەوە دەیان چاکسازی و رێکخستن هەیە کە دەگونجێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان لە بخۆرەوە بکات بەبەرهەم هێن.

به‌رهه‌می هه‌نجیری خۆماڵی ـ به‌رده‌م مزگه‌وتی گه‌وره‌ / سلێمانی


هەرێمی کوردستان:
ـ روبەرەکەی بریتیە لە (۷۸.٠٠٠ کم دووجا) "بەناوچە کێشە لەسەرەکانەوە"، واتە گەورەتر لە (٩٦) دەوڵەتی جیهان لەکۆی (۲۱۲) دەوڵەت!
ـ ژمارەی دانیشتوانی بریتیە لە (۷.٠٠٠.٠٠٠ ملیۆن) هاوڵاتی واتە زیاتر لە (۹٠) دەوڵەتی جیهان!
ـ خاوەنی هەر چوار وەرزەکەیە (زستان، بەهار، هاوین، پایز).

 

ـ خاوەنی چیای بەرزە وەک (هەڵگورد، قەندیل، سەفین، پیرەمەگرون، گۆیژە ... هتد) هەروەها پێدەشتی فراوانە وەک دەشتی هەولێر و پشدەر و شارەزور.
ـ خاوەنی (۱۷) بەنداوە بۆ گلدانەوەی ئاو.
ـ خاوەنی کەشوهەوایەکی زۆر گونجاوە، لەیەک کاتدا جیاوازی ۲٠ پلە لەدوو شوێنی جیاواز هەیە وەک باڵەکەیاتی و کەلار.
ـ خاوەنی کانزا و غاز و نەوتە، تەنها لە پێنجوێن (۱۳) جۆر کانزا هەیە، لە چەمچەماڵ ۷٠ ملیار پێ سێجا غاز هەیە.
ـ خاوەنی دەیان شوێنەوارە بۆ کەرتی گەشتیاریی.
ـ زەوییەکی لەبارە بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازیی.

تەنها لە بازیان (۱٠٥) کارگە کەدەکاتە (۳۲٪) پیشەسازی عێراق و (۱٠.٠٠٠) خانوی پلاستیکی کشتوکاڵی هەیە

بەڵام پرسیار ئەوەیە:
ئایا هەرێمی کوردستان بەگەل و دەسەڵاتەوە توانیوێتی سوود لە هەموو ئەم پێدراوە وەربگرێت؟
بێگومان بە رێژەیەکی زۆر "نەخێر".

كارگه‌ی چیمه‌نتۆی تاسڵوجه‌ له‌ دۆڵی بازیان ـ پارێزگای سلێمانی


دوو نمونە بۆ سەلماندن دەهێنینەوە:
یەک: هەرێمی کوردستان خاوەنی (٦.٥٠٠.٠٠٠) دۆنم زەوی کشتوکاڵییە، بەڵام ناتوانێت بازاری هەرێم پڕ بکاتەوە لە بەروبومی خۆراکی.
بەپێچەوانەوە ئیسرائیل تەنها (۲٠ ٪) خاکەکەی بەکەڵکی کشتوکاڵ دێت (۹٥٪) بازاری ناوخۆی پر کردوەتەوە.

دوو: لە هەرێمی کوردستان نزیک بە (٤.٥٠٠.٠٠٠) سەر ئاژەڵ هەیە، کەچی هەموو ساڵێک پێویستی بە هاوردەکردنی ۱۲٠.٠٠٠ تەن گۆشتی سور هەیە، ئەمە جگە لەوەی هەموو ساڵێک بایی ۷٠٠ ملیۆن دۆلار شیرەمەنی هاوردە دەکرێت.
بەپێچەوانەوە هۆڵندا خاوەنی تەنها (۱.٥٠٠.٠٠٠) سەر ئاژەڵە بەڵام هەموو ساڵێک بەبری ۱۲ ملیار یۆرۆ بەرهەمی شیرەمەنی هەناردە دەکات.

خولاسە:
هەرێمی کوردستان ساڵانە بەبری (۱۸ ملیار دۆلار) کەلوپەل هاوردە دەکات، ئەگەر بە چەند چاکسازییەک بتوانین لەماوەیەکی زەمەنی، تەنها هەشت ملیار دۆلار لە ناوخۆدا ئاڵوگۆر پێ بکەین، ئابوریمان چی لێ دێت ؟ چەند دەستی کار فەراهەم دەکات؟ واتە خۆبژێویی بەر لە هەر هەنگاوێک رۆشنبیریی گەل و دەسەڵاتە.
وەک ئەوەی لەبازیان کراوە، تەنها لەبازیان (۱٠٥) کارگە کەدەکاتە (۳۲٪) پیشەسازی عێراق و (۱٠.٠٠٠) خانوی پلاستیکی کشتوکاڵی هەیە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ