بۆچی ئێران به‌بێ ئه‌هواز وڵاتێكی بچوك و لاوازه‌ ؟

ئه‌هواز.. ترسه‌ گه‌وره‌كه‌ی ئێران

ره‌نج نه‌وزاد 2019.11.17 11:26 AM
587 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

هەرێمی خوزستان کە پایتەختەکەی ئەهوازە، دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای ئێران، ڕووبەرەکەی 375 هەزار کلم چوارگۆشەیە، دانیشتوانەکەی زۆربەیان عەرەبن.
ئەم ناوچەیە لە کاتی سەرکەوتنی سوپای ئیسلامی بەسەر ساسانیەکاندا بووە بەشێک لە خەلافەتی ئیسلامی وسەر بە ولایەتی بەسرە بوو، تا ڕووخاندنی عەباسیەکان بەدەستی مەغۆلەکانی لە ١٢٥٨ ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بوو. لە سەدەی ١٥ لەم ناوچەیە دەوڵەتی ( المشعشعیه‌ العربیه‌) دادەمەزرێت، کە هەر یەک لە سەفەویەکان وعوسمانیەکان وەک دەسەڵاتێکی عەرەبی دانیپیادەنێن. لە (1724-1925) دەوڵەتی (الكعبیه‌) ی عەرەبی لەم ناوچەیە حوکم دەکات. لە 1925 ئەم ناوچە عەرەبییە بە هاوکاری بەریتانیا بووە بەشێک لەم وڵاتە دروستکراوەی کە ئێستا پێی دەڵێین ئێران.

زۆربەی دانیشتوانی عەرەبی ئەم ناوچەیە خۆیان بە ئێرانی نازانن، بەڵکو سەربەخۆیخوازن ودەیانەوێت ببنە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، لەو پێناوەدا چەندین ڕاپەرینیان ئەنجامداوە. سەرۆکی میسر جەمال عەبدولناسر دیارترین سەرۆکی عەرەبیە کە پشتگیری سەربەخۆیی ئەحوازی دەکرد، لە ساڵی ١٩٦٣ کاتێک لە عیراق ناسیونالیستە عەرەبەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، لەو کات پلانێکی هاوبەش لە لایەن میسر وعیراق دانرا کە بە هێرشێکی سەربازی بچنە ناو ئەحواز وئازادی بکەن لە دەست ئێران، بەڵام ئیسرائیل وئەمریکا ئەو پلانەیان پوچەڵکردەوە. پرسی سەربەخۆیی ئەحواز ئێستاش پرسێکی زیندوە ولە ساڵی ٢٠١٧ لە وڵاتی میسر کۆنگرەیەک بە ناونیشانی (گەڕانەوەی شەرعیەتی دەوڵەتی ئەحواز) سازکرا کە تیایدا جەخت لەسەر کارکردن وهەوڵدان بۆ سەربەخۆیی ئەحواز کرایەوە.

ئه‌هواز ناوه‌ندی پارێزگای خوزستان


ئەحواز هەستیارترین وئالۆزترین ناوچەیە بۆ ئێران، بێ ئەحواز ئێران دەبێتە وڵاتێکی بچوک ولاواز لە زۆر ڕووەوە، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
١-زیاد لە ٨٠٪ی ئەو نەوتەی ئێران هەناردەی دەرەوەی دەکرد، لە ناوچەی ئەحوازەوە دەردەهێنرێت.

٢-زیاد لە ٩٠٪ گازی سروشتی ئێران، لەم ناوچەیەیە.

٣-لە ٦٥٪ کشتوکاڵی ئێران لەم ناوچەیەوە بەرهەمدێت.

٤- لە ٨٠٪ هەناردە وهاوردەکانی ئێران لە ڕێگەی بەندەرەکانی ئەحوازەوە ئەنجامدەدرێت کە لەسەر کەنداوی عەرەبی و شەتی عەرەبە گرنگیەکی تایبەتی هەیە بۆ ئێران لە ڕوویە جوگرافیەوە.

٥-لە ٢٥٪ وزەی کارەبای ئێران لە ئەحوازەوە بەرهەمدێت.

٦- نیوەی ئاوی ئێران لەم ناوچەیەیە.

ده‌شتاییه‌كانی ئه‌هواز بۆ ئاژه‌ڵداریی سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی ئابوریی ئێرانه‌

 

٧- زیاد لە نیوەی هێزی ئابووری و داهاتی ئێران لە ئەحوازەوە سەرچاوە دەگرێت.

هەر وەها چەندین گرنگی تر کە ئەم ناوچەیە هەیەتی بۆ ئێران هەر بۆیە سەرۆکی پێشووی ئێران (محمد خاتمی) دەیوت "ژیانی ئێران بەندە بە ئەحوازەوە".

لەم ڕووداوانەی ئێستای ئێران، دیسانەوە عەرەبەکانی ئەحواز بەشدارن لە خۆپێشاندانەکان وئەجیندای تایبەتی خۆیان هەیە ئەگەر دەرەفەت وهەلیان بۆ بڕەخسێت. بە جیابوونەوەی ئەحواز لە ئێران، دەکرێت خۆری هەژموون ودەسەڵاتی فارس ودەوڵەتەکەی لەم ناوچەیەدا کۆتایی بێت، چونکە ئێران بێ ئەحواز دەبێتە وڵاتێکی هەژار و لاواز. هەر بۆیە ئەحواز مەترسیترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئێران، کە هەڕەشەیەکی بەردەوامە و لەگەڵ هەموو حکومەتەکانی ئێران بوونی هەبووە وڕەنگە بۆ ئایندەش هەر بەردەوام بێت. بۆیە ئێران بەردەوام هەوڵی بەفارسکردنی ئەحوازی داوە ودەدات، بۆ کەمکردنەوەی مەترسی ئەم هەڕەشە بەردەوامە. ئەوە جگە لەوەی جیابوونەوەی ئەم ناوچەیە لە ئێران، پاڵ بە کەمینەکانی تری ناو ئێرانەوە دەنێت بۆ داوای سەربەخۆیی، کە رۆژهەڵاتی کوردستان گرنگترینیانە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ